KDC

بەشی ھەشتەم لە کتێبی بۆرییە ئاوەکانی حوکمڕانی

گۆڕانکاریی لە پۆست و ئەرکی بەڕێوەبردن

نووسینی: چیمەن ساڵح
چاپ و بڵاوکردنەوە: دەزگای وشە

یەکێک لە دیاردە نەرێنییەکان لە ناو دامودەزگاکانی کوردستاندا مانەوەی کەسێکە بۆ ماوسی دوور و درێژ لە پۆستێکدا، لە کەرتی گشتیدا ئەم جۆرە جێبەجێکارییانە مت بوون و پێش نەکەوتن و گەندەڵی بەرھەم دەھێنێ.
لەگەڵ سەتان فەرمانبەری کەرتی گشتی قسە بکەوە دڵنیام ھەر ھەموویان جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی ھەردوو شوێنەواری ھەردوو جێبەجێکارییەکەیان بە چاوی خۆیان بینیووە و ئەوە ڕاستییەکە ڕوودەدات. بۆ؟
ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کە پلە و پایەی کارگێڕییان ھەیە بۆ ماوەی چەندان ساڵ، بەشێوەیەکی گشتی و لە کاتی ئاساییدا خولی کارگێڕی چوار ساڵە بەڵام ئەوان بۆ چەندان چوار ساڵ ماونەتەوە ئیتر بە ھەر پشتیوانییەک بێ. ئەمە پیادە کردنی شێوە دکتاتۆرییەتێکی کارگێڕییە و نەویستراوە چونکە ھۆکارە بۆ سستبوون و سڕبوونی کارگێڕی.
ئەگەر کەسێک پرۆژە و بیرۆکەی گرنگی پێ بێ تا بوار یان یەکەکەی خۆی پێش بخات چەند ساڵێکی کەم بەسە تا ئەوە دەربخات. جگە لەوە ئەگەر کەسەکە زۆر بە پڕۆژە و بیرۆکەش بێ دوای چەند ساڵێک مانەوە لە شوێنێک خۆی وزەی خۆی لەدەست دەدات و وەک ڕۆتین کارەکانی بەڕێ دەکات. ئەگەر زۆر سەرکەوتوو بوو باشترە دوای چوار ساڵ ئەرکێکی دی پێ بسپێردرێ و لە ھەمان کاتدا ڕێگریی لەوە نییە بە ئەزموون و بیروبۆچوونیشی سوود بو بوارە بگەیەنێ کە پێشتر سەرکەوتوو بووە تیایدا.
ھەروەھا، ڕێگری دەکات لە ھاتنە پێشەوە و گەشەکردنی خوێنی نوێ و ئەزموونی نوێ، ھەندێک ھەیە وزەی زۆریان ھەیە پێشکەشی بکەن بەڵام بەھۆی بێ ھیوابوونەوە دەپووکێنەوە.
لە کوردستان و لە ناو دامودەزگاکاندا پرۆسەی کارگێڕیی ھەر خۆی تەندروست نییە، زۆربەی جار لەسەر بناغەی کوتلەبازیی و دەستە و تاقمەو لەسەر سیستەمی کارگێڕیی خزمەتی مەدەنی بەڕێوە ناچێ. بۆیە مانەوەی کەسێک بۆ ماوەیەکی زۆر ھیچ نەبێ لێرە مانای مانەوە و تاقمەکەیەتی ئەوەش ڕێگایەکی زۆر ھاوکارە بۆ دروستبوونی گەندەڵی و تۆڕی گەندەڵی و دوورخستنەوەی خەڵکێک کە لەوانەیە بەسوود بن. کاتێک کەسێک پۆستێکی پێ دەدرێ ئەگەر ھەر لەسەرەتاوە بزانێ بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە. ھەوڵ دەدات لەو ماوەیەدا سەرکەوتوو بێ تا خۆشی بتوانێ پێش بکەوێ. بیر لە کوتلە دروستکردن ناکاتەوە و ئیشی پێی نابێ. دەزانێ سیستەم ھەیە ئەویش بەڕێوە دەبات. دەزانێ ئەو کارەی دەیکات کارێکی گشتییە و تایبەت نییە. دەزانێ ئەرکی خزمەتە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەو بارەی کە ڕێ دەدات کەسێک بۆ ماوەیەکی زۆر لە پۆستێکدا بمێنێتەوە لە ڕووی دەروونی و مەعنەوییەوە گەورەترین زیان لە کەسەکە دەدات، چۆن؟
ئەگەر کەسێک کە ماوەی مانەوەی چەند ساڵێکی دیاری کراوبێ زۆر لای ئاساییە کە ماوەکەی تەواو دەبێ ئەرکەکەی بەجێ دەھێڵێ بۆ ئەرکێکی دیکە، بەڵام لە نێو دامودەزگاکانی ئێرەدا ھەمیشە بەو کەسانە دەڵێن ( دەرکرا)، کەسی وا ھەبووە ئەوەندە پێی وتراوە دەرکرا تەنانەت ناو کۆمەڵگای وازلێ ھێناوە، ھەیە تووشی باری دەروونی ئاڵۆز بووە و چەندان کەسیش تووشی جەڵتە و باری تەندروستی خراپ بووەتەوە و تەنانەت خۆکوشتنیش ھەبووە. چونکە، سیستەمی لەو شێوەیە پۆست دەکاتە بەشێکی ڕەسەنی ژیانی ئەو مرۆڤانە.

ئەو بارە دەروونییە ھەر خۆی ناگرێتەوە بەڵکو درێژدەبێتەوە ناو خێزان و منداڵ و کەسوکارەکەشی.
دەسەڵاتیش کاتێک کە بەو ھۆیەی کە ئەو کەسانە پشتیوانییان ھەیە بە ئارەزوویان دەکات، دوایی سودی نییە و زیانی ھەیە بۆ ئەو دەسەڵاتە، بۆ؟
قوربانی دان بە دامودەزگا و ژیان و خزمەتی گشتی بۆ سودی کەسەکان لە ئەنجامدا گەورەترین زیان بۆ بەرپرس لە دەسەڵات دروست دەکات.
ناڕەزایی زۆری خەڵک بەرھەم دەھێنێ. ئەو ناوچەیەی بەرپرسیارێتی لێ ھەیە پێش ناکەوێ ئەوەش ناوبانگی دەزڕێنێ. گەندەڵی پەرەدەستێنێ.
چونکە سیستەمێک مانەوەی کەسەکان ڕێک ناخات لە پایەکاندا. بۆیە لە کاتی لابردنی ئەگەر دوای بیست ساڵیش بێ و ئەگەر ھەر بارێکی بۆ نموونە تەندروستیشی زۆر خراپ بێ لە کاتی لابردنی لە پۆستەکەی ھەر پەست و تووڕەیە. تا ئێستا لە کوردستان ئەوەندەی پۆست لە خزمەتی خەڵکدا بووە پێچەوانەکەی بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیش نەبووە. ئەوە پێویست بە لێکۆڵینەوە و پرسیار ناکات ڕاستییەکە ئەوەندە بەرجەستەیە ھەمووما ن دەیزانین. بۆیە دەیان نموونەمان ھەیە کە بە ھۆی حزبێکەوە چەندان ساڵ سودمەند بووە لە پۆستێک دوایی بە ھەر ھۆکارێک کە لابراوە دوژمنایەتی ئەو لایەنەی کردووە کە سودمەندی کردووە. لە کاتێکدا جگە لە سودمەندییەکەی لەوانەیە چەندان کەس بەھۆی ئەوەوە دڵی لەو لایەنە شکابێ. کەواتە ڕێخۆشکردن بۆ گنخاندن لە کارگێڕی و دامودەزگاکاندا لە ئەنجامدا لە زیان زیاتر ھیچ سودێکی نییە تەنانەت بۆ ئەو کەس و لایەنەش کە وا دەزانێ سودمەند بووە لێی.

___

هونەری چاپکردن و تەکنیکە جیاوازەکانی شێوەکاری کورد مەریوان جەلال

nusar1

ساڵیادی ڕۆژی شەهیدانی پاك بەرز ڕاگیرا

KDC

ناتۆ، لەبەردەم مەرامی گڵاوی تورکیادا…

KDC
KDC

FREE
VIEW