- Advertisement -

وێبنارێک لەسەر یادی 75ساڵەی شەهیدکردنی سەرۆکی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو

وێبنارێک لەسەر یادی 75ساڵەی شەهیدکردنی سەرۆکی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو

لە درێژەی وێبنارەکانی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، ئێوارەی شەممە بە ئامادەبوونی ئەندامانی ڕەوەند، وێبنارێکی تایبەت بۆ جەمال پوورکەریم، سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، لەسەر یادی 75 ساڵەی شەهیدکردنی پێشەوای نەمر قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان سازکرد.

لە میانەی وێبنارەکەدا، جەمال پوروکەریم، پانۆرامایەکی لەسەر مێژووی شۆڕشەکانی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان باس کرد و، هاوکات باسی لە کەسایەتی پێشەوای نەمر قازی محەمەد و ڕۆڵی لە دەستپێکی هێزەسیاسییەکانی کوردستان و، دواتر وەک سەرۆک کۆمار و ڕۆڵی لە درووستکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی کوردستان، تا ڕۆژی لە سێدارەدانی کرد.

ئاماژەی بەوەشدا, کە هەمیشە دوژمنانی کوردستان, هەمیشە بە شەهیدکردنی سەرکردەکان, وایان بیرکردۆتەوە, کە دەتوانن بەو شێوە بزووتنەوەی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بوەستێنن, بەڵام لە بەرانبەردا شۆڕشی کورد و بزووتنەوەی نەتەوەیی گەشەی کردووە, تا گەیشتنی بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان, لەسەر دەستی سەرۆک مەسعود بارزانی .

جمال پوورکەریم، ئاماژەی بە بوونیا خیانەت و خیانەتکاران کرد، کە هەر لە دێر زەمانەوە لە نێوم کورددا بووون و هۆکاری سەرەکی بوون بۆ لێدان لە شۆڕش و مافەکانی گەلی کورد.

لە کۆتاییدا وەسێتانەمەی پێشەوای نەمری خوێندەوە و، بەشداری ئەندامان لە پرسیار و ڕوونکردنەوەی ئامادەبووان و وەڵامەکان، بابەتەکەیان دەوڵەمەنتر کرد.

جێی باسە، وێبنارەکە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند.

پڕۆفایل:

جەمال پوورکەریم سەرۆکی هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

ساڵی ١٩٧٧ لە شاری مهاباد و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە .
ساڵی ١٩٩٤ لە ڕشتەی وێژەیی و زانستە مرۆڤایەتییەکان دیبلۆمی وەرگرتووە و، دواتر لە ساڵی ١٩٩٩لە زانکۆی ئازادی ئێران لە وێژەی فارسیدا لیسانسی وەرگرتووە.

لە ساڵی ١٩٩٦ەوە، وەک تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی سیاسی بەڕێوەبردووە و تا ساڵی ٢٠١٩ و، بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئەندامی چالاکی ئەو حیزبە بووە.

چەندین فیلم و کارتۆنی بۆ منداڵان بەرهەم هێناوە و، چەندین کارتۆنیشی وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی.

ساڵی ٢٠٠١یەکەم ناوەندی فێرکاری زمانی کوردی بە ناوی سۆما، لە شاری بانە دامەزراندووە و، هەزران قوتابی لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ فێربوونی زمان و ڕێنووسی کوردی ڕاهێناوە.

ساڵی ٢٠٠١ هەفتەنامەیەکی بە ناوی دەنگی کۆمەڵگا چاپ و بڵاو کردۆتەوە، کە دواتر و پاش بڵاوبوونەوەی دوو ژمارە، لەلایەن ئیتلاعاتەوە ئێران لە شاری بانە ڕۆژنامەکەی داخراوە.

پاش چەندین جار بانگکران و لێپێچنەوە لە لایەن ئیتلاعاتی رژێمی ئێران لە بانە، ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بۆ ماوەی مانگێک لە گرتووخانەی ئیتلاعات دا لە دەستبەسەریدا دەبێ و، دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد دەبێ، سەرەنجام بە ناچاری ڕۆژهەڵات بەرەو باشووری کوردستان بە جێ دێڵێ.

وەک ئەندامی فەرمی حیزبی دیموکرات لە باشوور چالاکی دەکا و، لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ساڵی ٢٠١٠ لە کەناڵی ئاسمانی کوردکاناڵی زمان حاڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک بەرپرسی بەشی هەواڵ و پێشکەشکار چالاک دەبێ.

هەر لەو ماوەیە دا و لە ناو حیزبی دیموکرات، ناوەندێکی سینەمایی بە ناوی کات دادەمەزرێنێ و، دوو فیلم بە ناوەکانی گەلاوێژ و ملوانکە، کە باس لە شۆڕش و خەبات و پێشمەرگایەتی دەکەن، بەرهەم دێنێ.

ساڵی ٢٠١٠ لە ڕێگەی کۆنسولی فەڕەنسا لە هەولێر و، لە سەر بانگهێشتی ناوەندی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور، بە فەرمی بۆ فەڕەنسا بانگهێشت دەکرێ و لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و، مافی هاووڵاتی پێ دەبەخشن.

ساڵی ٢٠١٠ وەک بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە فەڕەنسا هەڵدەبژێردرێ و، لە دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینار دا بەشداری دەکا.

ساڵی ٢٠١١ لە کەناڵی ئاسمانی تیشک تیڤی لە فەڕەنسا وەک بێژەری هەواڵ و بەرنامە سیاسییەکان دەست بە کار دەبێ، تا ساڵی ٢٠١٦ درێژەی دەبێ.
بۆ ماوەیەک وەک بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە فەڕەنسا هەڵدەبژێردرێ.

سەدان گوتار و بابەتی لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان بڵاو بۆتەوە و، کتێبێکی شیعری بۆ منداڵان نووسیوە، هەروەها کتێبێکی لە سەر شێوەی نووسین و ڕاهێنان لە سەر زمانی کوردی بە ئەلفوبێی ئارامی و لاتینی نووسیوە، ئێستاش دوو کتێبی بە ناوەکانی یەکەم: ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناسیۆنالیسمی کورد بە زمانی کوردی و، دووهەم: پێناسە و شوناسی کورد بە زمانی فەڕەنسایی ئامادەی چاپ و بڵاو کردنەوەیە.

لە دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە و سمیناری جیهانی دا بەشداری کردووە.

بۆ کاروباری سیاسی، جیا لە سەردانیکردن بۆ وڵاتانی ئەوروپایی، سەردانی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی کردووە و، لەلایەن پاشای عەرەبستان و کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتانەوە پێشوازی لێکراوە.

ساڵی ٢٠١٧ لە زانکۆی پاریسی هەشت، درێژەی بە خوێندن لە بواری زانستی سیاسی داوە و ماستەری یەکی زانستە سیاسییەکانی بە دەستهێناوە .

لە ساڵی ٢٠١٩وە، بە هۆی باوەڕمەندبوون بە سەربەخۆیی بۆ کوردستان، وازی لە ئەندامیەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هێناوە، کە باوەڕی بە مانەوە لە چوارچێوەی ئێراندا هەیە، هێناوە .

ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوبیرانی، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستانیان دامەزراندووە و، بە کۆی دەنگی ئەندامان، وەک سەرۆکی بزووتنەوەکە دیاری کراوە و، تا ئێستاش بەردەوامە.

ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ چوار حیزب و لایەنی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوپەیمانی سەربەخۆییخوازانی کوردستانیان پێکهێناوە و، بە کۆی دەنگ، جەمال پوورکەریم وەک سەرۆکی هاوپەیمانییەکە دیاریکراوە و ئێستاش بەردەوامە.

KDC

FREE
VIEW