ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەند …
- ڤینۆس فایەق: مافی خۆیەتی باوکی رەحمەتیم ناوی بچێتە سەر مۆنومێنتی هەڵەبجە.
- کورتەیەک سەبارەت بە هونەرمەندی شێوەکار فایەق نوری
یەکێک لەو هونەرمەندە کەمانەی بواری شێوەکاری کورد مامۆستا و هونەرمەندی کۆچکردو، فایەق نوری سەعید، لەساڵی ١٩٣٤ لە شاری سلێمانی لەدایك بووە. لە نیو سەدەی ڕابردوو کەسایەتییەکی ناسراو و هونەرمەندێکی چالاکی بواری هونەری شێوەکاری بووە. ئەو هونەرمەندە لە شاری ئاخن ، وڵاتی ئەڵمانیا، لە ٢٨ /٢ / ٢٠١٣ کۆچی دوایی کردووە.
چاوگێڕانێک بە ئەرشیف و کارە هونەریەکانی هونەرمەند مامۆستا فایەق نوری لە ڕابردودا، لە ڕووی فۆرم وناوەڕۆکەوە زۆر بابەتی جیاجیای تێدا دەبینین وەکو هەستی کوردایەتی و هیوای ئازادی بۆ میللەتەکەی و نیشتیمانەکەی کوردستان.
هونەرمەندی خوالێخۆشبوو، کارە هونەریەکانی زیاتر بە ئاپستراك یان قوتابخانەی ڕیالیزمی ئەنجامداوە، و زۆر فۆرمەڵەی جیاجیای لەو سەردەمەدا خستۆتە ڕوو لە ڕێگای کۆمەڵە کارێکی پەیکەرسازی کە زادەی حەزو ئارەزوویەکی زۆریەتی بۆ هونەری داتاشین بە کەرەستە جیاجیاکان. لەو بابەتانەی ئەم هونەرمەندە بایەخی پێداون، نمونەی بابەتی کاوەی ئاسنگەرو زوحاك، و مۆسیقاری جیهانی بتهۆڤن و ئاوازدانەرەکان، یان گێڕانەوەی ئەفسانەو چیرۆکەکانی شیرین وفەرهاد، و مەم و زین، هەروەها بابەتەکانی سروشتیش، کە تێمەی سەرەکی ئەم بابەتانە و زۆری بابەتەکانی تری ئازار و مەینەتیەکان و خواستی ئادەمیزاد بۆ ئازادیە. ئەم کارانە لەو سەردەمەدا بایەخ و گرنگیی خۆیان هەبوە ، و خەڵکی هونەردۆست لە ڕێگای ئەو کارانەوە کە ڕیالیزمی بوون جێگای سەرەنجیان بووە، خەونەکان بە شێوەیەك بوون کە شۆرش و خەباتکردنی پیاوە ئازاکان لەنێو کەڤاڵ وکۆتەڵەکاندا خۆیان دەبیننەوە.. زیندانە تاریکەکان کارێکی تری ڕێلیفی پەیکەرسازیی هومەرمەندی کۆچکردوو فایەق نوری بوە و گرنگی بەو ڕۆژگارە تاریکانە داوە کە تاك و مرۆڤە کوردەکان بەتایبەتی دایکان لە بەندیخانە تاکەکاندا بەند کراون وە داوای ئازادیان بۆ میللەتەکەیان کردوە ، و ئازاردانی ئەو بەندکراوانە لەو سەردەمەدا کە ڕژێمەکان ئاگرو ئاسنیان بەرانبەر میللەتی کورد بەکارهێناوە . - بیرۆکەی مۆنومێنتی هەڵەبجە:
لە هەموو ئەمانە گرنگتر کە دەمەوێ لەم راپۆرتەدا لەسەری بوەستم ئەوەیە مامۆستای هونەرمەندی کۆچکردوو فایەق نوری لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ەوە خەونی هەرە گەورەی ئەوەبوو پرۆژەیەک لە شاری سلێمانی ئەنجام بدات بۆ بۆنەی ساڵانەی نەورۆز، بەناوی “بورجی نەورۆز”ەوە. هەر لە ساڵی ١٩٩٦ەوە کاری جیددی لەسەر دانانی سکێتچێک بۆ مەشخەڵی نەورۆز کردوە، هەروەک لە وێنەکاندا دەیبینن، دەستنووسی پرۆژەکە و وێنەی نموونەی بچووککراوەی مەشخەڵەکە وەکوو پەیکەر، کە دواتر کراوەتە مۆنومێنتی هەڵەبجە، و نامە رەسمیەکەی کە ساڵی ٢٠٠٠ ئاڕاستەی وەزارەتی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کردوە..هتد.. هەموو بە ئاشکرا گەواهی ئەوە دەدەن کە ئەو هونەرمەندە خاوەنی ئەسڵی بیرۆکە و هێڵکاری و سکێتچی مۆنومێنتی هەڵەبجەیە (کە ناوی بورجی نەورۆزی لێنا بوو).
لە ئەرشیفی مامۆستادا نامەیەکی دەستخەتی خۆی هەیە، پێشنیارو سەرەنجەکانی خستۆتە ڕوو کە تێیدا دەڵێت: “بۆ بەرێز سەرۆکی شارەوانی سلێمانی/ بابەت: دروست کردنی بورجی نەورۆز/ کە پرۆژەیەکی هونەری و کەلتووری یە بۆ شاری سلێمانی کە بریتی یە لەمەشخەڵێك لە سەر سەری بورجەکە ، وە بورجەکەش یانەیەکی خێزانی لە ژێردایتە کە کافتریاو قاوە خانە لە خۆ دەگرێت ، وە لەسەر ئەو بورجە مەنجەڵێکی گەورەی تێدایە بۆ دار سوتاندن کە ئاگرێکی ٢٤ کاتژێری دادەگرسێنرێت کە دەربڕین لە نەورۆز دەکات وە دوور بن لە تایە سووتاندن و ژینگە پیس کردن ، نهۆمی یەکەم لە سەر زەوی سێ شۆڕە سواری کورد بورجەکە هەڵدەگرن کە باس لە شۆڕشی سێ ڕاپەڕینی کوردستانە وەکو ڕاپەڕینی مەهاباد و شێخ مەحموود و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ کارە هونەریەکەش بەرزی یەکەی کە ٦٠ مەترە.”
مامۆستا زۆر هەوڵی بەئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆژەیەی داوە بەتایبەتی نامە فەرمییەکان دەریدەخەن کە لە بەشی هونەری وەزارەتی شارەوانی تۆماری کردووە وە هەروەها گەیاندویتی یە ئەو ڕادەیەی کە ئەو پرۆژەیە کاری لەسەر بکەن، تەنانەت لە ٦ / ٨ / ٢٠٠٠ بریکاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەنامەیەك پاڵپشتی بۆ ئەوکارەی کردووە، بەڵام بەداخەوە ئەو پرۆژەیە لەدایك نەبوو لەبەر هۆکاری تێنەگەیشتن لەهونەر لەلایەن دەسەڵاتی کارگێری حکومەتەوە.. ئەوەی جێی داخە کە دواتر هەمان ئەو پرۆژەیەی مامۆستا فایەق دایڕشتوە دەدرێتە هونەرمەندێکی تر و بەناوی “مۆنومێنتی هەڵەبجە”وە ئەنجام دەدەرێت بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە ناوی خاوەنی ئەسڵی پرۆژەکە بکرێت کە هونەرمەندی شێوەکار مامۆستا فایەق نوریە، بە پێی گوتەی کوڕ و کچەکانی.
بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بوەستم و زانیاری زیاترم دەستکەوێت، بەباشم زانی وتەی نوسەرو ڕۆژنامەنووس ڤینۆس فایەق کە دەکاتە کچی مامۆستای خوالێخۆش بوو وەر بگرم سەبارەت بە پرۆژەی “بورجی نەورۆز” کە دواتر کرایە پرۆژەی مۆنومێنتی هەڵەبجە، لەو بارەیەوە دەڵێ: “بەڵێ، لە راستیدا ئەو مۆنومێنتەی ساڵانێکە لە هەڵەبجە دانراوە، بیرۆکەکەی لە بنەمادا باوکی رەحمەتیم خاوەنیەتی، هەموو ئەوەی ئەم بابەتە دەسەلمێنێت وەکوو وێنە و دۆکومێنت و تەنانەت دیمانەی رۆژنامەی ئیتیحاد لە ساڵی ٢٠٠٦ و سکێتچی پرۆژەکە لای ئێمە “منداڵەکانی” پارێزراوە. هەڵبەتە کارێکی پیرۆزە کە بیرۆکەکە بۆ دروستکردنی مۆنومێنتی هەڵەبجە بەکارهێنراوە، بەڵام ئەوەی نادادپەروەرانەیە ئەوەیە بە دوور و بە نزیک ناوی باوکم نەهاتوە کە خاوەنی پرۆژەکەیە، چونکە مومکین نیە ئەمەش “توارد خواطر” بێت و هەمان پرۆژەکەی باوکم بە هەموو وردەکاریەکانیەوە هونەرمەندێکی تر کردبێتی.” - ئەی بۆچی ئەو هەموو ساڵە بێدەنگ بوون لەو مەسەلەیە؟
“لە راستیدا ئەتوانی بڵێیت ئەوە کەمتەرخەمیەکی گەورە بوو لە ئێمەوە، جگە لەوەی ئەرشیفەکەی لە چەند شوێنێک پەرش و بلاو بوو، دەبوو کۆی بکەینەوە و یەکی بخەین. ئیستا کە هەمووی لەبەر دەستماندایە، کاتی ئەوە هاتوە قسەی جیددی لێ بکرێ.؟
سەبارەت بە گرنگیدان بە ژیان و ئەزموونی مامۆستا فایەق نوری ئایا وەزارەتی ڕۆشنبیری یان دەزگا هونەریەکان چۆن لە بەرهەم و ئەزموونی مامۆستا دەپرسنەوە؟
ڤینۆس فایەق لەو بارەیەوە دەڵێت ” باوکی رەحمەتیم. هونەرمەند فایەق نوری، کە خاوەنی مێژوویەکی ئینسانی و سیاسیی سەربەرز و شەرەفمەندانەیە، ئەندامی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی بوو، لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق وەکوو هونەرمەند ناسراو بوو، بەشداری دەیان چالاکیی قوتابخانەکان و پیشانگا هاوبەشەکانی کردوە جگە لە دەیان پیشانگای تایبەت بە هونەری شیوەکاری و پەیکەرسازی تایبەت سازداوە، بەڵام بەداخەوە نەک بایەخیان پێنەداوە و ناوی نابرێت، بەڵکوو ئەو تەنها کەسە کە خاوەنی بیرۆکەی “مۆنومێنتی هەڵەبجە”یە کە لە بنەمادا پرۆژەی “بورجی نەورۆز” بوە بەو شێوەیەی کە دواتر لەلایەن هونەرمەندێکی ترەوە ئەنجامدرا، نەک ناوی نەبراوە، بەڵکوو نکووڵیشی لێدەکەن، من بەرپرسم لەم قسانەم، و هەموو وێنە و نەخشەی مۆنومێنتەکە لەلای براکەم و من پارێزراون لەگەڵ نامە فەرمیەکانی کە ساڵی ٢٠٠٠ ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ئەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردوە، بە وێنە و نمونەی دیزاینی بورجەکە هاوپێچی کردوون، هەروەها دیمانەیەکی ساڵی ١٩٩٦ کە لە رۆژنامەی ئیتیحاد کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو هەیە کە تیایدا وێنەی بورجەکە و سکێتچەکەی بڵاوکراوەتەوە، (وێنەکانی لەگەڵ ئەم راپۆرتەدا دەبینرێن)، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هیچ بەدەنگیەوە نەهاتن، دواتر بیرۆکەی مۆنومێنتەکەیان رێک وەکوو خۆی دایە هونەرمەندێکی تر و بەو شێوەیەی کە ئیستا لە هەڵەبجە هەیە ئەنجامیان دا.. لێرەدا مەبەستی من هیچ شتێک نیە، چونکە باوکم لە ژیاندا نەماوە و ناو و یادی پڕ شکۆی باوکی رەحمەتیم و ئارامی رۆحی لە گۆڕەکەیدا لە سەروو هەموو شتێکەوەیە، تەنها مەبەستی من ئەوەیە وەک رێزێک بۆ ئەو هونەرمەندە کە لەرێگەی هونەرەکەیەوە ژیانی بەخشیبوە میللەتەکەی، تەنها داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە ئەو هەڵەیە راست بکرێتەوە و تەنها ناوی بچێتە سەر پرۆژەکە، مۆنومێنتی هەڵەبجە. هەڵبەتە ئەو مۆنومێنتە موڵکی کەس نیە، موڵکی شاری هەڵەبجە و قوربانیەکانی و رزگاربوەکانی دەستی بەعس و تاوانی کیمیابارانە، بەڵام وەک وەفایەک بۆی و گێڕانەوەی مافێکی مەعنەوەی ناوی بچێتە سەری، بۆ ئەوەی خەڵک خاوەنی ئەسڵی پرۆژەکە بناسن، باوەڕ دەکەم ئەوە کەمترین رێزە دوای کۆچی دوایی لێی بگیرێت، بۆ ئەوەی رۆحی ئاسوودە و ئارام بێت.”
کەمجار لەم سەردەمەدا توانیومانە ئاوڕێکی وردو پڕ شایستە لە کەسایەتیە لێهاتوو و ناو ونەکانی بواری هونەر بدەینەوە، لەکاتێکدا ئەوان خاوەن ئەزمون و قوتابخانەیەکی پڕو چڕن لەمێژووی هونەری شێوەکاریی کوردی وە لە فێربوونی زانستە هونەریەکان ، بەتایبەتی کەسایەتیەك وەکو مامۆستا فایەق نوری کە هەتا دوا تەمەنی بەرەدوام دانەبڕا و سەرقاڵی پرۆژەو هونەری شێوەکاری بوو بەتایبەتی لە ووڵاتی ئەڵمانیا ، ئەو خەون و حەزو ئاواتانەی هونەرمەندی شێوەکاری کورد مامۆستا فایەق نوری هەیبوو، توانی تا کۆتا ژیانی بەردەوام بێت و هەر لەخەمی وڵات و نیشتیماندا بوو .. ڕۆحی مامۆستا شاد بێت ..
فایەق نوری سەعید
١٩٣٤ لە شاری سلێمانی لەدایك بووە.
١٩٥٧ خانەی مامۆستایی بەشی وەرزش لە شاری بەعقووبە تەواو کردووە.
١٩٦٨ پێشانگای یەکەمی شێوەکاری لە کتێبخانەی گشتی شاری سلێمانی کردۆتەوە.
١٩٨٢ دووەم پێشانگای تایبەتی هونەری لە هۆڵی قوتابخانەی ئامادەی خانزادی کچان لە شاری سلێمانی کردۆتەوە .
١٩٨٤ سێ یەم پێشانگای تایبەتی پەیکەرسازی لە کتێبخانەی گشتی شاری سلێمانی کردۆتەوە .
١٩٩٥ چوارەم پێشانگای تایبەتی لەسەر نوحاس لەشاری سلێمانی کردۆتەوە.
١٩٨٢ – ١٩٨٣ لە شاری هەولێر بەشداری ڤیستیڤاڵی هونەری کردووە ، وە لە بەغداش بەشداری زۆرێك لە پێشانگا هاوبەشەکان کردووە .
لە ٢٨ / ٢ / ٢٠١٣ لە شاری ئاخن بۆ دوا جار کۆچی دوایی کرد .