بابەت و ڕووداو .. وێستگەی بیرکردنەوەی خەمەکان و خۆشەویستیەکانن
ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەندا
کاتێک ناوی نوسەرو چیرۆكنووس مامۆستا جەلال قادر دەبینین ، ئیدی ئەو وێنەو یادەوەریانەم وە بیر دێتەوە کە لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی کەرکوکەوە گوزەر دەکەیت و لە ڕەحیم ئاواوە خۆت غل دەکەیتەوە بەرەو شەقامەکانی کۆماری و ئەتڵەس و قۆریە و حەمام عەلی .. تادەگاتە جووت قاوەو حەسیرەکە کە پڕو چڕن لە ڕووداو بابەت وسەرگوزشتەو مێژووی کەلتووری چەندین سەدە ، لە نێو دونیای نوسین و خوێندنەوە و یاداشت و بەسەرهات و خەون و ڕووداوی ڕاستی یەکان و بەسەرهاتە تاڵ و شیرینەکان .. مامۆستا جەلال دەڵێت : نوسین هەروەك وێنە کێشان کارێکی قورسە ! منیش هەمان دیدەم هەیە کە کارێکی قورس و پڕ لەگەڕان و پشکنینە بەدوای نهێنیەکانی ژیاندا ..
جەلال قادر لەساڵی ١٩٦٤ لە گەڕەکی ڕەحیم ئاوا لە شاری کەرکوك لەدایك بووە ئێستا لە ووڵاتی کەنەدا دەژیت ، قوتابخانەی ئامادەیی تەواو کردوە ، لە کۆلیژی مامۆستایانی موسڵ وەرگیراوە ، بە هۆی ئەوەی نەبوو بە عسی نەیتوانی دەوام بکات ، لەسەرەتایی نەوەتەکانەوە خولیای نوسین بووە ، یەکەم و دووەم کورتە چیرۆکی لە گۆڤاری سروە بڵاو کردۆتەوە ،کاری هونەری فۆتۆگرافی کردوە وە گرنگی دواوە بە میوزیك و بۆ ئەو مەبەستە کۆرسی فوتوگرافی بینیوە ، لە ساڵی ٢٠٠٤ وە گەڕاوەتەوە کەرکوك و وەکو مامۆستایەکی سیناریو و فۆتۆگرافی لە بەشی بینین و بیستن لە تەلەفزیون کاری کردوە ، مامۆستا بووە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوك ، یەکەم ڕۆمانی بەناوی ( فەرهود ) لە سەر ئەرکی یەکێتی نوسەرانی کەرکوك بڵاو کردۆتەوە ، ناوەڕوەکی ڕۆمانەکە باس لە سەردەمی ڕەشبگیری میللەتی کورد دەکات لەساڵانی ١٩٦٣ واتە حەرەس قەومیەکان وفەرهود کردنی خەڵکی شاری کەرکوك ، ئۆڤلێتیسەردەمی گەمژەکان بڵاوکراوەیەکی تر کە باسی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەغدا دەکات پاش ساڵی ٢٠٠٣ . ( جوانترین چیرۆك ) کۆمەڵە کورتە چیرۆکێکی لە خۆ گرتبوو ، چوارەم بەرهەمی مامۆستا جەلال قادر بریتی بوو لە ( پشیلەکەی برێژێت ) کە مامۆستا زۆر گرنگی بە کورتە چیرۆك و تەنز دەدات وە لە زۆربەی ماڵپەڕو ڕۆژنامەو بڵاوکراوەکاندا بڵاویان دەکاتەوە ، لەگەڵ ئەوەی لە بوارەکانی سینەما و تەلەفزیونشانۆدا کاری کردوە ، دواجار ئەزموونی چیرۆك نوسین بوو بەو جیهانەی کە هەموو خەونەکانی خۆی تێدا دۆزی یەوە ، چونکە کارێکە بە تاکە کەسی دەکرێت و وەکو خۆی دەڵێت لە ناخی خۆمدا قووڵتر دەبمەوە ، چونکە کاری سینەما و شانۆ بە گروپ ئەنجام دەدرێت ، ( بەسەرهاتی شۆفێری تاکسی ) تەنزئامێزە و چاپی یەکەم لەساڵی ٢٠٢١ لە چاپ دراوە ، لەسەر ئەرکی خانەی کەلتوور ، پاشان بڵاوکراوەی ئۆڤێلیتێکی ڕۆمانسی بەناوی ( خەونەکانی کەژاڵ ) .. مامۆستا جەلال قادر لە دونیای چیرۆك و تەنز و ڕووداوەکاندا ئەزمونێکی چڕو پڕی هەیە لە نێو کۆمەڵگا و گفتوگۆ نهێنی یەکانی نێو بازاڕدا کە گوێ بیستیان دەبێت و دەیانگوێزێتەوە بۆ نێو ئەو پرۆژەیەی کەهەردەم سەرقاڵێتی لە جیهانی ئەوینداری و مرۆڤایەتی و ڕووداوە تاڵەکان و ڕۆژگارە سەختەکانی غوربەت.. لە نوسینەکانیدا دەڵێت :
ئێمە دەبێت باجی ئەو هەموو گاڵتە جاڕییە بدەین !
لەنێوان من و نیگای چاوەکانی ئاسکەکەدا پەیوەندیەك هەیە !
من حەز دەکەم زۆر لە نزیکەوە گفتووگۆیەکی بەحەسرەت لەگەڵ مامۆستا جەلال قادر بکەم ، بۆ ئەو مەبەستەش لێرەوە دەستم پێ کرد :
سەرەتای چیرۆکنووسینت ؟
دەتوانین بڵێین چوونە دونیای چیرۆک نووسین و حیکایەت گێڕانەوە. هەڵبەت مرۆڤ لە سەردەمی منداڵییەوە بە قۆناخێکی سەیروسەمەر تێدەپەڕێت. بۆ نموونە؛ خەون و خەیاڵ و حەزەکانی منداڵ فراوانە، هەروەک ماسیە ڕەشە بچکۆڵانەکەی (سەمەدی بەهەرەنگی) خەون بەدەریاوە دەبینێت، دەیەوێت خۆی بەڕووبار دا بدات و زۆرانبازی لەگەڵ شەپۆڵ بکات، هەمیشەش گەشت بکات. بەڵام گرنگ ئەوەیە خەون ببینێت و لەگەشتەکەی ئاسۆیەکی روناک ببینێت .
منیش خەونەکانم دوور نەبوون لە هەستەکانی ناخم، پەنجەم بۆ ئامێری گیتار برد و خۆم تاقیکردەوە، گوێجکەکانم بەهێز نەبوون. چوومە سەر تەختەی شانۆ و رۆڵی ئەکتەرییم بینی، وردە وردە جەستەم قورس دەبوو، دەنگیشم تاقیکردەوە بۆ گۆرانی وتن، ناشازبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەمزانی ئاگرێک لەناخمدایە، بورکان دەکات. بەدەم ئەم هەموو گوزارانی ژیانە، بەردەوام دەمخوێندەوە. تا ئەو کاتەی عەشقێک لەدڵم گیربوو بۆ نووسین .
بەم شێوەیە، هەمیشە هەستم کردووە کەسێکی یاخی و غەریب هەیە لەناخمدا خۆی مەڵاسداوە، هەر بۆیە هیچ کات لە هیچ شوێنێک لە گەشتەکانی ژیانم ئۆقرەم نەگرتووە و لە شوێنەکەی خۆم بێزاربوومە و سەفەرم کردووە. ئەوەبوو لە کۆتایی ساڵی١٩٨٧ گۆڤاری سروە لە دامەزرابوو، بەدەستی هێمنی شاعری نەمر، منیش بۆ یەکەمین جار کورتەچیرۆکێکم لەوێندەر بڵاوکردەوە لە ژمارە ٢١ یان ٣٦ لەبیرم نەماوە، بەڵام تا قەدەرێک ڵاپەڕەی ژمارەکەم لە خۆشیا لە باخەڵ دانابوو، پیشانی برادەرانم دەدا بیخوێننەوە، لە ئوردوگای کەرەج چەند برادەرێک ڕەخنەی بەپێزیان لێگرتم و هەرەوەها ئامۆژگارییان کردم کە بخوێنمەوە. لە ئەنجامدا وردەوردە توانیم بە نووسین تووڕەبوونی کەسەکەی ناخم دامرکێنمەوە.
خەون وخەیاڵەکان چۆن وێنادەکەیت و دەیگەنیتە خوێنەر ؟
نووسین هەروەک وێنەکێشان کارێکی قورسە، تۆ بە فڵچەکەت سەرگەرمی نیگارکێشانی تابڵۆیەک دەبیت، خەیاڵێکت هەیە، کەچی جار هەیە لە هەڵبژاردنی ڕەنگەکان سەرکەوتوونابیت. لە بۆ نووسەریش بابەت و ڕووداو هەیە، بەڵام لە ڕووی داڕشتن بەتایبەت (زمان) کە بنچینەی جوانی ڕەنگەکانە، بەدیار وشەیەک دادەمێنێت. لێ بۆئەوەی وێنە لەچوارچێوەیەکی قەشەنگ پیشانی بینەر یان خوێنەر بدەین کارێکی ئەستەمە، چونکە خۆت دەزانی هەر بینەرو بەچاوێکی جیاواز، بەشێوەیەکی جوودا بیردەکاتەوە. بەڵام بۆئەوەی نووسەر سەرکەوتووبێت بۆ گەیاندنی پەیامەکەی پێویستی بە ئەزموونە، بەخوێندنەوە، بە تەکنیکی کورت و پوختی ڕستە .
چ ڕێبازوقوتابخانەیەك بەکار دەهێنیت بۆ نووسین ؟
کاتێ نووسەرێک دەست بەنووسین دەکات، سەرەتا ناچێت قوتابخانەیەک هەڵبژێرێت، بەڵکو دەخوێنێتەوە ودەنووسێت، لەئەنجامی تاقیکردنەوەکان و ناسینی پاڵەوانی چیرۆک و بەسەرهات و ڕووداوەکان، ئیتر لە هزری خۆی و هەڵسەنگەیاندن و سەرنج و کاردانەوەی خوێنەر، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە بە چ شێوازێک (ژانرێک) دەستی بەسەریا دەشکێت و چێژ بە خوێنەریش دەگەیەنێت. بۆ نموونە : عەزیز نەسین توانای تەنز نووسینی بەهێزبوو . کاک بەختیار عەلیش بەشێوازێکی تر حیکایەتەکانی دەگێڕێتەوە. کەواتە هەر نووسەر و لە ژانرێکی ئەدەبی جیاواز خۆی دەبینێتەوە. هەروەک هونەرمەندەکانیش بیکاسۆ (مکعبات) و سڵڤادۆر داڵی بە سریاڵی .
پێتوایە بە گێڕانەوەی چیرۆک پەیامێک ببەخشیت ؟
پرسیارێکی جوانە. ئێمە بەگوێڕایەڵکردن لە مەتەڵ و ئەفسانەکان شەوان خەو دەمانی بردەوە. ئێستا لەم سەردەمە، گەورەو بچووک بە موبایلەکەی دەستی نەدەخەوێت و نە پەندێک وەردەگرێت. خوێندنەوە چێژ بەخشینە، بەڵام خوێندنەوەی چیرۆک و ئەفسانەکان مۆڕاڵە، واتە پەند وەرگرتن و فێربوونی ئەزموونی ژیانە، ئێمە لەوەتەی داستانەکانی خۆمان بۆ منداڵەکانی خۆمان ناگێرێنەوە فەرهەنگ و کەلتووری خۆشمان لەدەستداوە. من ئەمە بە شکستی مرۆڤ ناودەبەم، کە دوورکەوتۆتەوە لە سەرکەوتن و کۆنترۆڵکردنی لایەنی دڕندایەتی دەروونی. بۆ نموونە : من لە دوا کورتەچیرۆکم (مرۆڤ وژینگە) باس لە دوورکەوتنەوەی خۆمان دەکەم بۆ گەڕانەوە بەرەو سروشت و ناسینی ئاژەڵەکان. تۆ سەیرکە، ئێمە بەدەگمەن کاتمان بەخشیوە بەدیار دیمەنێکەوە دانیشن و گوێ لە (بای شەماڵ) بگرین، یان گفتگۆیەکی هێمنانە لەگەل کەسە یاخی بووەکەی ناخمان ئەنجام بدەین .
کوردستان ،کەرکوک ، تاراوگە چۆن جێی خۆی کردۆتەوە لە بەرهەمەکانت؟
تاراوگە، ئەگەر بەمانای دوور کەوتنەوەبێت، وەک ئەوەیە کاتێ من لەدایکم جوودا بوومەوە و کەچی وێنەی ڕووخساری و بۆنی و خۆشەویستی بەهێزتر بوون لەناخم. شوێن واتە بیرەوەری ، گەڕانەوە، سۆز خۆشەویستی. بەڵام کاتێ ئەو شوێنە کارەسات و ناخۆشی و نا یەکسانی تیابێت، تۆ خەم دەخۆیت و کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر هەست و هزرت، بەشێوەکی ناڕاستەوخۆ دیمەن و ڕووداوەکان لەناو چیرۆکەکان بەدیار دەکەون. دەی ئێمەش مرۆڤین خەمەکان لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین. هەروەک چۆن گەنجێک سەردەمانێک عاشقی کچیک بووە و بۆی نەبووە و بۆ هەتا هەتا لەدڵیدا دەمێنێت، بەم شێوەیەش بۆ من، کوردوستان وکەرکوک بەشێکن لە برینەکانی جەستەم و قەتماغەی گرتووە، کەنەداشم زۆرخۆشدەوێت، بەڵام هەرکات ناخۆشییەک ڕوودەدات لە هەر گۆشەیەکی ئەم سەرزەمینە برینم دەکوڵێتەوە. بەهەرحال ئەگەر مرۆڤ بەدووی نیشتیمان بگەڕێت، ئەوە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ناخی خۆیی بیکات بە ماڵ ..
دەتوانیت کۆی بەرهەمەکانت پێمان بناسێنیت ؟
جگە لەوەی کە تا ئێستا دەیان کورتەچیرۆک و تەنزم نووسیوە. هەروەها بە دووبەرگی (بەسەرهاتەکانی شوفێری تەکسی) ناودارم بوو، بەڵام شانازی دەکەم کە خاوەن دوو رۆمانم (فەرهود) و (کەژاڵ، خەونەکانی کچێک لە هەندەران) پێشوازییەکی چاکی لێکراو شایانی خوێندنەوە بوو. چەند پەڕتووکێکی ترم بەچاپ گەیاندووە، لەوانە ( پشیڵەکەی بریژێت) کە پڕ لە هەست و سۆزو خۆشەویستی یە . ***
مرۆڤ و ژینگە : کورتەچیرۆک
دوێنێ ڕووداوێكی ناخۆشم بەسەرهات كاتێ ئۆتۆمبیلەكەم دەهاژوشت، لە پڕێكا ئاسكێك لەناوەڕاستی جادەكە هاتە بەردەمم، خێرا برێكم گرت هەرچۆنێك بوو توانیم خۆمی ڵێ لادەم بەڵام بەداخەوە قنگی ماشێنەكەم بەر ڕانی ئاسكەكە كەوت و زرمەی ڵێهات وبەربوەوە سەر زەوی!
لە ئۆتۆمبیڵەكەم دابەزیم، بینیم ئاسكەكە لەسەر جادە قیرتاوەكە ڕاكشابوو، دوو سێ هەنگاو ڵێم دووربوو. ئەو كاتەی گەیشتمە تەنیشتی، شۆك و سەرسام بووم بە چاوە ئەبڵەق و بۆنی ئارەق و گەورەیی لەشی، بۆ چەند چركەیەك چاوی لە چاوم بڕی وتەماشای یەكترمان كرد، پاشان ئاسكەكە هەڵسایە سەرپێ وكەوتە ڕاكردن. منیش لەدوورەوە دەمڕوانییە دیمەنی ڕاكردنەكە. بۆ دواجار ئاسكەكە ئاوڕێكی ڵێدامەوە و لەناو دارستانەكە دیار نەما
گەڕامەوە ناو ئۆتۆمبیلەكەم و بۆ چەند خوولەكێك دانیشتم، هەستم كرد لە نێوان من و نیگای چاوەكانی ئاسكەكە پەیوەندییەك هەیە، بۆنی جەستەشی ژیانی ڵادێ و سەردەمی كشتوكاڵداری بیرهێنامەوە، ئینجا تێگەیشتم كە لەم ڕۆژگارە مرۆڤ لەگەل ژینگە و ئاژەڵەكان پەیوەندییان لەدەستداوە! **
عەشق و حەز : لە کتێبی بەسەرهاتەکانی شوفێری تەکسی
چاوەڕووانی دوا موسافیرم دەکرد، پاشان بگەڕیمەوە ماڵ و نانی نیوەڕۆ لەگەڵ هاوسەرەکەم بخۆم. دایک و کجیکی عازەب دەستیان بۆ هەڵبریم، داوایان ڵێکردم بیانگەیەنمە شوێنێکی دوور. ثێمگووتن : ناتوانم ئەو ئەدرەسە زۆر دوورە، دایکی منداڵەکان لەمالەوە چاوەڕوونمە!
دایکەکە وتی : هەرچەند داوا بکەیت دەتدەینێ
لە خۆشی پارەکە ڕازیبوووم
لەڕێگە گوێم لە دایکەکە بوو بە کچەکەی دەگووت : حەدت چییە ڕازی نابیت ، دەتەوێت شوو بە کوڕیکی لات و داماو بکەیت هەتا هەتایە کرێچی بیت یان بە گەنجێک خاوەن خاوەن خانوو و پارە بێت
کچەکەش دەیگووت : ئاخر دایکە، حەزم بەو کوڕە دەوڵەمەندە نییە، من عاشقی سیروانم!
داکەکە ڕووی دەمی لەمن کرد وتی :توو خوودا کاکی شوفێر تۆقسەیەکەی خێربکە، ئەم کچەم باشترە شوو بە کەسێکی هەژار بکات یان بە کەسێکی دەوڵەمەند؟
وتم ؛ بڵێـ چی… هەموو کچێک (حەز) دەکات شوو بە کەسێکی دەوڵەمەند بکات، بەڵام بۆ نەگبەتی ئەم کچەی تۆ (عاشقی ) کوڕێکی هەژار بوووە.
دایکەکەک سەری هێنایە پێش و وتی : جا جیاوازی نێوان عەشق و حەز چییە؟
هەستمکرد ئەم دایکە زۆر دەزانێت. پێمگووت : عەشق قاتە ئێستا هاوسەرەکەم چاوەڕوانمە و نان ناخوات، تا من دەگەڕێمەوە ماڵ. حەزیش ئەوەیە کە من پێویستیم بە پارەکە بوو ئێوەم سوار تەکسییەکەم کرد **
facbook : Jālal Qader