KDC

پەرلەمانی کوردستان :بڕیاری دادگەی فیدڕاڵ ناکۆکە لەگەڵ دەستوری هەمیشەی عێراق و دژی بڕیارێکی پێشووتری خۆیەتی

پەرلەمانی کوردستان لە بارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵ بەیاننامەیەکی یاسایی و دەستووری بەپێی بڕگەو بابەتیەکانی دەستووری عێراق و ئەو بنەمایانەی کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە بە دابەش کردنی دەسەڵات و داهاتی بۆ هەرێمەکان و لەبەرچاوگرتنی گەلانی عێراق وەڵامی یاسای و دستووری دادگەی باڵای فیدارڵی داوەتەوە
کەئەمەش دەقی وەڵامی پەرلەمانی کوردستانە :

به‌یاننامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان سەبارەت به‌:
بڕیاری دادگای فیدڕاڵیى عێراق لەبارەی نادەستووریبوونی یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007

دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵی وەك لە ماددەی (3)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005دا هاتووە، دەوڵەتی هەموو عێراقییەكانە بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە.
فیدڕاڵییەت لە مانای بنەڕەتی و راستەقینەی خۆیدا دابەشكردنی دەسەڵاتە، لەوانەش دەسەڵاتی ئیدارەدانی دارایی و سامانە سرووشتییەكان لەنێوان دەسەڵاتەكانی فیدڕاڵی و هەرێمەكاندا، فیدڕاڵییەتی فرەپێكهاتەش لەسەر چەمكە بنەڕەتییەكانی سەربەخۆیی زاتی، هاوبەشێتی، هاوسەنگیی دەستووری و هاریكاری و لامەركەزییەتی سیاسیی فراوان، راوەستاوە.
ئەمە لە كاتێكدا، بنیادی دەستووری عێراق لەسەر بنەمای سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی ئیتیحادی دروست بووە، ئەمەش دەخوازێت كە دەقەكانی دەستوور بە ئاڕاستەی لەبەرچاوگرتنی دادپەروەری و پاراستنی پرەنسیپەكانی فیدڕاڵی و یەكسانی شرۆڤە بكرێت، بە بێ ئەوەی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمەكان تەحجیم بكات و سنوورگەلی نادەستووری بۆ دەسەڵاتەكانیان دابنێت. بۆیە هەر مامەڵەكردنێكی ناهاوسەنگ لە پیادەكردنی دەسەڵاتەكان و مامەڵەكردنی ئینتیقائییانە لەگەڵ دەقەكانی دەستووردا، ئامڕازی بنكۆڵكردنی سیستەمە فیدڕاڵییەكەن و لێكەوتە و دەرەنجامەكانی لە كۆتاییدا خزمەت بە وڵات و ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییانیشی ناكات.
هەر لەم روانگەیەشەوە بوو كە هەرێمی كوردستان دەستپێشخەر و داكۆكیكار بووە لە جێگیركردنی سیستەمی فیدڕاڵی لە عێراقدا و بەردەوام كاری بۆ پتر چەسپاندنی كردووە، چونكە ئەزموونی تاكڕەوی و مەركەزییەت نەهامەتییەكانی رابردووی بۆ گەلانی عێراق خوڵقاند.
لەم میانەیەشدا، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە رێكەوتی 15/2/2022، لەمەڕ دەسەڵاتی ئیدارەدانی نەوت و سامانە سرووشتییەكان لە عێراقدا، ناكۆك و ناتەبایە لەگەڵ بنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵی و دەقەكانی دەستووری عێراقیشدا، سەرەنجامیش ئەمجۆرە بڕیار و بیركردنەوانە گورزی كەمەرشكێن لە سیستەمی فیدڕاڵیی عێراق و پرۆسەی حوكمڕانی و مافی هاونیشتیمانیبوون دەدات.
چونكە:
پەر‌له‌مانی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌رێمه‌ و به‌پێی مادده‌ی (117/ برگه‌ی یه‌كه‌م) له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق دانی پێدا نراوه. هەروەك به‌پێی مادده‌ی (121)ـی دەستووریش مافی ده‌ركردنی یاسای پێدراوە. بۆیه‌ دەركردنی یاسای ژمارە (22)ـی ساڵی 2007 لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، هاوتایە لەگەڵ دەستووری عێراق و لە چوارچێوەی تایبەتمەندییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندایە.
بۆیە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و به‌ ناده‌ستووری ناوبردنی ئەو یاسایە له ‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌ ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق و خودی بڕیارێكی پێشووی دادگاكە، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌:

  1. ده‌ستووری عێراق له‌ مادده‌ی (110)دا به‌ هیچ شێوه‌‌یه‌ك به‌رێوه‌بردنی سامانه‌ سرووشیتییه‌كان له‌ نێویاندا نه‌وت و گازی به‌ ده‌سه‌ڵاتی حه‌صری حكوومه‌تی فیدراڵی دانه‌ناوه‌. بەڵكو مادده‌ی (112/ برگه‌ی یه‌كه‌م)ـی ده‌ستوور جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمه‌كانن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌رێوه‌بردنی ئه‌و كێڵگانه‌ی پێش نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق له‌ ساڵی 2005 له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌رێوه‌‌ براون.
  2. بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی دژ به‌ بڕیارێكی پێشتری خۆیه‌تی كه‌ ژماره‌ (8)ـی ساڵی 2012 ـیه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر به‌شداریپێكردنی هه‌رێم و پارێزگا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی نه‌وت ده‌كاته‌وه لە داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژیی نەوت و سامانە سرووشتیەكان.‌
  3. دەركردنی یاسای ژمارە (23)ـی ساڵی 2007ى هەرێمی كوردستان پاش نائومێدبوون بووە لەوەی كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەركی دەستووریی خۆی لە دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی هەڵناسێت، لە نەبوونی ئەم یاسا گرنگە فیدڕاڵییەشدا كار بە هەندێك یاسای سه‌رده‌می رژێمی پێشوو دەكرێت كە یاساگه‌لێكن به‌ بیری ناوه‌ندگه‌رایی داڕێژراون، لەگەڵ بنەما دەستوورییەكان بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و سامانە سرووشتییەكان، یەكناگرنەوە، له‌وانەش‌ یاسای ژماره (101)ی ساڵی 1976 و یاسای ژماره‌ (84)ی ساڵی 1985 كه‌ دادگای فیدڕاڵی لە بڕیارەكەیدا پشتی پێبەستوون.
  4. مادده‌ی (111)ی ده‌ستوور جه‌ختی لەوە كردووەتەوە كە خاوه‌ندارێتیی نه‌وت و گاز بۆ ته‌واوی گه‌لانی عێراقە، هەرێمی كوردستانیش له‌ روانگه‌ی پابەندبوونی بەم بنەمایە له‌ مادده‌ی (3)ی یاسای ژماره‌ (22)ی ساڵی 2007دا جه‌ختی لەسەر كردووەتەوە و بەتەواوی پابەندی بووە. هەر بۆیەش بەتێكڕایی بڕی داهاتی فرۆشراوی نه‌وتی، بەو شێوەیەی كە له یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵیدا دیاری كراوە‌، گەڕاندووەتەوە بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی و پاشان به‌شێوه‌ی له‌ بریدانان (مقاصه‌) و به‌شی هه‌رێمی كوردستانی لێدراوه‌.
  5. په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2007ەوه‌ كه‌ یاسای ژماره‌ (22)ی نه‌وت و گازی ده‌ركردووه،‌ حكوومه‌تی فیدراڵی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌كانیدا كردووه‌. ئەمەش‌ له‌ دواهه‌مین یاسای بودجه‌ی عێراق ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و له‌ مادده‌ی (11)ی یاساكەدا جه‌خت له‌ پێویستی ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

لە كۆتاییدا هەرێمی كوردستان جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی وڵات دەكاتەوە، بەشێوەیەك كە دوور بێت لە شرۆڤەكردنی تاكلایەنە و لەبەرچاونەگرتنی یەكێتیی ئارەزوومەندانەی فیدڕاڵیی عێراق.

پەرلەمانی كوردستان
15/2/2022

___

ئیتالیا:لەماوەی یەک هەفتەدا ،زیاتر لە هەزار کۆچبەر گەیشتونەتە دورگەی لامپێدوسای

nusar1

دانیمارک :ڕەوەندی کوردستانی پشتگری خۆپیشاندنەکانی گەلانی ئێران دەکات

nusar1

پرۆفایلی ڕۆبێرتۆ باجیۆ

nusar1
KDC

FREE
VIEW