- Advertisement -

کوردانی دیاسپۆرا بە دەم داواکەی کۆنفدراسیۆنەوە هاتن

سۆران حەسەن

لەسەر داوای کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، فدراسیۆن و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردستانی, لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا خۆپیشدانییان لە دژی هێرشە موشەکی و درۆنەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەکرێگیراوەکانیان بەڕێوەبرد، کە ئەو هێرشانە بە بیانووی بێ بنەما و نادروست لە دژ خەڵکی سڤیل و کەسایەتی و سەرمایەداران و منداڵانی کوردستان ئەنجام دەدرێن و، ئامانجیان تێکدانی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە لە کوردستان.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ١ی ٢٠٢٤، لەسەر داوای کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، دژ بە دەستدرێژییەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر کوردستان، خۆپیشاندانی کوردان لە زۆربەی پایتەخت و شارەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا وەک ستۆکهۆڵم، ئۆسلۆ، هێلسنکی، بەرلین، لەندەن، جنێف، دیسلدۆرف، هامبۆرگ، هانۆڤەر، ڤالسبۆرگ، ئەمستردام، ڤێنا، برۆکسل، کۆپنهاگن و واشنتن بەڕێوەچوو.
بە هەزاران کوردستانیان لە دەرەوە هاوخەمییان بۆ خەڵکی کوردستان و دژی رەفتاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانیان، کە بە موشەک و درۆن خەڵکی کوردستان دەکەن ئامانج گردبوونەوە.


کورستانیان لە وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا بە توڕەییەوە ئیرادەی کوردانەی خۆیان پیشان دا، بە گەرووییەکی پڕ خەمخۆریان و دوور لە ئینتیمای سیاسی و یەکگرتووانە و خۆڕاگرانە هەستی نیشتمانی کوردایەتیان پەرەپێدا و خەیاڵی دوژمنان و داگیرکەرانیان لە گۆڕنا.

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و ناوەندەکان و فدراسیۆنەکان و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان لە وڵاتانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، سوید، نەرویج، دانیمارک، فینلەندا، نێدەرلاند، بەلجیکا، فەرەنسا، بەریتانیا، سویسرا و نەمسا، بە دەم بانگەوازی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە هاتن و، ڕێکارە یاسییەکانیان لەو وڵاتانە گرتەبەر و لەماوەی دیاریکراودا ئامادەکارییان کرد و زۆر بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکی و درۆنەکانی ڕژێمی ئێران و بەکرێگیراوانیان لە باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

وەک لە بەیاننامەی کۆنفدراسیۆندا هاتووە: “بەتوندی ئیدانەی هێرشە تیرۆستیەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەم هێرشە لەرزۆکە بەشێکە لە پێشێلکاریە بەردەوامەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر سەرەوەری هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ”.
هەروەها لەبەشێکی تری بەیاننامەکەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیدا هاتووە: “بە ئامانج گرتنی هەرێمی کوردستان و موشەک باران کردنی خەڵکی سڤیل لە شاری هەولێر، تاوانێکی تێرۆریستی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێچەوانەی سەرجەم پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤە”.
دواتر ڕەفتارەکان و مێژووی ڕژێمی پەت و سێدارەی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی بەبیر دەهێنینەوە، کە لە ساڵانی ڕابردوو رژێمی ئاخوندی کوردکوژ، تاوانەکانی بەرامبەر بە کورد لە ڕۆژهەڵات بەردەوامە و ڕۆژانە گەنج و لاوانمان بە تۆمەتی بێبنەما ڕاپێچی بەردەم پەتی سێدارە دەکات و ژن و منداڵانمان خەڵتانی خوێن دەکات. لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی پشتگیری کردنی گرووپە توندڕەوەکان بەرپرسە لە سەرجەم ئەو ناحەقی و زوڵمانەی کە لەژێر ناوی جیاوازەوە بەرامبەر ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەو پارچەیەی وڵات دەکرێت. نەیارانی کورد بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو دەستییان لە بۆردوومان کردنی گوند و شارەکانی کوردستان نەپاراستووە.
بێدەنگی و بێ خەمی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ڕێگەی بۆ رژێمی تیرۆریستی خۆش کرد دەستدرێژییەکانی زیاتر پەرە پێدەدات و، لە بۆردوومانکردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵات، پەلبهاوێژێت بۆ تیرۆرکردنی خەڵکی سڤیل لە ژن و منداڵ (ژینای تەمەن یازدە مانگی) لە نێوەڕاستی شاری هەولێر.


لەکۆتایی بەیاننامەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کە چەتری کۆکەرەوەی کوردستانیانە لە دەرەوە، بەجیاوازی ئایدیا و ئامانجە سیاسییەکان، هەمیشە هەوڵەکانی لە پێناو یەکخستنی کوردستنیانی دەرەوە بووە، دەڵێ: “هەر لەو ڕوانگەیەشەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، کە سنوورێک بۆ ڕژێمی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دابنێن”. هەروەها ئەوەش هاتووە: “کونفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە نوێنەرایەتی گەلی مەزڵومی کورد، ڕووی داوامان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی ئازاد و دیموکراتە، بێنە دەنگ و نەک تەنیا بە بەیاننامە، بەڵکو بە کردار سنوورێک بۆ خوێنڕێژییەکانی رژێمی ئاخوندی دابنێن و، خوێنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە گشت پارچەکانی کوردستان لە ئەستۆی ئێوەدایە”.
ئەم پێشێلکردنە بەشێوازێکی راستەوخۆ بۆ تێکدانی سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵە، هەر بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵی عێراقیش پابەندییە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکات و لە پای ئەم تاوانانە بێ دەنگ نەبێت.

کەس ناتوانێت هێزو ئیرادەیی کوردستانی بوونمان لێ وەرگرێت، هەموومان یەک ئامانج و یەک هەڵوێستین.
بەشداری کوردستانیانی هەر چوارپارچە لە خۆپیشاندانەکان، ئەو ڕەوتەی سەد ساڵە داگیرکەران کاریان بۆ دەکرد هەڵوەشاندەوە، ،سەرچاوەی ئەم هزرە نەتەوەییە و یەکگرتووییە کە لە دیاسپۆرا دروست بووە، بیرۆکەی سەرۆک بارزانی بوو، کە خۆی لە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بینییەوە.
ئەم بیرۆکەیەی سەرۆک بارزانی کە لە هەناوی ڕێبازی بارزییەوە هەڵقوڵاوە، کوردستانیان خەمخۆرانە بەدەم بانگەوازی کۆنفدراسیۆن هاتن، هەرچەندە کاتەکە کتوپڕ و دەرفەتی وا نەبوو کە هەموان بەشداربن و لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی کوردانی دیاسپۆرا بێت، بەڵام هیچ شتێک ڕێگری لە دەربڕینی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە نێو خۆپیشاندەران نەکرد.

ئەوەی ماوە بوترێت لەخۆپیشاندانەکان، کاتێک بەلای ڕاست دەڕوانی ڕۆڵەیەکی ڕۆژئاوای نیشتمان باسی لە هێرشی تری داگیرکەران دەکرد، کە ڕۆژانە بە بیانووی بێبنەما خەڵکی سڤیل شەهید دەکەن، قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، ڕێگاوبان و سەرچاوەی داهاتی بژێوی خەڵکی کوردستان خاپوور دەکەن.
لەلای چەپیش ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، پۆستەری پۆلێ لە گەنجانی نیشتمانی شەهیدکراو و پۆلێکی تر چاوەڕێی پەتی سێدارەی دوژمنن، تەنیا تاوانی ئەوانە کوردبوونە، کە بە یاساکانی ژێر حوکمی سیستەمی مەلایی و داگیرکاری شەهیدیان دەکەن و، هەر لە ناو ئاپۆرای جەمارەییدا، ڕۆڵەکانی باکوور بە چاوی پڕ گریان هاوخەم و هاودەردی خۆیان باس دەکرد، لەهەر لایەک نیشتمان سەیرکەیت خوێنی لێدەهات، کە بە خەیاڵیان ئەو ئاشتی، ئارامی و پێکەوەژیانە لە کوردستان هەیە لەباری بەرن، بەڵام کوردستانیان لە هەر کوێیەک بن، پێشمەرگە ئاسا بە جۆش و خرۆشەوە و بە هەستێکی کوردانە و بیر و هزری کوردایەتی و خۆڕاگرانە بەربەستەکانی بیر و ئامانجی فاشست و شۆڤینیان بە هەدەرداوە، هەموومان لە ژێر ئاڵای کوردستان بە پڕ بە گەروویان هاواریان دەکرد، نەمری بۆ شەهیدان و سەرشۆڕی بۆ دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان.

KDC

FREE
VIEW