KDC

جاشێتی تاکەی ؟

ڕەحیم رەشیدی

لە كۆتایی هەزارەی سێیەمی پێش زاییندا، (تیگران پاشای)ی بیست و یەكەمین و دوایین پاشای ئیمپراتۆرییەتی گۆتیەكان، بە دەستی خائینێكی جاشی خۆفرۆش بە ناوی (ئی توو) كوژرا و كۆتایی بە دەسەڵاتی گۆتیەكان هات. گۆتیەكان باپیرانی گەورەی كوردن و یەكەمین زنجیرە پاشای كوردستانن لە مێژوودا، ئەودەم نزیكەی ١٢٠ ساڵ بوو كوردستان و زۆربەی ناوچه‌كانی ئه‌كه‌د و سۆمه‌ری لە ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقی لەبن دەستا بوو. (ئی توو)ی خائینیش یەكێك بوو لە سەركردە سەربازییە جێمتمانەكانی دەوڵەتی گۆتی، بەڵام خیانەتی لە میللەتەكەی خۆی كرد، لەپای ئەو خیانەتەش، پاشای سۆمەر كردیە فەرمانڕەوای به‌ری باكووری ده‌وڵه‌تی سۆمەرییەكان، كه‌ دەكاتە باشووری كوردستانی ئێستا، لێ خۆشبەختانە هەر خودی سۆمەرییەكان لە مێژوودا ناوی (ئی توو)یان وەك جاشێكی خۆفرۆش تۆمار كرد.

ساڵی ٥٥٠ی پیش زایین، واتە رێك دوو هەزار و ٤٧٢ ساڵ لەمەوبەر، دەمێ كۆرشی كچەزای ئاستیاگی پاشای ماد و هارپاكی سوپاسالاری ئیمپراتۆرییەتی مادی كوردان، دەست تێكەڵ دەكەن و بە خیانەتێكی مێژوویی گەورە، بە یەكجاری و بۆ ئەبەد كۆتایی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی مادەكانی باوانی كورد دەهێنن و كوردستانی مەزن و خاكی ئارینشینان دەكەوێتە دەست فارسەكان و ئیدی دەوڵەتی حەخامەنشی دادەمەزرێنن، لەو رووداوانەدا پاشا ئاستیاگی ماد، بە زیندوویی دەكەوێتە دەست كۆرش و هێزەكانی.

گەرچی كۆرش، كچەزای ئاستیاگە، بەڵام لە باوكەوە فارسە، هارپاكی ناپاكیش لە دایك و باوكەوە مادە، واتە كوردە و خیانەتی لە میللەتی خۆی كردووە، لەو دەمەدا لەنێو كۆشكی شای مادەكاندا، ئاستیاگ كە بەدیل گیراوە، بە بەرچاوی كۆرش و سەركردە فارسەكانیەوە، روو لە هارپاك دەكات و دەڵێت: ”لە هەموو ژیانمدا كەسی خائینی وەك تۆ بێقیمەت و بێبەهام نەدیوە، ئاخر كە هەر كۆدەتات كرد و لە دژی ئێمە هەڵگەڕایتەوە، بۆچی كارێكی وەهات نەكرد تەخت و دەسەڵاتی دەوڵەتی ماد لە دەست خۆت و مادەكاندا بمێنێتەوە؟ بۆچی ئەم ئیمپراتۆرییەتە مەزنەی مادت تەسلیمی پارسەكان (فارسەكان) كرد؟!“

ئەم پێشەكیە مێژووییەم بۆ ئەم وتارەم نووسی، تا خوێنەرانی كورد بزانن جاشێتی و خۆفرۆشی لە مێژووی ئێمەدا چی بووە، هەواڵە ناخۆشەكە ئەوەیە كە ئێمەی كورد و كوردستانی، لە بەرەبەیانی مێژوومانەوە تا ئەم هەفتەیەش، موبتەلا و گیرۆدەی دەست خائین و جاش و خۆفرۆشەكانین، جاشەكان رۆڵێكی خراپیان لە مێژووی كوردا گێڕاوە و چەند ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت و مەملەكەت و میرنشین و قەوارە و شۆڕش و جمهووریەتی كوردیان لەبار بردووە، بەڵام هەواڵی خۆش ئەوەیە، كە لەو سەردەمەوە تا ئێستا، ناپاك و خۆفرۆش و جاشەكان، هەم لە دیدی خۆمانەوە و هەم لە دیدی داگیركەران و دوژمنانمانەوە، خەڵكانی سووك و ریسوا و هیچ و پووچن و مێژووش تەنیا ئەوەیان بۆ تۆمار دەكات، هەواڵی خۆش ئەوەیە كە تا ئێستا كورد خۆڕاگر و زیندووە و ماوە و بە پێوەیە و بەرگری لە بوونی خۆی دەكات.

نێلسۆن ماندێلا دەڵی: ”بۆ ئەوەی ئازادی و سەربەخۆیی بەدەست بێنن، پێویست ناكات ئاسمان و زەوی بكڕن، تەنیا خۆتان مەفرۆشن“. ئەوە چەند رۆژێكە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارێكی سیاسیی لەبن رووپۆشی (یاسایی)دا، لە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەركردووە و یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی بە ”نادەستووری!“ لەقەڵەم داوە، هەموومان دەزانین بڕیارەكە بۆ ئێستا و ئایندەی كورد و كوردستان چەند مەترسیدارە، دەزانین هەڕەشەیەكی جدییە بە ئاراستەی خۆچەماندنی نەتەوەیەكی ٤٠ تا ٥٠ ملیۆن كەسیی بێدەوڵەت و قوربانیدەر، دەزانین عێراقی ئێستا خراپترین دەوڵەتی جیهانە لە رووی ئابووری، سیاسی، ئەمنی، كۆمەڵایەتی، ئایینی و مەزهەبی، دیموكراسی و مافی مرۆڤ، گوزەران و سومعەوە. عێراق لەئاست هیچ گرووپ و دەوڵەت و دراوسێیەكدا، نە خاوەن بڕیارە و نە خاوەن سەروەری، بەڵام لە ئاست كورددا بووەتە (دەوڵەت!).

لەو رۆژەوە، زۆربەی پیاوانی عاقڵ و یاساناس و پسپۆڕی (موعتەبەر)ی عەرەبی عێراقی، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بە (نادەستووری) لەقەڵەم دەدەن، كەچی موفارەقە ئەوەیە كە كۆمەڵێك كوردی جاشوولكەی خۆفرۆش، دەڵێی شانەهەنگیان لە دارا دۆزیوەتەوە، هەموویان پسكەی سمێڵیان دێ و خۆشحاڵن بەو بڕیارە، وەك ئەوەی هەموو شتێك لە عێراقدا، تەواو و دروست و یاسایی بێت! وەك ئەوەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، وەك وڵاتی نەرویجی لێ هاتبێت!

مەخابن ئەمانە كە زۆربەیان ساڵانێكە هەر لە داهاتی نەوتی كوردستان مووچەی چەندین ملیۆن دیناری وەردەگرن، فرچكیان بە جاشێتیەوە گرتووە، نازانن سبەی مێژوو ئاستیاگ وتەنی، وەك (بێقیمەتترین و هیچ و پووچترین كورد!) ناویان دەبات، نازانن سبەی منداڵەكانشیشیان شەرم لە ناو و لە هەڵوێست و لە قسەكانیان دەكەن، ئەوان پێیان وایە، بەم قسانە زیان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن! ئەوان دڵیان بە لایك و كۆمێنتی عەوامی فەیسبووك و ئەو بەرتیلەی وەری دەگرن، خۆشە، نازانن خۆیان وەكوو ”سووكترین كەس“ بە مێژووی میللەتەكەیان دەناسێنن.

سەیرێكی ئەو میللەت و هەرێمانەی دونیا بكەن كە كێشەیان لەگەڵ وڵاتانی سەردەستیان هەیە، بزانن كەسی خۆفرۆشی وەكوو ئەوانەی تێدایە، سەیرێكی پەرلەمانی ئەو هەرێم و دەوڵەتانەی دونیا بكەن كە فیدراڵیین، بزانن ژن و پیاوی وەكوو (غالب و سەركەوت و سۆران و یووسف و ئاڵا و سروە و ئەحمەیی حاجی رەشی و ئەبوو شەكر هەڵەدنی) لەنێو كامیاندا دەبیننەوە!
ئاگاداری هەواڵەكانی شەڕی چاوەڕوانكراوی رووسیا و ئۆكرانیام، چاوم لە هاتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵاتی ئەفغانستانە، ئاگام لە جموجۆڵی توركیا و ئێرانیشە، رەوشی بازاڕی غازی ئەورووپاش بەڵەدم، دەزانم لەم رۆژهەڵاتی ناوینە شتی جیاواز دەگوزەرێ، باش ئاگام لە كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیشە و دەزانم قەیرانی چی و چیمان هەیە، بەڵام ئەمجارە ویستم تەنیا باسی (جاش و جاشێتی و خیانەت) بكەم لە كوردستاندا.

  • لە هەندێ بابەتی مێژووییدا، سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
  • خیانەت لە مێژووی كوررددا.. لە بەرەبەیانی مێژووەوە تا ١٦ی ئۆكتۆبەر – زنجیرە وتارێكی پ.د.كەیوان ئازاد لە (باسنیوز)
  • مێژووی دێرینی كورد – ن: ئاكۆ محەمەد میرزادەیی

___

نائومێدی ..تەمی سەر ئیمان و فۆرمێکی گومڕایی فیکریی

nusar1

ئەڵمانیا: سێ کەس بەهۆی مەترسی پەیوەست بوونیان بە ئیسلامییە توندرەوەکان لە کارەکانیان ڕادەگیرێن

nusar1

پرۆفایلی ڕۆبێرتۆکارلۆس

nusar1
KDC

FREE
VIEW