جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرایکرد رووسیا لە هێرشە مووشەکییەکانیدا بۆسەر ئۆکراینا جیاوازی لە نێوان هاووڵاتییانی مەدەنی و سەربازاندا نەکردووە بەم هۆیەشەوە هاووڵاتییان لە ترسی هێرشەکان خۆیان لە وێستگەکانی میترۆ حهشاردەدهن.
بایدن بەرلە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی کابینەکەی لە کۆشکی سپی، لەبارەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لێدوانیدا.
راشیگەیاند: سزای ئابووریی سەخت بەسەر سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و دارودەستەکەی پوتین سەپاندووە و وتی: “پەیوەندی دارایی و تەکنەلۆجی رووسیا لەگەڵ دنیای دەرەوە دەپچڕێنین. کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم سزایانە لە ئێستاوە رەنگیداوەتەوە”.
بایدن ئەوەشى خستەڕوو: هەوڵ دەدەن ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا دەیسەپێنن کەمترین کاردانەوەی بەسەر ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە هەبێت و وتيشی: “داوا لە وەزارەتی دادی ئەمریکا کراوە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەندامانی ئالیگارکی رووسیا بکەن. لەکاتێکدا ئەم کەسانە بەرەکانی جەنگ بە پارەی خەڵکی رووسیا پڕدەکەنەوە، لە ئۆکراینا هاووڵاتییان لە ترسی هێرشەکان خۆیان لە وێستگەکانی میترۆ حهشاردەدهن. لەبەر ئەوەی رووسیا لە هێرشە مووشەکییەکانی بۆسەر ئۆکراینا جیاوازی لە نێوان هاووڵاتییانی مەدەنی و سەربازاندا ناکات”.
بایدن ئاماژەی بەوەشداوە ئەمڕۆ سزا بەسەر بەشێک لە ئەندامانی ئالیگارکی و ئەندامانی خێزانەکانیان جێبەجێ دەکەن و وتی: “بەردەوامی دەدەین بە هاوکارییەکانمان بۆ خەڵکی ئۆکراینا”.