وەزارەتى تەندروستى عێراق هۆشدارى دەدات لەهاتنى شەپۆلى سێیەمى کۆرۆنا، داواش لە هاوڵاتیان دەکات دەستبەردارى رێوشوێنەکانى خۆپارێزى نەبن.
وەزارەتى تەندروستى عێراق لە راگەیەنراوێکدا لەو بارەیەوە رایگەیاندوە، ڤایرۆسى کۆرۆنا هێشتا چالاکە و گۆڕانکاری بەردەوام لە زنجیرەکانیدا هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا شەپۆلی سێیەمى کۆرۆنا لە وڵاتەکەمان و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهان دەستی پێکردوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەى ڕێژە زۆر ڤاکسین لەلایەن وڵاتانەوە بەرهەم هاتوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە، بەرزبونەوەى ژمارەى توشبوان ئاماژەیە بۆئەوەى کە شەپۆلى سێیەمى کۆرۆنا توندترە لە دوو شەپۆلەکەى پێشتر، ئەوەش وادەکات کە دامەزراوە تەندروستییەکان رێوشوێنى پێویست بۆ روبەڕوبونەوەى بگرنەبەر و هاوڵاتیانیش پابەندى رێنماییە تەندروستییەکان بن و پەلە بکەن لە وەرگرتنى ڤاکسین.
وەزارەتى تەندروستى عێراق جەختیکردوەتەوە، هیچ جێگرەوەیەک نیە جگە لە پابەندبوون بە رێنماییەکان، چونکە ڤاکسین لەگەڵ ئەوەى رێگرى لە توشبون دەکات، بەڵام رێگرى ناکات لە گواستنەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر.
ئەوە لە کاتێکدایە ماوەى چەند رۆژێکە ژمارەى توشبوانى کۆرۆنا لەعێراق زیادى کردوە، بەپێى دواین ئامارى وەزارەتى تەندروستى لە (24) کاتژمێرى رابردوودا زیاتر لە شەش هەزار کەس توشى ئەو ڤایرۆسە بوون.
علی جمال