KDC

جیاوازی نێوان پەنابەران لە لیتوانیا ئابڕوچوونی یاساییە ،یاپویستی سیاسی ؟

جەنگەکە لە ئۆکرانیا ڕوویدا و وڵاتانی ئەوروپاش بە کۆمەڵ هاودەنگییەکی بێوێنەیان بەرانبەر پەنابەرانە ئۆکرانییەکان نیشاندا و، سنوورەکانیان بۆ کراونەتەوە و، هەموو سەرچاوە پێویستییەکانیان بۆ تەرخانکردوون، هاوکات شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاویشیان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ دابینکراون، وە بە کۆمەڵ مافی پێدانی پەنابەرییان بە ئۆکرانییەکان داوە بۆ ماوەی سێ ساڵ، بێ ئەوەی داوای پەنابەری بکەن. لە لیتوانیا، ئەو مافەیان پێدرا کە ڕاستەوخۆ کار بکەن، لە کاتێکدا پەناخوازانی وڵاتانی دیکە، لە بنکەکانی دەستبەسەرکردندا لە هەلومەرجی ژیانێکی دڵتەزێندا گیراون و دەژین.

لەگەڵ هەڵگیرسانی کردەی سەربازی لە ئۆکرانیا، بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی مرۆیی، پۆڵەندا پابەندی وەرگرتنی 1 ملیۆن پەنابەری ئۆکرانی بووە، ڕۆمانیاش پابەندی وەرگرتنی نیو ملیۆنە، سەرەڕای هەژارترین وڵاتی یەکێتیەکە، لیتوانیا، هەنگاریا، لاتڤیا، مۆڵدۆڤا و یۆنانیش، سنوورەکانیان کردووەتەوە بۆ وەرگرتنی پەنابەران.

وەڵامی سەرەتای ئەوروپا بۆ قەیرانی پەنابەرکانی ئۆکرانی، دەریخست کە لە کیشوەرەکەدا شوێنێک هەیە بۆ وەرگرتنی پەنابەران، تا بە شێوەیەکی مرۆیی بژین و ماف و کەرامەتیان پارێزراوبێت، هەرچەندە ئەو وەڵامە، بۆ گەورەترین قەیرانی ئەو کۆچبەرانەی، کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەیشتوونەتە هەندێک وڵاتی ئەو کیشوەرە، ناگرێتەوە.

چەند مانگێ لەمەوپێش، قەیرانێکی سەخت لە نێوان بیلاڕووس و دراوسێکانی، وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دروستبوو، چونکە ڕێی بە کۆچبەران دا لە سنوورەکانییەوە بەرەو ئەو وڵاتانە بپەڕنەوە، هەزاران کەس کە خەونی گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاواوە هەبوو، ڕژانە نێو ئەو سنوورانە.

بۆ نموونە پۆڵەندا، چوونە نێو خاکەکەی ڕەتکردەوە، حکوومەتەکەی ناسراوە بە هەڵوێستی دژە کۆچبەران، هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی وەرگرتووە و، تەنانەت ئەو بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش کە پێویستە پشتگیری ئەو کەسانە بکرێت کە لە سنوورەکانیانن، پشتگوێ خست.

لیتوانیا، لە بەرانبەردا، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پۆڵەندا نەبووە، چونکە دەستەڵاتداران لە سنوورەکانی بنکەی دەستبەسەرکردنیان دامەزراندووە، کە کۆچبەرانی گەیشتوو بەو وڵاتەی تێدا دەستەبەسەر دەکەن، بێ ئەوەی بتوانن داوای مافی پەنابەری بکەن.

باسم، پەنابەرێکی عێراقی دانیشتووی کەمپی کۆچبەرانی ڕۆکلای لیتوانیایە، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی ئەو شوێنەی بە تراژیدیا و کارەساتبار وێناکرد، ئەو کۆچبەرەی لەگەڵ خێزانەکەیدایە و دوو منداڵیشیان هەیە، وێنای بە گرتووخانەیەک کرد، کە زیاتر لە نۆ مانگە تێیدا دەژین و، ڕۆژانە تووشی دەستدرێژی و پێشێلکاریی دەبنەوە، کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر هەموو دانیشتوانی کەمپەکە هەیە، بەتایبەتی منداڵان.

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ

باسم بە هەواڵی کۆچبەران دەڵێت: “ئێمە لە ژێر چاودێری بەردەوامداین، رۆژانە سەرژمێریی ئەنجام دەدەن و، بگرە زیاتر لە جارێک لە ڕۆژێکدا دووبارەی دەکەنەوە، زۆربەی کاتەکانیش سەرەتای بەیانیانە، ئەوان بە دڕندایەتییەکی زۆرەوە دەێن بۆ ژوورەکان، گوێ نادەن بە بوونی منداڵ، یا ئەو ترسەی کە ئەوان دروستی دەکەن، منداڵەکانم لە ترسێکی بەردەوامدا دەژین، لە هەر دەنگ و ڕووداوێکی کتوپڕ دەلەرزن”.

بە گوتەی ئەو کۆچبەرە عێراقییە، دۆخی گشتی کەمپەکە پشێوییە و نەخۆشییەکانی پێست و هەناسەدان تێیدا بەربڵاوە، زۆربەی دانیشتوانی ئەوێ، تووشی کۆرۆنا بوون، سەرەتا دەرگای ژوورەکانی توشبووەکانیان دیاری دەکرد و، دواتر دەیانگواستنەوە بۆ زیندانێکی دووری سنووری لاتڤیا، کە سەرەتا دەستگیرکراوەکان زیاتر لە مانگێکیان لەوێ بەسەربرد، لە بارودۆخێکی زۆر خراپ و خواردنی کەم، ئەوان دەترسن ئاشکرای بکەن، کە تووشی کۆرۆنا بوون، ئەوەش لە پێناو ئەوەی، لە خێزانەکانیان جیایان نەکەنەوە و، لە شوێنە دوورەکان دەستگیریان نەکەن.

پێشێلکارییەکانی کۆچبەران لەو ناوەندەدا، کە زۆربەیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاتوون، بە دەستبەسەرکردن و لێدانی هەڕەمەکی سزا دەدرێن، کاتێ ناڕەزایی لە ژیانیان دەرببڕن، بەو پێیەی ناڕەزایی قەدەغەیە، گومان لەهەر کەسێ بکەن ئەوە بکات، کە دژی دۆخی ژیانی نێو کەمپەکە بێت، دەستبەجێ دەستگیر دەکرێت، کۆچبەر هەن کە چەند مانگێکە دەستبەسەرکراون.

باسم بەردەوامە لە گێڕانەوەی تاڵی ژیانیان، “چەمکەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئێمە لێرە وەک چیرۆکێکی خەیاڵی زانستی، ئێمە بە واتای وشە بێ ماف دەژین، تایبەتمەندییەکانمان پێشێل دەکرێن و، ئازادی ڕادەربڕینیشیان لێ زەوت کردووین، تەنانەت ئازادی بزووتنەوەیش لەنێو ئەم زیندانەدا سنووردارە”.

لە کەمپێکی لیتوانیا، لە ژوورێکدا نیشتەجێن، کە زیاتر لە 2،5 مەتر پانی و درێژی یەک مەتر نابێت، شوێنی خۆشۆرین و توالێتەکان، چێشتخانە و خاڵی شوشتن هاوبەشن، بێگومان شوێنی خۆشۆرینەکان زۆربەی کات کار ناکەن و، 500 مەتر لە ژوورەکان دوورن، ئەگەر شەوانە یەکێ لە منداڵەکان ببەن بۆ شۆرین، یا توالێت، دەبێ بەو سەرمایە ئەو هەموو ڕێگایە ببڕن و بە دوای حەمامێک، یا توالێتێکی شیاودا بگەڕێن.

نزیکەی 800 کەس لەو کەمپەدا هەن، سەرجەم خێزانەکانیش، داواکاریی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە و، هەموویان ئەو مامەڵەیە بە کارێکی نامرۆڤانە ناو دەبەن.

نزیک لە بنکەیەکی سەربازی

بێگومان بەهۆی ئەوەی داواکارییەکانی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە پەناخوازان لە کەمپەکە بچنە دەرەوە، چ بۆ کارکردن، یا ناونووسکردنی منداڵەکانیان لە قوتابخانە، تاکە بژاردەی ئەوان گەڕانەوەیە بۆ وڵاتانی خۆیان. بەڵام بەڕای باسم و زۆری عێراقییەکان، گەڕانەوەیان بۆ عێراق ئەستەمە، چونکە ئەوان دەترسن بەهۆی بەشداریکردنیان لەو خۆپیشاندانانەی، کە چەند مانگێک لەمەوبەر لەوێ دروستبووە و بەشداربوون، بکوژرێن.

باسم ئەوەشی ڕاگەیاند، کە خۆی و هەندێکی دیکە، داوای لێخۆشبوونیان لە دەستەڵاتداران کردووە، کە ڕێگە بە منداڵ و ژنان بدەن سەردانی دەرەوەی کەمپەکە بکەن، تا هەندێک ئارامیان هەبێت و منداڵەکانیش چەند کاتێکی ئاسایی بژین، بەڵام وەڵامەکە هەمیشە نەخێر بووە.

بۆ ئاڵۆزترکردنی بابەتەکان، بە گوێرەی چەند شایەتییەکی کۆچبەرانی کامپەکە، دەستەڵاتداران بنکەیەکی سەربازییان لە نزیکیان دامەزراندووە، ئەوەش دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە ئۆکرانیا، ڕۆژانە چەکدارەکان مەشقی تێدا دەکەن، بەوەش منداڵەکانیان هەمیشە هەست بە ترس دەکەن و شەوانەش هەر بە ترسەوە سەر دەنێنەوە.

مافی کارکردن بۆ پەنابەرانی ئۆکرانی “بە تایبەتی”

دەستەڵاتدارانی لیتوانیا، لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایانگەیاند، کە پانەبەرە ئۆکرانییەکان دەتوانن بچنە نێو بازاڕی کارەوە.

مۆنیکا ناڤیکین، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند کە ئۆکرانییەکان بە پاسپۆرتی بایۆمەتری و ڤیزای شینگن، یا مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتی، دەتوانن دەستبەجێ تێکەڵی بازاڕی کار ببن، ئەوانەی چاوەڕێی مۆڵەتی نیشتەجێبوون دەکەن، ئەوا لەلایەن خزمەتگوزاری دامەزراندنە گشتییەکانی لیتوانییەوە چاودێری دەکرێن و هەموو زانیارییە پێویستەکانیان بۆ دابین دەکرێت.

تەنانەت دووپاتی کردەوە، کە حکوومەت مووچەی خانەنشینی دابین دەکات، لە کاتێکدا کە ئۆکرانییەکان لە لیتوانیا نیشتەجێن و، ناتوانن مووچەی خانەنشینی خۆیان لە نیشتمانەکەیان وەربگرن.

ئەوەی سەرەوە دەیسەلمێنێت کە سیاسەتی پەنابەری هاوسەنگ دەکرێت، بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی کە خەڵک ماف و کەرامەتی خۆیان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی ناچارکراون پەنا بۆ وڵاتەکانیان بەرن بۆ دەربازبوون لە جەنگ و مەترسی. ئایا پەناخوازان بە گوێرەی ئەو ناوچانەی کە هەڵهاتوون، پێوەری جیاواز جێبەجێ دەکەن؟

___

یاریەکانی ئەمڕۆ

nusar1

سوید: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی کۆبونەوەیەکی گشتی سازکرد

nusar1

شفا بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی و چەند پەرلەمانتارێکی کەنەدا کۆبوویەوە

nusar1
KDC

FREE
VIEW