حەمەڕەشید هەرەس، نووسەر و شانۆکاری کورد، لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ناوەندی رەوەندی کورد لە دەرەوە، لەسەر هونەر و شانۆ بۆچوونەکانی خۆی دەخاتە روو و، پێیوایە دەبێ کەسانی پسپۆڕ و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان وەها بکەن شانۆی کوردی گەشە بکات، نایشارێتەوە، کە تا ئێستاش خەڵکانێک هەن دژ بە هونەرن و جۆرێکن لە لەمپەر، بەڵام ژیان هەر پێشدەکەوێت، سەبارەت بە هونەرمەندانی تاراوگەش دەڵێ، کە هەندێ هونەر دەبنە هۆی لەکەدارکردنی نەتەوەی کورد، لەبەر ئەوەی سوودێک بە دۆزەکەی بگەیەنێت، بۆ ئەوەش نموونەی هێناوەتەوە، ئاماژەش بەوە دەکات، کە زۆرجار بە هۆی بێ دەوڵەتییەوە هونەری هونەرمەندە کوردەکان بە ناوی ئەو وڵاتانەوە دەڕۆن، کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە.
شانۆی منداڵان جیهانێکی هەستیارە
مارک توین لەبارەی شانۆی منداڵانەوە گوتوویەتی: “بڕوام وایە کە شانۆی منداڵان یەکێکە لە گەورەترین داهێندراوەکانی سەدەی بیستەم، کە مرۆڤ پەی پێ بردووە، حەمەڕەشید هەرەس پێیوایە، ئەگەر مارك توینیش ئەوەی نەگوتبێ، ئەوا خودی شانۆ پیرۆزترین بۆشاییە ئەگەر بە پەروەردەی راست پڕ بکرێتەوە، چونکە بەلای ئەوەوە شانۆ لە کوردستاندا و لەگەڵ ئەو هەموو پەیکۆڵەی لەسەر رێگاکەی داندراوە، هەر رێی خۆی دۆزیوەتەوە و، تا ئێستا بینەری تامەزرۆی خۆی هەیە، ئەوەش لە چاو ئەو هەموو تەکنەلۆژیا و دەرفەتە زۆرانەی شانۆ لە جەماوەر دوور دەخەنەوە، هێشتا هەناسەی خۆی دەدا، ئەمە کارێکی وا دەکات شانۆ وشك نەکات، تا هەلومەرجی لەبارتری بۆ بلوێت و ئەو جەماوەرەی شایانێتی رووی تێ بکەنەوە.
حەمەڕەشید هەرەس جەختیش لەوە دەکاتەوە، کاتێ شانۆ گەشە دەکات، کە برینەکانی کۆمەڵگا دەستنیشان بکات و، لە هەمانکاتدا چارەسەریشی بۆ بدۆزێتەوە، هەربۆیە بۆ ئەوەش پێیوایە، کە پێویستی بە هونەرمەندی دڵسۆز و لەخۆبووردوو هەیە، وێڕای ئەوەی کە پێشیوایە ئەوەش هەروا ئاسان نیە، چونکە لە کاتێکدایە کە هونەر تێکڕا بۆتە بازرگانی و، شانۆش لەو بازاڕەدا جێی خۆی بکاتەوە.
هەر سەبارەت بە شانۆی منداڵ، ئاماژە بەوە دەدا، کە لە حەفتاکان و هەشتاکاندا، لە ئێستا زیاتر گرنگی پێ دراوە، بۆ ئەوەش باخچەی منداڵانی ئەودەم بە نموونە دێنێتەوە و دەڵێ، رۆژانە خەریکی ئەو چالاکییانە بوون و ساڵانە و وەرزانە ڤێستیڤاڵی جوان جوان بەرهەم دەهات، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لەوە دەکاتەوە، کە شانۆی منداڵ پێویستی بە کادیری خاوەن ئەزموونە لەو بوارەدا، کە ئەوەش بە لایەوە ئاسان نایەتە دی، هەتا ئەگەر دەوڵەت لە رێیی وەزارەتە پەیوەندی دارەکانەوە هان نەدرێت، بە تایبەتی وەزارەتی پەروەردە و رۆشنبیری و دامەزراوە پەیوەندی دارەکانی دیکە.
بە بڕوای حەمەڕەشید هەرەس، شانۆی منداڵ، جیهانێکی هەستیارە و کارێکی ئاسان نییە، ئاماژە بەوەش دەدا، کە پسپۆڕی لێهاتووی گەرەکە، چونکە باری دەروونیی منداڵ، وەک هی گەورە نییە، ئارامی و ماندوونەبوونی دەوێت و قووڵ بوونەوەی بە حەزەکانی منداڵ دەوێت، جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە خۆشەویستی دەوێت بۆ ئەم کارە گەورەیە، ئەو دووپاتیشی دەکاتەوە، کە ئەگەر ئەو مەرجانە بۆ هەر هەوڵدانێك هاتە دی، ئەوا منداڵێك پەروەدە دەبێت، کە زۆر ئەرکی گران لەسەر قوتابخانە و خێزانیش کەم دەکاتەوە، منداڵ وەك ئەکتەر و وەك بەشدار لە شانۆییەکە لە لایەك و، وەك بینەریش گرینگی خۆی هەیە، ئەویش ئامادەکردنییەتی بۆ شانۆی داهاتوو، ئەویش شانۆی ژیانی ئەو منداڵەیە لە پاشەڕۆژدا.
شانۆی سەرشەقام دیاردەیەکی نوێ لە کوردستان
هەر لەم دیدارەی ماڵپەڕی ناوەندی رەوەندی کوردانی دەرەوە لەگەڵ نووسەر و شانۆکاری دیاری کورد، حەمەڕەشید هەرەس، لەسەر شانۆی سەرشەقام دواندمان، کە ناوبراو شانۆی سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان جگە لە هۆڵی نمایشی بە دیاردەیەکی نوێ دادەنێ لە کوردستان، هەربۆیەشە گومانی نییە، کە لایەنە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگا دژی هەموو جوانییەکن، “خۆ کاتی خۆیشی هەر هەموو هونەر بە چاوێکی سووك سەیر دەکرا، کاتی خۆی بە باوکمیان دەگوت: چۆن رێگا دەدەیت کوڕی تۆ تەمسیل بکات”؟
هەربۆیەشە بە لای ئەوەوە بەگژداچوونەوەی شانۆی سەرشەقام لە لایەن خەڵکانێکەوە بە ئاسایی وەردەگرێ، بە پێیەی کاتی خۆیشی بە هەموو شێوەیەك بەرەنگاریان بوونەتەوە، نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە چەندەها نمایشیان لەسەر یەك رستە و، لەسەر شکاتی مزگەوتەکان دراوەتە دواوە و نەیانتوانیوە بەرهەمی بێنن! ئەو بەرەنگار بوونەوەیەش بە بڕوای ئەو، رەگی داکوتراوی هەیە، کە ئایین و کۆمەڵگای ئایینی قینی لە هەر هەموو هونەرێکە، قینی لە وێنە و پەیکەر و موزیك و شانۆیە، سیستەماتیکانە لە هەڵوەدای نەهێشتنیان، گەر توانایان هەبێت دنیای رەنگاوڕەنگ دەکەن بە خۆڵەمێشی.
ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات، کە ئەمڕۆ ژیان لە پێشکەوتندایە، ئەو هەوڵانەش هەمووی دەبن بە بیرەوەری و رابووردوویەکی نەفرەتلێکراو. ئەو پێداگیرە لەوەی کە هونەرمەندی رەسەن ئەو شتانە ساردی ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە هانی دەدا بۆ داهێنان، روونیشی دەکاتەوە، کە جاران ئەگەر ئامێرێکی موزیك بە دەست هەر کەسێکەوە بوایە، زۆر سووك تەماشا دەکرا، نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە کەسێکی ناسیاویان هەبووە، باوکەکەی دووسی جار عوودەکەی شکاندووە و، پێیگوتووە، کە مەلائیکەی رەحمەت لە ماڵەکەیان دوور دەکەوێتەوە.
کوردانی تاراوگە نەیانتوانیوە لە رووی هونەرەوە کاریگەرییان هەبێت
لەمەڕ کوردانی تاراوگە بە تایبەت ئەو کەسانەی هونەرێکیان هەیە، تا چەند توانیویانە کاریگەرییان هەبێ، حەمەڕەشید هەرەس پێیوایە، کاریگەرییان، کایگەرییەکی سنووردارە و ئەو پێشکەوتنە شیاوەی بە خۆیەوە نەدیوە، ئاماژەش بەوە دەدا، کە لیرە و لەوێ هەوڵدان هەیە، بەڵام کارێکی وای نەکردووە، کە هونەری نەتەوەکەمان بە هەندەران ئاشنا بکات. ئەو بە داخەوە دەشڵێ، کە زۆر جار هونەرمەندی کورد تێکەڵ بە هونەری ئەو وڵاتە دەبێ، کە داڵدەی داوە و، بۆتە تاکێکی ئەو نەتەوەیە، کەمتر ئەژماری بۆ هونەرەکەی خۆی کردووە، بە تایبەتی منداڵەکانیان زۆر لە نەتەوەکەی خۆیان دوورکەوتوونەتەوە، هونەرەکەشی بە هەمان شێوە، زۆربەی هەرە زۆری جارەکانیش ئەو هونەرە کوردییەی نمایش دەکرێت، بینەرەکەی هەر کورد خۆیەتی، بە دەگمەن بیگانەیان تێکەڵاو دەبێت.
بۆیە بەلای ئەوەوە، ئەم ناسینی هونەری کوردییە بە هەندەران هەروا ئاسان نییە، ئەگەر بەرهەمێکی زۆر بە هێز نەبێت، ئەوا لە هونەرەکەمان نایەنە پێشەوە. پێشی وایە بۆ چارەسەری ئەوەش، دەبێ دامەزراوەی پسپۆڕ و کارا کاری بۆ بکات.
سەرباری تێبینییەکانی، دەشڵێ، کە جار جار شتی باش کراوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە بۆی، دواتر لەسەری نەڕۆشتووین و لە بیر کراوە، نموونەیش بە فیلمەکانی یەڵماس گونای دێنێتەوە، کە لە کاتی خۆیدا کاریگەری هەبووە، زۆر جاریش کورد هەرچی هونەرێك بخاتە بەر دەمی بینەری ئەو وڵاتانە، ئەوان هونەرەکە ناگەڕێننەوە بۆ کورد، بەڵکو دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو وڵاتەی ئەو کوردەی تێدا بەش کراوە، واتە دەبێتە هونەری ئێراقی و ئێرانی و تورکی، ئەمەش بەلای حەمەڕەشید هەرەسەوە کوێرەوەرییەکی دیکەیە بۆ کوردی بێکەس.
هەندێ هونەری کوردی کە لە دەرەوە نمایش دەکرێن، بە زیانی کورد دەشکێنەوە
حەمەرەشید هەرەس، ئاماژە بەوەش دەدا، کە ئەو هونەرە دەوڵەمەندەی کورد لە کورستاندا چەند لە برەودایە، بەڵام لە هەندەران ئەو دەوڵەمەندییەی بە خۆیەوە نەدیوە، جار جار لە ڤیستیڤاڵە بچووکەکانی وڵاتاندا هەندێ فیلمی کوردی، بەتایبەتی کورتە فیلم بەشداری دەکات، ئەویش زۆر بە کەمی دێتە دەرەوەی ڤێستیڤاڵەکان، خۆ ئەگەر بێتیشە دەرەوە، ئەوا بینەرەکەی هەر لە کورد تێناپەڕێت، زۆر بە کەمی بێگانە دەیبینێت، جاری واش هەیە ئەو بەرهەمانە زیان لە دۆزی کورد دەدەن، وەك ئەوەی سوودی هەبێت، نموونەش بە فیلمی (ساتێك مەستی ئەسپەکان)ی بەهمەنی قوبادی دێنێتەوە، کە گەورەترین زیانی بە نەتەوەی کورد گەیاند، لە رووی ئەوەی کوردی وەك نەتەوەیەکی سەرەتایی بێ مۆراڵ نیشانی جیهاندا! “هەر ئەوەندە دەڵێم ئەلکهۆلدان بە ئاژەڵ کە لە کوردستاندا دەتوانم بڵێم، هەر بوونی نییە و، شەیتان بیری وا خراپی بۆ نادۆزرێتەوە، ئەو هاتووە ئەوە نیشانی جیهان دەدا، خۆم کە لە شارێکی کەنەدا ئەوەم بە چاوی خۆم بینی، هەزارەها نەفرەت بۆ کورد چوو”!.
ئەو هیواداریشە کە دەستەڵاتی کوردی ئەژماری ئەو چەمکە هەستیارە بکات و، هانی هونەرمەندان بدا لە هەندەران، بۆ ناسینی هونەری کوردی بە دەرەوەی کوردستان، تا زیاتر رەنگ بدەنەوە.
تاکی بێ دەوڵەت هەبوونێکی ناتەواوە
حەمەڕەشید هەرەس ئاماژە بەوەدەدا، کە کورد خاوەنی کەلتوور و دۆز و خەبات و رووداو و مێژوویەکی دەوڵەمەندە، هونەرمەندی کوردیش ئەگەر لە هونەرمەندانی دیکە زیاتر نەبێت، کەمتر نییە، زۆر شانۆگەری و درامای بێگانەی دیوە، خۆ بە هۆی تەکنەلۆژیاوە، ئەوە لە هیچ کەسێك شاراوە نییە، ئەگەر تەکنیك و توانای ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە نەبێت، ئەگینا وەک هونەرەکە، کورد لەوان کەمتر نییە.
ناوبراو نایشارێتەوە، کە هونەرمەندانی کورد لە دەرەوە و لە ناوەوە، هونەر پێشکەش دەکەن، داهێنانیان بەردەوامە، ئەوەی تەگەرەیە لە رێگای هونەری کوردیدا، هەبوونیەتی وەك دەوڵەت، چونکە هەرچی بکەن، ئەوا وەك هونەرمەندێکی کورد ئەژمارت ناکەن! هۆکارەکەیشی روون دەکاتەوە، کە هونەرمەندی کورد لە هەندەران، عێراقی و ئێرانی و تورکییە، ئەوەش نەك ئەو، بگرە لووتی هەموو کوردێکی لە هەندەران تۆزاندۆتەوە، “ئەمە هەروا ئاسان نییە، چەندەها جار و بگرە، رۆژانە ئازارەکەمان دەکولێتەوە”.
تاقە خولیا و خەمی حەمەڕەشید هەرەس، ئازاری بێدەوڵەتی کوردە، پێشیوایە کورد بەو شێوەیە ئەو خەمەی نییە کە لە کوردستاندایە، تا نەچێتە ئەو وڵاتانە، نموونەیش بەوە دێنێتەوە، کە لە هەندەران، کاتێ تاکێکی خاوەن دەوڵەت دەبینێ هاتووە لە وڵاتێکی دیکەدا دەبێتە پەناهەندە، زۆر سەرسام دەبێ، کە ئەوی خاوەن دەوڵەت بۆ هاتۆتە دەرەوە و، پەنای بۆ وڵاتان هێناوە! هەربۆیەشە لەو وڵاتانە ئەوەی لا بەرجەستە بووە، “تاکی بێ دەوڵەت هەبوونێکی ناتەواوەی هەیە، جێگای بەزەیی خەڵکی ئەو وڵاتەیە لە باشترین حاڵەتدا، ئەگینا جێگای قین و سووکایەتییە، کە مێژوو رەحمی پێ نەکردبێت، ئیدی چاوەڕێی رەحمی کێ بکەیت؟ بۆیە زۆر لە کەسانی چەپی کورد، یان ئەوانەی هیچ ئەژمارێکیان بۆ کۆیلەیی خۆیان نەکردووە، کاتێك دێنە هەندەران دەبنە نەتەوەییەکی سەرسەخت و، هەمیشە بە دوای دۆزی کوردەوەن و، لە هەڵوەدای هەموو هەلێکن بۆ سەلماندنی دۆزە رەواکەیان لەو کۆمەڵگایانەدا. نموونەش زۆرن”.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، حەمەڕەشید هەرەس گوتی، کە لە هەر زێدێك هاتیتە بوونەوە، چەند هی خۆتیت، زۆر لەوە زیاتر هی زێدەکەتیت، هەبۆیەشە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زێدی ئەو هەموو کوردستانە، “ئەوەندەی بزانم و هەستی پێ بکەم تا قووڵایی دڵسۆزی، دڵسۆزم بۆی، ئەوەش منەت نیە ئەرکێکی پیرۆزی سەرشانمە، ئەوەش رێگرم بووە لە زۆر بەرژەوەندی تایبەتی، زیانی پێگەیاندووم، بەڵام ئەو زیانە لە چاو ئاسوودەیی رۆحما هەر هیچ نیە، هەست دەکەم دڵسۆزانی نەتەوەکەم لێم رازین، ئەوە گەورەترین سەرمایەی منە، ئەگەر ئەو پێزانینەی ئەوانەی دەمناسن دەوڵەمەندی بێت هەست دەکەم یەکێکم لە دەوڵەمەندەکانی نەتەوەکەم، لە کۆتاییدا، ئاوەدان بێت کوردستان”.
- ژیاننامەی حەمەڕەشید هەرەس
لەساڵی ١٩٤٨ لە هەڵەبجە لە دایك بووە، لەبەر ئەوەی باوکی لەوێ کارمەند بووە، هەموو قۆناغەکانی خۆێندنی لە سلێمانی تەواو کردووە، دوای دوا ناوەندی، پەیمانگای مامۆستایان و، لە کەنەداش دبلۆمی باڵای بازرگانی بە دەستهێناوە، لە ساڵی ١٩٦٨ وە چووەتە سەر تەختەی پیرۆزی شانۆ، لە زۆربەی شانۆییەکانی ساڵانی حەفتاکان وهەشتاکاندا رۆڵی بینیوە، چالاکانە بۆ هونەری شانۆ کاری کردووە، لە دامەزراندنی تیپەکانی ئەو سەردەمەدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە، لە هەندەرانیش خۆی گوتەنی “هەر وشکم نەکردووە”.
تا توانیویەتی خزمەتی هونەری کوردی کردووە، لە بۆنە و کۆبوونەوەکاندا لەسەر شانۆ کاری هونەری کردووە، چەند ساڵێکیشە گەڕاوەتەوە کوردستان و، لە شانۆیی و دراما و، فیلم و کورتە فیلمدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە، شانبەشانی ئەوەش هەر دەنووسێ بۆ شانۆ و، کۆمەڵگا و، بۆ باوەڕەکەی، “تا بتوانم و شیرم بڕ بکات بۆ سەربەخۆیی کورد و کوردستان لە تەقەلادام”.
لە زۆر رێکخراوی نەتەوەییدا بەشداری کردووە و، جێپەنجەشی دیارە لەو بوارەدا و جێگای شانازییەتی.
ئامادەکردنی ئەم دیدارە ستافی ڕاگەیاندنی ناوەندی ڕەوەندی کورد لەدەرەوە KDC