KDC

بەشێک لە کتێبی بۆڕییە ئاوەکانی حوکمڕانی- دووەم


نووسینی: چیمەن ساڵح ..
چاپکردن و بڵاوکردنەوەی؛ دەزگای وشە

لە پێشەکی کتێبی (میر) دا، نیکۆڵا ماکیاڤیلی، کە لە شێوەی نامە پێشکەشی لۆرێنزۆ دی مادیسی کردووە، ئاماژە بە چەند شتێکی بە نرخ دەکات.
دەڵێ دیارییەکەی من جیاوازە لەو دیارییە گرانبەھایانەی کە پێشکەشی میرەکان دەکرێ.
ئەگەر دیارییەکەم پەسەند بکەی ئەوەی کە من بە چەندان ساڵ بە ھەوڵ و کۆشش فێری بووم تۆ بە تاوێکی کورت فێرێ دەبی.
کاتێک کە نیگار کێش دەیەوێ وێنەی لوتکەکان بکێشێ دادەبەزێتە شوێنە نزمەکان تا بە تەواوی دیمەنەکەی سەرەوە ببینێ.
کاتێکیش پانۆرامای دۆڵەکانی دەوێ دەچێتە سەر لوتکە.
بۆیە، تا میر باش بناسی دەبێ لە نێو خەڵکی ئاسایی بی. تا خەڵکی ئاساییش بناسی دەبێ میر بی.
من نەمویست کتێبەکەم بە وشەی باق و بریق بڕازێنمەوە وەک زۆر لە نووسەرەکان دەیکەن بەڵکو ویستم بە نمونەی جیاواز و گرنگیی بابەتەکەی بناسرێتەوە.

حکومەت و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی ژیانی خەڵک

باروخ سپینۆزا، بیرمەندی ناسراوی جیھان لەھۆڵەندا لەدایک بووە و لە ماوەی ( ١٦٣٢-١٦٧٧) دا ژیاوە، لە لێکۆڵینەوەکانیدا گەیشتووەتە ئەوەی، ئەو ئەرکەی کۆمەڵگا بەدەسەڵاتی دەسپێرێ بریتییە لە دەسەڵاتی بڕیاردان لە سەر چۆنێتی بەکارھێنانی سەرچاوەکان و ھەڵسەنگاندنی ئەنجامەکەی بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە باشە و ئەوەی کە خراپە بۆ کۆمەڵگا.
سپینۆزا زیاتر روونی دەکاتەوە « ئامانج لە بوونی حکومەت، کردنی خەڵک نییە بە ئاژەڵ و ئامێری جوڵاو، بەڵکو ئامانج توانادارکردن و پەرەپێدانی توانای ژیری و جەستەییانە لە ئاسایش و ئارامیدا.»

ئەو بیرمەندە، پەیامەکەی بۆ حکومەتی وڵاتەکەی بووە، بۆی نوسیوون « ئەوەندە ماوەتەوە ئاگادارتان بکەمەوە کە من ھیچ شتێکم نەنوسیووە، نیازم نەبووبێ بیدەم بە کاربەدەستانی وڵاتەکەم تا لێی بکۆڵنەوە و بڕیاری لەسەر بدەن. من ئامادەم لە ھەر شتێکدا کە لەگەڵ یاسا نەگونجێ و یاخود زیانبەخش بێ بە بەرژەوەندی گشتی پاشگەز ببمەوە. من دەزانم من مرۆڤم، ھەموو مرۆڤێک ئەگەری ئەوە ھەیە ھەڵە بکات. ھەموو ھەوڵێکم داوە تا نەکەومە ھەڵەوە، زۆر گرنگیم بەوە داوە تا بە گیانی دڵسۆزی و رەوشتەوە بگونجێم لەگەڵ یاساکانی وڵاتەکەمدا.»
ھەر خۆی، کۆتایی پەیامەکەی پەیامێکی دیکەیە کە پێویستە ھەمیشە دەسەڵاتدار لەوە بکۆڵێتەوە کە تا چەند ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە؟ تا چەند یاساکانی جێبەجێ کردووە؟ تا چەند پێداویستییەکانی کۆمەڵگای لە ژیان لە ئارامی و ئاسایشی دەروونی و جەستەییدا بەجێ ھێناوە؟ تا چەند توانیوویەتی ژینگەی باش بۆ تواناسازیی و سودی تاکەکان دروست بکات؟ تا چەند توانیوویەتی لە رێی یاساوە تاوانبار بە سزای خۆی بگات؟ تا چەند توانیوویەتی مرۆڤەکان لە منداڵ و لە بەساڵاچووان و نەخۆش و لە کاتی بوونی ھەر لاوازی و کەموکورتییەکی جەستەیی و دەروونی و توانا و دارایی و نەخۆشی پەکیان نەکەوێ؟ تا چەند توانیوویەتی بەشی زۆری ژیانی خەڵک بۆ بەرھەمھێان وخۆشگوزەرانی بێ نەوەک لە چاوەڕێی رۆتینەکان بەڕێوە بچێ؟ تا چەند کار بەڕێکردنی وڵاتەکەی لە گەڵ پێشکەوتن و سیستەمە سەردەمییەکاندا گونجاندووە؟ تا چەند قوتابییان لە ئەنجامی کۆششەکانیان بە شێوەیەکی رەوا دڵنیان؟ تا چەند ئەو خزمەگوزارییانەی بە خەڵک دەگەن لەگەڵ ئاستی کەمترین پێویستی بۆ مرۆڤ و ھەروەھا سەرچاوەکانی وڵات گونجاون؟ تا چەند ئەو ئاو و خۆراک و دەرمانەی بە خەڵک دەگات تەندروست شیاوە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ ناگەیەنێ؟ تا چەند یاساکان لەگەڵ مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤدا گونجاون؟ تا چەند ژنان و کچان لەدەستی کۆمەڵگا وخێزان و تاکە نیاز خراپەکانی کۆمەڵگا پارێزران؟ ئایا ئەو کارانەی بۆ پاراستنی ژینگە دەکرێ لە ئاستی پێویستدان؟ ئایا پرۆسەی فێرکردن و خوێندن پرۆسەیەکی زیرەکە و ئامانجی راستەقینە دەپێکێ؟ ئایا نەوەکانی داھاتوو ژیان و ئایندەیان پارێزراوە؟ ئایا ھەموو ئەو پەیوەندی و کار و رێککەوتننامە دەرەکییانەی دەوڵەت دەیکات لە خزمەتی ئێستا و ئایندەیە؟ ئایا دەوڵەت کەلێنی نییە نیاز خراپەکانی ناوخۆ و دەرەوە دزەیان لێ کردبێ و زیان بە ژیان و سەرچاوە گشتییەکان بگەیەنن بۆ سودی تایبەتی؟ ئایا خزم خزمێنە و کوتلەکاری و نیپۆتیزم رێگای لێ گیراوە؟ ئایا سامانی گشتی بۆ سودی تایبەت بەکار نایەت؟
ئایا لە ئەگەری مەترسیدا کۆمەڵگا بەرگری لێکراو و پارێزراوە؟ ئایا یاسا جێبەجێ دەکرێ؟
ئایا پانتایی ئازاد ھەیە؟ ئایا ھەر کەس بێ گوێدانە رەگەز و جیاوازی و ئاین و ھەر جیاکەرەوەیەک شکۆ و مافی پارێزراوە؟ ئایا رێگا و بانەکان و ئامێرەکان شیاون و نابنە ھۆی زیان بۆ مرۆڤ؟ ئایا ھوشیارکردنەوەی دروست و کولتوورسازیی پۆزەتیڤ ھەیە؟ ئایا کەمئەندامان ژیانێکی شایستە دەژین؟ ئایا دابینکردنی ماف وشەیەکی رێز لێگیراوە و یان بووەتە نوکتەی خەڵکی؟ ئایا جگە لە توانا و شیان و دلسۆزییان، پێویستییان بە رێگای دیکەی وەک ئەوەی بە شێوەیەکی میللی پێی دەوترێ ماستاوکردن ھەیە تا بگەنە پایەیەک یا ھەر ئامانجێک؟ ئایا دەورووبەری کاربەدەستان کەسانی دڵسۆز و راستگۆن؟ بەشێک نین لەوەی وەڵامی پرسیارەکان نەرێنی بێ؟ ماکیاڤێلی لە دێڕێکی (میر) دا دەڵێ: دەورووبەری حوکمڕان دەتوانن وڵاتێک لەناو بەرن.

وەڵامی ئەم پرسیارانە و دەیانی دیکەش روونی دەکاتەوە کە ئایا دەسەڵات بۆشایی ئەو ئەرکەی پڕکردووتەوە کە لەسەریەتی؟ یاخود ھیچ نەبێ ئەو نیشانانە دیارن کە ھەوڵی بۆ دەدات؟ پێویستە رۆژانە دەزگای حوکمڕان شان بەشانی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی لێیان بکۆڵێتەوە؟

پێویستە حوکمڕان ورد بێ و ھەڵەیەک نەکات کە رەنجی چەندان ساڵ ڤە فیڕۆ بدات، پێویستە زۆر بە وردی بە دوای ھەر رێککەوتنامە و مامەڵەیەک بکەوێ کە لەگەڵ لایەنی دەرەکی دەیکات. بەتایبەتی دامودەزگا جیھانییەکان. ئەوەی سەرنجی راکێشام، لە کۆنفرانسێکدا کە دەزگای باوەڕپێکراوی میدیای ئەڵمانیا دۆیچەڤێللا رێکی خستبوو ئامادەبووم. یەکێک لە پەنێڵەکان لەسەر باری دارایی و ئابوری وڵاتان بوو، پێنج پسپۆڕی ئابوری ناسراوی جیھانی لە پێنج وڵاتی جیاوە قسەیان کرد، ھەر پێنجیان ئاماژەیان بەوە کرد کە بەھۆی جێبەجێکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ بانکی نیودەوڵەتی وڵاتەکەیان تووشی قەرزاری و داڕمان بووە و باری ئابوری ھاووڵاتییان تووشی شکست بووە حکومەتەکان پێویستە زۆر بە وردی شرۆڤەی ھەر کارێک بکەن کە دەیکەن، ھیوادارم ئێمە سودمەند بین لە مامەڵەکانی بانکی نێودەوڵەتی. بەڵام پێشبینی لایەنە باش و خراپەکانی ھەر کارێک زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی.

ھەر بۆ نموونە سودوەرگرتن و پەند وەرگرتن لە مێژووی دەوڵەتی ڤەنزەوێللا گرنگە:
لەم نووسینەی خوارەوەدا سمکۆ عەبدولکەریم، نمونەی ڤەنزەوێللای ھێناوەتەوە و لە خوێندنەوەی تێدەگەین چۆن بەھۆی ھەڵەوە وڵاتێکی ئەوپەڕی دەوڵەمەند گەیشتە ئەوەی زۆرترین موچە تەنیا مریشکێکی پێ نەکڕدرێ و پارەکەشی بەشێوەیەک رسوا بێ ئەو نرخی مریشکە ھێندە بە قەبارە و ژمارە زۆر و گەورەبێ ئۆتۆمۆبێل نەبێ نەگاتە جێی خۆی؟
چی لە بارەی فەنزوێلا دەزانی؟

فەنزویلا، ئەو وڵاتەی کەوتۆتە لێواری باکوری ئەمریکای لاتین و خوار دەریای کاریبی.
ئەو وڵاتەی لە کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٢ بۆ یەکەم جار بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەسەر یەک و بە تێکڕایی بڕی سەد هەزار بەمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەڵقوڵا.
ئەو ڕووداوە جیۆلۆجییە مێژووییەی فەنزویلای بۆ هە میشە گۆڕی، بەڵام چ گۆڕانێک، گۆڕانێک لە ساڵی ١٩٣٠ فەنزویلای کردە گەورەترین هەناردەکەری نەوت لە جیهاندا، وەک جۆن پێرکینز لە کتێبی( دانپێدانانەکانی بکوژێکی ئابووری)دا نووسیویەتی و دەڵێ: خەڵکی فەنزویلا نەوتیان بە دەرمانی هەموو کێشەکانی خۆیان دەزانی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ساڵێ ٢٠٠٢ ئەم وڵاتە بەچوارەم گەورەترین هەناردەی نەوت دەژمێردرا لەسەر ئاستی جیهاندا، هەروەک سێیەم گەورەترین دابینکەری نەوتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بوو.
بە تێپەڕبوونی کات، بە تایبەتیش لە سەروبەندی ساڵی ١٩٧٣ کاتێک نرخی نەوت گەیشتە چڵە پۆپە و بودجەی ئەم وڵاتە چوار هێندە زیادی کرد.
نەوت ئەم وڵاتەی لە هەژارترین وڵاتەوە کردە دەوڵەمەندترین وڵات لە ئەمریکای لاتین، بووژانەوەیەکی خێرا و بەرفراون لە ڕووی تەندروستی و دەرفەتی کار و درێژبوونی تەمەنی مرۆڤ و لە ژیاندا مانەوەی منداڵان ڕووی لەم وڵاتە کرد.
ئەم سەرهەڵدانە ئابوورییە بووە جێی چاو تێبڕینی کۆمپانیا چاوچنۆکەکانی ئەمریکا، وەک جۆن پێرکینز دەڵێ: بکوژە ئابورییەکان دەست بەکار بوون و بانکە نێودەوڵەتییەکان ئەم وڵاتەیان نغرۆی قەرز کرد. بە تایبەتیش لە هەشتاکانی سەدەی بیستدا بکوژانی ئابووری لە چوارچێوەی کۆمپانیاکاندا کەوتنە کێبڕکێکردن لە خۆ گەیاندنە ئەم وڵاتە.
لەم ماوەیەدا بە دەیان و بگرە بەسەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە قەرز و بە پارەیەکی خەیاڵی ئەنجامدران، ئەمەش وای کرد ئەم وڵاتە بکەوێتە ژێر باری قەرزێکی خەیاڵی.

___

ئەنفالی هەشت هەزار بارزانی 

KDC

ئاڵای کوردستان لە تارانی پایتەخت

KDC

لاپەرەیەکی گەشی سلێمانی لە خۆشەویستی بارزانیدا

nusar1
KDC

FREE
VIEW