KDC

ژن لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

نوشین ئەتمانی


به‌رده‌وام بیر له‌ ژنانی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ پارچه‌ی داگیركراوی ئێران ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ چۆن رۆژانه‌ به‌ده‌ست رێژیمی ئه‌و وڵاته‌ ده‌چه‌وسێنه‌وه‌. لێره‌دا وه‌ك ژنێك كه‌ تا چه‌ند ساڵی دوایی له‌ناو ئازاری ژنانی وڵاتی خۆمدا ژیاوم، به‌كورتی باسێكی ده‌كه‌م.
كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ رێگه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ كار له‌سه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی تاكی كورد له‌ رۆژهه‌ڵات ده‌كا. ئه‌گه‌ر پیاوانی كورد له‌ رێگه‌ی هه‌ژاری و بێكاری و ده‌یان پیلانی تر سه‌ركوت ده‌بن، ئه‌وه‌ ژنان به‌ كۆت و به‌ندی دواكه‌وتووی رێژیم ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ی پاساوی ئایینی دێنێته‌وه‌.

من وه‌ك ژنێك له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌میشه‌ هه‌ستم كردووه‌ زیاتر له‌ كوڕه‌كه‌م و هاوسه‌ره‌كه‌م چه‌وساوه‌ی ده‌ستی رێژیمی كۆنه‌په‌رستی ئێرانیم. له‌ یاسای وڵاتدا، من مافی ئه‌وه‌م نه‌بووه‌ و نییه‌ وه‌ك پیاوێك هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌م. له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌میشه‌ رێگه‌ و ده‌رفه‌ت بۆ پیاوان زیاتر بووه‌، ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ ئه‌وان خۆیان بێكار و بێ ده‌رفه‌تی و هه‌زاران كێشه‌ی تریان بۆ درووست كراوه‌.
له‌ بواری ئابووریدا، هه‌وڵی سیسته‌م ئه‌وه‌ بووه‌ ژن بیر له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ خۆی ده‌ستی به‌ بازاڕی كار رابگات و خاوه‌نكار بێ، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌می ئه‌و رێژیمه‌ پێیوایه‌ ژن نابێ هه‌بی و نابی وه‌ك مرۆڤ بژی. له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا له‌ ئێران، ژنان زۆر زیاتر له‌ پیاوان سه‌ختی و ئازاریان هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ژنێك ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ست داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی ده‌ربازی بووبێ یان خێزانه‌كه‌ی به‌هۆی رۆشنبیرییه‌وه‌ ده‌رفه‌تی خۆپێگه‌یاندنی پێدابی، ئه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی دووه‌مدا كه‌ یاسا و باری سیاسیی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانه‌، ژنان دووباره‌ تووشی به‌ربه‌ست ده‌بنه‌وه‌.
له‌ بواری خوێندندا، ژن ئه‌گه‌ر بتوانێ ره‌زامه‌ندی خێزانه‌كه‌ی به‌ده‌ست بخات و بخوێنێ، پاش هه‌وڵ و زه‌حمه‌تێكی زۆر كه‌ بڕوانامه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێ، ئه‌وه‌ دیسان به‌هۆی روانینی لاواز بۆ ژن و تواناكانی، ره‌نگه‌ به‌ زه‌حمه‌ت كار و پیشه‌یه‌كی شیاوی خۆی و خوێندنه‌كەی ده‌ست بكه‌وی.
من وه‌ك ژن، به‌ ئه‌ركی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی تری ده‌زانم كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كارێكیان بۆ پێگه‌یاندنی ژنانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌تایبه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ده‌ست هات، به‌هانایانه‌وه‌ بچن. له‌ رێگه‌ی گه‌یاندنی ده‌نگیان به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌، له‌ رێگه‌ی باسكردن و درووستكردنی ئامار و هه‌وڵدان بۆ ئاسانكردنی ژیانیان به‌تایبه‌ت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه‌ خاكه‌كه‌ی داگیر كراوه‌، ئه‌وه‌ كچ و ژنانی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتییه‌وه‌ سه‌دجار زیاتر داگیر بووه‌ و چه‌وساوه‌ته‌وه‌.

___

لەپەرلەمانی ئەڵمانیا کاربۆئەوەدەکرێت ،کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان بەتاوانی جینۆساید بناسێت

nusar1

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە دانیمارک سەرکۆنەی هێرشەکەی کۆپنهاگن دەکات

nusar1

ئەمەریکا و ڕووسیا کۆدەبنەوە

nusar1
KDC

FREE
VIEW