KDC

خانمە پەنابەرێکی کورد داوای هاوکاری لە حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوە مرۆیی و پەنابەرییەکان دەکات

سنۆبەر حەمەدەمین فارس، لە دایکبووی 1ی1ی1976ی گوندی باڵەکیانی سەر بە ئیدارەی سۆرانە، نەهامەتییەکانی ئەو لە ساڵی 1994ەوە دەست پێدەکات، کاتێ لە تەمەنی 18 ساڵیدا و لەبەرامبەر خوێن دەدرێتە کەسێک، بە ناوی (ا،خ،ع)، کە نەیدیوە، وەکخۆی دەڵێ تەنانەت ئەڵقەیەکیشی بۆ نەکراوە کە گوازراوەتەوە.

سنۆبەر 22 ساڵ لەگەڵ ئەو هاوسەرەیدا ژیاوە، بەڵام چۆن ژیانێک، وەکخۆی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی ئاماژەی پێدا، رۆژانە ئازار دراوە و مانگ تێنەپەڕیوە کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لێیدراوە و لەشی شین و مۆر بووەتەوە، ئەوەش وێڕای ئازاری دەروونی بەردەوام، “نەک تەنیا هاوسەرم، بەڵکو لەلایەن هەموویانەوە ئازار دەدرام، جارێکیان سەماوەری بەسەردا کردم و ئاوە گەرمەکەی بەسەر دەستی چەپمدا رژاند و، یەک مانگ لەلایەن دکتۆر سەبری چارەسەر دەکرام، منی نەدەبردە نەخۆشخانەی سۆران، هەڕەشەی دەکرد نابێ راستی ئەو رووداوە باس بکەم”.

کوڕی لێ داوا کردووە

سنۆبەر دەڵێ لەماوە هاوسەرێتیان 7منداڵی لە هاوسەرەکەی بووە، 5 کچ و 2 کوڕ، وەکخۆی ئەوەی خستەڕوو، هەمیشە داوای ئەوەیان لێکردووە، کە کوڕی ببێت و لەسەر ئەوەش هەمیشە لەلایەن خەسووی و دشەکانییەوە ئازار دراوە، ئەو دەشڵێ وێڕای ئەو هەموو ئازاردانەی، هەر دانی بەخۆیدا گرتووە، هەرچەندە هانای بۆ باوک و براکانیشی بردووە، بەڵام ئەوانیش ئامادە نەبوون لە ئازارەکانی تێبگەن، گوێیان بۆ نەگرتووە، “ماڵە خەزورانم چەندە ئازاریان داوم، ماڵی باوکیشم ئەوەندە غەدریان لێکردووم، بوومە قوربانی کەلتوور و دوو بنەماڵە”.

ناردنیان بەرەو ئەوروپا

ئەوەندەی زانی هاوسەرەکەی پەیوەندی پێوە دەکات، کە بێ ئەوەی هیچ کەس ئاگادار بکاتەوە، برایەکیشی لەگەڵ خۆی بهێنێ و بچێتە سۆران، تا پێکەوە ملی رێ بگرن بەرەو ئەوروپا، کاتێ لێی پرسیوە بەچی دەڕۆن، لە وەڵامدا پێیوتووە کە بە ئوتۆمبێل دەڕۆنە تورکیا، لە رێککەوتی 17ی9ی2016 بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون، بەڵام بە قاچاخ، نەک بە ئوتۆمبێل و بە شێوەیەکی یاسایی، “کاتێ لە زاخۆوە و بە قاچاخ بەڕێکەوتین، بە منی وت، کە من ناتوانم بێم، چونکە خانەنشینییەکەم تەواو نەبووە، کاتێ تەواو بوو، منیش بە دواتاندا دێم”.

هاوسەرەکەی، سنۆبەر و پێنج منداڵ و برایەکی بیست ساڵی سنۆبەر رادەستی قاچاخچییەک دەکات و بەو چیا و دۆڵانەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا دەباتە ئەو دیو سنوور، ئەوەش بە ماوەی شەو و رۆژێک، لەوێ دەستگیر دەکرێن و 3 شەو و ڕۆژ زیندانی دەکرێن و پاشان ئازاد دەکرێن، ئیدی دەچنە ئەستەنبوڵ و دوای مانگ و نیوێک مانەوەیان، بە یەخت بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆن، کە ماوەی 8 رۆژیان پێچووە، “کاتێ نزیک ئاوی ئیتاڵیا کەوتینەوە، یەختەکەمان شکا و ئاو دەهاتە ناوی، لەگەڵ مەرگ دەجەنگاین، دەمانگوت ژیانمان تا ئێرەبوو، خودا ڕەحمی کرد، پۆلیسی کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەهانامانەوە هاتن و رزگاریان کردین”.
پاش مانەوەیان زیاتر لە مانگێ، ئینجا دەگەنە ئەڵمانیا، هاوسەرەکەیشی هەڕەشەی ئەوەی لێکردووە، کە لە کەیسەکەیدا باسی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە نەکات، کە لەلایەن هاوسەری و ماڵەخەزوورانییەوە دراون، “وتی گەر ئەو راستیانە باس بکەیت، تەڵاقت دەدەم، وتیشی با مامەڵەی خانەنشینیەکەم تەواو بکەم، منیش دێمەلاتان، بۆیە لە کەیسەکەشمدا نەمتوانی راستیەکان باس بکەم، ئاخر منێک تا ساڵی 2016 لەگەڵ هیچ پیاوێکی بێگانە گفتوگۆم نەکردبوو، تەنانەت رێستۆرانت و چێشخانەشم لەو ساڵەدا بینی، هەر لە لادێ و لە ماڵەوە بووم، هیچم نەدەزانی چاو کراوە نەبووم، ناچار بە قسەی پیاوەکەمم کرد و ئەویش لە خشتەی بردم و، چەند شتێکی پێوتم کە لەبری خوێن دراوم و تەواو نابێ باسی خراپی ئەو بکەم”.

ئاشکرا بوونی نیازی هاوسەرەکەی، بڕیاری هەڵەی سنۆبەر

ئەو دەڵێ لە دوای گەیشتنیان بە ئەڵمانیا بە ماوەی دوو هەفتە، بۆی ئاشکرا بوو، کە هاوسەری ئەوانی بۆ ئەوروپا ناردووە، کە مەبەستی ئەوەبووە لەکۆڵ خۆیان بکاتەوە، چونکە ژنی دیکەی هێناوە، ئەویش ئافرەتێکی خەڵکی ئازەربایجانە و لە کافتریایەکی کوردستان ناسیویەتی، وەکخۆی ئاماژەی پێدا، پێش ئەوەی ئەوان بەڕێ بکات، ئەو هاوسەرگیریەی کردووە و لە هەولێر ماڵی بۆ داناوە، بە ئاشکرابوونی هاوسەرگیری هاوسەرەکەی، تووشی شۆک دەبێ و، رێککەوتی 17ی1ی2017 ئەڵمانیا جێدەهێڵێ و دەگەڕێتەوە کوردستان و دەچێتەوە ماڵی خۆیان لە گوندەکەیان، دەبینێ چەندین کەس بە چەکەوە راوەستاون و ماڵەکەی بار دەکەن، وەکۆخی وتی، کۆتا باری گواستنەوەی ماڵەکەی بووە، “هەر کە من و کوڕ و کچێکم گەیشتین، لەلایەن کەسوکاری هاوسەرەکەمەوە پەلامار دراین، بەشێوەیەک کە کوڕەکەم بەشێوەیەک تاسا، تووشی نەخۆشی شەکرە بوو، ئەوکات کچەکەی تەمەنی 4 ساڵ بووە و، کوڕەکەشی نزیکەی 11 ساڵ بووە.
لەوێ لەلایەن کەسوکارەکەیەوە، پێیڕاگەیاندراوە، کە بۆ گەڕاوەتەوە، چونکە ئەو تەڵاق دراوە و ژنیشیان بۆ کوڕەکەیان ‌هێناوە، ئەو ناچار دەبێ کە پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکات، بۆیە کاتێ دەگەن، کەسوکاری هاوسەرەکەی ماڵەکەیان چۆڵ کردووە.
ئەو لەگەڵ پۆلیس دەڕواتە بنکەی توندوتیژی دژ بە ژنان و سکاڵا لەسەر هاوسەرەکەی تۆمار دەکات و پارێزەرێکیش دەگرێت، پارێزەرەکە پێی دەڵێ، کە داوای جیابوونەوە نەکات، بەڵام ماڵی باوکی سنۆبەر بە گوتەی خۆی هەڕەشەی کوشتنیان لێی کردووە، گەر داوای جیاوابوونەوە نەکات، وە دەشبێ منداڵەکانیش بداتەوە باوکیان و منداڵی ئەو پیاوەی نەوێن و مافەکانی خۆشیانی لێ وەرنەگرێ، “من چۆن بتوانم بێ منداڵەکانم بژیم، ئەوان جەرگی منن، ئەی مافی خۆم و منداڵەکانم، لەبەر هەڕەشەی ماڵی باوکم، ناچار رۆشتمە ماڵی مامێکم و ساڵێک و هەشت مانگ لای ئەو مامەوە”.

دۆسیەی جیابوونەوەیان لە دادگا چەند دانیشتنێک دەخایەنێت، ئەو دەشڵێ، کە هاوسەری هەڕەشەی لە پارێزەرەکەی کردووە و ناچار بە کشانەوەی کردووە، بەڵام دواتر لە ڕێی ناسیاوێکییەوە لە دهۆکەوە پارێزەرێکی پێ دەناسێندرێ و ئەو دەکاتە پارێزەرەی دۆسییەکەی، دواتر بەشێوەیەک یەکلا دەبێتەوە، کە بڕێک پارە لە پیاوەکەی وەردەگرێ، بەڵام دوای چی، دوای ئەوەی کوڕەکەی بە ناوی ئەیمەن دەڕفێنێ، ئەوەش بە بیانووی بردنی بۆ بازاڕ و کڕینی جل و بەرگ بۆی، ئیدی نایگەڕێنێتەوە، هەرچەندە لە دادگاش جارێک هاوسەرەکەی هەوڵی رفاندنی کچەکەیشی داوە، بەڵام بەهۆی پۆلیسەوە نەهێڵدراوە ئەو کارە بکات.

بێ کوڕەکەی گەڕانەوە بۆ ئەڵمانیا

سنۆبەر لە رێککەوتی 23ی7ی2018 بە خۆی و کچە منداڵەکەیەوە بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئەڵمانیا دەدا، بەهۆی ئەوەی هاوسەرەکەی کوڕەکەی نەداوەتەوە، نەیتوانیوە ئەویش لەگەڵ خۆیاندا بباتەوە، دووبارە لە رێی تورکیا و بە یەخت خۆی دەگەیەنێتەوە ئیتاڵیا و دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا، چیرۆکی تراژیدی سنۆبەر بەبێ کوڕە نەخۆشەکەی لێرەوە دەست پێدەکات، کە نەیتوانیوە لەگەڵ خۆیدا بیبات.

ئەو سێ منداڵی لە کوردستان بوون و سێشیان لە ئەڵمانیا، منداڵێکیشی لەگەڵ خۆی بووە، کاتێ دەگاتە ئیتاڵیا و پەیوەندی لەگەڵ منداڵەکانی دەکات، هەواڵێکی ناخۆش دەبیستێ، کە ئەیمەنی کوڕی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، دوای ئەوەی کە زڕ دایکی و باوکی لێیانداوە و لە ماڵ دەریان کردووە.

ئەیمەن گەیشتە تورکیا بەڵام

هەرچۆن بێ بە تکا و پاڕانەوەی سنۆبەر، باوکی ئەیمەن، کوڕەکەی دەباتە تورکیا و رادەستی خێزانێکی کوردی دەکات، تا لەگەڵ خۆیاندا بە قاچاخ بیبەنە ئەڵمانیا، بەهۆی بەرزبوونەوەی شەکرەکەی، نەخۆش دەکەوێت، ناچار ئەو خێزانە کوردە، ئەیمەن دەبەنە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە، دوای چارەسەرکردنی نەیانهێشتووە نەخۆشخانەکە جێبێڵی، بەوپێیەی داوای 8 هەزار دۆلاریان کردووە، کە تێچووی چارەسەرییەکەی ئەیمەن بووە.
ئەیمەن لە رێی گرتە ڤیدیۆییەکەوە، کە لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوی کردبووەوە، داوای بەهاناوە هاتنی کردووە، تا لەو نەخۆشخانە رزگاری بکەن، ئەوان ناهێڵن بچێتە دەرەوە، چونکە داوای پارەی چارەسەرییەکەی لێ دەکرێت، ئەو لەوکاتەدا تەمەنی 15 ساڵ بووە، بە گوتەی دایکی، لە رێی کەسێکەوە ئەو بڕە پارە تەرخان دەکرێت و ئەیمەن دەگێڕنەوە لای باوکی بۆ کوردستان.

سنۆبەر بە هەڵکێشانی ئاهەوە باس لەوە دەکات، کاتێ کوڕەکەی دەگەڕێتەوە، چەند رۆژێک لای باوکی دەبێ و دووبارە دەردەکرێتەوە و، ئێستا چوار ساڵە لە ماڵی کچێکی واتە خوشکێکی ئەیمەن خۆی دەمێنێتەوە.

دایکی ئەیمەن، لە کاتی باسکردنی خراپی تەندروستی کوڕەکەی و دووری لێی و مانەوەی لە ماڵی کچێکی، کە بووەتە هۆی نائارامی دەروونی بۆی، لەلایەکی دیکەیشەوە خەمی ئەوەشی هاتۆتەسەر بۆی، کە باوکی ئەیمەن لە رووی مادی و مەعنەوەییەوە لێی ناپرسێتەوە، “ئەیمەن رۆژانە سێ دەرزی ئەنسۆلینی بۆ بەکار دێنن، ئەو وێڕای نەخۆشییەکەی، خەمی دووریشی لە من، ئەو منداڵەی وێران کردووە، کچەکەم باس لەوە دەکات، کە زۆربەی شەو بە دەم داواکردنی منەوە وەئاگا دێت و دەگری، منیش بێ ئەو کوڕەم ژیانم لێ بۆتە دۆزەخ، نە شەوم شەوە، نە رۆژم رۆژ، دەروونم ئاڵۆز بووە و تووشی چەندین نەخۆشی بووم”.

ئەو لە رێی ماڵپەڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانییەوە، داوا لە حکومەتی هەرێم و، سەرجەم رێکخراوە مرۆیی و پەنابەرییەکان دەکات، لەبەر ئەوەی مافی پەنابەری خۆی رەتکراوەتەوە و ناتوانێ کوڕەکەی بەشێوەیەکی یاسایی بباتەوە لای خۆی بۆ ئەڵمانیا، بتوانن هەرچۆن بێ کارێکی بۆ بکەن لە رێی خۆیانەوە، کە کوڕە نەخۆشەکەی بگەیەننەوە ئەڵمانیا و بە ئامێزی دایکی شاد بێتەوە و چیتر لەو ناڕەحەتییەدا نەمێنێتەوە و ژیانی کوڕەکەی رزگار بکەن.

کاوە بەختیار

___

شاندی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی لقی 6ی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەکەن

nusar1

ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە وێبینارێک بە ناونیشانی پڕۆسەی تەعریبی نوێی کوردستان ساز دەدا

KDC

ناوەندی ئۆتاوا داوایەک ئاڕاستەی کوردانی ئۆتاوا و گانتۆی کەنەدا دەکات

nusar1
KDC

FREE
VIEW