KDC

وەرزی بێ باوکی

ره‌حیم ره‌شیدی

ڕێكه‌وتێكی سه‌یره‌، ١٧ی سێپته‌مبه‌ری ١٩٩٢ میلادی، به‌رانبه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٦ی خه‌رمانانی ١٣٧١ی هه‌تاوی، ئه‌و كات هێشتا خه‌توخاڵم نه‌دابوو،‌ شین و رۆرۆی ماڵمان هه‌موو گوندی مه‌رخوزی ته‌نیبوو. من ته‌نیا ٢٢ی پووشپه‌ڕ ی ٦٨ هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به‌ ١٣ی جولای ١٩٨٩، ئه‌م گه‌رمه‌شینه‌م دیتبوو. دێته‌وه‌ یادم، له‌و رۆژه‌ حه‌شره‌دا، خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م شه‌هید سه‌ڵته‌نه‌، هه‌ڵسایه‌ سه‌ر پێ، به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ قسه‌ی كردو وتی: “ئه‌و هاتوهاواره‌تان لێ چییه‌، حیزبی ئێمه‌ پاش پێشه‌واو د. قاسملوو نه‌كه‌وتبێ، هه‌رگیز به نه‌مانی‌ د. شه‌ره‌فكه‌ندی ناكه‌وێ!”
هه‌رگیز ئه‌و چركه‌ساته‌م بیر ناچێته‌وه‌ بڕیاریدا كه‌س بۆی نیه‌ به‌ سیمای غه‌ماوییه‌وه‌ له‌ ماڵ بچێته‌ده‌رێ، ده‌بێ جلوبه‌رگی پۆشته‌مان له‌به‌ردابێ، براكانم ردێنیان تاشیبێ، هه‌روه‌ها كه‌س بۆی نه‌بوو به‌رگی ڕه‌ش بپۆشێ!
باوكم یادی به‌خێر، به‌ ده‌نگێكی پڕ له‌ خه‌م و چاوی ته‌ژی له‌ فرمێسكه‌وه‌ وتی: “كچم، قسه‌ قسه‌ی تۆیه‌.”
به‌یانی زوو باوكم به‌ پێچه‌وانه‌ی رۆژانی دیكه‌، له‌ حه‌وشه‌و له‌ ته‌نیشت بیری ئاوه‌كه،‌ پاڵی دابوو به‌ دار چناره‌كه‌وه‌، ئاوێنه‌، فڵچه‌، قۆتراش، سابون، ئاوی گه‌رم و خاولیه‌كی سپی پێبوو، له‌سه‌ره‌خۆ ریشی ده‌تاشی!.
ساڵان دێن و ده‌چن، به‌ڵام هیچكات ئه‌و دیمه‌نانه‌م بیر ناچێته‌وه‌.
هه‌مان رۆژ، به‌ چاوه‌كانی خۆم دیتم،‌ داده‌ سه‌ڵته‌نه‌م، به‌رماڵێكی داوه‌ به‌سه‌ر خۆیدا؛ به‌ كوڵ ده‌گری، نه‌متوانی بپرسم بۆچی دوێنێ ئێوارێ ئاوا به‌ قورسی بڕیاری ده‌دا، هه‌نووكه‌ش به‌ كوڵ ده‌گری…!
ماوه‌یه‌ك دواتر، له‌ سه‌فه‌رێكدا پێكه‌وه‌ بووین، ده‌رباره‌ی ئه‌و دوو دیمه‌نه‌ پرسیارم لێكرد، وڵامی دامه‌وه‌‌ دۆخه‌كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌ویست، ده‌نا كاره‌ساته‌كه‌ مه‌زنه‌و به‌ سانایی قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌…
ساڵان دێ و ده‌ڕوا، ٢٢ی بانه‌مه‌ڕی ١٣٧٥ی هه‌تاوی، واته‌ ١١ی مای ١٩٩٦ی زایینی، دێمه‌ پێشمه‌رگایه‌تی، دواتر به‌رگی پڕ له‌ فه‌خری‌‌ پێشمه‌رگه ده‌پۆشم‌. كه‌متر له‌ حه‌وتوویه‌ك له‌‌ هاتنم بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، باوكم وڵامی لێناردم كه‌ ئه‌و هه‌موو ژیانی به‌ سه‌ربه‌رزی و رووسووری ژیاوه‌، پێشمه‌رگایه‌تی دژواره‌، پیاوی خۆی ده‌وێ، یان ئێستا كه‌ كه‌س نه‌یزانیوه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌‌، یان مه‌رد بم و تاكوو سه‌ر رێگاكه‌ درێژه‌ بده‌م. یان ده‌بێ هه‌نووكه بگه‌ڕێمه‌وه‌‌، ئه‌گه‌ر نا ؛ دواتر بگه‌رێمه‌وه‌ حاشام لێده‌كات‌!
ساڵانێكی زۆره‌، دیمه‌نی ئه‌و پیاوه‌م بیر ناچێته‌وه‌ به‌یانیان زوو ردێنی ده‌تاشی، كه‌واوپانتۆڵی فارسونیای له‌به‌ر ده‌كرد، پشتوێنی په‌شمینی ده‌به‌ست، مێزه‌ره‌كه‌ی ده‌كرده‌ سه‌ری و هێدی هێدی پیاسه‌ی ده‌كردو به‌رده‌وام گوێی ده‌دایه‌ ڕادیۆ!. زۆر جاریش ده‌یناردینه‌ به‌رده‌م مزگه‌وت تاكوو بزانیین خه‌ڵكی غه‌ریبه‌ی لێنیه‌ بۆ پشوودان و نان خواردن بیانبه‌ینه‌وه‌ ماڵێ…
ئه‌و مرۆڤێكی ئازا بوو، جارێكیان له‌به‌رده‌م گاراجی سێفڵاخان له‌ سه‌قز، پڕ به‌ گه‌روو هاواری كردبوو‌ كوڕی من له‌سه‌ر كوردستان گیراوه‌، مرۆڤ كوژ نیه‌و دزی نه‌كردوه‌‌، شانازی پێوه‌ ده‌كه‌م و سه‌رم پێی به‌رزه‌!
دایكم ده‌یگێرایه‌وه‌ جارێكیان ده‌مه‌و ئێواره‌یه‌كی دره‌‌نگ، جاش و پاسدار، هاتوونه‌ته‌ سه‌ر گوێسپانه‌و له‌ حه‌وشه‌كه‌یان ڕوانیوه‌، حاجی دیتوونی بانگی لێكردوون، پێشمه‌رگه‌ی لێنیه‌و ده‌توانن بێن و چایه‌ك بخۆنه‌وه‌. جاش و پاسداره‌كانیش وتویانه‌ موزاحیم نابین، حاجی لێیان دێته‌ ده‌نگ و ده‌ڵێ سه‌گبابینه‌‌ بێ ئیزبی من هاتوونه‌ته‌ سه‌ربانی ماڵه‌كه‌م، چاو له‌ ژن و منداڵم ده‌كه‌ن، موزاحیم نین، به‌ڵام خۆم خوڵكی چا خواردنه‌وه‌تان ده‌كه‌م به‌ڵام ئاوا موزاحیمن…؟.
ئه‌گه‌ر كارێكی زۆر خراپمان كردایه‌، باوكم هه‌رگیز لێی نه‌ده‌داین، ده‌یوت برۆن عه‌لی بانگ بكه‌ن با بیرازیان بكات. مامه‌ عه‌لی برا بچووكی باوكم بوو. كه‌س له‌ ترسی ئه‌و نه‌یده‌وێرا توخنمان كه‌وێ! یادی ئازیزی له‌ دڵمدا زیندوه‌!. تاكوو ئه‌و ده‌هات ئێمه‌ ده‌چووینه‌ پشت دایه‌ خه‌رامان، دایكی باوكم، ئه‌و نابینا بوو، به‌ خۆی و گۆچانه‌كه‌یه‌وه ده‌یپاراستین، ئیدی هێز نه‌بوو زه‌فه‌رمان پێبه‌رێ!.
ساڵی ٢٠٠٠ چوومه‌ توركیا، له‌وێ په‌ناخواز بووم. ساڵی ٢٠٠٢ به‌ فه‌رمیی چوومه‌ سوید، دواتر ساڵی ٢٠٠٦ بارگه‌و بنه‌م پێچایه‌وه‌و چوومه‌ پاریس بۆ كار كردن له‌ تیشك تی ڤی. له‌ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌دا باوكم زۆر كه‌م له‌گه‌ڵم ده‌دوا!
رۆژی ١٧ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٠٩، وه‌كوو نه‌ریتی ساڵانه‌، وێرای هاوڕێیان ده‌چمه‌ گۆڕستانی پیرلاشێز، تاكوو له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی گۆڕ غه‌ریب په‌یمانی وه‌فا نوێ كه‌ینه‌وه‌‌. هه‌ستێكی نامۆ دایگرتووم، دڵم پێم ده‌ڵێ شتێك قه‌وماوه‌. له‌ رێگای گه‌رانه‌وه‌دا بۆ تیشك به‌ هاورێكانم ده‌ڵێم باوكم كۆچی دوایی كردوه‌. هه‌موویان ده‌ڵێن له‌ به‌یانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی، كه‌س ته‌له‌فوونی بۆ نه‌كردووی، خۆ غه‌یبت نیه، چووزانی‌!. باوكم نزیك به‌ ٩٠ساڵ ژیا، جیا له‌ حه‌تووی كۆتایی ته‌مه‌نی هه‌رگیز بۆ یه‌ك شه‌ویش له‌ نه‌خۆشخانه‌ نه‌مابوه‌وه‌!
پێیان ده‌ڵێم دڵم خه‌به‌ری داوه‌!. ده‌مه‌وئێواره‌یه‌كی دره‌نگه‌و به‌ر له‌وه‌ی بچمه‌ نێو ستدیۆ، پێم ده‌ڵێن باوكم كۆچی دوایی كردوه، ئازیزێك باس له‌وه‌ ده‌كات باوكم به‌ خاك سپێردراوه‌‌، سه‌دان كه‌سی ناسیاوو نه‌ناسیاو، به‌شداری به‌ خاك سپاردنه‌كه‌ی بوون، ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ پێم ده‌ڵێ ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌به‌ر تۆ هاتبوون، قسه‌ی پێده‌بڕم و ده‌ڵیم نا ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ هاتبوون چوونكه‌ ئه‌و حاجی مارف بوو!. ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی كۆمارو ده‌یان جار به‌ندیخانه‌كانی كۆماری په‌توسێداره‌ی دیتبوو!
وه‌كوو فیلمێك، كۆی بیره‌وه‌ری و به‌سه‌رهاته‌كانم له‌گه‌ڵ باوكم به‌ شریتی زه‌ینمدا گوزه‌ر ده‌كات و دێنه‌وه‌ پێش چاوم. ریزی به‌رنامه‌كان ناشێوێنم، ده‌چمه‌ ستدیۆو به‌رنامه‌ی تایبه‌تی ساڵوه‌گه‌ری شه‌هیدانی میكۆنۆس به‌رێوه‌ده‌بم، له‌سه‌ره‌تادا به‌ بینه‌رانی تیشك ده‌ڵێم ئه‌مرۆ حاڵ و هه‌وای قسه‌ كردنم نیه‌و هیچی دیكه‌ باس ناكه‌م تاكوو رێره‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ نه‌گۆڕێ..‌.
رۆژی دوایی، هه‌واڵی كۆچی دوایی باوكم له‌ ده‌فته‌ری سیاسییه‌وه‌ دێت، بۆ خۆم هه‌واڵه‌كه‌ له‌ ده‌نگوباس ده‌خوێنمه‌وه. پاش هه‌واڵه‌كان، وێرای كاك حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی و هاوڕێیانی دیكه‌، به‌شداری كۆری پرسه‌ ده‌بم و هێزی قسه‌ كردنم تێیدا نیه‌!
كاك لوقمان مێهفه‌ر ئه‌ندامی رێبه‌ری حیزب، له‌ وڵاته‌وه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كات، سپاسی كردم كه به‌ بێ فرمێسك هه‌واڵی كۆچی دوایی باوكمم خوێندۆته‌وه؛‌ نه‌مهێشتوه‌ دوژمن شاد بێ. ئه‌و وتی ده‌زانم دڵت پڕ بوو به‌ڵام كارێكی گه‌وره‌ت كردو جێگای شانازییه‌!
حه‌وتوویه‌ك دواتر به‌ره‌و سوید ده‌چمه‌وه‌، ٢٦ی مانگ له‌وێ رێوره‌سمی پرسه‌و ماته‌مینه‌، هاوڕێیان به‌ گشتیی، بنه‌ماڵه‌ی به‌رێزی سه‌لیم سوڵتانی له‌ ستوكهۆلم و جه‌ماڵ قه‌یتولی له ڤێسترۆس،‌ به‌ تایبه‌تی، زۆریان ئه‌رك كێشاو هیوام وایه‌ له‌ شایی و خۆشی دا زه‌حمه‌ته‌كانیان قه‌ره‌بوو بكه‌مه‌وه‌.
خوشكه‌‌ كولسوم هاوژینی به‌رێز مامۆستا حه‌سه‌ن شیوه‌سه‌ڵی، پاكه‌تێك له‌ ده‌ستم ده‌نێ، چاوی لێده‌كه‌م برێك پاره‌یه‌، پێی ده‌ڵێم باجه‌ گیان من ناتوانم شتی ئاوا قبووڵ بكه‌م، به‌ ده‌نگێكی پڕ له‌ خه‌مه‌وه‌ ده‌ڵێ، خۆ تۆ داهاتێكت نیه‌، وه‌كوو پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ تیشك كار ده‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر ده‌تهه‌وێ مه‌لا حه‌سه‌ن بێزار بكه‌ی ئه‌وه‌ وه‌ریمه‌گره‌، به‌راستی ناچار ده‌بم‌ پوڵه‌كه‌ هه‌ڵگرم، چوونكه رێزو خۆشه‌ویستیم بۆ ‌ مامۆستا شیوه‌سه‌ڵی هه‌رده‌م له‌ ناخ و هه‌ناودایه، ئه‌و رێبه‌رو تاجی سه‌رمه‌‌.‌ تاكوو ئێستاش ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌م وه‌كوو شتێكی پیرۆز هه‌ڵگرتوه‌و به‌ڵێنم داوه‌ تاكوو مردن ده‌پیارێزم!
كاكه‌برا ئه‌لیاسی، به‌رپرسی كۆمیته‌ی حیزب له‌ سوید، به‌ بۆنه‌ی سازدانی ئه‌و رێوره‌سمه‌‌ قسه‌ ده‌كات. پاشان مامۆستا زێره، كادری ناسراوو دێرینی ناوچه‌كانی سه‌قزو بۆكان، كه‌‌ نزیك به‌ ٥ كاتژمێر ئوتۆمۆبێلی ئاژوتوه‌، له‌ شاری یوتۆبۆری هاتۆته‌ ڤێسترۆس، به‌ وردی باس له‌ كه‌سایه‌تی خه‌باتگێرانه‌ی جاجی مارف ره‌شیدی ده‌كات، رۆڵ و پێگه‌كه‌ی له‌ ناوچه‌دا به‌رز ده‌نرخێنێ. مامۆستا زێره‌ چه‌ند بیره‌وه‌ری خۆی و هاورێكانی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ی سه‌رده‌می كۆماری كوردستان ده‌گێڕێته‌وه كه‌ حاجی مارف چڵۆن حه‌شاری داون و له‌ پیلانی دوژمن پاراستوونی‌…

كاك سه‌ید ره‌سووڵ سه‌ید ئه‌حمه‌دی و كاك موحه‌ممه‌ده‌ ره‌شه‌ به‌ هاوكاری و پاڵپشتی دۆستانی هێژاو ئازیزم له‌ نوروێژ به‌ گشتیی، كاك موراد ره‌سوڵ و قادر قادری به‌ تایبه‌تی، پێداگری ده‌كه‌نه‌وه‌‌ یان ده‌بێ خۆیان و هاورێكانیان له‌ سوید به‌شداری رێوره‌سمه‌كه‌ بن، یان ده‌بێ له نوروێژ رێوره‌سمێك پێكبێنن. شه‌وی شه‌ممه‌‌ رێكه‌وتی ٢٦ی مانگ به‌ره‌و نوروێژ ده‌چم، له‌به‌ر دووری رێگاو به‌فروبۆران، پێم خۆش نیه‌ ئه‌و هه‌موو هاورێیه‌ له‌وێوه‌و‌ بكه‌ونه‌ رێ، هه‌ر بۆیه‌ مل بۆ داواكه‌یان ده‌ده‌م.
ئه‌ركه‌كانی ئه‌و رێوره‌سمه‌، به‌ تێكرا ئه‌و دۆستانه‌و بنه‌ماڵه‌ به‌رێزه‌كانیان به‌ ئه‌ستۆیان گرت، له‌وێش كاك سه‌ید ره‌سوڵ سه‌ید ئه‌حمه‌دی له‌سه‌ر پێكهێنانی كۆڕیاده‌كه‌ قسه‌ی‌ كردو دواتر به‌رێز كاك كاوه‌ عه‌بداڵی به‌رپرسی كۆمیته‌ی حیزب له‌ نوروێژ بۆ ئاماده‌بووان دوا.
ئینجا له‌سه‌ر داوای د. خه‌لێقی و نه‌مر ئه‌نوه‌ر خان سوڵتانپه‌نا به‌ كورتی له‌سه‌ر پێگه‌و كاریگه‌ری بنه‌ماڵه‌و رۆڵی دایك و باوك له‌ په‌روه‌رده‌ی منداڵدا قسه‌‌م كرد، سپاسی ئه‌مه‌گداری هه‌موو‌ خه‌ڵكه‌كه‌م كرد. پاشان كاك برایم لاجانی دێته‌ لام و به‌ گوێم دا ده‌چرپێنێ كه‌ سه‌ره‌رای خه‌مێكی گه‌وره‌ زۆر باشم قسه‌ كردوه‌، ده‌ڵێ قسه‌كانت بێوێنه‌‌و هیوابه‌خش بوون، دڵنیام كاروانی خه‌باته‌كه‌مان به به‌شداری‌ كه‌سانی وه‌كوو ئێوه‌ هه‌ر سه‌رده‌كه‌وێ. ئاوا من‌ ئێوارێی رۆژی ٢٧ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٠٩ له‌ شه‌و گرێ ده‌ده‌م.
ئێستا كه‌ یادی باوكم ده‌كه‌مه‌وه‌، دڵته‌نگم كه‌ له‌م هه‌موو ساڵه‌دا، بۆ جارێكیش نه‌هاتۆته‌ خه‌وم. به‌ڵام له‌ هه‌موو جێگایه‌ك هه‌وڵمداوه‌ ئامۆژگارییه‌كانی له‌ گوێ بگرم و له‌گه‌ڵ ده‌روجیران و دۆست براده‌ر، ده‌ست و داوێن پاك بم و خۆ له‌ دزی و درۆ بپارێزم….
دایكم بۆی باس كردم‌ پاش ئه‌وه‌ی بوومه‌ پێشمه‌ر‌گه‌، هه‌موو ژه‌مێك له‌ سه‌ر خوانی ماڵی ئێمه‌، باوكم قاپ و كوچكێكی زیادی داناوه‌، چه‌ند جارێك دۆستان و كه‌سوكار ویستویانه‌ ئه‌و كاره‌ی له‌ بیر به‌رنه‌وه‌، دره‌نگ بانگیان كردۆته‌ سه‌ر سفره‌كه‌، به‌ڵام چاوی گێراوه‌و كاتێك قاپ و كه‌وچكی منی نه‌دیتوه‌، چاوه‌كانی پڕ بوه‌ له‌ فرمێسك و خۆی له‌ نان خواردن پاراستوه‌و وتویه‌تی ئێوه‌ كوڕه‌ دووره‌ وڵاته‌كه‌متان له‌بیر كردوه‌‌. دایكم ده‌یفه‌رموو باوكت تاكوو كۆچی دوایی كرد ده‌ستی له‌م خوه‌ به‌رنه‌دا!.
له‌و كاته‌وه‌ ئه‌مه‌م زانیوه‌، دڵم سارێژ بوه‌ له‌ ده‌ردو ژان، كاتێك كه‌سانێك ده‌بینم قسه‌ به‌ تێكۆشه‌رانی دووره‌ وڵات ده‌ڵێن و هه‌وڵی هه‌رزان بایی كردنی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ ده‌ده‌ن، باوكمم بیر دێته‌وه‌و ئاخێكی قوڵ و پڕ له‌ ده‌رد هه‌ڵده‌كێشم… دڵنیام كوردستان پڕه‌ له‌و باوكانه‌و هه‌موو كونجوكه‌له‌به‌رێكی جیهان ته‌ژیه‌ له‌ كوردی وه‌كوو من‌!
یادی باوكم به‌رزو به‌رێز، به‌ ئاواتی ئه‌و رۆژه‌ ده‌ژیم به‌ سه‌ربڵیندی بچمه‌ ‌سه‌ر گۆره‌كه‌ی و پێی بڵێم كوردستان ئاوه‌دان و ئازاده‌!

___

نرخی نەوت 99 دۆلاری تێپەڕاند

nusar1

ئیتڵاعات چەند هاووڵاتییەکی کورد دەستگیر دەکات

KDC

لیتوانیا :هەفتەی داهاتوو 272کۆچبەری عێراقی دەگەڕێنێتەوە

nusar1
KDC

FREE
VIEW