KDC

کەسایەتی کورد لە نێو کایەی سیاسی وڵاتانی ڕۆژئاوا

ھەورامان علی تۆفیق …


ھەمیشە ئەزمونی کارکردن کۆمەڵێک سەرنج لای مرۆڤ دروست دەکات ، ئەزمون و تاقیکردنەوەکانی ژیان و پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان و کاری سیاسی و جەماوەری و مەدەنی بەشێکی دی لەو ئەزمونەی فکری مرۆڤ دەوڵەمەند دەکەن و دەکرێ لێیەوە خوێندنەوە بۆ بابەتەکان بکرێت .
لێرەدا قسە و سەرنجەکان لەسەر کەسانی دیاریکراو نین ، بەڵکو سەرنجێکی گشتیە و ھەندێک نمونەی زیندووش بوونیان ھەیە ، چونکە شیکاریە ووردەکان بۆخۆیی قسەی زۆر ھەڵدەگرن ، بەڵکو ھەندێک سەرنج و تێبینیم لادروست بوون و پێشتر ڕەنگە بڕوام بەبوونیان نەکردبێ یان بەرکەوتنم لەگەڵیان نەبووبێ بۆیە بەم شێوەیە بۆم ڕوون نەبوبێتەوە ، سەرنج و بۆچونەکان تەنھا لێکدانەوە نین بەڵکو لە بواری پراکتیکدا بەڕوونی بەرجەستەبوون و مرۆڤ لەگەڵیان بەرکەوتەی دەبێت ، ئەویش لەدەرەنجامی ئەو ئەزمونی کارکردنەیە ، دەکرێ لەچەند بەشێکدا ڕیزبەندی بکرێن و لە چەند وتارێکدا قسەیان لەبارەوەبکرێت ، چونکە کێشەی ئێمەی کورد ئەوەیە تەنھا لە ڕووکەشەوە لە ڕوانگەکانی ژیان دەڕوانین ، وردەکاری و ناوەڕۆک و دەرەنجام بەلامانەوە گرنگ نین ، بۆیە مامەڵەکانمان کاتین و زوو بە کۆتادێن .
کەسایەتی کورد لە نێو کایەی سیاسی وڵاتانی دەرەوە ، بابەتێکە زۆر گرنگە ، کەمترین قسەی لێوە دەکرێت ، لە بنەماشدا گرنگترین بابەتە ، چونکە کورد لەسەرەتایی دروستکردن و بنیادنانی ئەم سێکتەرە ڕامیاریەدایە ، لەدەرەوەی فکری سیاسی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت تر ، سیاسەتی کوردی ، لە پارت و لایەنە سیاسیەکانی کورد بە ھەموو پارچەکانیەوە . لەگەڵ ئەو بنیادنانەی کایەی ڕۆشنبیری و ھونەری و نوسەرو ڕۆشنفکرانی کورد لەدەرەوە ، ھاوتەریب لەگەڵ کەسایەتیە دیارەکانی ئەمڕۆیی نێو سۆسیال میدیا ، ئەمانەش تەنھا بۆ خۆیان باس و خواستێکی دورودرێژی گفتوگۆیی جدین ، دەکرێ لە ئایندە کاریگەری دیارو بەرچاویان ھەبێت لە بوارە جیاجیاکاندا ، دواتر ئێمەی ھاوڵاتی ئاسایی و کوردانی دیاسپۆرا ، پێگەو ئەرک و ھەڵوێستمان لەو دۆخە ئاڵۆزەی لەو چەند کایانەی سەرەوە بەدیاردەبێ …!!
مرۆڤ شۆک دەبێت کاتێک زۆر ڕاستی تاڵی بۆ ئاشکرا دەبێ ، لە کاتێکدا ئەوەی ئاشکرا دەبێت ڕاستیە و تەنھا ئێمە بە سادەیی خۆمان لامان ڕوون نەبوون یان بەو جۆرە دەرکمان پێنەکردوون .
من لێرەدا باس و خواستم لەسەر ئەو کەسایەتیە سیاسیانەی لە دونیایی سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپادا کاردەکەن و بە ڕەچەڵەک کوردن ، گرنگ نیە لە چ بەشێکی کوردستان بێت ، سەرنجە نەرێنیەکان ئاراستەنیە بۆ ھەموویان ، بەڵکو بەشێکی کەم لەوانە ، بەڵام ئەو بەشە کەمە دەکرێ لە ئایندەدا زیاد بکات و ببێتە زۆرینە .
ئەوانیش دوو بەرەی جیاوازن ، یەکێکیان تەنھا بە قسە ئینتمایی نیشتمانی ھەیە و بە کردەوە ھێندەی دوژمنێک لە دژی کورد دەجەنگێ ، ئەوەی پێی بکرێت لە ناشیرین کردنی کورد دەیکات ، زۆرێک لەوانە ئەندام پەڕلەمانی ھەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی بوون و ھەندێکیان تائێستاش لەو پۆستانەدان ، ھەندێک لەنێو پارتە سیاسیە ئەوروپیەکاندان و لە نێو ئەنجومەنی شارەوانیەکاندا کاردەکەن ، لەکاتێکا ئەم ئاراستەی کورد کردنە ئامانج ، زیان پێش ھەرکەس بەخۆیان دەگا ، ھەست بەوە ناکەن پێش ئەوەی کورد ناشیرین بکەن خۆیان وەک تاکێکی کورد ناشیرین دەبن ، ئەمەش دیاردەیەکە لە ڕوانگەی ئەو سیاسەتە ئاڵۆزەی پارتە سیاسیە کوردیەکانەوە دەرھەق بەیەکدی دەکرێ و کاریگەری ڕاستەوخۆیی لە دەرەوەش ھەیە . ھەندێکی دی تەنھا بە ناو کوردن و تەنھا ڕاگەیاندنە کوردیەکان قسەیان لەبارەوە دەکەن و ئەوان بۆخۆیان لە ھیچ شوێنێک باسی کوردبوونی خۆیان ناکەن ، ھۆکاری ئەمەش بەشێکی پەیوەندی بە کەسایەتی و ژیانی خۆیانەوە ھەیە .
بەشەکەی دی و لەوانەش ھەندێکیان لەسەرەتادا کورد پەروەرو خاوەن پڕۆژەو پلانن بۆ کورد و بەتایبەت بۆ کوردانی دیاسپۆرا ، کاتێک وادەی ھەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ئاسمانی کوردایەتیدا ئەدرەوشێنەوەو دوایی ھەڵبژاردنەکانیش بە سەرکەوتن و سەرنەکەوتنیەوە ئەو ئەستێرەیە لە درەوشانەوەو کوردایەتی و بەڵێن و گفتەکانی ئەکوژێتەوە و سەردەمی کوردایەتی بە کۆتادێت .
کەواتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی ، دەکرێ سیاسەت و سیاسەتکردن لە تەواوی دونیا وەک یەک بێت و ھیچ جیاوازی نەبێت ، ئەو جیاوازیەش تەنھا ئەو بەرگەیە بەبەری جۆری سیاسەتەکەدا دەکرێت ئەگەر ئەوروپی و دونیایی دەرەوەبێت یان سیاسەتی ئەو سنورە خۆماڵیەی لەمەڕ خۆمان بێت ، یان ئەوەتا کەسایەتیە کوردیەکان جیاوازیان نیە سیاسەتی کوردیانە بکەن یان ئەوروپیانە ، لەیەک چوون و بە ھەمان مۆدێل و بەیەک شێوە بەرجەستەی دەکەن .
ئەمەش مانایی ئەوەنیە کەسانی باش و کوردپەروەرو نیشتمانپەروەرمان لەو کایە سیاسیە ئەوروپیەدا نیە ، بەڵکو ھەن لەوانەی دەکرێ ھیوایان لەسەر بنیادبنرێ ، بەداخەوە ئەوەی کراوە لە کارو ئەرکەکان تاکە کەسی بوون و ھەندێک جار لۆکاڵی و دواتر وەک پێویست ئامانج و مەبەستی دروستیان نەپێکاوە و لە چوارچێوەیەکی سیستەماتیکدا ڕێک نەخراوە .
بەداخەوە مرۆڤ بە دیتنی ئەو ڕاستیانە توشی شۆک دەبێت و دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە ئێمەی کورد لە خۆڕا بەم ڕۆژگارە نەگەیشتووین ، لە خۆڕا میللەتێکی چل بۆ پەنجا ملیۆنی بێ دەوڵەت نیە ، پێش ئەوەی لۆمەی دوژمنەکانمان بکەین ، دەبێ لە لۆمەکردن و پێداچونەوە بە خۆماندا دەست پێبکەینەوە .

___

لە پەراوێزی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا

KDC

لە هەولێرەوە حاکمی داهاتووی عێراق دەناسرێ

KDC

کۆنفیدراڵیەتی وزەی هەرێم بۆ رۆژئاواو جیوگرافیای سوونە

KDC
KDC

FREE
VIEW