KDC

لەسەر پەیماننامەی لۆزان سیاسەتمەدارێکی کورد نامەیەک ئاڕاستەی بەرپرسی ناوەندی سوید دەکات

ئەبوبەکر کاروانی سیاسەتمەداری دیاری کوردستان، لەسەر پەیماننامەی لۆزان و بەستنی کۆنفرانسێکی تایبەت لەسەر ئەو پرسە لەلایەن ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سوید، نامەیەکی ئاڕاستەی سەلام کوردە بەرپرسی ناوەندەکە کردووە و، وێڕای چەند تێڕوانینێکی خۆی، هاوکات داواش دەکات لە رێی چەند خاڵێکەوە کار لەسەر پرسی نەتەوەیی بکرێت، وەک ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی لەسەر ئاستی ھەر پارچەیەکی کوردستان لە نێوان ھێزە سیاسی و کەسێتی و بیرمەند و ڕۆشنبیرە دیارەکاندا، ئەوەش لەپێناو،. ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی و،. دروستکردنی چوارچێوە و کاری ھاوبەش.

جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە ڕێکەوتن لەسەر نەخشە ڕێگایەکی کاری نیشتیمانی بکرێت، ئەوەش بۆ ڕێگریکردن و دەرگا داخستن بە ڕووی دەستێوەردانی دەرەکی و یاریکردن بە چارەنووسمان لە ڕێی وەبەرھێنان لە ناکۆکییەکانماندا.

دەقی نامەکە:

لە عێراق نەزمی لۆزان شکێنراوەو لە سووریاش بە دیفاکتۆ دۆخێکی بەدەستوورینەکراوی ھاوشێوە لەئارادایە. لە تورکیاش ساڵانێکی کێشەکە ھاتۆتەوە ناوڕۆژەڤی سیاسەت و پارتە سیاسییەکانەوە. جەنگی دژ بە داعش و تیرۆری جیھانی و بەشداری گەورەی باشور و ڕۆژئاواش تیایدا، ڕەھەندێکی تری بە مەسەلەکە بەخشیوە. لێرەشەوە، مەسەلەی کوردستان وەك کێشەی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیھاندا مەترەحەو لە داھاتووشدا زۆرتر و گەرمتر مەترەح دەبێت و پێویستی بە چارەسەر و ھاوکاری نێودەوڵەتیە و چیتر فەرامۆشکردن و سەیرکردنی وەك کارتی فشاری ئەمنی داد نادات. جیھان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپێناو ڕێگری لە ناسەقامگیری و ئاوارەیی ملیۆنان و کارەساتی زیاتر پێویستە لێپرسراوێتی بگرێتە ئەستۆو دیدێکی ڕۆشنی بۆ چارەسەرکردنی ھەبێت. بەحوکمی ئەوەی لەئێستادا تەنھا بوونی کورد حەقیقەت نیە، بەڵکو بوونی کێشەی کورد و مەسەلەی کوردستانیش ڕاستیەکەو پشتگوێخستن و چاولێنوقاندنی جگە لە جەنگ و نائارامی و کارەسات شتێکی تری لێناکەوێتەوە.

بە ڕووە کوردی و کوردستانییەکەشدا لەم یادە غەمگین و کۆستە نەتەوەییەدا، ڕوولە غەمخۆران ودڵسۆزان وھێزە نیشتیمانییەکان دەکەین و بانگەواز یان لێدەکەین و جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:

١— بەرزبوونەوەی سەرجەم ھێزولا یەنەکان بۆ ئاستی کۆستە نەتەوەییە مێژووییەکەو ئاسۆی خەمە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان و دابڕان لە کەلتور وڕابردووی پڕ لە ناکۆکی ودژایەتیکردنی یەکتر بۆ ئاستی پشت بەستن بە وڵاتانی ناوچەکە بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو ناکۆکیانە کەھەر خۆیان ڕێگە لەیەکلا بوونەوەیان دەگرن بەحوکمی ئەوەی لەبەرژەوەندیاندایەو ھۆکاری بەفیڕۆدانی تواناکان و لەدەسدانی دەرفەتەکان وشێواندنی سیمای ناسیۆنالیزمی کوردین.

٢- ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی لەسەر ئاستی ھەر پارچەیەکی کوردستان لەنێوان ھێزە سیاسی و کەسێتی و بیرمەند و ڕۆشنبیرە دیارەکاندا، لەپێناو

ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی.

. دروستکردنی چوارچێوەو کاری ھاوبەش.

. ڕێکەوتن لەسەر نەخشە ڕێگایەکی کاری نیشتیمانی.

. ڕێگریکردن و دەرگا داخستن بەڕووی دەستێوەردانی دەرەکی و یاریکردن بە چارەنووسمان لەڕێی وەبەرھێنان لە ناکۆکییەکانماندا.

دوای ئەم ھەنگاوەش ھەماھەنگییەکی نەتەوەیی لەسەر ئاستی پارچەکان و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بێتە کایەوە، ئەوەش لانی کەمی ئەوەیە کەپێویستە لەئێستادا بکرێت، پێوەرێکی گرنگی دەستنیشانکردنی سەرکەوتن و شکست و پاندی نەتەوەیی ھەر سەرکردەو ھێزێکیشە.

٣- پێویستە ھێزەکان لەپێناو بە تەوەرەکردنی پرسی چارەنووسی کورد و گەل و مەسەلەی کوردستان، لە ئاستە نەتەوەییەکەدا، بەکردەوە پێبنێنە قۆناغی پاش ئایدۆلۆژیا و ڕاست و چەپ و ئیسلامی و سکیۆلار و ئەم پرسە لەڕوانگەی ئاستی گونجاوی لەگەڵ خۆبیناکردنی نەتەوەییدا سەیر بکەن. بەرگریکردن لە بەرژەوەندە حیزبییەکانیش بەھەر نرخێ بووە نەگۆڕێت بە ئایدۆلۆژیایەکی بێ ناوەڕۆكی تر کەبەداخەوە لەھەندێك کات وشوێندا ھەستی پێدەکرێت.

٤- قەوارەی دەستووریی ھەرێم بە گەورەترین شەبەقتێکردنی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی لە دیواری شومی لۆزان دادەنرێت و لەئێستاشدا قورسایی ستراتیژی کورد پێکدەھێنێت، ھەربۆیە پارێزگاریلێکردنی ئەرکێکی نیشتیمانی ونەتەوەییە، ئەم ئەرکەش پێش ھەرکەس ولایەنێك ڕوو لە سەرکردەو ھێزەکانی باشوور دەکات جا ھێزەکانی تری بەشەکانی تری کوردستانی مێژوویی.

٥- جۆری مامەڵەی کورد لەگەل پێکھاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبیەکانی کوردستان پێوەرێکی گرنگی تاقیکردنەوەی ئێمەن لەسەرئاستی ناوچەکەو جیھاندا، پێکەوە ش گەلی کوردستان پێکدەھێنین، ھەربۆیە دەبێت کوردستان وەك مەڵبەندی لێکبوردنی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی و کەلتوریی بمێنێتەوەو گەشەی پێبدرێت سیاسەتێکی نەتەوەیی ڕوون ھەبێت بۆ پارێزگاریکردن لەپێکھاتەکان و ئاوێزانکردنیان لەچوار چێوەی ناسنامەیەکی دەستەجەمعی کوردستانیدا.

٦- گرنگە ئایین و بەتایبەتیش ئیسلام و ناسنامەی ئایینی کۆمەڵگە بەھۆی توندڕەوی ئیسلامی و عەلمانیەوە، نەکرێتە کێشە بۆ پڕۆژەی کوردستانی، بەڵکو ڕووێکی بنەڕەتی ڕەوایەتیپێدان و جۆشدەر و جۆشخواردنی ناوەکی بێت.

٧- پێویستە کورد لەسەر ئاستی ھێز و چالاکی و دامەزراوەکانیدا بەچاوی بایەخەوە بڕوانێتە پرسی، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ پرسی ئافرەت و قوڵکردنەوەو فراوانکردنی ڕۆڵ وبەشداری لەکایەجۆراوجۆرەکاندا، بەڵام بەم ناوانەشەوە نەکەوێتە ھەڵوەشانەوەی زیاتری دام و دەزگاو جەستە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکەی و مامەڵەیەکی عەقڵانیانەیان لەگەڵدا بکات.

لە کۆتایشدا دەڵێین: کۆتاییھاتنی ئەو واقیعەی دوای لۆزان بۆ کورد و ناوچەکەو گەلەکانی ھاتۆتە پێش و دووبارە دارشتنەوەی پەیوەندییەکی دادپەروەرانەی ھاوسەنگ و برایانە، تەنھا لەقازانجی کورد نییە، بەڵکو خزمەت بەھەموو گەلانی ناوچەکەو تێکڕای خۆرھەڵاتی ناوەراست دەکات.

داواکارین جیھانیش زیاتر لە بایەخی ئەم پرسە تێبگات و یارمەتیدەرمان بێت.

براتان

ئەبوبەکر کاروانی

کوردستانی باشوور

20/6/2023

___

دوێنێ شەو هونەرمەندی ڕاپ، ئەیناری 19 ساڵ تەقەی لێ کرا و کوژرا.

KDC

ئەڵمانیا.. ژمارەی مردن بە لافاو 100 کەسی تێپەڕاند

KDC

ڕوسیا سزای بەسەر 287 ئەندامی ئەنجومەنی گشتی بەریتانیا سەپاند

nusar1
KDC

FREE
VIEW