KDC

دۆسیەی جینوسایدی گەلی کورد تاوەکو کوێ دەگات


ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەندا


ئێمە خۆمان نەمان توانیوە لە ڕێگای خەڵکانی ترەوە دۆسیەی جینوسایدی گەلی کورد وەکو پێویست بخەینە بەردەست یەکێتی ئەوروپاو نەتەوەیەکگرتوەکان .
لەسەرەتاوە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە تەنها پۆستەرو وێنەو یادکردنەوەکان بەس نین ، ناڕەزایەتییەکان و بەیاننامەو پەیام هیچ لە بابەتەکان ناگۆرێت لەکاتێکدا دەبێت خۆمان بچینە دەرگای دادگاو پارێزەرو دۆسیە حکومی و ناحکومییەکان . لۆبی کردن هۆکارێکن بۆ کۆکردنەوەی ئەو دەنگانەی کە کاریگەریان هەیە لە دام و دەزگا حکومی وناحکومویەکانی ووڵاتانی جیهان .
بۆ ئەوەی ڕێگا بگرین لەوەی کە چیتر میللەتی کورد وە گەلی کوردستان تووشی جینوساید و کۆمەڵکوژی و ماڵ وێران کردن و کیمیاباران نەکرێت دەبێت بە ڕێگەو پشتگیری دۆستەکانمان و ڕەوەندی کوردستانی لۆبی کۆ بکەینەوە ، هەروەك چۆن لە ڕێگای دەزگا فەرمی و لۆبی کردنەوە دۆسیەی یەزیدییەکان و جینوسایدی گەلی کورد لە چەندین ووڵاتان بەرەو پێش چوون وە گەیشتە سەر ئاستی پەرلەمانەکانیان وە حکومەتەکانیان و دان نان بەو دۆسیەدا .
ئێمە لە کوردستان و لە چەند جێگایەکی تری ئەوروپا ئەوەندە قسە دەکەین .. ئەوەندەش هیمەت ناکەین ، ئەوەندە ڕەخنە دەگرین ودەمانەوێت پاشەقوول لەیەکتری بگرین ئەوەندە دەستخۆشی لە هاوەڵەکانمان ناکەین .. هۆکاری حزبایەتی ملی ئێمەی گەیاندۆتە بەتە باریکەکان .. لە کاتێکدا دەبێت ئێمە یەکەم پشتگیری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ هەوڵەکانی وە ناسینی ئەو دۆسیانە لە ڕێگای وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە وە دەبێت متمانەمان بە تاکە ئەکادیمی و شارەزایان هەبێت . وە لە ڕێگای پارێزەرە زمان زانەکانی خۆمانەوە دۆسیەو پرۆپۆزڵ پێشکەش بکەین و لە هەموو کۆڕو کۆبونەو لۆبی کردنەکاندا ئامادەیمان هەبێت .. ڕەزامەندی بۆکاری نەشیاو خراپ وەر دەگیرێت .. ئەی بۆ هەوڵ بۆ بردنە پێشەوەی دۆسیەی جینوساید نادرێت .. ئایا ئێمە ترسمان لەکام لایە ، لەکاتێکدا نوێنەرایەتی حکومەتی خۆمان ئامادەیە لە گۆڕەپانی ئەوروپادا ، ئەگەر ترسەکان لەسەر دوژمنەکان ونەیارەکانمانە ، ئێ خۆ ئەوانیش ترسیان لە لۆبی و هات و هاوەرەکەی ئێمەیە !!
بۆچی باوەڕمان بە کوڕو کچەکانمان نەبێت کاتێك لە ئەوروپا گەورەبوون یان لەدایك بوون و دەیانەوێت بە زمانێکی پاراوی ئەڵمانی یان فەرەنسی یان ئینگلیزی یان هۆڵەندی خزمەتی گەلی کورد بکەن ! با ڕێکخراوێك بە پارە یان بە دۆستایەتی دۆسیەکەمان بباتە بەردەم یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتوەکان ، ئایا ترس لەوەیە کە بدۆڕیین ، جینوساید بوون یان دۆڕاندن ! بۆچی باوەڕمان بەوە نەبێت لە ڕێگای کەلتوورو هونەرەوە یان تابلۆیەك سەرەنجی پارێزەرە جیهانییەکان ڕابکێشین و پاڵپشتمان بن بۆ ئازارەکانمان ، بەداخەوە ئێمە کەمترین چاپ و بڵاوکراوەمان هەیە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە زمانە کانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیسپانی و ئەڵمانی و ئەوانی تر ، کاتێك گوزەر دەکەیت بەنێو کتێبخانەو زانکۆکانی ئەوروپادا زۆر هەژارین بەرانبەر بەو میللەتەی کە ٦٠ ملیون پترە و کارەساتێکی وەکو جینوسایدو کۆمەڵکوژی تێیدا ڕووی داوەو کەمترین بابەتمان دەست دەکەوێت لە وبارەیەوە بەو زمانە جیهانی یانە .
زۆر کەسایەتی و لایەن هەن نایانەوێت ئەم پرسانە لە سنووری خۆمان بەرەو نێودەوڵەتی بچن ، هۆکار زۆرن بەهۆی نەزانین و ناشارەزاییەوە یان نەبوونی زانیاری پێویست یان نەزانینی زمانی دایلۆك و پرۆتۆکۆڵی یان نەبوونی دەستەیەکی شارەزاو لێهاتوو کە بەرژەوەندی کوردستان بخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە نەك ئەگەر منی تێدا نەبم ئیدی ئەو کارانە خراپن وە بەدڵی ئەو نەبێت !
پێم وایە دەبێت هەموومان پشتگیری لەو دۆسیەیە بکەین کە دەبێت چیتر گەلی کورد جینوساید نەکرێت و ئەو دۆسیەیە بگەینینە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتوەکان تاوەکو بڕیارێک دەربکات و ووڵاتانی ناوچەکەش مەجبوور بکات پابەند بن بەو پڕیارانەوە .

___

گەشبینی و خۆڕاگری دلاوەر هیچ سنوورێک ناناسێت

nusar1

سێگۆشەی بەرمۆدا جیهانە سەیرەکە

nusar1

مرۆڤ لەنێوان گەشەسەندن و چاکسازی لە خودی خۆیدا

nusar1
KDC

FREE
VIEW