KDC

هونەرمەندی کورد حیکمەت هیندی لە حیکمەتی هونەردا

… مامۆستاکەم حیکمەت هیندی فێری وانەی ژیانی کردم


ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەندا1


بە ویژدان قەرزاری ئەو مامۆستایەم کە دەستی گرتم و فێری وانەی ژیانی کردم .. ئەو ڕۆژانەی کە زمانمان تازە کەوتوو بوە گڕوڵە ، ئەو ڕۆژانەی کە فێری ووشەو هونەرو کەلتوورو دونیای هونەر بووم ساڵانی ١٩٨١ مامۆستای هونەرم حیکمەت هیندی بوو هاوکارو باوك و کەسایەتیەکی کاریزما کە بۆ یەکەم جار لە تاقی کردنەوەی پەیمانگای هونەرەجوانەکان وەر دەگیرام لە ڕێگای مامۆستای هونەرمەند عەلی شێخانی یەوە هاوکاری کردم و لێ ی پرسیم کە تۆ خزمی مامۆستا عەلی شێخانیت و هاوکارم بوو بۆ ئەوەی لە پەیمانگا وەربگیرێم و لەو دەرگایەوە فێری مرۆڤایەتی و هونەرو بەهای هونەرو هەنگاوە سەختەکان بووم .
زۆر لە مێژەوە ئەوەم لەهزرو خەیاڵدا بوو کە لەکوێ وە دەست پێ بکەم و چۆن بچمە نێو ژیانی کەڵە هونەرمەندێکی پێشەواو پڕ زانست و مامۆستایەك کە ئەرشیف و خاوەن ئەزمونێکی سەدەیی یە ، بێگومان مامۆستا حیکمەت هیندی بەهەزاران بەرزی و نزمی و زەحمەتی و هەوڵدان لەنێو هونەردا و شەوڕۆژی خستۆتە سەر یەك تاوەکو گەیشتۆتە ئەوەی من و سەدان قوتابی پێ بگەیەنێت لە قوتابخانەکان و پەیمانگاو ناوەندیەکان ، ئەو خاوەن ئەزمونێکی پتر لە نیو سەدەیە لە هونەری شێوەکاری و نواندن و دیکۆرو ماکیاژی هونەری و دروستکردنی کەسایەتی هونەری و کۆمەڵەو ڕێکخراوی هونەری و دەستەو تیپ و شانۆکارو کەسایەتی شانۆکار .. هەموومان ئەو کەڵە هونەرمەندە ناسراوەی کوردستان دەناسین وە لە ڕێگای تەلەفزیون و سوسیال میدیاو بەرنامەی بەرنامەو چەندین شانۆگەری و نواندن و کارە هونەریەکانەوە شارەزایی و کەسایەتی ئەم مرۆڤە بەهرەدارە بووین چ لە نزیکەوە یان لە دورەوە ، کە ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ هونەر لەپێناو مرۆڤایەتیدا .


ناتوانم لەیەك چەمکەوە تێڕوانین و لێکدانەوەم هەبێت بۆ کارە هونەریەکانی مامۆستای بەنرخم ، چونکە لە کاری هونەری شێوەکاریدا ئەو مامۆستای هەمووان بوو ، وە لەسەر بناغەی ئەکادیمی کارەکانی بناغە داناوە وە دایڕشتوە ، بۆیە ئەکادیمەیتی ڕیالیستی دواتر ئەکادیمەیەتی دەربڕین خوازی و بەرەو ڕیالیزمی ، ئەمانە لەکەسایەتی مامۆستاکەمدا کۆ بۆتەوە چ لە مامەڵە کردنی وەکو هونەر وە چ لەگەڵ تاکەکان و کۆمەڵگادا ، بێجگە لەوەی کە وانەی پەیکەرسازی و هێڵکاری و مێژووی هونەر و وانەکانی تری پێم وتۆتەوە ئەو وەکو باوك ومام و کەسێکی نزیك بوو بۆ هەمووان ، لەگەڵ ئەوەدا بەردەوام لە ساڵانی هەشتاکان سەرقاڵی دیکۆر بۆ شانۆگەریەکان و ئارایشتی کەسایەتیەکان و نوسینەوەی دەستنووسەکان بوون ، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی گرنگی هەبوە لەو ساڵانەدا کە پێشانگای هونەرمەندانی سلێمانی ساز دەکرد . بێجگە لە پێشانگا تایبەتیەکانی خۆی ، من وە بیرم دێتەوە کە لە هاوینی ساڵی ١٩٨٥ پێشانگایەکی تایبەتی لە هۆڵی نەقابەی هونەرمەندانی سلێمانی کردوەوە کە بریتی بوون لە ماسکەکان ، وە لە ڕۆژنامەیەکی خەلیجی وێنەیەکی من و ئەوی تێدا بڵاو کرایەوە ، بەڵام بەداخەوەم کە ئەو وێنەیەم نەما بە هۆی کۆچەوە .. زۆر ڕۆژنامەو گۆڤار لەو کاتەدا لەسەر کارو هونەرکەی مامۆستا حیکمەت هیندی نوسیبوی ، ئەوەندەی کە من کەسایەتی و گەورەیی و تێگەیشتنی ئەزموونی ژیانی هونەری سەرەنجی ڕاکێشاوم .. ئەوەندەش نیگا لەو کوردایەتی و نەتەوەیی و خزمەت بە کەلتوورو ڕۆشنبیری و هونەری یە دەگرم کەلە کوردستاندا بەرپای کردوە .
بزوتنەوەی هونەری بەهەموو بەشەکانی یەوە لە کوردستاندا مامۆستا حیکمەت هیندی جێگە پەنجەو ئامادەیی هەبوە لە نێو ئەو بزوتنەوەیەدا کە هەردەم ئێمە پێ ی دەڵێن سەردەمی ئاڵتوونی ، لە بونیادی هەموو کۆمەڵەو دەستەو ڕێکخراو تیپ تا دەگاتە دامەزراندنی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ هونەرمەندان ( عەلی جۆڵاو ئەحمەد ساڵارو بەدیعە دارتاش و ئازاد جەلال و کوردۆ محمە عەلی و هیوا عەبدواللە و عەبدواللە ڕەسوڵ و ئەنوەر قەرەداغی و بەختیار مستەفا ) و دواتر زۆر مامۆستای تر کەلە ساڵانی دوایدا هاتن بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەکو ( فەرهاد شەریف و عەلی کەریم و کۆسرەت جەمال و عەلی شێخانی و دارا حەمە سەعید و سوعاد ستار و قادر میرخان ) و زۆر مامۆستای تر بە داوای لێبوردەنەوە کە ناویانم نەهێناون ، بەڵام خۆشەویستی مامۆستایان و خەم خۆریان لەو سەردەمەدا وای لێهات لە سەدا هەشتای قوتابیان بوون بە هونەرمەندی ناسراوی کوردستانی وجیهانی ، یان ئێستا کەسایەتی گەورەو ناسراون لە هەموو ئاستەکاندا ، وە زۆر بەداخەوەم بۆ ئەو هاوڕێ وبرا هونەرمەندانەم کە شەهید بوون و کۆچی دواییان کردوە .. ئیدی ئەوە قەدەری دونیایە .
پێم وا نی یە من بتوانم لەم نوسینەدا مافی ئەو مامۆستایەم کە پێشەوای هونەرە لە کوردستاندا بەتایبەتی لە شاری سلێمانی بدەم ، چونکە بۆ ئەو جۆرە مرۆڤە دڵسۆزانە مرۆڤ دەبێت لێژکۆڵینەوە و توێژینەوەی تایبەتی وە ووردی هەبێت لە مێژووی ژیانیانەوە تادەگاتە ئەم سەردەمە کە بە پێ ی ساڵەکان گۆڕانکاری هونەری و کەلتووری و سیاسی زۆری بەسەردا هاتووە ، بەڵام ئەوەی کە سومبڵێ خۆڕاگری و ئەو داهێنانەیە کە مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و داهێنەرانەی تۆمار کردوە ، چ لە پێگەیاندنی سەدانی وەکو من یان لاپەڕە هونەریەکان و ئەرشیفەکان شایەتی بەڵگەیین بۆ ئێستاو داهاتوو ، هەر ئەو مامۆستایە بوو کە منی فێری وانەی ژیان وفێری خوێندنەوەو نوسین و ڕێزگرتن و کوردایەتی کردم .
سەرچاوکان :
https://www.youtube.com/watch?app=desktop&v=yWepOpZSyhg

  • ئەرشیفی هونەرمەند شێوەکار ئازاد حەمە ڕەسوڵ
  1. ↩︎

___

بزانە لە ماوەی شەش مانگدا چەند کۆچبەر خنکاون

KDC

ئەمەریکا بۆ ئیسرا ئیل :-ئیران هەرگیز نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی

KDC

هەر پەنابەرێک لە سوید تاوان ئەنجام بدا دیپۆرتی وڵاتەکەی دەکرێتەوە

KDC
KDC

FREE
VIEW