KDC

ئامانجەکانی هونەر

عەلی جمال

کورتەیەک لە روانگەی جیاوازی هونەرمەندانی سەدەکانی هەژدە و نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستی ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی کە ئامانجی هونەر چییە؟

هونەر بەرهەم یان باشترە بڵێین کۆمەڵە بەرهەم و لێکەوتەکانی مێشکی مرۆڤە کە لە ئاراستەی دانانی کاریگەری لەسەر هەست و هزری مرۆڤی
یان گواستنەوەی واتا، دەئافرێنرێن. زانستنامەی بریتانیکا هونەر وەکوو بەکارهێنانی توانا و خەیاڵ بۆ ئافراندنی بەرهەمی جوان بۆ پانتایی ژینگەی مرۆڤیی (بە مەبەستی جوڵاندنی هەستی جوانی پەرەستی مرۆڤ) یان بە مەبەستی بازرگانی کە دەکرێ بخرێتە بەر دەست مرۆڤەکانی دیکە پێناسە دەکات. لە زمانی کوردیدا وشەی هونەر رەنگە بە تەواوی هاو واتای وشەی (ئارت) نەبێ بەڵام ئەمڕۆکە ئیتر ئەم دوو وشە بە یەک واتا بەکار دەبرێن (هەروا کە زانست و ساینس و هتد). پێدەچێ بنەچەی ئەم وشە لە زمانی سانسکریتەوە وەرگیرابێ کە لەو زمانەدا بە شێوەی ”سونەر” یان ”سونەرە” بووە (سو) بە واتای چاکە و ”نەر” بە واتای مرۆڤ) و پاشان لە کوردی ئاوێستاییدا ”س” کراوە بە ”هـ” و ئێستاکە ئێمە وەکوو ”هونەر” گۆی دەکەین و دەینوسین.

لە ساڵی ١٨٧٩دا لیۆ تۆلستۆی کتێبێکی خستە بەر دیدەی خوێنەران بە نێوی ”هونەر چییە؟” و لەودا پەرژایە سەر دژایەتی کردنی ئەو روانگە هزری-جوانیناسانانەی کە پێناسەی هونەرییان بە چەمکی وەکوو ”چاکە” و ”راستی” و ”جوانی”ەوە گرێ دەدا. بە تایبەت پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە هونەر بە ”جوانی”ەوە نەبەسترێتەوە و هەر لەو ئاراستەدا دژی هەرچەشنە پێناسەیەک بوو کە ”چێژ” و هونەری پێکەوە گرێ دەدا. ئەو کە پیوابوو هونەر بەرەو لەنێو چوون و کزی دەڕوات لەم کتێبەدا پێناسەی خۆی بۆ هونەر دەخاتە ڕوو. تولستۆی لەسەر ئەو بروایە بوو کە هونەر شتێک نییە جگە لە گواستنەوەی درک پێکراوەکان (هەست پێکراوەکان) لە لایەن هونەرمەندەوە بۆ لای بەردەنگ بەشێوەیەک کە زۆرترین کاریگەری لەسەر ئەو دابنێت. ئەو پیوایە هەر هونەرمەندێک کە بتوانێ باشتر ئەو بابەتە هەست پێکراوە بگوازێتەوە و وا بکات کە بەردەنگ هەستێکی نزیک لەو هەستە درک پێکراوەی ئەوی هەبێ سەرکەوتووترە. بۆیە بە واتایەکیتر ئەتوانین بڵێین لە ڕوانگەی تۆلستۆیەوە هونەر دەبێ بتوانێ یەکگرتوویی (لانیکەم لە نێوان خۆی و بەردەنگ و لانیزۆر لە نێو هەموو بەردەنگەکاندا) ساز بکات. یەکگرتووییەک کە لە توانای هونەرمەند بۆ وێنا کردنی ئەزمونەکانی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێ. تولستۆی پیوایە منداڵێک کە گورگێکی دیوە و هەتا ئاستی مردن ترساوە و دوایی ئەم رووبەڕوو بوونەی خۆی لەگەڵ گورگەکە بەشێوەیەک بۆ خەڵک دەگێڕێتەوە کە هەموو هەست بەو ڕادە زۆرە ترسەی ئەو دەکەن، باشترین هونەرمەندە. ئەو لە توانای گێڕانەوەی خۆی (هونەر) بۆ گواستنەوەی هەست بە ترسەکەی (ئەزمون) کەڵک وەردەگرێ هەتا بیسەران (بەردەنگ) بتوانن هەرچی زیاتر لە هەست و هزری ئەو کاتی ئەو نزیک بنەوە و هەستی پێبکەن (یەکگرتویی). واتە بە یەک واتا هونەر لە لای تۆلستۆی نومایشی ئەزمونی هونەرمەندە بۆ بەردەنگ. تولستۆی ئەو نمونەی لەسەرێ باس کرا بە هونەرێکی ”چاک” دەزانێ چونکا لەسەر بنەمای ”پێوەندی” ساز کراوە و هەروەها داڵغەی گواستنەوەی هەستی هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە هونەرێک بە ”خراپ” دەزانێ کە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر کۆمەڵگا هەبێ. ئاماژە بە کاریگەری خراپ وا دەکات کە تۆلستی ناچار بێت پێوەرێک ئامادە بکات بۆ ئەوەی کە دیاری بکات ئایا فڵانە کاری هونەری کە لەسەر بنەمای پێوەندی و گواستنەوەی هەست دامەرزاوە ئایا ”بە بایەخ”یشە یان نا ئەو پێوەرە لە لای تۆلستۆی بریتییە لە ئایینی مەسیحیەت. ئەو پیوایە هونەرێک باشە و بەسود و بە بایەخە کە هەستی برایانەی مەسیحییەت پەرە پێبدا. تەنانەت پیوایە کە کەسانێک لە چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا ناتوانن هونەرمەندی باش بن و بەرهەمەکانییان ناتوانێ باش و ”بە سود” بیت چونکا ئەوان جەوهەرەی سەرەکی مەسیحییەتییان لە دەست داوە و سەرچاوەی روانینیان بۆ دنیا تاریکە. ئەمە هەتا ئەو جێگایە ئەچێتە پێش کە بەرهەمە هونەرییەکانی یۆنانی کەونارا بە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ ئایینی مەسیحییەتدا یەکناگرنەوە رەت بکاتەوە و درێژە پێدانی ئەو شێوازە ئیدانە بکات و لە لایەکی دیکەوە هونەرمەندانی وەکوو ریچارد ڤاگنەر و بێتهۆڤەن بە هزرخواز و کەم هەست ناودێر بکات و بڵێ کە گۆرانییەکانی منداڵان و چیرۆکە فۆلکلۆرەکان زۆر لە کارەکانی ئەو دوانە هونەرمەندانەترن و پیوایە سەمفۆنی ژمارە ٩ ی بێتهۆڤەن ناتوانێ کاریگەری لەسەر بەردەنگ دابنێ و ببێتە هۆی ئەو یەکگرتوویەی کە لەسەرێ باسمان لێوە کرد.

ڕا و بۆچوونی تولستۆی بەو هۆکارە بوو کە لە یەکەم کەسانی چاخی مۆدێڕنە کە کتێبێکی تایبەتی لەم بوارەدا نوسیوە و لە لایەکی دیکەشەوە لانیکەم لە بواری تایبەتی خۆیدا واتە هونەری گێڕانەوە یەکێک لە شاخە هەرە بەرزەکانە و را و بۆچوونی دەتوانێ گرینگییەکی تایبەتی هەبێ. بەڵام بۆ ئەوەی کە دیدێکی پانۆڕاما و فرەڕەهەندمان لە باسەکە هەبێ پێویستە ئاماژە بە رای کۆمەڵێکیتر لە هونەرمەندان و رۆشنبیران لەمەڕ بابەتی هونەر و چۆنییەتی ئەو بکرێ، هەرچەن زۆر بە کورتی و تەنیا بۆ ئەوەی کە پیشانی بدەین ئەم پێناسە و بۆچوونانە چەندە لە یەکتر دوور یان نزیکن.

یوهان یواخیم ڤینکێلمانی ”مێژووی هونەر نوس” (١٧١٧-١٧٦٧) پیوایە مەبەستی هونەر شتێک نیە جگە لە ئافراندنی جوانی و جوانیش شتێکی تەواو جیاوازە لە ”چاکی”. ئادام مولەری رەخنەگری ئەدەبی (١٧٧٩-١٨٢٩) پیوایە کە دوو جۆر جوانی بوونیان هەیە. یەکێکییان هونەری کۆمەڵایەتییە کە وەکوو خۆر کە هەسارەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە ئاوا مرۆڤەکان لە خۆی کۆ دەکاتەوە و ئەمە هونەری سەردەمانی پێشووە و ئەویترییان جوانی تاکەکەسییە کە لەودا مرۆڤ لە کاتی ”موراقەبە” و ”ڕامان”دا جوانی بۆ لای خۆی رادەکێشێ و ئەمە هونەری سەردەمە. لوکاچی فیلەسۆف و رەخنەگر (١٨٨٥-١٩٧١) پیوایە ئامانجی هونەر وەخۆ هاتنەوە و خۆناسینی مرۆڤە. جەیمز جۆیس لەسەر ئەو بڕوایەیە کە هونەر تەنیا بۆ هونەرە و یاری دەستی سیاسەت و زانست نییە. ئامراز نییە بەڵکوو خۆی لە خۆیدا ئامانجێکە کە مرۆڤ بەرەو سەرکەوتن دەبا .

مرۆڤ لە خۆیدا حەزی بە کاتاگورایزکردنی بابەتەکان هەیە. حەز دەکا خۆی لەگەڵ ”شتەکان” یەکلا بکاتەوە و پێموایە هەر لێرەوەیە کە دوو چەمکی سەرەکی چاکی و خراپی (رەش و سپی، روناکی و تاریکی، خودا و شەیتان و…) بوون پەیدا دەکەن. ئەمە ئەگەر لە مانا کۆمەڵایەتی و مێژویی و میتۆلۆژییەکەی دەربهاوێن و بیهێنینە ئاستی تاک رەنگە باشتر بتوانێ یارمەتیمان بکات کە لە بابەتی هونەر و چییەتی و ئامانج و هۆکاری تێبگەین. مرۆڤ هەر شتێکی حەز لێنەبێ پی خراپە و بە پێچەوانەوە هەر شتێک ببێتە هۆی ئەوەی کە هەستێکی باشی هەبێ پی باشە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە هەر مرۆڤە بۆ خۆی یەک دنیای تەواو جیاوازە لە مرۆڤەکەی تەنیشتی و دەیان ئێلمان و ئەکتەری دیکە بوونییان هەیە کە کاریگەری لەسەر دادەنێن ئەتوانین بڵێین بە ڕێژەی هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی ویست و سەلیقەی جیاوازمان هەیە.

لە نێو ئەم هەموو چاکە و خراپەدا جار جار دەنگێکی کزیش دەبیسرا کە هونەری بەدەر لەم بابەتانە دەزانی کە وەک لەسەرێ ئاماژەی پێدرا یەکێکییان دەتوانێ یوهان یوخایم ڤینێلمان بێت. بەڵام ناودارترینییان بێگومان ڤیکتۆر هۆگۆی فەڕانسی بوو. بێجگە لە هۆگۆ هەموو هونەرمەندانی ناوداری ”رۆمانتیک”ی دوای شۆڕشی فەڕەنسا لەگەڵ رەوتی ”سەنت سیمۆن” کەوتن کە پێیان وابوو هونەر دەبێ ”چاکە”ی مەبەست بێت و کۆمەڵگا بەرەو پێشەوە ببات و هونەر بخاتە خزمەتی کۆمەڵگا و مرۆڤەوە؛

هونەر بۆ هونەر لە سەرەتادا نە رێبازێکی تایبەت بوو و نە کۆڕ و گروپێکی دیار بوون بەڵکوو کۆمەڵێک شاعیر و نوسەری پەرتەوازە و تا رادەیەک گۆشەگیر بوون کە بە بێزارییەوە لە ڕەوتی باوی هونەری سەردەمی خۆیانییان دەڕوانی و بە هیچ شێوەیەک بابەتەکەیان بە کۆنکرێتی تیۆریزە نەکردبوو. تەنانەت زۆر جاران ئەم ڕا و بۆچوونانەیان دژ بە یەک یان لانیکەم ناهەماهەنگ بوون. هەتا سەردەمی سەرهەڵدانی رێبازی ناسراو بە ”پارناسیەن”ەکان. رەنگە ”بێنیامین کۆنستان” یەکەم کەس بێت کە بە ڕوونی ئاماژە دەکاتە ئەم بابەتە و بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ لە دەفتەر یاداشتەکەیدا دەنوسێ: هونەر بۆ هونەر و بێ ئامانج. چونکا هەموو ئامانجێک هونەر لە سروشتی راستەقینەی خۆی دوور دەخاتەوە. هەڵبەت ئەم نوسینە رادیکاڵەی کۆنستان بە بێ پێشینەی هزری و ئەدەبی نەبوو وەک دەزانین. ڤیکتۆر هۆگۆ کە پێشتر پرسە کۆمەڵایەتییەکانی لە هونەردا ڕچاو دەکرد و ساڵانێک دواتریش باسی لە ئەرکی هونەر کرد لە ساڵی ١٨٢٩دا بە ناوی ”لێز ئۆریەنتاڵ” دا گرینگییەکی زۆری بە فۆڕم و کێش و سەروادا کە لە تایبەتمەندییەکانی رێبازی هونەر بۆ هونەر دەهاتە ئەژمار و رایگەیاند کە: شێعر دەبێ ئازاد بێت و هەر شاعیرێک مافی ئەوەی هەیە کە بەرهەمێکی بێ ئامانج بڵاو بکاتەوە کە هەر شێعر بێت و بەس. لە باسی چاکە و خراپەشدا کە پێشتر باس کرا دەلێ: ”لە شێعردا ”بابەت”ی چاک و خراپ بوونی نییە بەڵکوو شاعیری چاک و خراپ بوونییان هەیە. هەموو شتێک دەتوانێ ببێ بە بابەتی شێعر، هەموو شت دەتوانێ ببێتە بابەتی هونەر و هەموو بابەتێک بۆی هەیە بێتە نێو وڵاتی شێعرەوە، کەواتە نابێ پرسیار بکەین کە چ هۆکارێک بووە بە هۆی ئەوەی کە شاعیر بابەتێکی شاد یان خەمگین، ترسناک یان دڵدارانە، روون یان لێڵ بۆ شێعرەکەی هەڵبژێرێ. ئەبێ سەیری بکەی بزانی چۆنی نوسیوە. ئایا لە نوسینیدا سەرکەوتوو بووە یان نا.” و لە جێگایەکی دیکەدا وتی: ”سەد جار دەڵێم هونەر بۆ هونەر” و تەنانەت کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی لەو گەنجتر پێشەکی کتێبەکەی هۆگۆ (لیز ئۆریەنتاڵ) یان وەکوو کتێبی پیرۆزی خۆیان ناوزەد کرد. بەڵام لە هەموو ئامەن رادیکاڵتر گەنجێک بوو بە ناوی تێئۆفیل گوتیە (١٨١١-١٨٧٢) کە بە تەواوی پشتگیری لە شێعرێک دەکرد کەوا لە بابەتە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و سیاسییەکان بەری بێت. واتە ئەگەر پێشتر هۆگۆ دەیوت شاعیر ”مافی” ئەوەی هەیە شێعر تەنیا بۆ شێعر بنوسێ، ئەم دەیوت شاعیر ”دەبێ” شێعر تەنیا بۆ شێعر بنوسێ. هەر ئەو بوو کە دوای گەشتێکی چەن ساڵە بە نێو وڵاتانی جیاوازدا و دوای گەڕانەوەی بۆ فەڕانسە گروپێکی پێکهێنا کە دروشمیان ”هونەر بۆ هونەر” بوو و خۆی وەکوو رێبەر و هێمای ئەو گروپە دەرکەوت. گوتیە لە پێشەکی دیوانی شێعرەکانی خۆیدا نوسی: ”بە کەڵکی چی دێ؟ جوان بوون. ئایا هەر ئەمە بەس نییە؟ وەکوو بۆنی گوڵەکان وەکوو باڵندەکان وەکوو هەموو ئەو شتانەی کە مرۆڤ ناتوانێ بە ویستی خۆی بیانگۆڕێ و خراییان بکات و بە گشتی هەموو شتێک کاتێک ”کەڵک”ی پەیدا کرد ئیتر ناتوانێ جوان بێ چونکە دێتە نێو ژیانی رۆژانەوە و شێعر ئەبێ بە پەخشان و ئازاد دەبێ بە کۆیلە. هەموو هونەرەکان هەر وان. هونەر ئازادییە، شکۆیە، چرۆ کردنە و کرانەوەی چرۆی رۆحە لە بێکەڵکیدا.

.

___

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی:پرۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی -پاسۆک

nusar1

ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە لە ماوەی دووساڵی تەمەنی دا

KDC

پانتایی جەنگ و کاریگەرێتی گوتار…

KDC
KDC

FREE
VIEW