KDC

پایز و سەمای گەڵا

علی جمال


پایز دەكەوێتە نێوان وەرزی هاوین و زستانەوە. لەم وەرزەدا رۆژ بەرەو كورتبوونەوە دەچێت و لە بەرامبەردا شەو درێژتر دەبێت، پلەكانی گەرماش نزم دەبنەوە.
لە پایزدا گەڵای درەختەكان رەنگیان دەگۆڕێت بۆ زەرد و دەكەونە سەر زەوی، هاوكات چەندین بۆنەی جیاوازی نەتەوەكان و دڵتەنگی و دڵخۆشی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
پایز لە نیوەگۆی باكوور دەكەوێتە نێوان ئەو كاتەی كە خۆر بەسەر هێڵی كەمەرەییەوەیە و سەعاتەكانی شەو و رۆژ یەكسانن، كە دەكاتە 22 و 23ـی ئەیلول، لەگەڵ ئەو كاتەی كە هەڵگەڕانی زستانەی گۆی زەوی لە 21 و 22ی كانوونی یەكەمدایە، هەروەها لە نیوەگۆی باشووریش وەرزی پایز دەكەوێتە نێوان 20 و 21ی ئازار و 21 و 22ی حوزەیران، لە كوردستانیش دەكەوێتە 21ی ئەیلول.
لە وەرزی پایزدا گەڵای درەختەكان رەنگیان دەگۆڕێت و دەكەونە سەر زەوی بەمەش سروشتی ئەو ناوچانەی كە دارستانیان هەیە جوانتر دەبێت و سەرنجی گەشتیاران رادەكێشێت و ئارەزووی گەشتكردن و وێنەگرتنی ناو سروشتیان دەبزوێت، لە كوردستانیش هاوشێوەی زۆرێك لە وڵاتان چەندین فێستیڤاڵی هەمەجۆر و فێستیڤاڵی پایزە بەڕێوەدەچێت. لە باكووری ئەمریكاش ئەم وەرزە كاتی دروێنەكردنی زۆربەی بەروبوومەكانە لەوانە كولەكە و سێو.
لە ناو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتا شەوی پایز، کە درێژترین شەوی هەر ساڵێکە بە شەوی چلە یان شەوی یەڵدا دەناسرێت و خاوەنی پێشنەیەکی مێژوویی دوور و درێژە لەناو ئەو گەلانەد، ئەو شەوەیە کە تیایدا خۆروەگەڕی زستان روودەدات، لە جوگرافیای كوردستانی گەورەدا شەوی یەڵدا بەشەوی 21 لەسەر 22 ی كانونی یەكەم دیاریدەكرێت، هاڵۆوین-یش یەكێكە لەو جەژنانەی كە لە پایزدا دەگێڕدرێت و لە 31ی تشرینی یەكەمدا بەڕێوەدەچێت، تێیدا یادی رۆحە پیرۆزە مردووەكان و پیاوچاكان دەكرێتەوە، جەژنی سوپاسگوزاریش بەهەمانشێوە جەژنێكی نەتەوەییە و لە كەنەدا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەندێك دوورگەی خۆرئاوای هیندستان و لایبیریادا بەڕێوەدەچێت.
پایز زۆرجار بەوەرزی شاعیران ناودەبرێت، ئەم وەرزە لە شیعرەكاندا بەوەرزی خەمۆكی و دڵتەنگی ئاماژەی پێكراوە چونكە، سەرما و سۆڵەی زستانی بەدوادادێت و رەنگی ئاسمان تاریكتر دەبێت و گەڵای درەختەكان دەوەرن، جگە لەوەی زۆربەی باڵندەكان بەرەو هێڵی یەكسانی كۆچ دەكەن و خۆیان لە نزمبوونەوەی پلەی گەرمی دەپارێزن

هەر وەک چۆن کاتێک پێ لەسەر خاکە درزێنراوەکان دەنێین و مۆسیقایەکی جوان دەخوڵقێن، بەهەمان شێوەش ژەنگاوی بوون و خش خشی گەڵاکان وەک یەک هەستێکی گەردوونی بوونمان پێدەبەخشێت و ڕۆحەکان ئازاد دەکات. پایز ئەو وەرزەیە کە هەست و ڕۆحی مرۆڤ دێنێتە خرۆش! ئەو وەرزەی لە دونیایەک ڕەنگ سازبووە و هەر ڕەنگێک دونیای وشەی تێدا شاردراوەتەوە.
پایز بە وەرزی کۆچ پێناسەشی بۆ دەکرێت

واتە، باڵندەکان لەم وەرزەدا هێلانەکانیان بەجێدەهێڵن و ئازادانە لە زەوی و ئاسماندا، بۆ دۆزینەوەی هێلانە و شوێنی شیاو بۆ بەردەوامی دان بە ژیان دەگەڕێن، سەیرکردنی جووڵەی ئەو باڵندانە لەئاسمانی پایزدا هەستێکی ناوازەمان پێ دەدات.

لە تەواوی ئەدەبیاتەکاندا وەرزی پایز دەوری هەبووە و کاریگەری کردووەتە سەر ناوەڕۆک و شێوازی نووسینەکان، بەتایبەت لە کولتووری کوردەواریدا، لەبەرئەوەی مرۆڤی کورد زیاتر گوند و چیانشین بووە و لە ڕابردوودا کەمتر ڕێگەیانداوە سەقامگیر و نیشتەجێ ببێت، بۆیە هۆگرییەکی قووڵ لە نێوان کورد و سروشتدا هەیە و ئایدیای مرۆڤی کورد ئایدیایەکی سروشتییە، ئەمەش زۆر بە تۆخی لە ئەدەبی زارەکیدا ڕەنگی داوەتەوە، سروشت بووەتە هەوێنی دەیان شاکار و بەیت و بەند و باو و گۆرانی، زۆرجاریش وەکو ڕێگایەک بووە بۆ دەربڕینی وشە نەوتراوەکانی ناو خەیاڵی شاعیران و نووسەران.

پایز لەناو ئەدەبیی کوردیدا

پایز بە قوڵی ڕۆچووەتە ناو ئەدەبی کوردی و لەلای هۆنەرانی کلاسیک و نوێخواز بووەتە هەوێنی دەیان هۆنراوە، هەر لەم بوارەشدا، کەژاڵ ئیبراهیم خدر، پایز و گەڵا ڕێزانەکەی دەکاتە ناو دووتوێی هۆنراوەکانی و دەڵێت:

دوێنێ بووی بە گەڵای پایز و

لەوسەفەری ورشەی گەڵاوەریوەکانی

بێ ئاگایی خۆت گەڕایتەوە

بەر لەوەی بگەیتە

ڕێگە بە گوڵ چێنراوەکانی ماڵی من

تەمومژی باخچەی دڵت

کەوتە بەرلێزمەی بارانی

کەپرە ڕووخاوەکەی

ھەستی من.

یەکێکی دیکە لەو شیعرە جوانانەی کە لە پێناسەی پایزدا نووسراون، هۆنەراوەکەی گۆرانە، کە دەڵێت؛

پایز پایز بووکی پرچ زەرد

من مات، تۆ زیز هەر دوو هاودەرد

من فرمێسکم، تۆ بارانت

من هەناسەم، تۆ بای سەردت

من خەم، تۆ هەوری گریانت

دوای نایە: دادم، دادت

هەرگیز هەرگیز

وەرزی پایز بەم شێوەیەش لە هۆنراوەکانی شیرکۆ بێکەسدا ڕەنگی داوەتەوە و دەڵێت؛

ئەمڕۆ پایز باریکرد و ئێرەی جێهێشت

 کە چوومە شوێن هەواری چۆڵ

ئاخێکی لێ بەجێ مابوو

ئاخم هێنایە ماڵەوە

ئەو ئاخە وەک بەتایبەتی

پایز بۆ منی دروو بێ

پڕ بە بەری شێعرێکم بوو

ئەوەی کە لەم ڕاپۆرتەدا باسمان کرد کورتەیەک بوو لە ڕەنگدانەوەی پایز و جوانییەکانی لەناو ژیان و ئەدەبی کوردیدا، لە چیرۆک و ڕۆمان و بوارەکانی دیکەی ئەدەبیشدا وەزری پایز بوونی هەیە و هەوێنی ئیلهامی هۆنەران و نووسەرانە.

پاییز بوو باران نم نم ئەباری
نیگای چاوانی پاییز و مەستی
وەک چەم رژایە دەشتی گیانمەوە
دەستی خوزگەمی خستە نیو دەستی

___

كورد لە ئامێزی چین دا

KDC

جینوسایدی گەلی کورد .و. ناساندی لە نێو کۆمەڵگای جیهانی

nusar1

سەربەخۆبوون و پێکھاتەکانی

KDC
KDC

FREE
VIEW