KDC

کەرکوک بەرەو هەنگاوێکی مێژووی

عەلی جمال


جیاواز لە هەڵبژاردنی هەموو ناوجەکان ئەم جارە دەنگدان لە شاری کەرکوک سیما و گڕوتینێکی جیاوازی بەخۆوە دەبینێت ئەمە بەهۆی دیاری کردنی ئاست و هێزی کورد لەو شارە دا و دیاری کردنی پۆستی پارێزگار سەنگ و قورسای کورد لەو شارە دیاری دەکات تاکو لەم ڕێگەیەوە مافە ڕەواکانی کورد بەدی بهێنێت.
پرسی هەڵبژاردن و بەهێزی کورد لە کەرکوک، تەنها پرسی وەرگرتنی پۆستی پارێزگارێک نییە، لە ڕاستیدا پرسی کەرکوک پرسی دیاریکردنی شوناس و هێزی نەرمی کوردیشە، پرسی خەباتێکی بەردەوامە و حیکایەتێکی دوورودرێژی مێژووییە، پرسی جەمسەربەندییەکی ناوچەییشە کە هەموو جارێک و لەهەموو دۆخێکدا لەڕووی کورددا دەوەستێت و زاری خۆی هەڵدەدات بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک!، کورد لە کەرکوک خەباتی مەدەنی (هەڵبژاردن) ناکات تەنها بۆئەوەی وەک شکڵێکی سیاسی رووپۆشی پۆستەکانی ئەم شارە بکات و وەریانبگرێت، بەڵکو هەموو ئەم خەباتە لەپێناو شوناسە مێژووییە کوردییەکەی کەرکوکدایە، چەندە پۆستەکانی شارەکە لەلای کورد بێت ئەوەندەش مانای دەرهێنانی شارەکەیە لەجەمسەربەندی ناوچەیی و ناوخۆیی و پێداگری کورد.
ئەمجارە لە کەرکوک هەموو لە هەوڵی ئەوەدان سەنگی کورد لە هێز و بوونی کورد وەک هێزی یەکەم دیاری بکەن بۆ هەمووانی بسەلمێنن کە کەرکوک شارێکی کوردستانیە .
ئەگەر گەورەتر لە هەر پۆست و پێگەیەکی سیاسی و زۆر نەتەوەییانەش بڕوانینە هاوکێشەکە، ئەوا جیاوازی (پۆستوەرگرتن) و (سوناس) بۆ کورد لە کەرکوکدا، لەوەدایە کە لەهەر ئەگەرێکیشدا کورد پۆستێک بەدەست نەهێنێت و لایەنێکی دیکە لەناو (سیناریۆیەک و گەلەکۆمەکێیەکی ئیقلیمی و ناوخۆییدا) ئەو پۆستە بۆ خۆی بباتەوە، ئەوا ئەو دۆخە بەمانای دەستبەرداربوونی کورد نییە لە کەرکوک، بۆ کورد ئاسایی نییە شوناس و هێزی نەرمی خۆی لە کەرکوکدا بدۆڕێنێت و بچێتەدەرەوەی ئەو مێژووە گەورەیەی خەباتەوە کە کورد لەپێناوی کەرکوکدا کردوویەتی و هەرگیزیش دەستبەرداری نابێت، چونکە شەڕی کورد لەکەرکوکدا بە لەدەستدانی پۆستێک کۆتایی نایەت و مانای سڕینەوەی هەمیشەیی نییە و لەزۆر هەوراز و نشێویشدا ئەو بەرز و نزمییەمان بینیومانە.
بۆ ئەمڕۆ هەڵبژاردن و بەرگری لە شوناسی کوردستانیەتی کەرکوک، دوانەیەکی تەواوکاری یەکترن و پێویستە لەهەردوو بەرەکەدا کورد قوربانی بۆ بدات، دەبێت بزانین و بەئاگابین کە ئەوەی هێزی ململانێکاری کوردە لەناو یارییەکەدا تەنها لەهەوڵی بەدەستهێنانی پۆستە باڵاکانی ئەو شارەدا نییە، بەڵکو لەهەوڵی ئەوەدایە کە زمان و هێزی نەرمی کوردیش لە کەرکوک بشێوێنێت، گۆڕینی تابلۆی چەند دام و دەزگایەک لە کەرکوک و کارنەکردن بە زمانی کوردی، دۆخێکی گشتی نییە لەسەر ئاستی عیراق ململانێی زمانەکەمان گەیشتبێتە ئاستی سڕینەوە، بەڵکو دۆخێکی تایبەتە و تەنها لە کەرکوکدا دەبینرێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە کورد بە خەباتی مەدەنی و بەهێزی نەرم و شوناسیش لە ململانێی چەندان بەرەی نەیارەکانیدایە لە کەرکوک، جا چ ناوخۆیی بێت یان هەرێمی بێت.
بەمانا و تەعبیرێکی دیکە، کورد لە کەرکوک تەنها لەبەردەم ململانێیەکدا نییە کە ناوی هەڵبژاردنە و وڵاتی هەرێمی هەیە هاتۆتەناو هەڵبژاردنەکەوە، بەڵکو کورد پێش هەڵبژاردن و پاش هەڵبژاردنیش لەبەردەم ململانێی شوناسدایە و پێویستە سەرسەختانە بەرگری لێبکات و هەموو سیناریۆ و پیلانێک دژی کورد لەکەرکوکدا، پوچەڵ بکاتەوە.
هەربۆیە ئەمجارە هەموو پێکەوە هەنگاو بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بنێن سمبولی جوانی کوردان پیشانی هەمووان بدەن بڵێن کەرکوک کوردستانیە و کەرکوک شارێکی دانەبڕاوەی دڵی کورستانە هەرگیز بیر و بۆچوونە جیاوازەکان لە ناو کوردا ڕێگر نین لە یەک دەنگی کورد ،هەموو کات کورد ئەوەی سەلماندوە لە هەر بارودۆخێکی قورسی بڕیارداندا هەموان پێکەوە دەست لەناو دەست و یەک دەنگ بڕیاری خۆیان داوە پشتی دوژمنانی گەل و خاکیان لە زەوی داوە ، بژی کوردستان هەرشەکاوە بێت ئاڵا جوانەکەی کوردستان ،
هەنگاو بەر سەرکەوتن پشت بەخودا .

___

شانۆی کوردی بەرە و کوێ

nusar1

ھەڵەبجەکەم

nusar1

کلاسیکۆ

nusar1
KDC

FREE
VIEW