KDC

دکتۆر عەلی گۆران: سیستمی تەندرووستی هەرێم پاشماوەی بەعسە و بەسەرچووە، پێویستە بونیاد بنرێتەوە

دکتۆر عەلی گۆران پزیشکی پسپۆری منداڵان لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ماڵپەری رەوەندی کورد لە دەرەوە، هەندێ پرسی بوارەکە بە تایبەتی و پرسی سیستمی تەندرووستی هەرێمی کوردستان باس دەکات، هاوکات پێیشیوایە کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێی نووسینگەکانییەوە دانیشتنیان لەگەڵدا بکات و، گوێ لە بۆچوون و پێشنیارەکانیان بگرن، تا هەموان پێکەوە بتوانن لە خاڵی سفرەوە دەست بە بونیادنانەوەی سیستمی تەندرووستی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە وەکخۆی گوتەنی سیستمی تەندرووستی لە هەرێمدا، سیستمێکی کۆنی پاشماوەی بەعسە و سیستمێکی تێکەڵاوی کۆنە و بەسەرچووە.

لە کوردستانیش بە سیستمی ئەورووپی پێشوازی لە منداڵە نەخۆشەکان کردووە

دکتۆر عەلی گۆران ئاماژە بەوە دەدات، کە کارکردن وەک پزیشکی منداڵان، هەر لە منداڵییەوە هیوا ئەو بووە، ئەو هیوایەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٧٦ و ئەو کاتەی ئاوارەی ئێران بوون، خوشکێکی بچووکی که تەمەنی یەک ساڵان دەبێت و، له ئۆردوگای پەنابەران دەبن، نەخۆش دەکەوێت و  هەر بە هۆی ئەو نەخۆشییەشەوە گیان لە دەست دەدات.

ئەو کاتێ گەڕاوەتەوە کوردستان وەک پزیشکی منداڵان دەست بەکار دەکات، بێ بەرانبەر و بە شێوازی ئەورووپی پێشوازی  له منداڵانی کورد و بنەماڵەی پێشمەرگه و شەهیدان  و کوردانی رۆژئاواش کردووە، وەکخۆی باسی دەکات، هەمیشە ژوورەکەی رازاوه بووه به وێنەی جوان بۆ منداڵان و جۆرەها ئامێری یاری بۆ منداڵان و، رێنمایی پێویستیشی  له دیوار و دەرگای ژوورەکەی داوە بۆ دایک و باوکی منداڵان، کە رێنماییەکانیش چ بە نووسراو، یا به وێنه بوون “هەندێ جاریش وەکو بروشیور، (کورته نووسین و رینمایی گشتی) بوون”.

پزیشک دەبێ وەک دار بی وابێت

دکتۆر عەلی گۆران، پێیوایە، کە دەبێ پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش و کەسوکاری نەخۆش پەیوەندییەکی دوو قۆڵی بێت و هەردوو لا  له یەکدی رازی بن، هەروەها دەشبێ کە پەیوەندی نێوان پزیشکەکان و بەڕێوەبەر و ئیداره و ستافی نەخۆشخانه لە ئاستێکی زۆر باش و تەندرووست بن، بەو پێیەی کە پێکەوه کارکردن بە لای ناوبراوەوە زۆر باش پێویسته له بواری تەندرووستی.

ئەو جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە دەبێ پزیشکان دەبێدوور بوون له خۆ بە زل زانین و لووت بەرزی، بە لای ئەوەوە دیاردەیەکی ناشرینه، “پزیشک دەبێت وەک داری بی وابێت”، بۆیە پێیوایە دەبێ هەرچی زاناتر بن، دەبێ زۆرتر به رەوشت و خاکیتر بن و له نێو خەڵکدا بن و، له نێو دڵی کۆمەڵگاشدا جێ دەستیان دیار بێ و له نێو نەخۆشەکانیشدا خۆشەویست بن، هەروەها دەشڵێ، کە دەبێ پزیشک پەیوەندییەکی تەندرووستیان لەگەڵ نەخۆش هەبێ و جێگای بڕوا بن و پارێزەری نهێنی نەخۆش بن، هاوکات بەیەک چاو و بەبێ جیاوازی ئایینی و بیر و بڕوای حیزبی و نەتەوەیی کار بکەن و، رێز له زمان و زاراوە و ئایین و رەگەز و نەتەوەی بەرانبەر بگرن، وە هەژار و دەوڵەمەند و گەورە و بچووک به بێ جیاوازی چارەسەر بکەن.

بەشێکی پزیشکان و پەروەردەی خێزانی هۆکارن بۆ ترسی منداڵ لە پزیشک و نەخۆشخانە

هەمیشە منداڵانی کوردستان ترسیان لە چوونە نێو نەخۆشخانە بۆ لای پزیشک هەیە، دکتۆر عەلی گۆران، چەند هۆکارێک بۆ ئەوە دەخاتە روو، کە دەڵێ، بە داخەوە، هەڵەیەکی زۆر گەورە لە نێو کوردەواریدا هەیە، کە منداڵ به نەخۆشخانه و دەرزی و پزیشک دەترسێنن، بەوەی کاتێ منداڵەکە نا ئارامه، یا خواردن ناخوات، یان ناخەوێت، ئیدی بەوه دەیترسێنن که دەیبەنە نەخوشخانه بۆ لای (د. علی) تا دەرزیت لێ بدات!

ناوبراو ئاماژە بەوەدەدا، کە هەر له تەمەنی بچووکییەوە رق و کینەیان بەرانبەر پزیشک و نەخۆشخانه لای منداڵەکان درووست دەکەن، بۆ ئەوەش پێیوایە دەبێت خانەوادەکان منداڵەکانیان فێر بکەن، کە نەخۆشخانه دامودەزگایەکی تەندرووستییه بۆ پاراستنی نەخۆش و منداڵ له نەخۆشی، هەروەها پزیشک و ستاف هاوکارن بۆ پاراستنی مندال و نەخۆش له کاتی ئازاری جەستەیی و دەروونی.

هەربۆیەشە پەروەردەی خێزانی بەلای دکتۆر عەلییەوە تایبەتی خۆیی هەیە و باس لەوە دەکات، کە سەرەتا پەروەردەی خێزانی زۆر گرینگه، چونکە له ماڵەوه دەست پێدەکات، وەک باوک و دایک، خوشک و برا و داپیر و باپیر و پوور و خاڵ و مام و کەسوکاری منداڵان، تا قۆناغی دواتر کە مامۆستا و درواسی و مامۆستای ئایینی و سێکتەرە و کاراکتەرەکانی دیکە.

بەلای دکتۆر عەلییەوە، تەنیا هۆکار پەروەردەی خێزانی نییە، بەڵکو بەشێکی دیکەی هۆکارەکەش بۆ پزیشکانی منداڵانیش دەگێڕێتەوە و دەڵێ، تەنانەت پزیشکانیش بەشێک لە ترساندنی منداڵان، یانیش مامەڵەی  خراپی هەندێ پزیشک نەک لەگەڵ منداڵان، بگرە لەگەڵ دایک و باوکی منداڵە نەخۆشەکانیش جوان نییە و هەڵەیە، تەنانەت ستافی نەخۆشخانەکانیش پێویستی زۆرتریان به راهێنان هەیە، بۆ وەرگرتنی منداڵانی نەخۆش و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان.

هەندێ هەڵەی باو 

دکتۆر عەلی روونی دەکاتەوە، کە هەندێ هەڵەی باو لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەن و نموونە دێنێتەوە، وەک ئەوەی منداڵێکی ٤ساڵان لە کاتی یاریکردن و لە وەرزی هاویندا، زوو تینووی دەبێت، بەڵام فێر نەبووه له کوێ ئاو بخواته، تا نەخۆش نه بیت! بۆ نموونه دەبێ به س ئاو له نێو ساردکەرەوە، یا بۆری ئاو، ئاو بخواتەوه. یانیش زۆربەی دایکان نەوت دەکەنه نێو دەبەی بەتاڵ و، له حەوشە و لەبەر دەستی منداڵ دادەنرێت، کە ئەوەش هەڵەیە و زۆر منداڵان لە بری ئاو، ئەو نەوتەیان خواردۆتەوە، دەشڵێ هەڵەیە کە ئەوکاتەی منداڵ نەوت دەخواتەوە، دایک، یا کەسوکاری منداڵەکە هەوڵ دەدەن منداڵەکە بڕشێننەوە، یا کە دەشبرێتە نەخۆشخانە، پزیشک لە بری ئەوەی چارەسەری منداڵەکە بکات، هەڵدەستێ بە سەرکۆنەکردنی دایکی منداڵەکە لە بەرچاوی منداڵ و ستاف و ئەو خەڵکەشی لە نەخۆشخانەکەدایە!

ئەو نایشارێتەوە، تا ئێستا جیاوازی نێوان حاڵەتی فریاگوزاری و حاڵەتی سرووشتی لە بنکە تەندرووستییەکان و نەخۆشخانەکانی کوردستاندا زۆر پەرەی پێنەدراوه و مۆدێل و فریاگوزااری گشتیی لاوازن، لەوەش سەیرتر بە لای دکتۆر عەلییەوە، ئەوەیە،کە دەست تێوەردانی خەڵکی له کاتی فریاگوزاری گشتیی و کۆبوونەوه لەسەر نەخۆش و، رێگا نەگرتن له ستافی فریاگوزاری جێگای خۆی نه گرتووه له کوردستان.

هۆکاری نەمانەوە لە کوردستان و گەڕانەوە بۆ ئەورووپا

دکتۆر عەلی دوای ئەو چەند ساڵ ژیانکردن و خزمەتکردنەی بواری پزیشکی لە کوردستان، دەگەڕێتەوە ئەورووپا و ئاماژە بە زۆری هۆکارە دەدات، کە ئەویان ناچار بە گەڕانەوە کردووە، کە بەسەر دوو هۆکاری وەک گشتیی و تایبەتی ناوی دەنێت، وەک هۆکاری نائارامی و ناسەقامگیری کە له ناوچەکەدا هەن، وە هۆکاری ئابووری و، هۆکاری نا نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، هۆکاری نه بوونی خزمەتگوزاری گشتیی بۆ هاووڵاتی، هەروەها هۆکاری نەبوونی سیستمێکی درووست بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی زانستی، یانیش کاڵبوونەوە و تووندوتیژی نێوان هاووڵاتی و دامودەزگاکانی میری و ته ندرووستی به تایبەت.

لای ئەو نەبوونی پلان و رێگاچاره بۆ ئاسایی کردن و سه قامگیری و پاراستنی پزیشکان و کارمەندانی تەندرووستی، هۆکاری دیکەی گەڕانەوەی بوون، هەروەها لاوازبوونی سەروەری یاسا و دادوەری و پاراستنی مافی هاووڵاتی و پزیشکان له کاتی ده وامی فەرمییشدا هۆکاری دیکە بوون، وە نەبوونی پلانێکی درووست بۆ بە دواداچوونی گله و گازندەی هاووڵاتی و لێنەپێچینەوه له تاوانبار و سزادانی تاوانبار، هاوکات سست بوونی سیستمی دەستخۆشی بۆ خۆبەخش کارکردن له کاتی تەنگ و چەڵەمه لە لایەک، لە لایەکی دیکەیش بڕینی مووچه ی کارمەندان و فەرمانبەران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و به شێوازی لێبڕین، یا نا ڕێک و پێکیش بە هۆکاری دیکەی دانا.

دکتۆر عەلی هۆکاری دیکەیش دەخاتە روو، وەک کەمبوونی خزمەتگوزاری گشتیی له کەرتی تەندرووستی و، کەمبوونی دەرمان به رێژەیەکی زور و درووستبوونی کێشه له نێوان هاووڵاتی و کەرتی ته ندرووستی و کارمەندانی تەندرووستی، یا نەبوونی سەندیکایەکی پزیشکی رێکوپێک بۆ گەشەکردنی پزیشکان و کارمەندانی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دانانی کەسانی ناشارەزا لە شوێنی هەستیار و دەست تێوەردانی بەرپرسانی حیزبی  لە کاروباری تەندرووستی لە شوێنە جیاوازەکان، هۆکاری دیکەی گەڕانەوەی ئەو بوون. 

سیستمی تەندرووستی کوردستان چێشتی مجێورە

دکتۆر عەلی سەبارەت بە چۆنییەتی سیستمی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان بە داخەو ئاماژە بەوە دەدات، کە سیستمێکی تایبەت، یا سەربەخۆ نییه، وەک جەخت دەکاتەوە و دەڵێ: “دەتوانم بڵێم سیستمێکی تێکەڵاوه،  وەک مام هه ژار گوتەنی، چێشتی مجێوره، سیستمێکی کۆنە، که له پاشماوەی حکوومه تی بەعسییەوە به جێماوه، تێکەڵاوکردنی ئەو سیستمه کۆنه لەگەڵ هاوردەکردنی سیستمی ئیسلامی و رۆژئاوا  و تێکەڵ کردنیان به شێوەیەکی بێ بەرنامه و بێ دانانی پلان و بێ پێداچوونەوە و بێ رێکخستن، یا نەبوونی سیستمی بیمەی تەندرەوستی بۆ هاووڵاتیان و، رێکنەخستنی ئەو سیستمه بۆ ئاسانکاری کار و باری هاووڵاتیانی نەخۆش له کاتی سەردانیان بۆ لای پزشک و نەخۆشخانه، کارێکی ئەستەمه و پێویستی بە کات و پسپۆر هه یه، کەچی له ماوەی ئەم ٣٠ ساڵه هیچ هه نگاوێک بۆ ئەو مەبەستانە نەنراون” .

دونیا زۆر خێرا پێش دەکەوێت و سیستمەکان له رێگای ئامێری پێشکەوتوو و داهێنانی نوێ، زۆر خێرا گەشەیان کردووه، هەربۆیەشە دکتۆر عەلی گۆران دەڵێ، کە ئەگەر ئەوان به شێوازی جوان و تەندرووست به کاریان ببەن، ئەوا زۆر یارمەتیدەرن بۆ پێشخستنی سیستمی بیمه و کارئاسانی هاووڵاتیان و دامودەزگای ئیداری و میری.

هاوکات باس لەوەش دەکات، کە سوود وەرگرتن له ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتووی هەندێ بواری جیاواز وەربگرین، کە زۆر یارمەتیدەره بۆ سیستمێکی باش، به تایبەت له بوارەکانی پەروەرده، تەندرووستی، بیمەی تەندرووستی، کار و ناسنامەی میللی، هاتووچۆ، داهێنان، باری کۆمەڵایەتی، هەروەها ئامار و ژمێریاری و خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ و سەرچاوەی ئاو و ژێرخانی ئابووری و، رەخساندنی کار بۆ لاوان و هاووڵاتیان.

دکتۆر عەلی ئەوەش روون دەکاتەوە، کە له ئەڵمانیا سەد ساڵ زیاترە بیمه ی تەندرووستی هەیه و ساڵ به ساڵیش رێک دەخرێتەوە و پێداچوونەش هەیه، کە له رێگای دەزگای بڕیاردەر و پەرلەمانەوە رێکدەخرێت و یەکسان دەکرێت، تێیدا پسپۆر له بواری تایبەت و له جێگای تایبەت لێکۆڵینەوه و پێداچوونەوە بە گیروگرفتەکان دەکات و، رێگای چارەسەر بەبێ جیاوازی حیزبی و نەتەوەیی و ئایینی پێشکەش به دەزگاکانی باڵای خۆی دەکات، ئیدی لەو رێیەوە کار بۆ لابردنی کێشەکان و رێکخستنی سیستمەکان دەکرێت .

بۆیە ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەرکی حکوومەتە و دەبێت خەمخۆری ئەو گرفتانه بێت، وە میللەتیش دەبێ پێشوازی له کاره جوانەکان بکەن، هەروەها پسپۆر و شارەزاکان دەبێ کۆڵ نەدەن و خۆبەخشانە لەو بوارەدا چالاک بن، پێیشی وایە، کە ئەو گرفتانە به رۆژ و به هەفته و به مانگ و یەک ساڵ و دوو ساڵ چاره ناکرێن، بەڵکو مەودایەکی درێژ و پشوویەکی فراوانی دەوێت، “بەڵام دەبێ له خاڵێکەوه دەست پێبکرێت، دەبێ کۆمەڵێک بۆ راهێنان که ئاره زوویان هەیه سیستمێکی باشمان هه بێ، رەوانەی وڵاتانی جیاواز بکرێن و، پاشان پێکەوه به شێوەیەکی جوان ئه و پلانه داڕێژن”.

دکتۆر عەلی ئەوەش دەخاتە روو، کە کوردانی تاراوگه دەتوانن له رێگای نووسینگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له ئەورووپا و به یارمەتی کۆمەلەی پزیشکانی کورد له ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەورووپا، کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنیان بۆ بڕەخسێنن و، داوایان لێ بکرێت و پاڵپشتیان بن و گوێ له پیشنیارەکانیان بگرن، ئیدی هەر یەکە و لە بواری خۆی بەشدار بن، ئەویش لە پێناو بونیادنانی سیستمێکی تەندرووستی سەردەمیانه، “له خاڵی سفرەوه دەست پێبکەین و بەردەوام چاودێری بکرێت و رێکبخرێت، تا بگەینه ئامانجه راستەقینەکانمان”.

ژیاننامەی دکتۆر عەلی عەبدوڵڵا گۆران:

دکتۆر عەلی عەبدوڵڵا گۆران، رێککەوتی ١٠ی٩ی١٩٦٧ له شارۆچکەی خانەقین و له بنەماڵەیەکی کوردی کاکەیی (یارسان) و له عەشیرەتی گۆران و کوردپەروەر لە دایکبووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی به زمانی کوردی له قوتابخانەی باوەمەحمود خوێندووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئاوارەی ئێران دەبێت.

له ئێران خوێندنی دواناوەندی تەواو دەکات و دەچێته ریزی شۆڕشی گوڵان و دەبێتە پێشمەرگە و، تا دواتر لە ساڵی ١٩٨٩   بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، دەچێته یەکێتی سۆڤییەت و لە ساڵی ١٩٩٦ زانکۆی پزیشکی تەواو دەکات.

بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی کە لەگەڵ قوتابیانی کوردی هەر چوارپارچەکەی کوردستان هەیبووە، ساڵی ١٩٩٤ تا ١٩٩٦  له بیلارووس دەبێتە سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کورد.

ساڵی ١٩٩٧ داوای پەنابەری له ئەڵمانیای فیدراڵ دەکات و له شاری بۆن نیشتەجێ دەبێت.

سالی ١٩٩٨ پەیوەندی به ناوچەی بۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دواتر دەبێتە بەرپرسی ناوچە.

بۆ ماوەی ٦ ساڵ له نەخۆشخانەکانی بۆن وەک: (ئاخن، کوبلنس و شمالنبرگ) کار دەکات و دواتر له ساڵی ٢٠٠٧ دەگەڕێتەوە کوردستان و لە شارۆچکەی شەقڵاوە نیشتەجێ دەبێت.

له کوردستانیش وەک پزیشکی شارەزا له نەخۆشییەکانی منداڵان و ناکامەکان کار دەکات، تا ساڵی ٢٠١٧.

لەو ماوەیەدا وەکو جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانه بۆ ماوەی ٨ساڵ و، هاوکات وەک مامۆستای راهێنەری نەخۆشییەکانی منداڵان و هەروەها نەخۆشییە دەروونییەکانیش یاوەری قوتابیانی پەیمانگای شەقڵاوه دەبێت.

ساڵی ٢٠١٨ دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا و لە شاری بادپیرمونتی وەک پزیشکی شارەزای گشتی له نەخۆشییەکانی جەستەیی- دەروونی ( Psychosomatik) دەست بەکار دەبێت و تا ئێستا بەردەوامه.

___

دوای ژێر ئاوکەوتنی کەشتی مۆسکۆڤا ،لەدەریای ڕەشەوە هەڕەشەی دروست بۆ سەر ئۆکرانیا هەیە

nusar1

بەریتانیا: کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییان ڕێکخست

nusar1

‎ ناوەندی بێرمینگهام بەشداریی سیمینارێکیان کرد

nusar1
KDC

FREE
VIEW