سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، و دوو ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا کۆبونەوە و چەندین پرسی تایبەت بە کورد و ڕووداوەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، تێیدا سەرۆکی کۆنفدراسیۆن ئامادەیی دەربڕی پرسی ڕۆژئاوا ببەنە سەر مێزی وڵاتان.
ئسیماعیل کامل سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە ئامادەبوونی دکتۆر نورەدین خۆشناو کوردیناتۆری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەگەڵ هەریەکە لە عەبدولحەکیم بەشار ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا و جێگری بەرپرسی کوالیسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، سەعید عومەر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا لە هەرێمی کوردستان کۆبونەوە.
لەو کۆبوونەوەدا، باس لە پێکەوە کار کردن و هەماهەنگی نێوان کۆنفدراسیۆن و پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا لە وڵاتانی دەرەوە کرا ، هاوکات پرسی ڕۆژئاوا و ڕووداوەکانی باسێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو، ئەوەشی جەختی لەسەر کرایەوە، کە کۆنفدراسیۆن پرسی ڕۆژئاوا بگەیەنێتە سەر مێزی نێودەوڵەتی و بە شێوەیەکی بەرچاوڕوونی بکاتەوە، چونکە پرسێکی هەنوکەییە و وڵاتانی دەرەوە گرنگی پێ دەدەن، بە تایبەت لە ڕووی بەرگری و شەڕێ داعش، کە هێشتا ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە بوونیان لەوێ ماوە.
جێی باسە، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، کە پەیوەندییەکانی هەردوولا پتەوتر بن و هەماهەنگی یەکتر بن لە دیاسپۆرا، ئەوەش لە پێناو دۆزی کورد و کوردستان، هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا، کار و چالاکییە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەرز نرخاند، کە لە وڵاتانی دەرەوەدا رۆڵی خۆی لە پێناو پرسی نەتەوەیی بینیوە و بە شۆڕش و تێکۆشانی سەردەمیانە وێنایان کرد.