کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامێکیان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی یادی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردستان بڵاو کردەوە، کە تێیدا سەرجەم قوربانیانی ئەو تاوانەی کە رژێمی فاشیستی بەعس ئەنجامیدا، بە سەد و هەشتا هەزار هاوڵاتی کوردی بێ تاوان خەمڵێندراوە، جەختیش لەوە دەکەنەوە، کە پێویستە هەموو لایەک پێکەوە کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە و قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاریان بکەن.
دەقی پەیامەکە:
ئەمڕۆ 36 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كارەساتی ئەنفالی گەلی کوردستان لە باشوور، کە لەسەر دەستی رژێمی فاشیستی بەعسدا ئەنجامدرا، کە تێیدا سەد و هەشتا هەزار هاووڵاتی بێ تاوانی کورد لە چەند پرۆسەیەکی جیاجیای ئەنفالدا کۆمەڵکوژ کران، پێویستە هەموو تاکێکی کورد چ لە ئاستی خۆی، یا ئاستی کۆنفیدراسیۆن و کۆمەڵە کوردستانییەکان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانە گەورە بکەن و، هەوڵی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالیش بدەن.
لێرەوە سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی قوربانیانی ئەنفالی بەدناو و کەسوکارە سەربەرزەکانیان دادەنەوێنین.
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
14.04.2024