KDC

كەنەدا: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری میسیساگا دامەزرا

بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریكا و کەنەدا، هەروەها سەرتیپ كاكەیی سەرۆكی فدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی لە كەنەدا، ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕۆژئاوای تۆرۆنتۆی گەورە بە سەركەوتویی دامەزرا


سەرەتای كۆبونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستیپێكرد.

دواتر سەرتیپ كاكەیی وێڕای بەخێرهاتنی نوێنەری کۆنفدراسیۆن و نوێنەرانی ناوەندەكانی تورۆنتۆ، لەندەن و ئەدمەنتۆن، لەسەر گرنگی دامەزراندنی ناوەندی میسیساگا، كە زۆرتر كوردستانییانی ڕۆژئاوای كوردستان لەو هەرێمە نیشتەجێن قسەی كرد.

ئەوجار د. ئیسماعیل كامل سەرۆكی كۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕێگای تەلەفونەوە قسەی بۆ ئامادەبووان كرد و ئامانج و بەرنامەكانی كۆنفدراسیۆنی شیكردەوە.

دواتر ڕەحیم ڕەشیدی بە ناوی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتی كاك دلاوەر و هاوڕێكانی كرد بۆ ڕێكخستنی كۆبونەوەكە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفدراسیۆن سەبارەت بە بەرنامە و پڕۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەسەر ئاستی جیهان بە گشتیی، ئەمەریکای باکور بە تایبەتی قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و بایەخی ئەو هەنگاوەی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە شیکردەوە و ڕایگەیاند کۆنفدراسیۆن بە ئامانجی کۆکردنەوەی کوردستانییان و یەکخستنی هێز و تواناکانیان لە پێناو خزمەت بە کوردستان دامەزراوە و موڵکی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە و لە دەرەوەی بازنەی حزبایەتی تێدەکۆشی و چەتری کۆکەرەوەی هەموو کوردستانییەکی دڵسۆز و خەمخۆرە.

مستەر کورد بە پێداگیرییەوە باسی لەوە کرد ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی وەک ناوەندێکی چڤاکی سەربەخۆ خزمەتی دۆزی کوردستان دەکات، هاوکات ناوەندەکە هەوڵ دەدا کۆکەرەوەی زۆرترین ڕێژەی کوردستانییان بێت، لەم بوارەدا بە بەرنامەی زانستی و سەردەمیانە تێدەکۆشێ تا ڕەوەندەکەمان بە شێوەیەکی ئەمڕۆیی کەڵک لە بوار و دەرفەتە یاساییەکانی وڵاتانانی ئەمەریکا و کەنەدا وەربگرێت.

نوێنەری كۆنفدراسیۆن لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا باسی لەوە کرد، کە لەسەر نەوەكانی دووهەم و سێهەم و دواتری كوردستانی لە دەرەوە كاردەكەن و هەوڵدەدەن کوردستانییان پتر لە ناوەندی و گرێچنی سیستەمی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا جێگای خۆیان بکەنەوە، تاکو لەم ڕێگایەوە باشتر و بەربڵاوتر پشتیوانی زۆرتر بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان دەستەبەربکەن. ڕەشیدی لە ناوەرۆکی قسەکانیدا بە وردی پەرژایە سەر ئەو ڕاستییە، کە کۆنفدراسیۆن بایەخێکی تایبەت بە لاوەکان دەدا.

هەروەها مستەر كورد باسی لەوە كرد تاكوو ئێستا نزیك بە ٤٥ ناوەند لە جیهان، كە حەوت ناوەند لە كەنەدا دروستكراون و نزیك بە ٤٠ ساز و ڕێكخراوی سڤیل و نزیك بە ١٥ فدراسیۆن پەیوەست بە كۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی هەن.

ئەوجار لە کەشوهەوایەکی ئازاد و دیموکراتیدا ئامادەبووان دید و پێشنیار و ڕەخنەکانی خۆیان هێنایە بەرباس و لە بڕگەیەکی دیکەدا نوێنەری کۆنفدراسیۆن و سەرۆكی فدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی لە كەنەدا بە ڕێزەوە وەڵامی ڕەخنە و پرسیارەكانی ئامادەبووانییان دایەوە. دواتر ئەمیر موحەممەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری فدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی لە كەنەدا باسی لە تۆماركردنی ڕێكخراوەكە و لایەنە یاساییەكانی تێكۆشانی ڕەوەند لەو وڵاتە کرد.

لە دوایین بڕگەدا لیژنەیەکی ٥ کەسی بۆ سەرپەرشتی کردنی هەڵبژاردن دیاریکران و ئینجا بە ڕەزامەندی سەرجەم ئامادەبووان لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیدا هەر یەکە لە:

١. حەسان مستەفا
٢. ڕۆنی زاڵ
٣. سەربەست زێبار
٤. ڕوقەیا حاجی
٥. ڕاکان حەسی
٦. سوبحی ئەحمەد
٧. سەعيد شێخێ

بە ئەندامی سەرەکی ناوەندی ڕەوەندی كوردستانی، هەروەها موحەمەد موسلم و شێرڤان بەکیر بە ئەندامی جێگری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری میسیساگا هەڵبژێردران.

لە یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی هەڵبژێردراودا حەسەن مستەفا بە بەرپرس و ڕۆنی زاڵ بە جێگری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری میسیساگا و ڕۆژئاڤای تورنتۆی مەزن هەڵبژێردران.

___

یارییەکانی ئەمڕۆ

nusar1

لە سەرەتای جەنگەوە ڕوسیا ژمارەی فرۆکە ونبووەکانی ئاشکراکرد

nusar1

ڕوسیا کارەبای لە فینلەندا دەبڕێت

nusar1
KDC

FREE
VIEW