KDC

لە یادی ئەنفالی بارزانیەکاندا با هەموومان کوردبین و کوردایەتی بکەین


سوورە مەرگەیی..


عەرەب چ شیعە و چ سوونە کوردبوون بە تاوان دەزانن و لە زەوتکردنی خاک و ماف و ئازادیەکانی کورددا دەچنەوە سەر ئیمامی شۆفێنیزم، هەر کاتێکیش بەقەد کونی دەرزی دەرفەتیان بۆ هەڵکەوتبێ، لە دادگای عرووبەدا دادگاییان کردووین و بە فتوای ئیمامی شۆڤێنیزم سزای مەرگیان بەسەردا سەپاندووین، مێژووش پڕیەتی لەو بەڵگانەی کە شیعە و سوننەی عەرەب لە هەر بەرگێک و بە هەر ناوێک فەرمانڕەواییان کردبێ، لە بەرامبەر خواست و داواکاریە رەواکانی کورددا بۆ سیاسەتی فراوانخوازی و رشتنی کۆنەقینی عەرەبچێتی گەڕاونەوە، ئەوەش وایکردووە کورد لە هەر بەرگێک و بە هەر ناوێک داوای ماف و بە ئازادی و ژیانی کردبێ، وەک تاوان لە داواکانیان رووانیوە و وەک تاوانکاریش وەڵامی دراوەتەوە، جا ئەگەر عەرەب بەو جۆرە لە ماف و ئازادی و داواکاری کورد بڕوانێ، جا ئەگەر ئەوە رەوشت و رەفتاری عەرەب بێ، ئەی بۆچی کوردایەتی نەکەین و کوردانە هەنگاو نەنێین؟!
لەهەر تاکێکی کورد بپرسی بێ دوودڵی دەڵێ: با کوردایەتی بکەین و کوردانەش هەنگاو بنێین، بەڵام کاتێ دێینە سەر باسی کوردایەتی و رێڕەوی هەنگاوی کوردانە، رای حزبی و خواستی بەرژەوەندی کەسی زاڵ دەبن و، هەر یەکە و لە سووچی بەرژەوەندی سیاسی خۆیەوە پێناسەی کوردایەتی دەکا و، بەو ئاراستەیەشدا هەنگاو دەنێ، لێرەوە جیاوازییەکان لەسەر پێناسەی کوردایەتی درووست دەبن و هەنگاوەکانیش ئاراستەی پێچەوانە وەردەگرن.
دەبێ هەموومان لەوە بە ئاگابین، کاتێ دەسەڵاتدارانی شیعە یان سوننە، لەو حزبی کوردی نزیک دەکەوبەوە و لەویتر دوور دەکەونەوە، دووبارە کردنەوەی ئەو گەمە موخابەراتییەیە، کە ئامانج لێی لێکترازاندنی ریزەکانی ناو ماڵی کوردە و بەربەست درووست کردنە لەبەدەم هەنگاوی کوردانە، ئەگەرنا لای عەرەب کورد هەر بیروبۆچوونێکی سیاسی هەبێ و هەڵگری هەر فکرە و ئایدیایەک بێ، هەر کوردە و کوشتن و بە تاڵان بردنی سەروەت و داگیرکردنی خاکەکەی بە حەڵاڵ دەزانن، بۆیە نابێ هیچ حزب و لایەنێکی کوردی، دڵی بەوە خۆشبێ بەغدا دۆستی ئەوە و دوژمنی حزبە کوردە رکابرەرکەیەتی، دەبێ هەموو حزب و لایەنە کوردستانیەکان ئەو راستییە بزانن، کە دیکتاتۆر و شۆڤێنیەکان بۆ درێژەدان بە سیاسەتی داگیرکاری خۆیان و گەیشتن بە مەرامەکەیان سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە) دژی خاک داگیرکراوان پەیڕەو دەکەن، مێژووش ئەو راستییەی سەلماندووە، کە دوا ئامانجی عەرەب لەناوبردنی کورد و بە عەرەبستان کردنی کوردستان و بە تاڵان بردنی سامانەکەیەتی.
کوردایەتی نەکردن و هەنگاو نەنانی کوردانە زۆر دەرفەتی وای لەدەست داوین، کە تەنها بە کوردایەتی و هەنگاوی کوردانە قەرەبوو دەکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ کورد بەقەد رقی عەرەب لە کوردایەتی، کوردایەتی خۆش بوێ و بە هەنگاوی کوردانەش وەڵامی هەنگاوەکانی عرووبە بداتەوە، لە فراوانخوازی عەرەبیشەوە خاک و وڵاتەکەی خۆش بوێ، واتا کوردایەتی و هەنگاوی کوردانە بکەینە وەڵامدەرەوەی بوغزوکینەی عرووبە و هەنگاوەکانی عەرەبچێتی، نەتەوەپەروەری بکەینە کارنامە و پلانی بەگژدا چوونەوەی پیلانگێڕیەکانی نەتەوەپەرستی، خۆشەویستی خاک بکەینە وەڵامی سیاسەتی داگیرکاری و فراوانخوازی داگیرکاران، ئەوەش دەمانخاتە بەردەم ئەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیەی، کە وەڵامی درووشمی ساختەی برایەتی و، هەرای فرودەری پێکەوەژیان و، خۆ نزیک کردنەوەی عەرەب بە هەر ناوێک لێمان، کە لە ساتەوەختی زۆر هەستیار و چارەنووسسازدا کردوویانەتە تەوقی گەردنی کوردایەتی و کۆسپی بەردەم هەنگاوی کوردانە، بۆیە دەبێ (هەژار) ئاسا بڵێین:ــ
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەیدەم وەڵامی قەبرم
بە کوردی دیسان زئندوو دەبمەوە
لەو دنیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە
لە بەرامبەر خۆشەویستی خاک و وەڵامی سیاسەتی داگیرکاری و فراوانخوازی عەرەبیش (دڵدار) ئاسا بێینە دەنگ و هاوار بکەین و بڵێین:ــ
ئێمە رۆڵەی میدا و کەیخوسرەوین
دینمان ئاینمان هەر نیشتیمان

___

هەنگاوی زێڕین

nusar1

“ئێمەی کورد ده‌بێت هه‌موو شتێک له‌ هێزماندايا بکه‌ين بۆ دروست کردنی دارشته‌یه‌ک، که‌ ناحه‌زان نه‌توانن کۆمەلکوژی دوباره‌ که‌نه‌وه‌. 

KDC

لە رۆژی جیهانی زمانی دایک 

KDC
KDC

FREE
VIEW