ئەمڕۆ 31 ی تەمموز، 38 ساڵ بەسەر یەکێ لە تاوانە دڕندەكانی كومەڵكوژی دژ بە گەلی كوردستان لەسەر دەستی فاشیزمی بەعس تێپەڕ دەبێت، ئەویش تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدكردنی بارزانییەكانە کە تێیدا هەشت هەزار هاووڵاتی بێتاوان کۆمەڵکوژ کران.
38ساڵ لەمەوبەر و بەرەبەیانی 31/7/1983، بە پیلانێكی پێشتر و بەرنامە بۆ داڕێژراو ڕژێمی رووخاوی بەعس، بە فەرمانی سەدام حسێن، شاڵاوی رەشبگیری بارزانییەكانی كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە، بەحركە و دیانا دەستی پێکرد و بردنیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کران.
تەنیا دوو مانگ دوای ئەو تاوانە دژە مرۆییە سەدام حسێن، مەبەستی رژێمەکەی لەو تاوانە نەشاردەوە و بە ئاشکرا لە دەزگاکانی میدیاوە گوتی: “ئەوانە بە توندی سزای خۆیان وەرگرت و فڕێ درانە دۆزەخەوە”.
بە گوێرەی ئەو پێوەر و یاسانەی کە نەتەوەیەکگرتووەکان بە تێکڕای دەنگ لە 12-1-1951 ـەوە پەسەندی کردوون و کاری پێدەکرێت، کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە.
دوای ساڵی ٢٠٠٥، لە کۆی (١٦) دۆسییەی کورد لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، تەنیا (٦) دۆسییە یەکلایی کرانەوە، لەوانە: کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفال، بێ سەروشوێنکردنی بارزانییەکان و، فەیلییەکان بە جینۆساید ناسێندران.
هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە 3-5-2011 بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکەی داوە، بەڵام بە فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە جینۆساید نەناسێندراوە و، حکوومەتی عێراقیش داوای لێبووردنی لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و بارزانییەکان نەکردووە و قەرەبووی هیچیان نەکردووەتەوە.
لە ساڵی 2005 رووفاتی 503 کەس لەلایەن وەزارەتی مافی مرۆڤ و لە ساڵی 2014 یش 93 رووفاتی دیكە لە رێگەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هێنرانەوە بارزان و گەڕانیش بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی دیکە بەردەوامە.
پڕۆسەی دەرهێنانەوەی رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە لە ساڵی رابردوو دەستی پێکردووە، لە کۆی 80 رووفات، زیاتر لە 60 رووفاتیان پڕۆسەی پاککردنەوە و ھەڵگرتنەوەیان بۆ ئەنجام دراوە، بەڵام پڕۆسەکە بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە راگیراوە.
بە گوتەی ڕێبوار رەمەزان بارزانی، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزان، بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شەهیدان، مۆنۆمێنتێکی بەشکۆ و سەردەمیانە بۆ قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەکان لە دەڤەری بارزان درووست کراوە، بەڵام لەبەر رەوشی کۆرۆنا نەتوانراوە لە 31یەمین ساڵوەگەڕی ئەو یادەدا رێوڕەسمی بۆ بگیرێت.