KDC

نه‌سرین قاسملوو: دوكتور قاسملوو هه‌ر به‌ قسه‌ دێموكرات نه‌بوو به‌ڵكوو به‌ كرده‌وه‌ش ده‌یسه‌لماند كه‌ دێموكراته‌‌و ئاكامه‌كانی‌ دێموكراسیی‌ قبووڵ‌ ده‌كرد

 

نه‌سرین قاسملوو:كاك ره‌‌حیم ره‌‌شیدی رۆژنامه‌‌نووسی وریا، به‌تواناو پڕ كار ته‌‌له‌‌فوونی لێكردم‌، وتی: “… رۆژنامه‌‌ی خۆشه‌‌ویستی “كوردستان” ده‌‌یانهه‌‌وێت له‌‌ یادو بیره‌‌وه‌ریی بیسته‌‌مین ساڵوه‌‌گه‌‌ڕی تیرۆری وییه‌‌ن‌دا وتووێژت له‌‌گه‌‌ڵ بكه‌‌ن‌…”، ریزی پرسیاره‌‌كانی بۆ خوێندمه‌‌وه‌‌، داواكه‌‌م قبووڵ كردو به‌‌م شێوه‌‌یه‌‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌‌كانی “كوردستان” ده‌‌ده‌‌مه‌‌وه‌‌.به‌‌ر له‌‌ هه‌‌ر شتێك ده‌‌مهه‌‌وێ ئه‌‌وه‌‌ی بڵێم، “كوردستان” له‌‌ خه‌‌باتی رۆژنامه‌‌نووسیی كوردی‌‌و تێكۆشانی خه‌‌باتگێڕانه‌‌دا تاكوو ئێستا ده‌‌ورێكی چالاك‌و شایانی رێزی له‌‌ كوردستانی ئێران گێڕاوه‌‌، هیوادارم به‌‌ كارو تێكۆشانی نووسه‌‌رانی ئێستا كه‌‌ به‌‌ قسه‌‌ی رێزدار ره‌‌شیدی زۆربه‌‌ی نزیك به‌‌ ته‌‌واویان لاوانی به‌‌تواناو كار له‌‌ده‌‌ست هاتوون، پتر گه‌‌شه‌‌ بكات‌‌و به‌‌ره‌‌وپێش بچێت. بۆخۆم پێشتریش ئه‌‌وه‌‌م وتووه‌‌ كه‌‌ بیره‌‌وه‌‌ریی زۆرم له‌‌گه‌‌ڵ “كوردستان”دا هه‌‌یه‌‌، ئه‌‌و ده‌‌ورانه‌‌ی به‌‌ یاساغی له‌‌ تاران ده‌‌ژیام، له‌‌ چاپ‌و بڵاوكرد‌نه‌‌وه‌‌ی‌دا یارمه‌‌تیی‌‌ دوكتۆر قاسملووم ده‌‌كرد، یادی ئه‌‌و ڕۆژانه‌‌ به‌‌خێر كه‌‌ رێچكه‌‌ی ژیانی منی بۆ هه‌‌تا هه‌‌تایه‌‌ به‌‌ كوردو خه‌‌باته‌‌ مافخوازانه‌‌كه‌‌یه‌‌وه‌‌ گرێ‌ داو تاكوو دوا هه‌‌ناسه‌‌ش وه‌‌فادار به‌‌ كوردو ئامانجه‌‌كانی ده‌‌مێنمه‌‌وه‌‌، دڵنیام كه‌‌ ئه‌‌م نه‌‌ته‌‌وه‌‌یه‌‌ سه‌‌رده‌‌كه‌‌وێت‌.
پرسیار: بیست ساڵ‌ له‌ شه‌هیدكرانی‌ رێبه‌ری‌ مه‌زنی‌ گه‌لی‌ كورد تێده‌په‌ڕێ‌‌و رۆژ به‌ رۆژ رێبازی‌ دوكتور قاسملوو زیاتر په‌ره‌ ده‌ستێنێ‌‌و ئه‌ویندارانی‌‌و خه‌باتگێڕانی‌ زیاتر له‌ ده‌وری‌ ئه‌و رێبازه‌ كۆ ده‌بنه‌وه‌.
ئێوه‌ وه‌كوو هاوسه‌ری‌ به‌وه‌فای‌ دوكتور قاسملوو، پاش تێپه‌ڕینی‌ ئه‌م بیست ساڵه‌ چ هه‌ستێكتان هه‌یه‌؟ ئایا پێتانوایه‌ بیرو‌و ئه‌ندێشه‌ی‌ دوكتور قاسملوو له‌ سه‌ركه‌وتن زیاتر نزیك بۆته‌وه‌؟
وه‌ڵام: له‌‌وه‌‌ی ئه‌‌و تیرۆره‌‌ له‌‌ كۆمه‌‌ڵگای دێموكراتیك‌دا به‌‌ڕێوه‌‌ چوو، له‌‌وه‌‌ی دادپه‌‌روه‌‌ری جێبه‌‌جێ‌ نه‌‌كرا، بیست ساڵه‌‌ كه‌‌ هه‌‌ست به‌‌ نیگه‌‌رانی ده‌‌كه‌‌م‌، له‌‌وانه‌‌ی خوێنی رێبه‌‌رانی كوردیان كرده‌‌ فیدای قازانج‌‌و ویستی ئابووری، تووڕه‌‌م. بیری دوكتور قاسملوو بیری مرۆڤدۆستی‌‌و دێموكراسیخوازییه‌‌، ئه‌‌مڕۆ نه‌‌ ته‌‌نیا كوردستان، به‌‌ڵكوو گه‌‌لانی دیكه‌‌ی ئێران‌‌و ئازادیخوازانی ئه‌‌و وڵاته‌‌ وه‌‌كوو دوكتور قاسملوو بیر ده‌‌كه‌‌نه‌‌وه‌‌، كه‌‌وایه‌‌ سه‌‌ركه‌‌وتن هه‌‌ر بۆ ئه‌‌و رێبازه‌‌یه‌‌، كورد ئه‌‌گه‌‌ر به‌‌ باشی ئه‌‌و میراته‌‌ی دوكتور قاسملوو بۆی به‌‌جێ‌ هێشتوه‌‌ به‌‌كار بێنێ‌، سه‌‌ركه‌‌وتنی مسۆگه‌‌ره‌‌و هیچ زۆردارێك ناتوانێ به‌‌ر به‌‌ سه‌‌ركه‌‌وتنی بگرێ.
پ: له‌ 22ی‌ پووشپه‌ڕی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا‌و به‌تایبه‌ت له‌ ساڵی‌ 1384به‌ملاوه‌، كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان هه‌موو ساڵێك یه‌كده‌نگ‌و یه‌ك هه‌ڵوێست به‌ داخستنی‌ دووكان‌و بازاڕه‌كان‌و كووژاندنه‌وه‌ی‌ چرای‌ ماڵه‌كان‌و چه‌ند شێوه‌ی‌ دیكه‌، یادی‌ دوكتور قاسملوو به‌رز ده‌نرخێنن‌و جینایه‌تی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران مه‌حكووم ده‌كه‌ن. به‌ بڕوای‌ ئێوه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێست ده‌ربڕینانه‌ كه‌ هه‌موو ساڵێك سه‌ركه‌وتووتر‌و به‌رینتر به‌ڕێوه‌ ده‌چن، تا چه‌ند كاریگه‌ریی‌ هه‌یه‌؟
و: كاریگه‌‌ریی ئه‌‌و جۆره‌‌ بزووتنه‌‌وه‌‌یه‌‌ زۆره‌‌و من خۆشحاڵم كه‌‌ نه‌‌ته‌‌وه‌‌ی كورد رێبازی رێبه‌‌رانی خۆی ون نه‌‌كردوه‌‌و به‌‌ هه‌‌ر شێوه‌‌یه‌‌كی بۆی ده‌‌كرێ یادو بیره‌‌وه‌‌ریی ئه‌‌وان به‌‌رزو به‌‌ڕێز راده‌‌گرێ. ئه‌‌مه‌‌ خۆی باشترین ئاماژه‌‌یه‌‌ كه‌‌ كورد خوازیاری شه‌‌ڕو خوێن رشتن نیه‌‌و نه‌‌بووه‌‌. خه‌‌باتێكی سه‌‌ركه‌‌وتوو ئه‌‌گه‌‌ر به‌‌ نرخێكی كه‌‌متر سه‌‌ر بگرێ‌، زۆر باشه‌‌، له‌‌م باره‌‌وه‌‌ پیرۆزبایی به‌‌ نه‌‌ته‌‌وه‌‌ی كوردو به‌‌ڕێوه‌‌به‌‌رانی ئه‌‌و خه‌‌باته‌‌ ده‌‌ڵێم‌و ده‌‌ستیان ده‌‌گوشم.
پ: خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌یانهه‌وێ‌ زیاتر له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی‌ دوكتور قاسملوو بزانن. ئایا هه‌ڵسوكه‌وت‌و خه‌باتی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی‌ دوكتور قاسملوو له‌سه‌ر ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌ دوكتوری‌ نه‌مر، ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ هه‌بوو؟
و: بێگومان كارو كرده‌‌وه‌‌ی دوكتۆر قاسملوو یه‌‌كی ده‌‌گرته‌‌وه‌‌. ئه‌‌و هه‌‌ر به‌‌ قسه‌‌ دێموكرات نه‌‌بوو، به‌‌ڵكوو به‌‌ كرده‌‌وه‌‌ش ده‌‌یسه‌‌لماند كه‌‌ دێموكراته‌‌و ئاكامه‌‌كانی دێموكراسیی قبووڵ ده‌‌كرد. ئه‌‌و بۆ مۆدێڕنیزه‌‌كردنی خه‌‌باتی كوردو حیزبی دێموكراتی كوردستان، هه‌‌وڵێكی زۆری ‌دا. كاریگه‌‌ریی قاسملوو له‌‌سه‌‌ر خه‌‌باتی میللی دێموكراتیكی كورد له‌‌ هه‌‌ڵسوكه‌‌وتی دێموكراتانه‌‌و باوه‌‌ڕی قووڵی وی به‌‌ دێموكراسی سه‌‌رچاوه‌‌ی ده‌‌گرت.
پ: ئێوه‌ پاره‌كه‌ به‌ هاوكاریی‌ كومیته‌ی‌ حیزبی‌ دێموكرات سه‌ردانی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئامریكاتان كرد‌و له‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی‌ گرنگ له‌ ئاستی‌ به‌رزدا له‌سه‌ر په‌روه‌نده‌ی‌ دوكتور قاسملوو دوان. ده‌كرێ‌ پێمان بڵێن چ وه‌ڵامێكتان وه‌رگرت؟ ئایا له‌و سه‌فه‌ره‌دا له‌ پێناو وه‌دووكه‌وتنی‌ په‌روه‌نده‌كه‌ پشتیوانی‌ ده‌ربڕا؟
و: له‌‌ڕاستی‌دا كه‌‌سانێك له‌‌ سه‌‌نای ئامریكا داوه‌‌تیان له‌‌ من كرد، له‌‌وانم پرسی ئایا به‌‌ڵگه‌‌‌ی پێویستیان بۆ وه‌‌گه‌‌ڕخستنه‌‌وه‌‌ی په‌‌روه‌‌نده‌‌ی وییه‌‌ن هه‌‌یه‌‌، چونكه‌‌ ده‌‌وڵه‌‌تی ئوتریش تاكوو ئێستاش ئاماده‌‌ نیه‌‌ له‌‌و باره‌‌وه‌‌ هیچ هه‌‌نگاوێك بنێ‌. ئه‌‌و تیرۆره‌‌ زۆرتر بووه‌‌ قوربانیی ساتوسه‌‌ودای بازرگانی‌، ئێوه‌‌ ده‌‌زانن كه‌‌ حكوومه‌‌تی ئه‌‌و كاتی ئوتریش چه‌‌كی به‌‌ ئێران‌‌و عێراق فرۆشتبوو، له‌‌ حاڵێكدا ئه‌‌و وڵاته‌‌ وه‌‌كوو لایه‌‌نێكی بێ‌لایه‌‌ن له‌‌ شه‌‌ڕی نێوان ئه‌‌و دوو وڵاته‌‌دا مافی ئه‌‌وه‌‌ی نه‌‌بوو ئه‌‌و كاره‌‌ بكات. هه‌‌ر بۆیه‌‌ زۆر ده‌‌ترسان له‌‌ هه‌‌لومه‌‌رجی ئه‌‌وكات‌دا ئه‌‌و بابه‌‌ته‌‌ ئاشكرا بێ‌، به‌‌ڵام دڵنیام ئه‌‌و په‌‌روه‌‌نده‌‌ وه‌‌گه‌‌ڕ ده‌‌خرێته‌‌وه‌‌و دادپه‌‌روه‌‌ری جێبه‌‌جێ‌ ده‌‌بێ، له‌‌به‌‌ر ئه‌‌وه‌‌ هه‌‌ن كه‌‌سانێك كه‌‌ بۆ جێبه‌‌جێبوونی ئه‌‌و دادپه‌‌روه‌‌رییه‌‌ تێده‌‌كۆشن، با منیش ئه‌‌وه‌‌ به‌‌ چاوی خۆم نه‌‌بینم، به‌‌ڵام ئه‌‌و راستییه‌‌ تاكوو سه‌‌ر به‌‌ شاراوه‌‌یی نامێنێته‌‌وه‌‌.
پ: خه‌ڵكی‌ كوردستان ئێوه‌ به‌ دایكی‌ كوردان ده‌ناسن‌و رێز‌و خۆشه‌ویستیی‌ تایبه‌تییان بۆ ئێوه‌ هه‌یه‌. په‌یامتان بۆ خه‌ڵكی‌ كورد له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌باتی‌ ره‌وای‌ گه‌له‌كه‌مان چیه‌؟
و: دڵم ده‌‌بێته‌‌ ئاو كاتێ گوێم له‌‌و وشانه‌‌ ده‌‌بێ‌، من كارێكی ئه‌‌وتۆم بۆ كورد نه‌‌كردوه‌‌ كه‌‌ شیاوی ئه‌‌و هه‌‌موو رێزو خۆشه‌‌ویستییه‌‌ بم. به‌‌ڵام هه‌‌میشه‌‌ دڵم له‌‌گه‌‌ڵ وان‌‌و خه‌‌باته‌‌كه‌‌یانه‌‌‌، ده‌‌زانم ئه‌‌وان شیاوی ژیانێكی سه‌‌رده‌‌میانه‌‌ن‌، ئاواتم ئه‌‌وه‌‌یه‌‌ له‌‌ درێژه‌‌دان به‌‌ خه‌‌بات بۆ رزگاری به‌‌رده‌‌وام بن‌، له‌‌وه‌‌ش دڵنیابن سه‌‌ر ده‌‌كه‌‌ون‌. ئاواتم ئه‌‌وه‌‌یه‌‌ قه‌‌ت رێگاو رێبازی قاسملوو به‌‌رنه‌‌ده‌‌ن بۆ ئه‌‌وه‌‌ی ئه‌‌وین‌‌و خۆشه‌‌ویستییان بۆ خه‌‌ڵك‌و خاكه‌‌كه‌‌یان كه‌‌م نه‌‌بێته‌‌وه‌‌، كورده‌‌كان ده‌‌بێ‌ بزانن ئه‌‌وان شیاوی ئازادی‌‌و سه‌‌ربه‌‌ستین،‌ وه‌‌كوو زۆر نه‌‌ته‌‌وه‌‌ی دیكه‌‌ی ئه‌‌و دنیانه‌‌. كورده‌‌كان مافی خۆیانه‌‌ بۆ گه‌‌یشتن به‌‌ ژیانێكی باشتر سه‌‌ره‌‌ڕای هه‌‌موو چه‌‌وسانه‌‌وه‌‌‌و سه‌‌ركوتێك خه‌‌باتی ڕه‌‌وای خۆیان درێژه‌‌ پێ‌ بده‌‌ن‌، له‌‌و خه‌‌باته‌‌دا هه‌‌میشه‌‌ له‌‌ ته‌‌نیشت ئه‌‌وانم‌و ئاواتی سه‌‌ركه‌‌وتنیان بۆ ده‌‌خوازم.
رۆژنامه‌ی كوردستان ـ ژماره‌ 513

#مسته‌ر_كورد

___

ئیسرائیل چەند موشەکێک ئاراستەی حەمس و تەرسوس لە سوریا دەکات

KDC

ئیسرائیل بۆردومانی چەند بنکەیەک لە باشوری سوریادەکات

nusar1

ڕاگەیاندنی کۆنفدراسیۆن وێبنیارێک سازدەکات

nusar1
KDC

FREE
VIEW