فدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە کەنەدا، لە ساڵیادی شەهیدکردنی قاسملوو و هاوڕێکانی، لە بەیاننامەیەکیاندا دەڵێن،« تیرۆری د. قاسملوو نەك نەیتوانی پرسی رەوای کورد بتوێنێتەوە، بەڵكو پتر ناوەڕۆكی دژە كوردی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە هەمبەر گەلەكەمان دەرخست. هەنووکە لە هەموو کات پتر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهید قاسملوو بۆتە رێڕەوی خەباتی نەپساوەی خەڵکی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، ئازادی و دێموکراسی».
دەقی بەیاننامەکە:
بەیاننامە بە بۆنەی ٣٥هەمین ساڵیادی شەهید قاسملوو هاوڕێكانی
رەوەندی كوردستانی تێكۆشەر
ئەمرۆ ٣٥ساڵ بەسەر تیرۆری ڕێبەری ناوداری كوردستان، د. قاسملوو و هاورێکانی لە ڤییەن پێتەختی نەمسا تێپەڕ دەبێ.
تیرۆری د. قاسملوو نەك نەیتوانی پرسی رەوای کورد بتوێنێتەوە، بەڵكو پتر ناوەرۆكی دژە كوردی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لە هەمبەر گەلەكەمان دەرخست. هەنووکە لە هەموو کات پتر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهید قاسملوو بۆتە رێرەوی خەباتی نەپساوەی خەڵکی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، ئازادی و دێموکراسی.
لە كاتێكدا یادی ئەو سەركردە تێكۆشەرە دەكەینەوە كە ڕۆڵەكانی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە دۆست و دوژمنیان دڵنیا كردۆتەوە كە ئەو ئامانجانەی دوكتۆری شەهید هەموو ژیانی لە پێناویاندا خەباتی كرد هەروا خواست و ویستی خەڵكی كوردستان و گەلانی بێبەش لە ئازادی ئێرانن.
نوێنەرایەتی كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، لە ئەمریكاو كەنەدا، وێرای فێدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە كەنەدا، لەگەڵ ناردنی سڵاوو درود بۆ گیانی بەرزەفڕی دوکتۆر قاسملووی زاناو سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان، هاوکات پشتیوانی و بەشداری چروپڕی خۆی لە هەموو ئەو کۆر، سیمینارو رێپێوانانە دەربڕیوە کە لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرزڕاگرتنی یادو بیرەوەری شەهیدانی ڤییەننا هاتونەتە گۆڕێ.
بەرزو بەرێز بێ یادو بیرەوەری شەهیدی سەرکردە دوکتۆر قاسملووی نەمر
شەکاوە بێ ئاڵای خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان
رووڕەشی بۆ دوژمنانی كوردستان و دەسەڵاتدارانی تاران بكوژانی شەهیدی سەركردە دوكتۆر قاسملوو
نوێنەرایەتی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریكاو كەنەدا
فێدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی لە كەنەدا
١٣ی جولای ٢٠٢٤