هەر دوو شارۆچکەی عەنکاوە لە پارێزگای هەولێر و ستێرلینگ هایتس لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگەنی ئەمریکا گرێبەستی دەستەخوشکییان مۆر کرد.
مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کەنەدا، بە ناوی بەڕێز شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی و کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، پیرۆزبایی لە هەر یەک لە رامی نوریقایمقامی عەنکاوە، مایک تایلۆر قایمقامی ستێرلینگ هایتەس، تریفە عەزیز نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و مارتن مەننا سەرۆکی ژوری بازرگانی کەلدانی – ئەمریکا کرد، هاوکات ئامادەیی کۆنفیدراسیۆنی بۆ هەموو هاوکارییەک لەم بەستێنەدا دەربڕی.
بەرپرس و نوێنەرەکان لای خۆیانەوە، وێڕای سوپاس کردنی سەرپەرشتیاری گشتیی و کۆنفێدراسیۆن، ئەو هەنگاوەیان بە گرنگ و پڕ بایەخ لێکدایەوە و بە گەرمی پێشوازییان لێ کرد.
پڕۆژەکە لە لایەن مارتن مەنناوە پێشنیار کرابوو، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە لایەن دامەزراوەی کەلدانی و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا کاری لەسەر کراوە. بڕیارە لە ڕوی شێوازی ئیدارەدانی حکومەتە خۆجێیەکان، دامەزراوە ئیدارییەکان، پەروەردە و خوێندن، تەندروستی، بازرگانی و ئابووری و کولتوری و بوارەکانی دیکە، ئاڵوگۆڕی کادر بۆ راهێنان لە بواری خزمەتی گشتیی بە هەر دوو شارەکە و بە چڕی هاوکاری یەکتر بكەن.