KDC

کێشەکانی نەوەی ئێستا و ڕابوردوو

یەكێك لەو مەسەلە ئاڵۆزانەی لە ماوەی پێشوودا لای خۆمان زۆر قسەی لەسەر كراوە، كێشەی نێوان نەوەكان بوە. ئەم كێشەیە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، ئەنجامی گەشەكردنی ئامڕازەكانی ڕاگەیاندن ‌و بەجیهانیبوون ‌و كرانەوەی كوردستان بە ڕووی دنیای دەرەوەدا پەرەیسەندوە و سەرسەختتربووە. ئەم كێشەیە لەنێوان نەوەیەكی دایك و باوكانی موحافەزەكاری پابەندی دابونەریتە كۆمەڵایەتییە باوەكان ‌و نەوەیەكی گەنجدایە، كە لە سێبەری كرانەوەیەكی كۆمەڵایەتی ‌و كولتووریی فراوانی ڕەتكەرەوەی دابونەریتی باودا چاویان بەدنیا هەڵهێناوە. شایانی باسە، كێشەكە لێرەدا لە ئاستی جیاوازیدا ڕانەوەستاوە، بەڵكو پەڕیوەتەوە بۆ ئاستی ململانێ‌، چونكە نەوەی دایك و باوكان نەوەی گەنجان بە ڕواڵەتكاری‌ و تێكشكێنەری دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان‌ و پۆشینی جلوبەرگی بیانی ‌و گوێگرتن لە مۆسیقای دەرەكی تاوانباردەكات، نەوەی گەنجانیش نەوەی دایك و باوكان بە پاشكەوتوویی‌ و هەڵنەكردن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم تاوانباردەكات.

دیاردەی ململانێی نێوان نەوەكان زۆر كۆنە‌ و مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژووی خۆی – بە لایەنە باش‌ و خراپەكانیەوە – بەخۆوەی دیوە. ئەم دیاردەیە بەشێوەیەكی بەرچاو لەو سەردەمانەدا بەدیدەكرێت، كە گۆڕانكاریی گەورە لە شێوازی ژیانی كۆمەڵایەتی ‌و كولتووریدا ڕوودەدات‌ و كاردانەوەی زۆر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەو ململانێیەش بەشێوەیەكی بنەڕەتی لە پەیوەندیی نێوان دایك و باوك ‌و منداڵەكان لەناو خێزاندا ڕوودەدات، كە هەر نەوەیە‌ و گۆشەنیگای خۆی هەیە. لێرەشدا ململانێكە جیاوازییەكی سروشتی تێڕوانینەكانە لە ڕەوتی گەشەكردنی كۆمەڵایەتیی گشتیدا، ئەگەر نەگۆڕێت بۆ ململانێی دوژمنكارانە.

لە كۆمەڵگەی كوردستاندا، كە بە قۆناغی گوێزانەوەی سەختدا تێدەپەڕێت، بیروڕا و ئاقارەكانی گەنجان بۆ دەربازبوون لە دۆخی كۆت‌ و بەندبوون ‌و ملكەچبوون بۆ فەرمانەكان ‌و چوونە نێو دۆخی كاركردن بە ئازادییەكان‌ و توانای دەربڕین لە برەوسەندندان، بۆیە دایك و باوكان هەرشتێك بكەن ناتوانن منداڵەكانیان ناچاربكەن لەسایەی كولتوورێكی موحافەزەكارانەدا ژیان بەرنەسەر، ئەمەش بەبیانووی پاراستنی گەنجان لە چوون بەرەو هەڵدێر.

بێگومان جیاوازی‌ و ململانێ‌ لەنێوان دایك و باوك ‌و گەنجاندا سەبارەت بە مەسەلە سیاسی‌ و كولتوری‌ و كۆمەڵایەتییەكان لەئارادادەبێت، چونكە كەسوكار هەمیشە لەو بڕوایەدان لە منداڵەكانیان بەئەزموونترن، بۆیە پێویستە منداڵەكان گوێڕایەڵیان بن. پێموایە گەنجان بەشێوەیەكی كردەییانە دەڕواننە مەسەلەكان، بەپێچەوانەی دایك و باوكەكانەوە، كە ڕەقهەڵاتوانە مامەڵە لەگەڵ گەنجان دەكەن ‌و ناتوانن وەك پێویست بە تەكنۆلۆژیای نوێ‌ ئاشنابن، ئەمەش لەبەر ئەوەی هێشتا لە پانتاییەكی تەسكدا دەژین‌ و لەگەڵ هەمان جۆری مرۆڤدا دەژین‌ و هەوڵ نادەن واقیع بگۆڕن، بۆیە هەوڵدەدەن بیروڕای خۆیان بسەپێنن، تەنانەت ئەگەر هەڵەش بێت. ئەمە بۆ مامەڵەكردنی هەندێك مامۆستای زانكۆش ڕاستە، كە لە ڕووی زانستییەوە هەژارن ‌و بە سەركوتكردنی خوێندكاران‌ و سەپاندنی بیروڕای خۆیان كەموكوڕیی خۆیان دەشارنەوە.

بە دەربڕینێكی دیكە، نەوەی گەنجان لە كوردستان ئیمڕۆ خواستەكانی لە تواناكانی خۆی زیاترە، بۆیە هەوڵدەدات لە ژینگەی خێزانیی خۆی ‌و دابونەریتە كۆمەڵایەتی‌ و كولتوورییەكەی خۆی یاخی بێت. لەلایەكی دیكەوە نەوەی گەنجان ئیمڕۆ بوونەتە نەوەی كۆمۆنیكاشیۆن بەبێ‌ ئەوەی خۆیان كۆمۆنیكاشیۆنخواز بن، چونكە شۆڕشی كۆمۆنیكاشیۆن، كە ڕووبەڕوویبوونەتەوە تاكگەرایی لای ئەو نەوەیە چەسپاندوە، بۆیە دەبینین ئامڕازەكانی وەك كۆمپیوتەر و مۆبایل بوونەتە ئامڕازی تاكەكەسئامێز‌ و مرۆڤ بەبێ‌ پەیوەندی بەستن لەگەڵ ئەوانی دیكە ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر زانیاری بەدەستدێنێت.

بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان نەوەكان، پێویستە لێك نزیكبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوانیاندا هەبێت، واتە دایك و باوكان لە دەسەڵاتخوازیی خۆیان كەمبكەنەوە و لە نەوەی نوێ‌ تێبگەن، نەوەی نوێش هەوڵبدات لە نەوەی دایك و باوكان تێبگات ‌و ڕاست‌ و چەپیان بەسەردا نەهێنێ‌. لێرەشدا گرنگە هەردوو نەوەكە بەشێوەیەكی چاك‌ و گونجاو لە میكانیزمی پەیوەندیی نێوان خۆیان تێبگەن، ئەمەش لە ڕێگەی دیاریكردنی ئامانجەكانی ئەو پەیوەندییە و ڕەهەندە كۆمەڵایەتی ‌و كولتوورییەكانییەوە، بۆ گەیشتنە ئاستێكی پەیوەندیی گەشەكردو و بەرهەمدار.
نوسینی :علی جمال

___

دەیکەین بە دوو ئیدارە

KDC

ئەرکەکانی دایک و باوک بەرامبەر بە منداڵ، ئایا زانیاریت لەسەرە؟

nusar1

سزاکان …چۆن ئێران و ڕووسیا خۆیان لە بایکۆتی ڕۆژئاوا لادەدەن

nusar1
KDC

FREE
VIEW