KDC

ڕەخنە لەنێوان ناوزڕاندن و ڕاستكردنەوەدا


نوسینی:علی جمال

لەبەرئەوەی سروشتی مرۆڤانەمان بەدوورمان ناگرێت لە هەڵەكردن و كەموكوڕی بەشێكی سروشتیی مرۆڤە، بۆیە ڕەخنەگرتن پێویستە بۆ پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوە و گۆڕین. بۆ ئەوەی ڕەخنەش سوودە چاوەڕوانكراوەكانی بهێنێتەدی، دەبێت بەپێی چەند ڕێسایەکی بابەتی و چەند بنەمایەکی ڕاست بێت.

بۆ ئەوەی پڕۆسەی ڕەخنەگرتن بەرهەمداربێ، دەبێت میتۆدێكی ڕاست و پێوانەگەلی وەها هەبن ئەو چوارچێوەیە دیاریبكەن، كە پڕۆسەی ڕەخنەگرتن لە ناوزڕاندن و زەمكردن و بوختانكردن جیادەكاتەوە. چونكە پێویستە پڕۆسەی ڕەخنەگرتن لەسەر بناغەیەكی مەعریفیانەی قبوڵكراو دامەزرێت. واقیعەكەمان گەلێك كێشە و مەسەلەی خستۆتەڕوو، كە بە ڕەخنە و بژاركردن قسەیان دەربارە دەكرێت. ئەمەش بۆ خۆی چاكە و دیاردەیەكی پۆزەتیڤانەیە، بەڵام لایەنی خراپ ئەوەیە، زۆربەی ئەوانەی كەوتوونەتە ناو گۆڕەپانی ڕەخنەگرتنەوە، تەواو شارەزای ئەو بابەتە نین كە گفتوگۆ دەربارەی دەكرێت و ئاشنای ئەو مەسەلەیە نین كە وادەكات پڕۆسەی ڕەخنەگرتن لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی دووربكەوێتەوە و بگۆڕێت بۆ دەمەقاڵێ و دوژمنایەتی. لەكاتێكدا دەبێت لە ساتی چوونە ناو پڕۆسەی ڕەخنەگرتنەوە، زانیاریی تەواومان دەربارەی ئەو بابەتە هەبێت كە دەمانەوێ بیخەینە ژێر میكرۆسكۆبەوە و زانیاریی تەواومان سەبارەت بەو بیرۆكەیە هەبێت كە دەمانەوێ بیخەینە ژێر نەشتەری ڕەخنەگرتنەوە. ئەمەش پێویستی بە كۆششێكی زۆر و شارەزایی هەمەجۆرە، لەوانە توانای تێگەیشتن لەویدیكە، توانای تاوتوێكردنی بیروڕاكان و خوڵقاندنی ئەگەرەكان كە دەشێت ئەم یان ئەو ڕاو هەڵوێست بیگرێتەبەر، ئەمە وێڕای توانای ئاڕاستەكردنی چاكی بیروڕاكانی ئەویدیكە.

یەكێك لەو هەڵانەی لە پڕۆسەی ڕەخنەدا ڕوودەدات ئەوەیە، هەندێك لەبەر خودی ڕەخنە و بە مەبەستی جیاوازبوون لەگەڵ ئەویدیكە و دژایەتیكردنی ڕەخنەدەگرن. ئامانجی ئەمجۆرە ڕەخنەیە زۆربەی جار بەدەستهێنانی ڕاستی نییە و ڕەچاوی شكۆمەندی ناكات، هەق ناداتە نەیارێك، زیاتر مشتومڕی خراپ و زۆربێژیی زاڵە بەسەریدا، بەلای ناوزڕاندن و سوكایەتیپێكردندا دەچێت و تەنیا ڕوودەكاتە ئاشكراكردنی لایەنە نێگەتیڤەكان و خستنەڕووی كەموكوڕییەكان. لەكاتێكدا ڕەخنەگرتنی ڕاست دەبێ ئامانجی دەرخستنی حەقیقەت بێت و ڕووبكاتە پێداچوونەوەو ڕاستكردنەوە.

پۆزەتیڤبوون یەكێكە لە بنەماكانی ڕەخنەگرتنی دروست و مەبەست لێی: سەیركردنی مەسەلەكانە بە چاوی هیوا و خواستەوە. بەو جۆرە ڕەخنە دەبێتە هاندەرێك بۆ سڕینەوەی هەڵەكان و خۆبەدوورگرتن لێیان و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو، چونكە پڕۆسەی ڕەخنەگرتن تێبینیكردنی مرۆڤە(بەتاك و كۆمەڵ) لە بازنە جۆربەجۆرەكاندا و بژاركردن دەستكەوت و قازانجەكانە. بۆ ئەوەی ڕەخنەش پۆزەتیڤانە بێت، ئەوا دەبێ ڕووبكاتە چەسپاندنی باش و پۆزەتیڤ و جوان و وەلاوەنانی خراپ و نێگەتیڤ و ناشرین.

ئەگەر پۆزەتیڤبوون خەسڵەتێكی ڕەخنەگرتنی ڕاست و دروست بێت، ئەوا پڕۆسەی ڕەخنەگرتن پێویستە بابەتیانەش بێت. واتا زیادەڕۆیانە و فەرامۆشكارانە نەبێ، بەڵكو پابەندی لایەنی دادپەروەری و ویژدان بێت و زیادەڕۆیانە نەبێت لە خواستەكاندا، چونكە ئەوە كۆسپ دەخاتە بەردەم ڕێڕەوەكەی و هێزی لێ دەبڕێت. كەواتە بابەتیبوون مەرجی سوودوەرگرتنە لە پراكتیزەكردنی ڕەخنەگرتن و شادبوونە بە بەرهەمەكانی. لێرەشدا ئەو بابەتیبوونە لە ڕەخنەگرتن لە بیروڕا و مەسەلە و هەڵوێست و ڕووداوەكاندا پێویستی بە كەسایەتیەكی ڕەخنەگر هەیە كە چەند خەسڵەتێكی تێدابێت، وەك ڕزگاربوون لە بەڵگەنەویست و هەڵوێستە پێشوەختەكان كە كاریگەریان هەیە لەسەر ئەوەی ڕەخنەگر ڕۆڵی خۆی ببینێ و لەكاتی پێویستدا هەق بداتە ئەویدیكە و بەرپرسیارێتی سەرەنجامەكان بگرێتەئەستۆ.

یەكێك لە بنەما میتۆدەییەكانی ڕەخنەگرتنی بنیاتنەرانە، پێویستیی لێك جیاكردنەوەی ڕەخنەگرتن لە بیرۆكە و ڕەخنەگرتن لە كارپێكردنە. چونكە لێك جیاكردنەوەی میتۆدەكانی ڕەخنەگرتن لە بیروڕاكان و میتۆدەكانی ڕەخنەگرتن لە ئەزموون و پراكتیكەكان دەستپێكێكی ڕاستە بۆ بەدەستهێنانی وەڵامە ڕاستگۆ و بابەتییەكان و دۆزینەوەی ئەو هۆیانەی لەپشت تێكشكان یان سەركەوتنەوەن. هەروەها دەبێت ڕەخنەكە ئاڕاستەی كردارەكان بێت نەك كەسەكان، لەبەرئەوەی پڕۆسەی ڕەخنەگرتن دەبێت ئاڕاستەی كردار بكرێت، نەك ببێتە هێرشكردنە سەر كەسەكان و سوكایەتیپێكردنیان و كۆكردنەوەی كەموكوڕییەكانیان بە مەبەستی ناوزڕاندن.

ئەگەرچی ڕەخنە گرنگە و ڕۆڵی مەزنی هەیە لـە چاكسـازیی چاوەڕوانكراودا، بەڵام كۆمەڵێك ئاستەنگ و ڕێگر لەبەردەمی ڕەخنەی ئامانجداری بنیاتنەرانەدایە، گرنگترینیان:

  • دووفاقیی ڕەخنە: چەندین وێنەی نەهامەتیی نێگەتیڤانەی ڕەخنەو پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوە هەن كە پێویستیان بە دەستكاریكردنە، هەتاكو كارپێكردنی ڕاستی ڕەخنەگرتنمان لێ نەشێوێنن. لەوانە قبوڵنەكردنی ئەو ڕەخنەیەیە لەوانی دیكەوە ئاڕاستەماندەكرێت، كە ئێمە هەندێك جار ڕەخنەیان بەسەردا دادەبارێنین. ئەم دووفاقییە لە كارپێكردنی ڕەخنەدا جۆرێكە لە ناكۆكبوون و خۆپەرستیی زیادەڕۆیانە. بۆ ئەوەی ڕەخنە سوودبەخش بێت و لە بۆتەی بەرژەوەندیی گشتیدا بتوێتەوە، دەبێت دەست لەو دووفاقییە هەڵبگیرێت و ڕەخنەی ئەویدیكە قبوڵبكرێت و گوێ لە ئامۆژگاری و ڕێنماییەكانی بگیرێت.

-دەستبەرداربوونی ڕەخنە لەبەر خەوشییەكانمان: ئەو هەڵانە زۆرن كە تێیان دەكەوین و وەك مرۆڤ مافی هەڵكردن و بیرچوونەوەمان هەیە. مرۆڤی تەندروست ئەوەیە كە بەخۆیدا دەچێتەوەو لەخۆی دەپرسێتەوەو ڕەخنەی ئەوانی دیكە قبوڵدەكات، بەمەبەستی ڕزگاربوون لە هەڵەكان و چاكسازی. لەبەرامبەردا ئەو كەسانە هەن كە خەوشییەكانی خۆیان پەردەپۆشدەكەن و ڕەخنە لەخۆیان ناگرن و حەزیش ناكەن گوێ لە ڕەخنەی ئەوانیدیكە بگرن. ئەمانە ئاستەنگن لەبەردەم كارپێكردنی ڕەخنەدا…

-دەمارگیری پڕۆسەی ڕەخنەگرتن تێكدەدات: دەمارگیری چەمكێكی گشتییە و ڕەگەز، بڕوا، حیزب، بیروڕا…هتد لەخۆدەگرێت. مەبەست لە دەمارگیری لێرەدا لایەنگیریكردنی تەواوەتی و بەرگریكردنی تەواوە لەوەی مرۆڤ لایەنگریەتی، بەبێ بیانوی لۆژیكی و بەڵگەی زانستیی ڕوون. ئەمەش دیاردەیەكی خراپەو جیاوازە لەگەڵ لایەنگیریكردنی پشتئەستوور بە بڕواو ڕاستی. دەمارگیری هانی مرۆڤ دەدات ئەویدیكە فەرامۆشبكات و مامەڵەكردن لەگەڵیدا ڕەتبكاتەوە. بەوجۆرەش دەمارگیر ڕەخنە قبوڵ ناكات و دان بە پێداچوونەكان و ئامۆژگارییەكانی ئەویدیكەدا نانێت، چونكە دەمارگیری ئەوی گەیاندۆتە ڕادەی پیرۆزكردنی كوێرانەی بیروڕاكانی خۆی. بەوجۆرە دەمارگیری ڕێگە لە فیكر دەگرێت ڕاستییەكان بدۆزێتەوەو وا لە مرۆڤ دەكات توانای پێكەوەژیان و گونجان لەگەڵ ئەوانی دیكە لەدەستبداتو چێژ لە نەفامیی خۆی وەربگرێت و بێبەش بێت لە وەبەرهێنانی توانا ئەقڵییەكانی خۆیو یەكترتەواوكردنو پێكەوە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوانی دیكەی كۆمەڵگەكەی ڕەتبكاتەوە.

-لەخۆبایبوون خۆ لەسەروو ڕەخنەوە بەرهەمدێنێ: هەستبەخۆكردن لە یەكێكەوە بۆ ئەویدیكەو بەپێی گەلێك گۆڕانكاری جیاوازە. ئەو هەستبەخۆكردنە فشارێكە بەسەر دەروونی مرۆڤەوەو هەندێك جار پڕدەبێت لە خۆخۆشویستن، كە وا لە خاوەنەكەی دەكات خۆ لەسەروو ئەوانی ترەوە دابنێ. ئەمەش وادەكات ئەو كەسە خۆی لەسەروو ڕەخنەوە دابنێ و هەڵەكردن و خستنەوەی كەموكوڕی بۆ خۆی بەڕەوا بزانێت و دەبێتە هۆی لەخۆبایببون. منی قەبەكراو كە هانی خاوەنەكەی دەدات بۆ لەخۆباییبوون و خۆپەرستیی زیادەڕۆیانە ئاستەنگە لەبەردەم پڕۆسەی ڕەخنەگرتندا، بەڵكو ئاستەنگێكی بنچینەییە لەبەردەم هەر ڕێنسانس و شارستانیبوونێكدا. بەواتایەكی تر، خۆقبوڵكردنی ڕەهاخوازانەی خود و فەرامۆشكردنی ڕەخنەی ئەوانیدیكە بێبەشماندەكەن لە بەرەوپێشەوچوون و گەشەكردن و دەرفەتی چاكسازی و گۆڕانمان لەدەستدەدەن…

___

سۆشیال میدیا و پاشا گەردانی

KDC

دیپڵوماسیا هەولێر و تەهرانێ بەرەف بەرژەوەندی و پەیوەندیێن هاوبەش

nusar1

ئەفغانستان ناوەندێکی تری تیرۆرستی جیهانە؟

KDC
KDC

FREE
VIEW