KDC

پێشانگای شێوەکاری هونەرمەندانی کەرکووك ساڵی ٢٠١١ .. لە هۆڵەند

ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەند…

  • دوو جەمسەری ناکۆك و .. پێشانگایەك بەبێ ڕاگەیاندنی ناوخۆیی*
  • ناوەندی شێوەکاری سەندیکای هونەرمەندان لەکەرکووك پتر لە (٧٠٠ ) ئەندامی هەن .. کەچی تەنها ١٨ هونەرمەند ئامادە بوون و کاری هونەریان هێنا *

دەمێکە پێم باش بوو سەرەنجێک لە کارو چالاکی و تێڕوانین بۆ ئاستی هونەری شێوەکارانی کەرکووك بکەم لە ڕووی ئاست و پیشەیی و نمونەیی کارە هونەریەکان وە خودی هونەرمەندەکان ، لەکاتێکدا شێوەکارانی کەرکووك مێژوویەکی درێژو پڕو چریان هەیە و زۆر هونەرمەندی ناسراو لێهاتوو وە خاوەن ئەزموون هەن وە هەبوون ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ناجێگیری ڕەوشی سیاسی ئەو شارە وە ناتەبایی لە سیستەمی یەکخستن و چالاکی و نەبوونی بنکەیەکی پتەوی پرۆفیشیناڵی وای کردوە کە جێگەو پێگەی هونەرمەندان ناجێگیر بن ، وە لەدەرەوەی ئەو شارە بژین و کۆچ بکەن ، جێگەو پەنجەی هونەرمەندانی شێوەکارانی کورد لە کەرکووك زۆر قووڵ و دیارن ، وە زۆر تازەگەری و جموجوڵی هونەریان لە ڕابردوودا تۆمار کردووە ، ئەگەر چی زۆر لەو هونەرمەندانە کۆچیان کردووە ، بەڵام زیندوێتی کارە هونەرییەکانیان لەسەر لاوان و گەنجان و قوتابیانی دا ماون ، من دەمەوێت لێرەدا باس لەو بیرۆکەیە بکەم کە ویستم خزمەتێك بە هونەرمەندانی شارەکەم بگەیەنم وە بتوانم وەکو هەموو هونەرمەندانی تری کوردستان بەشداریەکی زیندوو بن لە چالاکی هونەری جیهانی ، وە دەنگ و ڕەنگیان بگەیەننە دەرەوەی ووڵات بەتایبەتی بۆ شارێكی وەکو کەرکووك ، هەرچەندە وەکو باسم کرد زۆربەی هونەرمەندانمان لە شاری کەرکووك لە دەرەوەی شاری کەرکووک دەژین بەتایبەتی لەدەروەی ووڵات .
بەڵام هەموومان باوەڕمان بە لاوان و گەنجانی نوێ هەیە وە مێژوو گۆڕانکاری جۆری بەسەردا دێت لە زیاد بوون لەدایك بوونی هونەرێکی ڕەسەن و کاریزماکانی تر ، بە بوونی پەیمانگای هونەرە جوانەکان وە سەنتەری هونەری و چالاکی قوتابخانەکان و هونەرمەندی خۆڕسك ، گۆڕانکاری و د ەوڵەمەند بوونیان ڕاست ودروستە . ڕەنگ دانەوەی پرۆسەو سیستەمی تۆڕە ئەنتەرنێتی یەکان و جی ٥ و گواستەوەی جیهانی دەرەوە بۆ نێو ماڵەکان ، لە مانگی مارت ٢٠١١ ئەو گفتوگۆیەم لەگەڵ خاتوو کۆری ئالتۆف خاوەن گەلەری واتەرتۆرن لە شاری ڕۆزنداڵ لە ووڵاتی هۆڵەندا کرد بۆ ئەنجام دانی پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ هونەرمەندانی شاری کەرکووك ، زۆر بەگەرمی یەوە ئامادەی خۆیان دەربڕی وە ئەو کارانەی کەکەوتنە سەر گەلەری و خاتوو ئالتۆف ئەوەبوو کە هۆڵ و کردنەوەی پێشانگاکەو رۆژی ئامادەکردن و کۆکردنەوەو ڕێکخستنی پێشانگاکە لەئەرك بگرێت لەگەڵ ئەوەی بۆ مانگێك کارەکان نمایش بکرێن.
لە مانگی نیسانی ٢٠١١ ئەو بیرۆکەیەم لەگەڵ مامۆستا و هونەرمەند چالاك سدیق کە سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی شاری کەرکووك بوو تاوتوێ کرد ، زۆر بە خۆشحاڵی یەوە بیرۆکەکەمی وەرگرت ، دواتر لەگەڵ مامۆستایان سامان ئەبو بەکر و خەیروڵا محمد .. ئەو پرۆژەیەمان باس کرد ئەوانیش ڕەزامەندی خۆیان دەربڕی ، بەڵام زۆر لەسەر خۆ کارەکان دەچوونە پێشەوە ، ئەوەش گەڕایەوە بۆ نەهاتنە پێشەوەی هونەرمەندانی شێوەکاری شاری کەرکووك ، وە زۆر لە هونەرمەندانەش بۆ خۆیان ئاگادار نەبوون ، هەرچەندە لە مانگی نیسانەوە تاوەکو کۆتای ئاب ئەو بانگەوازەمان هەڵواسیبوو لە سەنتەری شێوەکاری سەندیکای هونەرمەندانی کەوکووك ، زۆر جار هەلێك دەگونجێت بۆ مرۆڤ کە بەکاری بهێنێت لە کارێکی دیاریکراودا ، ئەو هەلەش دوبارە نابێتەوە ، من ئەو هەلەم قواستەوە کە کاری هونەرمەندانی شارەکەم وێڕای بوونی چەندین دەزگای راگەیاندن و هونەری کاریان بۆ بکردایە یان گۆڕەپانی هونەری شێوەکاریان بەرفراوانتر بکردایە ، بەڵام هەردەم پرسیارێک ئەوەبوو کە کێ بیکات؟ واتە لە بوونی چەندین دەزگا و دەسەڵاتی کوردی و سەنتەری ڕۆشنبیری و لەهەر سەنتەرێك پتر لە ٢٠ کەس کارمەندو کەسایەتی ناسراو بوون لە ناودا ، بەڵام لەکاردا نەیانتوانی پرۆژەیەکی پرۆفیشیناڵی بەئەنجام بگەیەنن بەبێ دەسەڵاتی حزب .. دوو جەمسەری لەنێو کاری ڕۆشنبیران و شێوەکاراندا بوە هۆی لاوازی ڕەوشی هونەرو کەلتوور ، وەکو ئەوەی من کاری هونەری ناکەم .. نابێت تۆش بیکەی !
بەهەر دۆستایەتی و هاوڕێ یەتیەك بوو چەند هونەرمەندێك وەکو مامۆستا سامان ئەبوبەکر و خەیروڵا محمد.. و چەند هونەرمەندێکی تر کە هاورێ ی دێرینم بوون ئەو کارەیان پێ باش بوو ، بەڵام کەمتەرخەمی و ئاستی هونەری ئەوانی تر نزم بوون ، بە شێوەیەك بە ڕەنگ و ڕواڵەت خۆیان پاڵەوانی گۆڕەپانەکە بوون ، بەڵام لە کاردا زۆر لاوازو سەرەتایی بوون . دواتر توانیمان بە بەشداری ١٨ شێوەکار ٢٥ کاری هونەری لێ هەڵبژێر بکەین .. لە ١٨ / ٩ / ٢٠١١ پێشانگاکە لە ووڵاتی هۆڵەندا کرایەوە بەئامادە بوونی بەشی کەلتووری شارەوانی شارەکە و هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی شاری ڕۆژنداڵ و لەگەڵ کۆمەڵێك لە ڕەوەندی کورد لەو شارەو دەوروبەری ، وە بە نمایشێکی میوزیك بۆ کارەساتەکان ، دواتر وێنەیی ڤیدیویی و بەڵگەکان و فۆڵدەر هەموویانم گەڕانەوە بۆ ناوەندی شێوەکاری سەندیکای هونەرمەندان لە شاری کەرکووك ، ئەوەی جێگای داخە کەسێک نەیتوانی وە نەیان ویست گرنگی بەو چالاکی یە هونەری یە بدەن و لێدوان و باسێکی لەسەر بکەن ، کە چەند تابلۆیەکیش فرۆشرا بە نرخێکی ئاسایی ، بەڵام دیسان گرنگیان بەو چالاکی یە هونەری یە نەدا کە وەزارەتێك بەگەورەی خۆیەوە ، بەو هەموو موستەشارو مووچە خۆرو پارە خۆری یەوە بتوانن ئەنجامی بدەن ، بەو هەموو دەسەڵاتە کوردی یەوە کە داوای مافی ڕۆشنبیری دەکەن بۆ کەرکووك ، هەنگاوی ئەوەیان نی یە چالاکی یەك ببەنە ووڵاتانی دراوسێ نەوەك بۆ ئەوروپا ! ئەوەی کە هەبووە وە بینیومە کە کراوە لەسەر ئاستی کەسایەتی دیاری کراو بووە کە جێگای ڕێزن .
دوو جەمسەری کارکردن ئەو پەتاو نەخۆشی یەیە کە جەستەو مێشکی مرۆڤ دەگرێتەوە بەشێوەیەك لە کارو پەل و پۆی دەخات . کۆمەڵە کەسانێکی تریش بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان هونەر دەقۆزنەوە و قۆرخی دەکەن و ئیدی نایانەوێت هونەری شێوەکاری لەو شارەدا بەرەو پێش بڕوات ، دەبنە ڕێگر لە سکاڵا نوسین لەلای بەرپرسەکان ! چونکە خۆی تێدا نی یە .. ئیدی ووشك و تەڕ پێکەوە دەسوتێنێت .
نەبوونی گەلەری و جێگای نمایش و گۆڕەپان سەرەڕای باری سیاسی ئەو شارە هۆیەکی ترە ، بۆ لاواز بوون و بێ هیوای لە نێو بزووتنەوەی شێوەکاری کوردی لە وشارەدا ، هەرچەندە من متمانەی تەوام بە مامۆستاو هونەرمەندە بە ئەزموونەکان هەیە وە بەتایبەتی ئەو هونەرمەندانەی کە شەو ڕۆژ لەبوارەدا کار دەکەن . بەڵام لەئێستادا شاری کەرکووك بە تەنها ماوەتەوە بۆ پەرە پێدان و گەشە کردن لە هەموو بوارەکاندا ، وە ناتوانن ماڵێکی شێوەکاری ڕێک بخەن کە هیواو ئاواتی هەموو لایەک بێت لە سەر بناغەیەکی ئەکادیمی و پرۆفیشیناڵی تاوەکو کزی ولاوازی ئەو هونەرە ڕزگار بکەن ، بۆ شارێك وەکو کەرکووك ئەو چالاکیانەی کە دەکرێت کە مانای ئەوە نی یە کە کاری ناکرێت ، نەخێر بە پێچەوانەوە ، هەندێك جار کارو سەلیقەی هونەرمەندو مامۆستا بەتواناکان جێگای سەرەنج و پێزانینە ، بەڵام لەئاستی هیوا و خوازیارەکانماندا نین .
١٨ هونەرمەندی شێوەکاری کەرکووك کە بەشدار بوون لە پێشانگای هۆڵەند.
١.حوسێن عەبدول کەریم
٢.خالید عوسێن
٣.سامان ئەبو بەکر
٤.عەلی دەروێش
٥.تالیب ئەڵماس
٦.خەیرواللە محمد
٧.محمد حەسیب
٨.ئاشتی گەرمیانی
٩.دیلان عابدین
١٠.فەرمان فاتیح
١١.هیوا عەبدواللە
١٢.نەبیل قاسم
١٣.فەرمان ئەحمەد
١٤.سەریاس عەبدواللە
١٥.فەرەیدون هاوار
١٦.ئەسما ئەحمەد
١٧.ساڵح یوسف
١٨. عەلی سدیق

___

لاپەرەیەکی گەشی سلێمانی لە خۆشەویستی بارزانیدا

nusar1

چیرۆك نووس جەلال قادر و گفتوگۆیەکی حەسرەت

KDC

هونەرمەندی پێشەوای کورد مەحەمەد عارف

KDC
KDC

FREE
VIEW