گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، گەیشتنی شاندێكی دیپلۆماسی كونسوڵگەری بۆ لیتوانیا رادەگەیەنێت، بە مەبەستی كۆمەك و هاوكاریکردنی گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرە عێراقییانەی لە وڵاتەكەدا گیرییان خواردووە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە شاندێكی ديپلۆماسی كونسوڵگەری گەیشتە لیتوانیا، تا پشتیوانی و كۆمەك پێشكەش بكات بۆ گیڕانەوەی ئەو كۆچبەرە عیراقییانەی لەو وڵاتەدا گیرییان خواردووە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، شاندەكە چاوی بە تۆماس سبوڤلسكی، بەرپرسی لێكۆڵینەوەكان لە ناوەندی كۆچبەرە بیانییەكان دەکەوێت، کە لە كەمپی داواكاری پەنابەری ناوچەی پیرادای سنووری و، لەگەڵ منداكوس لادیكا راوێژكار لە بەشی هاریكاری نێودەوڵەتی پاسەوانی سنووریش كۆدەبێتەوە.
سەحاف ئاماژەی بەوەشداوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ژمارەی ئەو عێراقییانە كردووە، كە لە ناوەندەكانی كۆچبەرانن و، ژمارەیان 275 كەسە و 14 خێزانیان تێدایە.
وەك گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی دەكات، لە دوای چاوپێكەوتنەكە، پاسپۆرتی كاتی بۆ كۆمەڵێ لەو عێراقییانە دەركراوە، كە خواستییان هەبووە بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە، هەروەها رەوشی گوزەران و پێداویستییەكانیان و حاڵەتی مرۆییان تاوتوێ كراوە.