KDC

هونەرمەندی پێشەوای کورد مەحەمەد عارف

ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەند

سەمفونیایەکی بێدەنگ بێدەنگ هەموو ڕوخسارە شاکارەکانی هونەرمەندی پێشەوای کورد محمد عارف سیامەنسووری گرتووە ، جارێك لە خۆرئاوابووندا و جارێکیش بەو هەتاوەی کەلە پشت چیاکانی کوردستانەوە هەڵدێت و هەموو پێ دەشتەکانی تێدا ڕووناك کردۆتەوە ، سەمفونیای خەون و خەم و حەزو فەلسەفەی جیهان و دونیایەکی جیاوازتر لە ڕابردوو وە جیاوازتر لەداهاتوو .. لەدایك بوونی ئەو مرۆڤەی کە تا دوا هەناسە خەمی بوو وە کێشەی ئەو مرۆڤە بوو .. بە ڕەنگ و هێڵکاری و نوسین و بیرۆکەو پانتایە گەورەکان کە ئازارەکانی تێدا جێگا گیر نەدەبوو ، بەو خەمانەی کە میللەتەکەی کورد تێیدایە و هیچ شتێك نی یە ئەو ڕابگرێت ، لەو هەموو مەینەتی و کەلەپووری و کەلتووری و دەمووچاوانەی کە تام و هزرو ڕواڵەتەکانیانی تێدا دەبینیەوە ، هونەرمەندێکی ماندوو ماندوو تا ئەوکاتەی تابلۆیەکی شاکار لەدایك دەبێت و بۆ ساتێکی کەم بەدەم پایپە دووکەڵاوێکەیەوە چاوی خۆی کز بکات و ئاهێکی بە گیان و ڕووحدا دا بێتەوە .. محمد عارف نمونەیەکی زیندووی سەدەی بیستەم و نمونەیەکی ناسنامەی جیهانی و نەتەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .. نمونەی هونەری قوتابخانەی ڕیالیزمی و سەدەی ڕێنسانسی ، ئەو بەستەڵەکەی ووڵاتی ڕوسیا کە تێیدا ژیا تواندەوە بۆ چەندین ساڵ توانی هەموو ماڵە تاریکەکانی نێو گوندەکانی کوردستان و گوند و ڕەشماڵەکانی ڕووناك بکاتەوە بە هونەرە گەورەکەی مامۆستای هەمیشە زیندوو مامۆستا محمد عارف ی هونەرمەندو مرۆڤایەتی .
محەممەد عارف بە کرمانجی (Muhammed Arif) هونەرمەند وێنەکێشی کوردە، ساڵی ١٩٣٧ لە شارۆچکەی رەواندز لەدایک بووە، نووسەر و وەرگێری چەندین کتێبی بواری شێوەکاری بووە لە زمانی رووسیەوە بۆ زمانی کوردی، دوایین کتێبی گرافیکەکانی کوردستان کە لە دوای کۆچکردنی چاپکراوە، لە ساڵی٢٠٠٩ لە هەولێر کۆچی دوایی کرد. لە ساڵی ١٩٥٦ بروانامەی دبلۆم لە هونەری شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا وەرگرتوە، لە دوایی دەچێتە وڵاتی رووسیا بۆ پەرەپێدان بە خوێندن لە بواری شێوەکاری بروانامەی ماستەر لە ساڵی ١٩٦٧ وەردەگرێت لە زانکۆی (سوریکۆڤ)ی مۆسکۆ. لە ٢٠٠٤ دامەزرێنەر و ڕاگری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین هەولێر بووە کە خۆی لە چوار بەش دەگرێتەوە موسیک، شێوەکاری، شانۆ، سینەما، تا ساڵی ٢٠٠٩، وەهەر لەوێش بروانامەی دکتۆرا لە فەلسەفەی هونەر وەردەگرێت. مامۆستای هونەری وێنەکێشان بووە لە بەغدا و سعودیە و بابل، و زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر .
شێوازی کاری وێنەکێشی محەممەد عارف خۆی لە ڕیالیزمی، رۆمانتیکی، سیمبولیزمی، ئێکسپریسیۆنیزمی چڕ کردبوو، کە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای خوێندنی لە مۆسکۆ کە ئەوکات لە وڵاتەکانی یەکێتی سۆڤێت ئەم شێوازە باو بووە، بەڵام محەممەد عارف توانی ئەم شێوازە بۆ خزمەت کردنی هونەرەکەی و برسی گەلەکەی دابرێژێت ئەویش بە وێنەکێشانی چەندین تابلۆی لە سەر پرسی کورد و کەسایەتی کوردیەکان وەک سەلاحەدینی ئەییووبی و مەمم و زین و شیرین و فەرهاد و دوانزە سوارەی مەریوان و قەڵای دم دم و لە چاوەروانی شەودا و ئاشتی بۆ کوردستان و چەندینی تر. لە کاراکانیشی دا گرنگی زۆر بە لایەنە مێژووەکان دەدا هەروەك لایەنە تەکنیکیەکان .
محەممەد عارف هەر لە کاتی خوێندنی لە مۆسکۆ ژنێکی رووسی دەخوازێت و کچێکی لێ دەبێت بە ناوی ڤیان، لە ساڵی ١٩٦٩ دەگەرێتەوە بۆ بەغدا لە دوای کۆتایی خوێندنەکەی، لە سالی ١٩٧٤ لە بەغدا ئافرەتێک دەناسێ بە ناوی یاسمین بەرزەنجی خۆشی دەوێت و هەر هەمان ساڵ ژیانی لەگەڵ درووست دەکات، لەگەڵ یاسمین بەرزەنجی ٣ سێ کوڕیان دەبێت، ناویان سامان، ئالان، و میران. خێزانی محەممەد عارف هەردەم لەگەڵ هونەرەکەی پەروەردە بوون و هەردەم یاریدەدەری بوون لەگشت پێشانگاکاندا، هەرلە بەغدا لە ناو ماڵەکەی ژووری وێنەکێشانی دامەزراند و لە دوای گەرانەوەی بۆ هەولێر هەڵدەستێت بە دامەزراندنی گەلەریێکی تایبەت بە هونەرەکەی وەک ستۆدیۆێک کارە هونەریەکانی لێ ئەنجام دەدا و نمایشی دەکرد کە نزیک ماڵەکەی بوو لە شاری هەولێر. محەممەد عارف لە کاتی کارکردنی هونەری بە رادەێکی زۆر خولیای موسیکی کلاسیکی بووە وەک موسیکی چایکۆفسکی و مۆزارت و لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن .
ئەگەر وورد تر دیدەیەك لە کارە هونەری یە شاکارەکانی مامۆستای مەزن بدەین بێگومان نابێت کۆمەڵە ناوێکی دیرۆکی مێژووی میللەتەکەمان لەبیر بکەین وەکو مەم و زین و خانزادو قەڵای دمدم و دایکی شەهیدو کۆتری ئاشتی و زۆری تری لە چیرۆکە دێرینەکانی کوردی بۆتە خامەو بابەت و پاشماوەیەکی مێژژوی لەئەرشیفی هونەری شێوەکاری و مێژووی گەلی کوردا ، لەگەڵ ئەوەی بەکارهێنانی مۆرکی کوردەواری بە ڕێبازی ڕیالیزمی ڕۆمانیکی وەکو پۆشاك و کەرەستەو سروشتی کوردستان لەهەموو وەرزەکان ، ئەو ڕەنگ دانەوەیە ژیان و ژیانداری یە لەکوردستان و گوندەکانی سەر چیاکان ، بۆ دیدەی تابلۆکانی مامۆستا مەحەمەد عارف مرۆڤ کاتێك ڕادەوەستێت بەرانبەری هەست بە مۆرك و تایبەتمەندێتی و شکۆی کوردستان و کەلتوورو نەتەوەیی بوون دەکاتەوە ، مرۆڤ بەرانبەر بە قوتابخانەیەکی مەزنی وەکو ڕیالیزمی ڕادەوەستێت و چاو لە ووردەکاریەکانی مامۆستا محمد عارف دەگرێت بەو شیوازەی کەلە رابردوودا سروشتی کوردستانی تێدا بەدی دەکەیت ، گوندو سروشت و چیاکان و کەڵچەری کوردی وێنەیەکی زیندووە لە چاوەکانی هونەرمەندەوە بۆ سارێژ کردنی هەموو خەمەکانی کە دەیەوێت چاوی هەموو جیهان بەلای خۆیدا ڕابکێشیت وە هەرواش بوو لە ڕابردوودا ، وە مانەوەی شاکارەکانی هونەرمەند مێژوویەکی زیندووی هونەری شێوەکاری کوردە وە دەبێتە ببیبلۆگرافیاو ئەرشیفێکی زیندووی میللەتەکەمان . تایبەتمەندێتی ئەم کەڵە هونەرمەندەی کورد لە زۆر خاڵدا دەست نیشان دەکرێت بەتایبەتی قووڵ بونەوە بەنێو کەلتوورو کەڵچەرو فۆلکلۆری کوردەواریدا و دەرخستنی کەسایەتیەکانی نێو ماڵی کوردی و ئەفسانەو چیرۆك و بەسەرهات و ڕووداوەکانی نێو ماڵی کوردی بەتایبەتی لە چیاکانی کوردستان بۆ زیندووکردنەوەی و پەرە پێدانی لە ڕووبەری تابلۆکاندا کە مێژوویەکی بۆ میللەتی کورد بەجێهێشتوە ، لەهەمان کاتدا ناسینی بە جیهانی دەرەوەی میللەتی کورد کە ئەوکات ئەستەم بووە بۆ ناو درکاندن و پێناسەی میللەتی کورد بە شێوازەکانی تر بەڵام مامۆستا لە ڕێگای تابلۆو کارە هونەریەکانی یەوە ئەوەی باس کردوە کە میللەتی کورد خاوەن فەرهەنگ و کەرەستەیەکی زیندووی کەلتووری یە لەکوردستاندا ، وە پێگەیەکی گرنگی هەبووە لە نێو هونەرمەندانی عێراقی و ڕووسی و کوردی و عەرەبیدا ، ئەو هونەرمەندە دەروێشێکی سەرقاڵی وورد بونەوە بوە لە ژیانی هونەریدا ، هەر ئەو وورد بینییە فەلسەفەیەیەتی کە توانی ترۆپکی ئەوینداری چیرۆکەکانی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە کارە هونەریەکانی نمونەیەکی زیندووی هونەری شێوەکاری کوردی و جیهانی بن .

نووسینی کتێب و بڵاوکراوەکان
گرافیکەکانی کوردستان گرافیک٢٨٢ بە زمانی کوردی ٢٠٠٨.
گرافیکەکانی کوردستان بە زمانی کوردی ٢٠٠٩.
کتێبێک لە سەر شاری هەولێر بە زمانی کوردی.
چوار هونەرمەندی بلیمەت بە زمانی کوردی.
هونەری هێلکاری لاوانی ناوچەی کوردستان بە زمانی کوردی.
هونەری هێلکاری چاپی دووهەم بلاوکراوەکانی زانکۆی سەلاحەدین هەولێر بە زمانی کوردی الفنان محمد عارف بە زمانی عەرەبی
هونەرمەند محەممەد عارف بە زمانی کوردی فن الرسم الیدوی بە زمانی عەرەبی
لەگەڵ شاکارە نەمرەکاندا بە زمانی کوردی.
جمالیات الطبیعة فی کوردستان العراق و اثرها فی الرسم العراقی المعاصر ٢٠٠٦ بە زمانی عەرەبی.
الگرافیک الکردستانی ٦٥٠ گرافیک بە زمانی عەرەبی.
فن التخطیط بە زمانی عەرەبی
وەرگێری کتێب و ئامادەکردنی لە زمانی رووسییەوە
مایکڵ ئەنجیلۆ بە زمانی کوردی.
ڕووبنس نووسینی (سمۆلسکایا) بە زمانی کوردی.
کۆلفیچ بە زمانی کوردی.
دیلاکروا بە زمانی کوردی.
لە هونەرمەندە بلیمەتەکانی جیهان (جۆرجۆنی، داینێگا، لێناین بە زمانی کوردی ).
د. (باگدانۆڤ) هونەری هاوچەرخی عێراق
(میلیە) نووسینی (بریۆزینا) بە زمانی کوردی
بنکەکانی هونەری ئەکاددیمی، نووسینی (رۆستۆڤچیڤ) بە زمانی کوردی
(الفن العراقی المعاصر) نووسینی د. (بەگدانۆڤ) بە زمانی عەرەبی
(مبادئ الفن الأکادیمی) نووسینی (رۆستۆڤ ڤیچیڤ) ١٩٩٤، بە زمانی عەرەبی.
مامۆستای هونەر
لە١٩٥٦تا ١٩٦١ لە قوتابخانەی ئەیوبییە لە هەولێر
لە ١٩٦٧تا ١٩٦٨ وەک چاودێرێکی هونەری لە سعودیە
لە ١٠/١٢/١٩٦٨لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغدا
لە ١٩٧٥تا ١٩٧٧ لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەغدا
لە ١٩/٦/١٩٧٧لە پەیمانگای جێبەجێکردن (معهد التطبيقي) بەغدا
لە ٣١/٦/١٩٨٣خانەنشین بوو لەسەر داواکاری خۆی لە بەغدا
لە ١٢/١١/١٩٩٢دووبارە دادەمەزرێتەوە بە مامۆستای هونەر لە کۆلێژی ئاداب لەهەولێر
لە دواییدا لە کۆلێژی ئەندازیاری لە هەولێر وانەی دەگوتەوە..
لە٢٠٠٢بە فەرمی وەک ڕاگری دامەزرا بۆ جێبەجیکردنی دامەزراندنی کۆلێزی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین هەولێر.
لە ٢٠٠٤تا ٢٠٠٧ لە زانکۆی سەلاحەدین لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان هەولێر.
لە ٢٠٠٧دەستی لە کاری ڕاگری کێشایەوە لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێر.
لە ٢٠٠٧تا ٢٠٠٩ مامۆستای کۆلێژی هونەرەجوانەکان و مامۆستای قوتابی ماستەر بوو لە زانکۆی سەلاحەدین هەولێر.

___

چەند وشەیەک بۆ مەرگ و لەدایکبوونی مامۆستا – حەسەن زیرەک

KDC

ئەکتەری کورد تارۆ بەهار لە بەریتانیا

nusar1

کاریکاتێریست و شێوەکار عەلی دەروێش لە چالاکی یەکی هونەری نوێ دا

KDC
KDC

FREE
VIEW