ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەند
دیسانەوە دەگەڕێنەوە بۆ شەقامی کۆماری کەرکووك .. ئەو ساڵانەی کە خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکان بووم لە شاری سلێمانی لەکۆتایی هەفتە و بەپەلە خۆم دەگەیاندە لای کتێبخانەکەی کاك جەبار ئاسۆ بۆ دیدەی هەندێك لە هونەرمەندان و نوسەران و ڕۆشنبیرانی شارەکەم و جاوێك بە کتێبخانەکەدا بگێڕم بۆ چاپکراوی نوێ، ساڵی ١٩٨٣هەر لەسەر ئەو شەقامە مامۆستای نوسەرو ڕۆمان نووس عەبدواللە سەراج م ناسیوە ، هەر لەگەڵ گفتوو گۆی هونەری پردێکمان دروست کرد بۆ لێك تێگەیشتن و شۆڕ بوونەوە بەنێو جیهانی ئەو هونەرەی نە کۆتایی هەیەو نە گەیشتم بە کۆتایەکەی ، مامۆستا سەراجیش لە ئەنجامی قاڵ بونەوە لە نێوان ڕۆمان و چیرۆك و هونەردا ، داخەکەم ئەو کاتیش چاوەکانی کزو ماندوو بوون ، ئەوەی من دەمخوێندەوە ماندوێتی ئەو پیاوە بوو کە لە ساڵانە چەرخێکی پێش من غل بۆتەوە بۆ تەمەنی من و خاوەن ئەزموون و ئازارو کۆڵەکەیەکی گەورە بوو ، هەردەم گۆڕینەوەی باسەکانمان لەسەر هونەرمەندە جیهانی یەکان بوو بەتایبەتی قوتابخانە هونەریەکانی وەکو سەریالیزم و دادایزم لەهەندێك جاری تردا باسی ئەوەی دەکرد دەیگووت ئاشتی من چیرۆکەکانم تابلۆی ڕەنگاو ڕەنگ و جیاواز تر لەنوسەرانی تر درك بەهونەرەکەی تۆ دەکەم ، هەر بۆیە هەفتانە یان لە چایخانەکەی ئەبو عاسی یان لە هۆڵە هونەریەکەی لای باتا یەکمان دەگرت و ئەو مامۆستا و من قوتابی ئەو پڕ ئەندێشەی سەیر سەیرو منیش تینوو .. تاوەکو پێکەوە لە ساڵانی ١٩٨٥ پێشانگایەکی منداڵانمان بۆ یادی نەورۆز لە هۆڵی هونەری نوێ کردەوە ، کە ئامادە بونێکی زۆری لێ ئامادە بوون لە نوسەران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی شارەکەم کە زۆریان قوتابی کۆلیژەکان بوون لە موسڵ و بەغدا و کەرکووك لەکۆتایی هەفتە ئەوانیش تینوی هەر ئەو جۆرە چالاکیانە بوون ، دواتر هاوکار بووین بۆ ئاڵوگۆڕی هونەری و مونتیڤ و پەرتووك .
مامۆستا عەبدواللە سەراج کەسایەتیەکی سادەو قسە خۆش و تێگەیشتوو وە خاوەن ئەزموونێکی پڕو چر لە خەرمانی ڕۆشنبیریەتی کوردی ، مرۆڤێکی کوردپەروەرو خەباتگێڕی سیاسی و دیدەیی بوو ، چالاک و گورج گۆڵ ، پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی هەبوو لەگەڵ نوسەران و ڕۆشنبیران و خەڵکی سادەی شاری کەرکووك ، وە بۆخۆی دەگەڕا بەنێو کۆڵانەکانی کەرکووکدا بۆ ککۆکردنەوەی کەرەستەخاوەکان و لەدایك بوونی چیرۆك و ڕۆمان و سەرگوزشتەیەکی ئەفسوناوی یان سوریالی .. سەراج نوسین کۆتایی بەکەفو کوڵەکانی نەدەهێنا بەڵکو پەنای بۆ ڕەنگەکانیس دەبرد ، پەنای بۆ مۆسیقاو خوێندنەوە دەبرد ، مامۆستا عەبدواللە سەراج وێسگەیەکی جاوەڕوانکراو نەبوو بەڵکو هەر رۆژەی لەلایەکدا جارێ هەولێرو جارێ سلێمانی وجارێ بەغدا ، لەزۆربەی کۆڕە ئەدەبیەکان لەشاری بەغدا ئامادە بووە . بەڵام ئەوەی من دەمەوێت باسی لێو بکەم ..
ئایا مامۆستا سەراج نیگاکێش وهونەرمەندێکی شێوەکارە ؟
عەبداللە سەراج ئەمەی لە فەیس بووکەکەیدا نمایش کردوە ….
کە قسە قافییەی هات
ئەوەم لە باوکمەوە گوێ لێبووە کە قسە قافییەی هات بیکەی باشە. لە هەولێر ویستم پیشانگە بۆ کەڤاڵە ئاوییەکانم بکەمەوە ڕێیان نەدام، بۆیە لە هۆڵی نووسەرانی هەولێر بە یارمەتی هەردوو شاعیر ڕەنجدەر و سامان ئامادەکرا و لە شەوی پێش کردنەوەی بە مەحمود زامدارم ووت:(سەعات ئەوەندەی بەیانی تۆ پیشانگەکە بکەرەوە)٫ ئەوسا وەزیری ڕۆشنبیری هەولێر لەوێ بوو بەڕێکەوت . ئەمە مەبەستم نییە، لە کەرکوک کەسێکم نەدۆزییەوە ناچار خۆم کردمەوە.
پیشانگام بردە سلێمانی کە شایانی سوپاسە. چونکە ئەو چل پەنجا نیگارانەیان لە چوار چێوە گرت و…وەکیلی وەزیری ڕۆشنبیری کردییەوە.
مامۆستا عەبدواللە زۆر لە پێش من بە ١٠ ساڵ زیاتریش خۆگرو دڵی لەسەر کاری هونەری شێوەکاری بووە وە هەرخۆی مونتیڤ و بەرگی بۆ پەرتووکەکانی خۆی کردوە ، لەگەڵ ئەوەی وەکو باسم کرد کەرەستەو خامەی مامۆستا گەلێك زۆرو پڕو چڕ بوون لە نێو ڕۆمانێکی وەکو هەڵکشان بەرەو لوتکە جێگایان نەدەبویەوە ، بۆیە پەنای بۆ هونەری شێوەکاری بردوە ، لەوێش ئازارەکان هەر کۆتایان نەهاتووە ، حەزەکان ئەوەندە زۆرن ماڵەکەی لە ڕەحیم ئاوا کە من سەردانیم کردوە لەساڵانی ١٩٨٥ بەدواوە پڕ بوون لە تابلۆی هونەرمەندانی جیهانی وە کارە هەرە سەرسامەکان وەکو جیاکۆمیتی و سیلڤادۆر دالی .. بێجگە لە کتێبخانەو پەرتووك و کەرەستەی کەلەپوری کوردەواری ، هەر بۆیە بڕیارم دا پۆرترێتی مامۆستا سەراج دروست بکەم هەروەك خۆی دەلێت :
سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بوو نیگارکێش ئاشتی گەرمیانی لە کەرکوک سەردانی کردم ووتی: لە بەغدا پەیکەری نووسەری گەورە مەسعود محەمەدم دروست کردووە٫ زۆر حەزئەکەم پەیکەری جەنابت بە قەبارەی سروشتی دروست بکەم۰ ئەوی پێویست بوو ئامادەمان کردوو٫ لە سێ دانیشتندا تەواوی کردوو لەچوارەمین ڕۆژ بە قالب دایڕشت ٫ ئێستا ئەو پەیکەرە کراوە بە دیاری بۆ ئەو شوێنە رۆشنبیریەی کە برای دەلالم تاریق کارێزی بەڕێوەی دەبات لە کەرکوک٠ ئەم ئەزمونەم لە چیرۆکی( پەیکەر) تۆمار کردووە .
لەو سێ چوار دانیشتنەی کە پۆترێتی مامۆستام دروست دەکرد بەڕاستی زۆر سوودم لە خوێندنەوەو شارەزایی و ئەزموونی وەردەگرت ، وە زۆر کاری جیاواز جیاوای پیشانم دەدا وە باسی بیرۆکەی ئەو بابەتانەمان دەکرد کە چۆن و لەکوێ وە هاتووە ،، کارە هونەریەکانی مامۆستا سەراج قوتابخانەی ئەکادیمی یان خوێندن نەبوو بەڵکو ئەو ئەزموونە دیدەییو گەڕان و هەستە هونەری یە بوو کە لەگەڵ تەمەنیدا هاتووە ، وە سارەزا بوو لە تێکەڵکردنی ڕەنگەکان و ڕێکخستنی فۆرمەکان ، هەر بۆیە ئەگەر تەماشای کۆ کارە هونەریەکانی بکەیت ئەوا شێوازو تایبەتمەندێتی یەکی تایبەتی تێدا دەبینیت ، هەروەك بلێ ی هەموو ژیانی تەرخان کردوە بۆ هونەری شێوەکاری ، بێگومان سارەزایەکی تەواوی هەبوو لەسەر مێکووی هونەری و شێوەکاری و جیهانی هونەرمەندە جیهانی یەکان . ئەو حەزی لە لادان بوو لە ڕێچکەکان وە بنەماکان ، هەروەك چۆن سوریالیزمی یەکان و هێماخوازیەکان و ئاپستراکیەکان ئازاو جەربەزانە سنووری قوتابخانەکانی تریان گۆڕی لە ڕیالیستی و ڕیالیزی یەوە تا دەگاتە هونەری هاوچەرخی پۆپ ئارت ، مامستا عەبدواللە سەراجیش ئەو دیوارەی شکاند کە جێرۆك ڕۆمان لە کەوڵی خۆیدا بمێنێتەوە و هەڵکشان وداکشانی پێ کرد بە شێوەیەك کە مرۆڤ لە نێوان تابلۆو ڕۆماندا خۆی بدۆزێتەوە.
با لە هونەر بگەین .. ئەو پەرتووکەیە کە مامۆستا سەراج بێجگە لە کاری هونەری پەی بۆ نوسین و تێگەیشتی هونەریش بردوە کەخۆی بەبەشێك لەو جیهانە گشتگیرە دەزانێت .. ئەو … چیرۆك و ڕۆمان و ژیانی ڕۆژانەی لە هونەریشدا دەدۆزیەوە ، بەتایبەتی کارێکی دروست کردوە لە سەر مۆنالیزیا بەڵام بە جلی کوردی و ئەمەی نوسیوە بۆ مۆنالیزیا ..
مۆنالیزا، هاتە کەرکوک بەخۆشی
جلو خشڵی کیژێکی کوردی پۆشی
داخەکەم لادەرانێک بە ڕەچەڵەک
بۆ قاسمۆکە کردیانە کەنیزەک
زۆر بیرۆکەو بابەتی جۆراو جۆر هەن زۆر زەحمەتە لە ئەزموونی مامۆستای ڕۆمان نووس و هونەرمەند وورد کردنەوەمان بۆی هەبێت ، وە زۆر زەحمەتە کە شالاوی ئازارەکان هاتن ڕێگر بیت و نەتوانیت لە ڕۆمان و چیرۆك و تابلۆکاندا نەیانڕەگێنیت هەروەك ئەزموونە پڕو چڕەکەی مامۆستا عەندواللە سەراج .. نەمان توانی جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ شەقامی کۆماری و لەگەڵ مامۆستا عەبدواللە سەراج دا وێنەی مندالانی کەرکووك بکەین بە پێشانگایەکی بەردەوامی هەتا هەتایی