KDC

شێوەکاری کورد ئەحمەد فایەق لە قوڵایی ئەزموونە هونەریەکاندا

ئاشتی گەرمیانی.. هۆڵەند
.. خەم و ئازارەکانی کوردستان .. بەرەو میلبۆرن ڕۆژئاوای ئوسترالیا

ئەو کاتەی کە حەزە هونەریەکانمان چرۆی دەکرد و بەرەو گەشە چوون دەچوو ، پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی هەموو وێستگە هونەری و دۆستایەتیەکانمان بوون .. هاوڕێ ی دێرینم هونەرمەند ئەحمەد فایەق ناسراو بە ئەحمەد نامۆ کەلە ساڵی ١٩٦٤ لەگەڕەکی ئەڵماس لەدایك بووە . ئەو گەڕەکەی کە دەوڵەمەندە بە کەلتوورو ناسراوێتی کەسایەتی یەکانی کەرکووك . بۆماوەی ٥ ساڵ قۆناغی پەیمانگای هونەرەکانی شاری سلێمانی تەواو کرد لە بەشی نیگارکێشان .. لەو سەردەمەدا لەساڵی ١٩٨١ بەدواوە لە قۆناغی فێربوونی جیهانی هونەری شێوەکاری هەموومان یەك خەم و یەك ئاوات و یەك ڕێگای سەرکەوتنمان هەڵبژارد ، ئەوەش بوون بە کاریزمایەك یان بوون بە کەسایەتیەکی پڕو چڕ لە ڕووی ئەکادیمیەت و توێژینەوەی زانستی هونەرە جوانەکان ، بێگومان لەو سەردەمەدا خەم خۆرێکی گرنگ بووین بۆ شارەزایی و فێربوون و ماندوو بوون لە خوێندن و رۆشنبیری و جیهانێکی نوێ کە ژیان لە شارێکی جوان و ناسك و پڕ لە چالاکی هونەری .
لە ساڵانی ١٩٨١ بەدواوە ساڵانە بەشداریەکی ڕاستەوخۆی دەکرد لە چالاکیەکانی نێو پەیمانگای هونەرە جوانەکان وە لەهەمان کاتدا لە شاری کەرکووك بەشداریەکی تەواوی هەبوو لە کۆڕو سیمینارو بەشداری پێشانگاکان و کۆبونەوەی نوسەران و ڕۆشنبیران لە شەقامی کۆماری و چایخانەکەی ئەبو عاسی نزیك سینەما سەلاحەددین لەساڵی ١٩٨٥ پێشانگایەکی تایبەتی سۆلۆ لە هۆڵی هونەری نوێ لە شاری کەرکووك کردەوە لەساڵی ١٩٨٦ بەشداری پێشانگای دووەمی هونەرمەندانی شاری کەرکووکی کرد.. وە لە شاری سلێمانیش هەمان هاوبەشی دووبارە دەبووە ، لە ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا وە دواتریش بەکارە هونەریەکانی بەشداری پێشانگای هاوبەشی دەرچووانی پەیمانگای هونەرە جوانەکان و پێشانگای هاوینەی هونەرمەندانی دەکرد وە لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداری یادی ٢٠٠ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی کردوە .
کارە هونەریەکانی هونەرمەندا ئەحمەد فایەق لە قۆناغەکانی ڕابردوودا بەتایبەتی لەدوای دەرچوونی وە بەدەستهێنای دیبلۆمی لە پەیمانگا ئەو کارە هونەریانە بوون کە توێژینەوەی ئەکادیمەیەت ومۆدیل و ستیلایف و سروشت و فۆرمە تایبەتەکانی لە چوارچێوەی ئەو ڕیبازە ڕیالیستی ئەکادیمیەتەدا کۆ دەکردەوە . وە تاقی کردنەوەی ڕەنگەکان و دەرکەوتەی ڕەنگەکان نمونەی ئەو تایبەتمەندێتی یە بوو کەهەردەم لە چوار چێوەیەکی جیاوازدا بەر چاومان دەکەوت ، هەر زوو توانی هەنگاوێکی تر ببڕێت لە جیهانی هونەری شێوەکاریدا ئەویش کار لەسەر پێوانەیەکی گەورەتر و دەست نیشانکردنی بابەتی فۆرمە جیاجیاکان کە بریتی بوون لە ئازاری مرۆڤەکان وە ڕووی کۆمەڵایەتی شاری کەرکووك و دەست بردن بۆ کەلتووری ئەو شارە کە وێنەی کۆڵانەکان و دەرگاکان و قەڵای شاری کەرکووك و جووت قاوە یان ئەحمەد ئاغا و سروشتی شاری کەرکووك .
لەساڵانی هەشتاکان بەهۆی زووڵم و زۆری ڕژێمی ئەو سەردەمە بابەتەکان پتر سیاسی و هزری تاکەکان بوون ، بەڵام بە ڕێبازێکی هاوچەرخ و قوتابخانەیەکی گونجاوەوە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا مامەڵەی دەکرد ، بەکارهێنانی تەکنیك و داهێنان و تازەگەری بەشێکی تری ئەو بەرهەم هێنانە بوون .
هونەرمەندی شێوەکار ئەحمەد فایەق ئێستا لە شاری میلبۆرن ی ووڵاتی ئوسترالیا دەژیت وە لەساڵانی سەرەتای نەوەتەکانەوە کۆچیکردوە بۆ ئەو ووڵاتە ، لەو ساڵانەدا گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی و شێوەی گەورە بەسەر کارو بەرهەمە هونەریەکانیدا هاتوون وە جیهانێکی تری شێوەکاری لەخۆ گرتووە ، چۆن پێشتر چالاك بوو لەبواری هونەری و بەشدار بوونیدا هەر ئاوها بەو شێوەیە توانی شێوەکارێکی کوردی چالاك بێت لە پێشانگاو بۆنە فەرمی یەکان و تێکەڵ بوونی لەگەڵ کەلتووری ووڵاتی ئوسترالیا .. کێشوەری ئوسترالیا بەتایبەتی شاری مایلبۆرن پایتەختی وولایەتی فیکتوریای ئوسترالیا یە ، لەساڵی ١٨٣٥ لەلایەن کۆمەڵێك نیشتەجێ بوەکانەوە دامەزراوە ، کە دووەم شاری ووڵاتی ئوسترالیایە لە ڕووی دانیشتوانەوە وە دووەم شاری کیشوەری یە لەدوای شاری سیدنی، شاری میلبورن کەوتۆتە ئەوسەری ڕۆژئاوای جیهانەوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی پترە لە ملیونێك کەس . لەبەر ئەوەی کە میلبورن پایتەختی هونەری و ڕۆشنبیری یە لە ئوسترالیا لەبەر ئەو هۆکارە لە نێو شەقام و بازاڕو کۆلانەکان وێنەی دیواربەندی زۆر گەورەو سەرەنج ڕاکێش دەبینیت .
لەو جیهانە هونەریەدا هونەرمەندی شێوەکار ئەحمەد فایەق لەماوەیەکی کورتدا توانی جێگای خۆی بکاتەوە لەگەڵ فیدراسیونی کوردی و سەنتەری هونەری و گەلەری یەکان و سەنتەرە ئەکادیمی توێژینەوەکان و هەنگاوەکانی هونەری شێوەکاری توندترو تۆکمەدار تر بکات ، بەو تەکنیك و ڕێبازو شێوزە هاوچەرخیانەی کە سەردەمی داهێنانی تێیدا بەرجەستە کراوە ، بەتایبەت کارە هونەریەکانی لە ڕیالیستی دەربڕین خوازی یەوە بەرەو ئەزموونی ئابسراکێکی هونەری هاوچەرخ کە ئەمەش وێڕای فۆرمە جیاجیاکان گرنگی دانە بەو قووڵ بونەوەیەی لەنێو جیهانی بەرەو پێشچوونی هونەری نوێ ی ئەم سەردەمە ، دەورووبەر گرنگی تایبەتی خۆی هەیە چونکە مرۆڤ لەگەڵ بارە هەستیارەکاندا مامەڵە دەکات ، ئەوەش لە پێك دادان و تێکەڵی ئەو کەش و هەوایەوە بنەماکانی ئەو ڕێبازە دروست دەبن و شۆڕ دەبێتەوە بۆ نێو جیهانی هونەرە مۆدێرنەکان .
لەڕووی ڕەنگەکانەوە یان دابەش بوون لە ڕەنگدا جیاوازیەکی زۆر هەیە لە ماوەی ئەزموونی ڕابردوودا وە بۆ ئەم کارە نوێیانەی کە کاری تێدا کردوون ، ئەگەر لە ڕابردوودا ڕەنگەکان بە شێوەی جیاجیا وە هەر کۆتەڵەیەك شێوەیەکی وەرگرتوە وە فێنک تر بن ، ئەوا لە ئێستا ڕەنگەکان گەرمی و تێکەلاویەکی زۆر لە خۆ دەگرن ، بەڵام لە ڕووی فۆرمەوە هەندێك جار بۆ یادە فەرمی یەکان وەکو ئەنفال و هەڵەبجەو جینیوسایدی گەلی کورد لە شێوازی دەربڕین خوازی دایە بەڵام بە باگراونێکی ئابستراکی ڕێبازە نوێیەکەی کارە هونەریەکانی داڕشتووە ، جوانی لەدابەش بوون و کۆنتراسی ڕەنگەکان تایبەتمەدێتی یەکی تر دەدات بەو کارانەی کە هەڵقووڵاوی ئەزموونێکی دوورو درێژە ، بێگومان ڕەنگ دانەوەی شاری میلبۆرن وەکو شارێکی کەلتووری وە هونەرێکی هاوچەرخ گرنگی وتایبەتمەندێتی خۆی هەیە .
لە چالاکیە هونەریەکانیدا هونەرمەند ئەحمەد فایەق لەگەڵ نیشتەجێ بوونی لە شاری میلبۆرنی ووڵاتی ئوسترالیا توانی هاوبەشیەکی کارا بێت لە نمایشی کارە هونەریەکانی چ لە ئەنستیوتی کورد لە میلبۆرن وە چ لەگەڵ گەلەری و گروپە جیاوازە ئوسترالیی یەکان و کۆبونەوەیان لە چوار چیوەی هونەرێکی هاوچەرخ و تایبەتدا ، هاوبەشی کردنی لەگەڵ دەزگای پەنابەران و ڕەوەندی کورد لەو ووڵاتە و نمایشی کارە هونەریەکان وە پێشانگا تایەبەتیەکان ، ئەزموون و قۆناغێکی گرنگی ئەو کاتە بوون ، بەردەوامی هونەرمەند لەو چالاکیانەدا بەرەو پێشچوونێکی تایبەت بۆ کارو پیشەیی هونەرمەند ئەحمەد فایەق دەخاتە ڕوو ، بەتایبەتی لەنێو جیهانی هونەرێکی هاوچەرخ و مۆدێرنی ئەم سەردەمەدا . لە دەفتەری یاداشتەکاندا بینەرێك ئەوەی تۆمار کردووە کە دەڵێت (( چەندە تۆ گەورەی بە وێنەو کارە هونەریەکانت ، چەند سەرەنج ڕاکێشەر بوو بۆ من ئەو بەرجەستە هونەریانەت ، خۆشەویستم ئەحمەد تۆ هەست و گیانێکی ناسك و پڕ لە هونەریت هەیە ، وە فرچەکانت ناسراون لە داهێنان و تازەگەری هونەریدا )) .
ئەحمەد فایەق ( نامۆ)

  • ساڵی ١٩٦٤ لە شاری کەرکووك لەدایك بووە .
  • ساڵی ١٩٨٦ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی بە شی نیگار کێشانی تەواو کردووە.
    -١٩٨٥ یەکەم پێشانگای سۆلۆ لە شاری کەرکووك کردۆتەوە .
    -١٩٨٦ بەشداری لە پێشانگای دووەمی هونەرمەندانی شاری کەرکووك کردوە .
    -١٩٨٨بەشداری لە پێشانگای نیشتیمانی شاری بەغدا کردووە.
    -١٩٨٨ بەشداری لە ٢٠٠ ساڵەی یادکردنەوەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا کردووە.
    -١٩٩٢ بەشداری لە پێشانگایەکی هاوبەشی لەکەرکووك کردوە.
    -١٩٩٣ بەشداری لە پێشانگای وەزارەتی ڕۆشنبیر لە شاری سلێمانی کردوە.
    -١٩٩٦ بەشداری لە ۆێشنگایەکی هاوبەشی شاری ئەستنەبول کردوە لە تورکیا.
    -١٩٩٧ بەشداری لە پێشانگای سەنتەری داریبن بۆ هونەر لە شاری میلبۆرن کردوە.
    -١٩٩٨ پێشانگای تایبەتی سۆلۆ لە شاری میلبۆرن کردۆتەوە.
    -٢٠٠٣ بەشداری پێشانگای بۆ لێکۆڵینەوە لە ئینستیوتی کورد لە شاری میلبۆرن .
    -٢٠٠٤ بەشداری پێشانگای بۆ لێکۆڵینەوە لە ئینستیوتی کورد لە ڤیستیڤاڵی کوردی لە شاری میلبۆرن کردوە.
    -٢٠٠٥بەشداری لە پیشانگای هەفتەی پەنابەران لە ئێم ئار سی لە میلبۆرن کردوە.
    -٢٠٠٨ بەشداری لە پێشانگای ئەی دی ئی سی لە مەیدانی فیدرالی لە میلبۆرن کردوە.
    -٢٠٠٨ بە شداری لە پێشانگایەکدا بەناوی لە شوێنێکەوە بۆ ئێرە لە زانکۆی میلبۆرن کردوە.
    -٢٠١٠ بەشداری لە پێشانگایەك لە داربین ئارت شو لە میلبۆرن کردوە
    -٢٠١١بەشداری لە پێشانگایەك لە داربین ئارت شو لە میلبۆرن کردوە.
    -٢٠١٣ بەشداری لە پێشانگای خەوبینین لە شاری میلبۆرن کردوە.
    -ساڵانە بەشدار دەبێت لە هەموو پێشانگا ساڵانەکانی شاری میلبۆرن ، وە لەگەلەری یە جیاجیاکاندا.

___

ئەوروپییەک لە وڵاتی کوردان بە کرمانجی کەوتە بازارەوە

nusar1

کوردستان : بەرپرسی دیسکی ڕەوەندی کوردستانی پشتگیری و پشتیوانی لە جێ بەجێکردنی پرۆژەیەکی گەورەی هونەری دەکات

nusar1

کوردستان: نوێنەری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری ڕێورەسمی ناساندنی پەرتوکێک دەکات

nusar1
KDC

FREE
VIEW