كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێ، 356 تانە و سكاڵایان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەدەست گەیشتووە.
حەسەنەین لەیس، بەرپرسی بەشی سكاڵاكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، كۆمسیۆن 356 تانە و سكاڵای لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەستگەیشتووە، كە 329 تانەیان لە دەنگدانی گشتی و27ی دیكەشیان لە دەنگدانی تایبەت بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە تانە و سكاڵاكان بەسەر ڕەنگی سوور و سەوز دابەشكراون، تەواوی تانە و سكاڵاكان لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت.
یەك شەممەی ڕابردوو 10/10 هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكان ژمارەیەك لە لایەنەكان سكاڵایان لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە تۆماركرد.