KDC

چۆن وڵاتان قەرەبووی خوێندنی لەدەستچوو دەکەنەوە، ئەی لە هەرێمی کوردستان چی بکرێت باشە؟

بەهمەن جەبار …

داخستنی قوتابخانەکان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە کاریگەری کردووەتە سەر پەروەردە لەسەرتاسەری جیهاندا و هەر وڵاتە و بە جۆرێک وەرامدانەوەی بۆ ئەمە هەبووە. لە وڵاتاندا خوێندنی پێش قوتابخانە و وقوتابخانەکان و هەندێک جار بۆ هەر قۆناغێکیش بەجیا مامەڵەی لە گەڵدا کراوە، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموواندا ئەوەیە کە قوتابخانەکان یان بەتەواوی داخراون و یان بە شێوەی کاتی یان ناو بەناو لەماوەی پەتاکەدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە هەرێمی کوردستان چەندین هەنگاوی هاویشت و چەندین میکانیزمی جیاوازی خستەکار لە ڕێی وەزارەتی پەروەردەوە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم بارەدا. لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی وڵاتانی دراوسێ و جیهانی و چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ پەتاکە لە پەروەردەدا، چەند چارەسەرێک دەتوانین بخەینە ڕوو کە ڕەنگە کاریگەری باشی هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خوێندنەی لەدەستچووە لە ماوەی پەتاکەدا لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستاندا. بە پشت بەستن و سوود بینین لە ئەزموونی وڵاتانی دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە چی باشە بکرێت لە داهاتوودا بۆ قەرەبووکردنەوەی داخستنی قوتابخانەکان.
لە سەرتاسەری جیهاندا، بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناو و داخستنی قوتابخانەکانەوە، لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ -٢٠٢١ دا ملیۆنان قوتابی بێ بەش بوون لە خوێندن. ئامارەکانی ڕێکخراوی یونسکۆ ئەوە نیشاندەدەن کە بە شێوەیەکی گشتی دوو لەسەر سێی خوێندن لەسەرجەم وڵاتاندا بەهۆی داخستنی قوتابخانەکانەوە لەدەستچووە. کەواتە خوێندنی لەدەستچوو زۆرە و کاریگەری گەورەی کردووەتە سەر پەروەردە و فێرکردن، بۆیە پرسیارەکە دەبێت ئەوە بێت: چۆن قەرەبووی خوێندنی لەدەستچوو لە قوتابخانەکاندا بکرێتەوە بەتایبەتی بۆ ئەو قوتابیانەی کە دواکەوتوون و خێزانەکانیان بەهۆی جۆراو جۆر نەیانتوانیوە فریای خوێندنیان بکەون. پێویستە ئەوەمان لە یاد بێت لە هەرێمی کوردستاندا ڕێژەی نەخوێندەواری و ئاستی هۆشیاری خێزانەکان نزمە و بەهۆی لایەنی دارایی و هۆکاری کۆمەڵایەتی هەمەچەشنەوە—کە لێرەدا باسەکەی ئێمە نیە—دایک و باوکان بەپێی پێویست ڕاناگەن بە پەروەردەی مناڵەکانیان.

ڕەنگە یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوە بێت کە سەرتاپای ساڵەکە دوبارە بکرێتەوە وەک ئەوەی هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن. بۆ نمونە حکومەتی کینیا هەر زوو بڕیاری خۆیدا کە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ ئیلغا بکاتەوە و سەرلەنوێ ساڵێکی تر دەست پێبکاتەوە، ئەویش لەسەر ئەو گریمانەیەی کە دوبارەکردنەوەی خوێندن وا دەکات سەرجەم قوتابیان بە یەکسانی سوودمەندبن.

یەکێکی تر لە ڕێگەکان ئەوەیە کە مەنهەجی خوێندن کەمبکرێتەوە و کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن تەنها لەسەر چەند بابەتێک جەخت بکەنەوە و بەباشی فێریان بن. حکومەتەکانی هیندستان و ئۆدیشا و ئۆنتاریا و کەنەدا ئەمەیان جێ بەجێ کردووە. حکومەتی بەنگەلادیش بەرنامەیەکی دوو ساڵەی بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندن بڵاوکردوەتەوە کە تیایدا مەنهەجی خوێندن کورتکراوەتەوە بۆ دوو ساڵی داهاتوو، جەخت زیاتر کراوەتەوە سەر وانەکانی بیرکاری و زانست و زمانی ئینگلیزی و بەنگالی بۆ قۆناغی دواناوەندی.

مەسەلەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی خوێندن و گەیشتنەوە بەو خوێندنەی لەدەستچووە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە تەوەری سەرەکی زۆر گفتوگۆ لەسەرتاسەری جیهاندا، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: چ جۆرە چارەسەرێک خراونەتە ڕوو، هەروەها چەندیش تێچوونیان دەوێت؟

بەپێی ئەو نامیلکەیەی کۆمپانیای ماکانزی و یونسکۆ پێکەوە بڵاویان کردووەتەوە، دوو ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ئەمە هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە کاتی زیاتر بە قوتابیان بدرێت بۆ فێربوون. ئەمەش لەڕێی کردنەوەی قوتابخانەکان لە هاوین و لە کۆتایی هەفتە و خوێندنی وانەی زیادە لە کۆتایی هەر ڕۆژێکی دەوامدا. بۆنموونە لە فلپیندا لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠ دا قوتابخانەکان هەر بە کراوەیی مانەوە.

ڕێگەی دووەم بایەخدانی زیاتر بۆ ئەو قوتابیانە دەگرێتەوە کە زۆر بێ بەش بوون لە خوێندن، ئەویش لە ڕێگەی وانەی تایبەت بە تاک تاکی قوتابی یان بە شێوەی گرووپ. لە وڵاتی بەریتانیادا حکومەت بڕی ٣٥٠ ملیۆن پاوەن کە دەکاتە ٤٩٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە بۆ بەرنامەی نیشتیمانی وانەوتنەوە تەرخانکردووە، کە بەرنامەیەکی چڕی پێگەیشتنەوە بۆ ئەو قوتابیانەی زۆر پەراوێزخراون دابین دەکات. لە غاناش بەرنامەی قوتابخانە بۆ ژیان وانەوتنەوەی تایبەت بەکاردێنێت بۆ بەرەوپێشبردنی قوتابیان لە ڕێی قوتابخانەکانەوە.

لە ئیتاڵیادا، هەر زوو حکومەت بەرنامەی لە ناوەڕاستی خوێندندا جێبەجێکرد کە تیایدا خوێندکارانی زانکۆ بەشێوەی خۆبەخش وانەی تایبەت بە قوتابیان دەڵێنەوە و تا ئێستاش کاریگەریەکەی زۆر باش بووە.

بژاردەیەکی تریش بەرنامەی خوێندنی خێرایە کە چەندین ساڵی قوتابخانە لە چەند مانگێکدا چڕدەکاتەوە. ئەم بەرنامەیە خۆی بۆ ئەو مناڵانە دانراوە کە لە خوێندن پچڕاون یان دواکەوتوون ئەویش بە هۆی جەنگ و هەژاری و پەرواێز خستنەوە. لە ئەسیوپیا مۆدێلی خێرای قوتابخانە سێ ساڵی یەکەم مەنهەجی خوێندنی سەرەتایی لە ماوەی ٩ بۆ ١٠ مانگ چڕو کورتدەکاتەوە. لە نیپالیش کچانی پەرواێزخراو لە خەڵکی موسەحەر بەشداری بەرنامەیەکی ٩ مانگی خوێندنی خێرا دەکەن کە یارمەتیان دەدات بە خوێندنەکەیان بگەنەوە و زیاتر لە ٨٠٪ یان دوایی دەچنەوە قوتابخانەکان.

ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە کە هەموو ئەم ڕێگەیانە پێویستیان بە زیادکردنی وەگەڕخستنە لە پەروەردەدا. بۆ نمونە لە بەریتانیادا ئامۆژگای دراساتی دارایی هۆشداریداوە کە بڕی ١.٥ ملیار پاوەن کە دەکاتە ٢.١ ملیار دۆلار کە وەزارەتی پەروەردە بەڵێنی داوە بەشی یارمەتی ئەو قوتابیانە ناکات کە بە زۆری لە خوێندن دابڕاون و سوودیان نەبینیوە.
کێشەکە ئەوەیە بودجەی پەروەردە لە سەرتاسەری جیهاندا بەرەو کەمبونەوە چووە. لە ڕاپۆڕتێکی نوێدا کە تیمی چاودێری پەروەردی جیهانی سەر بە ڕێکخراوی یونسکۆ بە هاوبەشی لەگەڵ بانکی جیهانیدا بڵاویان کردووەتەوە ئەوە دەردەخات کە دوو لە سەر سێی وڵاتانی داهات نزم یان ناوەند بودجەی گشتی پەروەردەیان هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە بڕیوە بە بەراورد بە وڵاتانی داهات بەرز کە یەک لە سەر سێ پێکدێنن.

ئەم هەنگاوانەش ناتەبایە لەگەڵ فەجوەی زیادبووی ساڵانەی دارایی کە فێربوون لەدەستیداوە بەهۆی داخستنی قوتابخانەکانەوە لە وڵاتانی هەژاردا، کە ٢٠٠ ملیار دۆلار ساڵانە زیاد دەکات ئەویش بەپێی “ڕاپۆڕتی چاودێری پەروەردەی جیهانی” ڕیکخراوی یونسکۆ لە مانگی ئەیلودا، بۆیە بەدەستهێنانی ئامانجی گەشەی بەردەوامی ٤ لە ٢٠٣٠ دا مەحاڵ دەبێت گەر بارودۆخەکە نەگۆڕدرێت.

کەواتە چی بکرێت؟

بەشێوەیەکی گشتی دابڕان لە خوێندن، تەنانەت بەهۆی پشووی هاوینەشەوە کاریگەری زۆری لەسەر هاتنەخوارەوەی فێربوونی قوتابیان هەیە، بە تایبەتی لە وانەکانی خوێندنەوە و بیرکاریدا. توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە کە مناڵان لە پاش پشووی هاوینە و گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەکان زۆر لەوانەی فێریبوون بیریان دەچیتەوە و دەبێت مامۆستایان هەفتەی یەکەم بۆ پیاچوونەوەی وانەکان تەرخان بکەن . ئەمەش لەبەرئەوەیە کە مناڵان لەماوەی پشوەکاندا دووردەکەونەوە لە پراکتیککردنی وانەکانیان. هەرچەندە توێژینەوەکان هەموویان لەم بارەیەوە هاوڕا نین بەڵام بەگشتی لەسەر ئەوە هاوڕان کە فێربوون لە ماوەی پشووەکاندا خاو دەبێتەوە . گەرقوتابیان لە پشووەکاندا فێربوونیان لە دەست بچێت، کەواتە ئەوە بڕاوەیە کە بەهۆی کۆرۆنا و داخستنی قوتابخانەکانەوە قوتابیان خوێندنێکی زۆریان لە دەست چووە چونکە بەلانی کەمەوە دوو لە سێی ساڵی خوێندن قوتابخانەکان داخرابوون.

بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو خوێندنە لەدەستچووە بکرێتەوە، وڵاتان بە شێوەیەکی گشتی، هەر یەکە و بەپێی بار و هەلومەرجی گونجاوی خۆیان، ڕێگەیەکی هەڵبژاردووە. سەرجەمیان دەتوانین بەم شیوەیەی لای خوارەوە کورت بکەینەوە:
١. دوبارە کردنەوەی ساڵی خوێندن.
٢. هێشتنەوەی قوتابخانەکان بە کراوەیی لە پشووی هاویندا.
٣. زیادکردنی کاتی دەوامی ڕۆژانە و هەفتانە و ساڵانە.
٤. بەرنامەی خوێندنی خێرا و کەم کردنەوە و کۆکردنەوەی مەنهەجی خوێندن.
٥. کردنەوەی خولی خێرا لە وەرزی هاویندا.
٦. کردنەوەی خول بۆ ئەو قوتابیانەی کە زۆرترین خوێندنیان لە دەستچووە، یان لە خوێندنیان دواکەوتوون و بەدەستهێنانی ئەکادیمیان نەبووە.

٧. دانانی مامۆستای تایبەت بۆ ئەو قوتابیانەی کە دواکەوتوون.
لە هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە، ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ ماوەی پێداچوونەوە دابنێت بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن (جگە لە پۆلی ١٢ و پێش قوتابخانە) و لە کۆتایی پێداچوونەوەکەشدا تاقیکردنەوە بکرێت، ماوەی پێداچوونەوەکەش بۆ بازنەی یەکەم و دووەم ٤ هەفتەیە و بۆ بازنەی سێیەم سێ هەفتە و بۆ بازنەی چواریش ٢ هەفتە بێت. بەڵام پرسیارەکە لێردا ئەوەیە: ئایا ئەو ماوەیە بەسە بۆ لەدەستدانی دوو لە سێی خوێندنی ساڵێک؟ بە بەراورد بەساڵانی پێشوو (پێش کۆرۆنا) ڕێژەی دەرچوونی قوتابیانی هەر بازنەیەک چەند بووە؟ ئەی ئاستی بەدەستهێنانی ئەکادیمی چەند بووە بۆ هەر قۆناغێک؟ ئایا ئەو مەنهەجەی کە پێداچوونەوەی پێ دەکرێت چیە، هەر هەمان هەڵبژاردەی ئەوانەی پێشووە کە لە وەرزەکاندا خوێندراون یان ئەوانەن کە نەخوێندراون؟ پێداچوونەوە بە چیدا دەکرێتەوە، ئەوەی خوێندراوە یان ئەوەی لە دەستچووە؟ ئایا ئەو قوتابیانەی کە زۆر باش بوون و بەدەستهێنانی ئەکادیمیان باش، زۆر باش، یان باڵایە، هەر دەبێت پێداچوونەوە بە وانەکاندا بکەنەوە و دیسان تاقیکردنەوەش بکەنەوە؟ ئایا ئەو قوتابیەی دەرچووە و ئێستا لەم پێداچوونەوەیە دەرناچێت، بە دەرنەچوو هەژمارە یان نا؟ یان بە پێچەوانە؟ ئایا قوتابیانی پۆلی یەکەم لە بازنەی یەکەم کە تازە داخڵ کراون لەچ پۆلێک دادەنرێن؟ یان ئەوان دوای ئەو چوار هەفتەیە دەوام دەکەن؟ ئەی باشە قوتابیان بە گشتی لە چ قۆناغێک دادەنرێن؟

بۆیە پێویستە وەزارەتی پەروەردە وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانە بداتەوە تا مامۆستایان و دایکوباوکی قوتابی بەرچاویان ڕوون بێت و قوتابیانیش لە دڵەڕاوکێدا نەبن.

سەرەڕای ئەو ماوەیەی دانراوە بۆ پێداچوونەوەی بابەتەکان لە قۆناغەکانی خوێندندا لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢، پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە زۆری لەدەستچوونی خوێندن پێویستی بە کاتی زیاتر دەبێت، بە تایبەتی بۆ بازنەی یەکەم و دووەم کە قوتابی دەبێت بەتەواوی تیایدا فێری بابەتە بنەڕەتیەکانی وەک خوێندنەوە و نوسین و سەرەتاکانی بیرکاری و زمانە بیانیەکان ببن. بۆیە وا باشترە:
١. کاتی دەوامی قوتابخانەکان درێژبکرێنەوە جا ڕۆژانە بێت یان هەفتانە یان ساڵانە.
٢. هەروەها خوێندنی ئەلکترۆنی وانە تۆمارکراوەکان هەر بە کراوەیی بمێننەوە بەتایبەتی بۆ ئەو قوتابیانەی ئاستی بەدەستهێنانی ئەکادیمیان باش نیە.
٣. ڕێگەیەکی تر ئەوەیە، لە قوتابخانەکانی کە بازنەی یەک و دووی تێدایە، مامۆستایان بەپێی خشتەیەک ڕۆژانە چەند وانەیەکی تایبەت دەتوانن بە قوتابیان دواکەوتوو—ئەوانەی ئاستی بەدەستهێنانی ئەکادیمیان لاوازە—بڵێنەوە.


___

ڕەوشی ڕۆژنامەنوسی کوردی یان جیهانی

nusar1

بەرگی پێنجەمی ڕۆژژمێری پێشمەرگە .. محمد حاجی محمود

KDC

مانیفێستی مێتامۆدێرنیزم

KDC
KDC

FREE
VIEW