لە ١٢ / ٦ / ٢٠٢١ لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی بە ئامادە بوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی کوردستان و سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەڕێز نیاز نووری وە کۆمەڵێك لە هونەرمەندان و ئامادەبوانی شاری سلێمانی پێشانگای تایبەتی هونەرمەند ستار قادر کرایەوە کە کۆمەڵێك لە ئەزموون و تابلۆ هونەریەکانی خۆی نمایش کردبوو ..
هونەرمەندی شێوەکاری کورد ستار قادر لە شاری سلێمانی لەدایك بووە ، وە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی تەواو کردوە ، دواتر کۆلیژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردوە ، ١٠ پێشانگای تایبەتی خۆی کردۆتەوە وە بەشداری لە چەندین پێشانگای هاوبەشی کردوە لە گەڵ هونەرمەندانی کورد ، خاوەن چەندین پرۆژەو کاری بووە و هونەرمەندێکی ئەکتیڤە لە بواری شێوەکاری کوردیدا ، مامۆستایەکی چالاکە لە خول و پرۆژەو وورك شۆپی هونەریدا ، ئێستاش فەرمانبەرە لە بەشی شێوەکاری شاری سلێمانی.
تایبەتمەندێتی کارە هونەریەکانی هونەرمەند ستار قادر لەو سیمبوڵەیە کە مانگ هێمایەکی پیرۆزە بۆ کارەکانی ، لەوانەیە لەژێر چەتری ئەو هێمایە خەون و حەزو ئارەزووەکان بە شێوەیەکی ڕۆمانسی ئاسمان و مانگە شەودا جوانی هزرو بیر بگاتە ئەوەی کە فۆرمەکان لە خۆ بگرێت ! لەهەمان کاتدا تابلۆ شەوگارەکان تایبەتمەندێتی یەکی تری هونەرمەندە کە بتوانێت لەو شەوە زەنگەدا تروسکایەك ببینێت کە ئەویش مانگە ، لەو ڕوانگەیەوە خۆشی وئاهەنگ و ناخۆشیەکانی ژیان بەرجەستە دەبن ، لە فۆرمی کارە هونەریەکانی تردا هونەرمەند توانیوتێتی هەنگاو بەهەنگاو ئەو دیدەو تێڕوانیانەی بخاتە ڕوو بە شێویەکی ڕیالیستی دەربڕین خوازی یان بە شێوازی هونەرێکی هاوچەرخ لەنێو کەڤاڵە هونەریەکانیدا ، زۆر جاریش سروشت و کاردانەوەی سروشت ڕەنگ دانەوەیەکی هزری دروست دەکات بۆ هونەرمەند بەتایبەتی دەریاکان و ئاوا بوونی هەتاو یان مانگ ، بەرفراوانی ئاسمان لەگەڵ زەوی یان ئاو ، هەورەکان یان کۆچ کردنەکان وەکو ئاوا بوون ، یان هەڵهاتن ، کە مانای ژیان و بونەوەی ژیان و کۆتای هاتن بەژیان .