KDC

107 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی تێپەڕدەبێت

لە ڕۆژی 14ی کانونی یەکەمی ساڵی 1914دا، کە دەکاتە 107 ساڵ لەمەوبەر، شێخ عەبدولسەلام بارزانی و سێ هاوەڵی، لە شاری موسڵ، لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە سێدارە دران، ئەوەی جێگای سەرنجە لە کۆتایهێنان بە شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام بارزانی.

شێخ عەبدولسەلام

شێخ عەبدولسەلام بارزانی، کوڕی شێخ محەمەدی کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانییە، برا گەورەی مەلا مستەفای بارزانییە، لە دەووروبەری ساڵی 1887 لە گوندی بارزان لە دایکبووە، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە چووەتە بەر خوێندنی ئایینی، لە دوای کۆچی دوایی شێخ محەمەدی باوکی لە ساڵی 1903 دا، بووەتە شێخی ڕابەری نەقشبەندی لە تەکیەی بارزان.

ئامادەکارییەکانی شێخ عەبدولسەلام بۆ ئەنجامدانی شۆڕش

شێخ عەبدولسەلام بارزانی، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک خێڵ و کەسایەتییەکانی ناوچەکە پتەو دەکات، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی شۆڕشێک لە دژی دەستەڵاتی عوسمانییەکان درووست بکات، بۆ ئەوەش سەردانی شێخانی قادری کردووە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکان بەهێزکردووە، وەک (کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد، کۆمەڵەی هێڤی، کۆمەڵەی سەربەخۆیی کورد، هەروەها پەیوەندی بە شێخ مەحمودی حەفید و شێخ عوبێدوڵای نەهری و سمکۆ خانی شکاک)ەوە کردووە.

لە بەهاری 1907 شێخ عەبدولسەلام سەردانی شێخ نوری محەمەد بریفکانی کردووە، کە ئەوکاتە بەرپرسی یەکەمی تەریقەتی قادریی بووە لە بادینان و، لەوێ لەگەڵ سەرۆک هۆزەکانی کورد و پیاوە ئایینییەکان کۆبووەتەوە، چەند داخوازییەکیان بە تەلەگراف ناردووە بۆ سوڵتان عەبدولحەمید لە ئەستەمبوڵ، کە بریتی بووە لە:
1-زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکان بکرێتە زمانی فەرمیی.
2-خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی بێت.
3-قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییە و کارمەندان و کاربەدەستان کورد بن، یا لەوانە بن کە کوردی دەزان.
4-باجەکان وەکو خۆیان بمێننەوە بە مەرجێک لە چاککردنەوەی ڕێگاوبان و کردنەوەی قوتابخانە لە ناوچە کوردییەکاندا خەرج بکرێت.

وێنەی ئەو تەلگرافە بۆ شێخ عوبەیدوڵای نەهری و ئەمین عالی بەدرخان و فەریق شەریف پاشا نێردراوە، لەو کۆبوونەوە گشتییەدا هەموو ئامادەبووان سوێندییان خواردووە، کە ئەو داخوازیانە بپارێزن و وازی لێنەهێنن و لە پێناویدا بجەنگن.

شێخ عەبدولسەلام بە تەنیا مایەوە

کاتێک کە سوڵتان عەبدولحەمید، ئەو داواکارییانەی پێگەشتووە، توڕە بووە و ئەوەی بە دەرچوون لە فەرمان و داواکاری جیابوونەوە لە قەڵەمداوە، بۆیە فەرمانی جەنگی داوە و، ساڵی 1907 سوپای ناردووتە سەر بارزان، هیچ کەس لەو کەسانەی لەگەڵ شێخ عەبدولسەلامدا سوێندیان خوارد، بەرگرییان نەکرد، تەنیا سوپاکەی شێخ عەبدولسەلام شەڕیکرد، بەڵام ئەویش لە کۆتایدا توانای بەرگری نەماو ماوەی ساڵێک لە بارزان کشایەوە و چووە ناوچەی تیارییەکان و لای مارشەمعوون مایەوە، سوپای عوسمانیش زۆربەی شوێنەکانی دەڤەری بارزانی سوتاند و ژن و منداڵیان بەدیل گرت، هەتا مەلا مستەفای بارزانی کە تەمەنی 3-4 ساڵ بووە، لەگەڵ دایکیدا دەستگیرکران و لە زیندانی موسڵ زیندانی کران.

شێخ عەبدولسەلام، لە ساڵی 1908 گەڕاوەتەوە بارزان و هێزی کۆکردووەتەوە و لە چیای شیرین، لە بارزان خۆی ڕێکخستووەتەوە، هەر لەو ساڵەدا هێرشی کردووەتە سەر سوپای عوسمانی و توانیویەتی ئەو سوپایەی لە بارزان بووە دەربکات، پاشان دەوڵەتی عوسمانی داوای گفتوگۆی لە شێخ عەبدولسەلام کرد، کە ئاشتی لە نێوانیاندا پێکبێت، سەرئەنجام رێککەوتوون و لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەیان، دیلەکانی بارزان ئازادکراون، قەرەبووی هەندێک لە زیانەکانیش کراوەتەوە.

کوردێک سەرۆکایەتی سوپای عوسمانی دەکات

ئەو ئاشتییە هەتاوەکو ساڵی 1913 بەدەوام بوو، دواتر سلێمان نەزیف-ی دیاربەکر، کە کوردێکی خەڵکی ئامەدبوو، کرایە والی ویلایەتی موسڵ، هێزێکی زۆری ناردە سەر بارزان، شێخ عەبدولسەلام لەبەر ئەوەی پێیوابوو سوپاکەی عوسمانی زۆر لە سوپاکەی ئەو بەهێزترە، شەڕی نەکرد و کشایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، پەنای بردە لای سەید تەهای نەهری لە گوندی ڕاژانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نزیک شاری ورمێ.

خەڵات بۆ گرتنی شێخ عەبدولسەلام دیاری کراوە

سوڵتانی عوسمانی خەڵاتێکی گەورەی دیاری کرد بۆ ئەوکەسەی شێخ عەبدولسەلام بە زیندوویی، یا بە مردوویی دەگرێت، بۆیە شوێنی خۆی گۆڕی و چووە لای سمکۆ خانی شکاک، بۆ بە دەستهێنانی پشتگیری ڕووسیا بۆ شۆڕشەکەیان، لەگەڵ سمکۆخانی شکاک، سەردانی وڵاتی جۆرجیا-یان کرد و لەوێ نوێنەری قەیسەر دەبینن و بەڵێنی پشتگیری لێوەردەگرن.

کوردێک شێخ عەبدولسەلام ڕادەستی سوپای عوسمانی دەکات

لە گەڕانەوەیاندا لە جۆرجیا، شێخ عەبدولسەلام و سێ پێشمەرگەی یاوەری بە گوندی گەنگەچین-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تێپەڕدەبن، ئاغای گوندەکە، کە ناوی سۆفی عەبدوڵا بووە، تکای لێکردوون کە شەو میوانی ئەوبن، ئەوانیش قبوڵیان کردووە، بەڵام شەو شێخ عەبدولسەلام و هەرسێ پێشمەرگە یاوەرەکەی دەستبەسەر دەکات و ڕادەستی سوپای عوسمانی دەکات.

کوردێک فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەردەکات

شێخ عەبدولسەلام، دەنێردرێت بۆ زیندانی موسڵ و لە دوای دادگاییکردنی، بە فەرمانی سلێمان نەزیف، هەمان ئەو کوردەی خەڵکی دیاربەکر، کە هێرشی کردە سەر بارزان، لە دادگایەکی رواڵەتیدا سزای سێدارەی بەسەر شێخ عەبدولسەلام و هەرسێ یاوەرەکە سەپاند و، لە رێککەوتی 14ی12ی1914 لە سێدارە دران.

___

بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک گوندێکی عێراق لە قوڵایی بیابانی بێ ئاو و بێ کارەبا ژیان دەکەن

KDC

نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لە هەڵسوکەوتی یۆنان بەرانبەر کۆچبەران دەگرێت، ئەسینا وەڵام دەداتەوە 

KDC

نەرویج: چەندین پارتی کوردستانی بەڵێنی پاڵپشتی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی دەدەن

nusar1
KDC

FREE
VIEW