KDC

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی کارگەیەکی پیشەسازیی کشتوکاڵی دانا

مەسروور بارزانی: داوای من لە جووتیارانی خۆشەویست ئەوەیە كە گرنگی بە بەرهەمی خۆیان بدەن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەرنامەی حکوومەتەکەی رەواندنەوەی نیگەرانیی جووتیارانی کوردستانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پرۆژەی کارگەیەکی پیشەسازیی کشتوکاڵی لە شارەدێی رووڤیا لە شارۆچکەی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، دانا.

کارگەکە بە ناوی کارگەی جووتیار لەلایەن کۆمپانیای (K.H کوردستان- هۆڵەندا) بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار دەکرێتەوە و تێیدا فینگەر لە پەتاتە بەرهەم دەهێندرێت.

مەسروور بارزانی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی کارگەکە، لە وتارێکدا رایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ناچار نەبێ ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێندرێت، لە دەرەوە نەهێندرێت.

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی هێژا زۆر بەخێر هاتن

بەخێرهاتنێكی تایبەتی باڵیۆز و كونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا دەكەم

هەڤاڵانی هێژا

زۆر خۆشحاڵم كە لێرە بەشدارین بۆ دانانی بەردی بناغەی كارگەی جووتیار بۆ بەروبوومی كشتوكاڵی و دروستكردنی ئەو كارگەیە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان. ئەم جۆرە پڕۆژانە زۆر گرنگ و ستراتیژین بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

سوپاسێكی زۆری كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم، كە دەستیان بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كرد. پشتیوانیی هۆڵەندا بۆ ئەم پڕۆژەیە جێی پێزانینمانە.

پار كە سەردانی هۆڵەندامان كرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا كۆبووینەوە، باسمان لەوە كرد كە پشتیوانیی بەرنامەی چاكسازی و پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان بكەن، بە خۆشحاڵییەوە هەموو ئامادەییەكیان بۆ پشتیوانی و هاریكاری دەربڕی بۆ پێشكەوتنی كشتوكاڵ و هەموو كەرتە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان. من سوپاسی شانشینی هۆڵەندا دەكەم هەر لە پشتیوانییەكانیان لە شەڕی داعش و پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە.

ئێمە دەزانین كەرتی كشتوكاڵی یەكێكە لە بناغە بنەڕەتییەكانی پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێك. هەر پڕۆژەیەك دەبێتە بناغەی دامەزراندنی چەندین پڕۆژەی دیكەش. ئەم پڕۆژەیەك وەك بیستمان هەزاران هەلی كار دروست دەكات، كە ئەمەش پشتیوانێكی زۆرە تاوەكوو ئێمە پشت بە خۆمان ببەستین و چیتر ناچار نەبین بەرهەمی بیانی هاوردەی كوردستان بكەین، ئەمەش پشتیوانێكی زۆرە بۆ ئەوەی كەرتی پیشەسازی و بازرگانی هەنگاو هەنگاو بەرەو پێش بچێت.

ئەو جووتیارانەی پەتاتە یان گەنم دەچێنن، پێویستە دڵنیابن كە بەرهەمەكانیان ساغ دەكرێتەوە. بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە كە هیچ نیگەرانی لای جووتیاران نەمێنێت و گرنگی بە بەرهەمی خۆیان و جۆرەكانیان بدەن، لە خەمی ساغكردنەوەدا نەبن، حكوومەت لە وەرگرتن و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانتان پشتیوان دەبێ و لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دۆست و ئەورووپاش لە هەوڵداین بازاڕێك لە دەرەوە بدۆزینەوە و بە سوپاسییەوە دەرفەتێك هەیە و وەزارەتی كشتوكاڵیش بە سوپاسەوە كاری لەسەر دەكات.

داوای من لە جووتیارانی خۆشەویست ئەوەیە كە گرنگی بە جۆری بەرهەمی خۆیان بدەن، دەمانەوێ كوردستان بە جۆری بەرهەمەكەی و تام و چێژەكەی بناسرێتەوە و ببێتە ناونیشانێك بۆ بەرهەمی كوردستان كە لە دەرەوە دەفرۆشرێت.

جارێكی دیكە داوا لە جووتیاران دەكەم كە دڵنیا بن حكوومەت پشتیوان دەبێت لە پاراستن و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان. هەموو هەوڵێك دەدەین كە ناچار نەبین ئەو بەرهەمەی لە ناوخۆ بەرهەم دێت، لە دەرەوە بیهێنین. حكوومەتیش بەرپرسە لە كۆنترۆڵكردنی نرخ بۆ هەموو هاووڵاتییان.

لیرەدا جێی خۆیەتی بڵێم كە ئەو رێككەوتنەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كراوە، بۆ ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ بەهێزكردنی ئابووریی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانیش. حكوومەت لە پێشخستنی ئابووریی خەڵكی كوردستان بەردەوام دەبێت.

لەو باوەڕەدام مادام لە كوردستان دۆخێك هەیە كە باری ئابووری بەرەو پێش ببەین، هیوادارم حكوومەتی عێراقیش بەرەو پیر هەرێمی كوردستان بێت و بازاڕی عێراق بە ڕووماندا بكاتەوە. ئەو دەستكەوتەی لە هەرێمی كوردستان دێتە دەست، سوودەكەی بۆ هەموو خەڵكی عێراق دەبێت.

جارێكی دیكە دەستخۆشیتان لێدەكەم و دڵنیا بن حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەن بەڵێنی خۆیەتی و دەرفەتی كارتان بۆ دروست دەكەین بە پشتیوانیی دۆستانمان، ئەوەتا ئەمڕۆ هەزاران هەلی كار بۆ خەڵكی ئێمە دەڕەخسێندرێت.

دەستخۆشی لەوانە دەكەم كە لەم پرۆژەیەدا كاریان كردووە.

هیوادارم كوردستان هەموو دەم سەركەوتوو بێت

زۆر سوپاس

___

وێبنارێک لەسەر شێخ مەحمود و پەیوەندی 100 ساڵەی کورد و بەریتانیا سازکرا

nusar1

مسته‌فا كازمی: هەندێك لایەن دەیانەوێت پارە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرین

KDC

ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات

nusar1
KDC

FREE
VIEW