KDC

ئەو ڕۆژەی کە خەونی گەیشتنی بۆ ئەڵمانیا هاتە دی کۆچی دوایی کرد

بەختیار ئەنوەر سێ هەفتە لەمەوبەر و ڕێک لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە 23ی تشرینی دووەم لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، ئەو گەنجە کوردە دوای پەڕینەوەی لە دارستانێکی نزیک شاری جۆبێنی باشووری ویلایەتی براندنبێرگ، لەگەڵ کۆمەڵێکی 11 کۆچبەری دیکە لە ڕووباری ئۆدێر نایسێ پەڕیبوونەوە.

ئەو بەیانییە، گرووپی کۆچبەران داوای هاوکاری بەپەلەیان لە پۆلیس کردبوو، دوای گەیشتنی پۆلیس، حەوت کەسیان دۆزیبووەوە و یەکێکیشیان مردبوو.

گەشتێکی کوشندە

لە کامپی پەنابەرانی سلێمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەواڵی خەمبار گەیشتە ئەو خێزانەی کە کوڕەکەی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا ماڵەکەی جێهێشتووە و بە گەیشتنیان بۆ ئەڵمانیا لە رێی بلاروس و پۆڵەندا، وێنەکانی لاشەی ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەوە، کە بەستبووی.

ئەمە دووەمین هەوڵی بەختیار بوو بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو یەکەم جار دەستگیرکرا و گەڕێندایەوە ماڵەوە، دوای مانگێک دەبوو نزیکەی 7000 یۆرۆ بدات بە قاچاخچییەکە بۆ ئەوەی هەوڵبدات جارێکی دیکە بگاتە ئەڵمانیا.

لە 13ی نۆڤەمبەر لە کاتی دووەمین هەوڵیدا، بەختیار ڤیدیۆیەکی لە مینسکەوە رۆژنامەنووسێکی کورد نارد، ڤیدیۆکە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی نیشان دەدا، کە لە ناوەندی پایتەختی بیلاروسیا کۆبوونەتەوە، لە درێژەی گرتە ڤیدیۆییەکەدا، بەختیار ڕوونی دەکاتەوە کە گروپێک لەوان پلانیان دانابوو جارێکی دیکە بچنە سنووری پۆڵەندییەوە، ئەو گەنجە کوردە ئەوکات لە تەندروستییەکی باش دەردەکەوت.

کاتێک بەختیار دوای گەیشتنی بە سنوورەکە، پەیوەندی خۆی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکە نوێکردەوە و پێیڕاگەیاند، کە دەستەڵاتدارانی پۆڵەندی هەوڵ دەدەن ناچاریان بکەن بگەڕێنەوە، سەرەڕای ئەو خەمەی کە لە چاوەکانیدا دیاربوو، ئەو کۆچبەرە گەنجە سوور بوو لە بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا.

ژیانێکی سەخت

ئەو ژیانی خۆی وەک پەنابەرێک بە سەربرد و بە بێ هیوا و ئامادەیی دەربازبوون لە هەژاری و نائومێدی لە کامپی پەنابەراندا، کە خۆی و خێزانەکەی تێیدا دەژیان.

بنەماڵەی گەنجە کۆچکردووەکە لە ماوەی شۆڕشی 1979ی ئێران لە ئێران هەڵاتن و لە کامپێکی نزیک شاری سلێمانی نیشتەجێبوون، دوای دوو ساڵ گواسترانەوە بۆ کامپی پەنابەرانی کوردی ئێرانی لە نزیک ڕومادی ناوەندی عێراق، کە بەختیار تێیدا لە دایک بووە، پاش ئەوەی ساڵی 2003 سەدام حوسێن لە دەستەڵات لادرا، بەختیار تەمەنی نزیکەی نۆ ساڵ بوو، بنەماڵەکەی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و، لە کامپی باریکەی 700 خێزانی نیشتەجێ بوون.

مەرگ لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا

ڕێژەی کوردەکانی عێراق لە کۆی ئەو کەسانەی لەم چەند مانگەی دواییدا گەشتیان بۆ بیلاروس کردووە، بە هیوای گەیشتن بە ئەوروپای ڕۆژئاوا زۆر گرینگ بووە. ژمارەیان لە نێوان 12 کۆچبەر کە لە مانگی ئابەوە لە سنووری نێوان بیلاڕووس و وڵاتانی ئەوروپا وەک پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتڤیا گیانیان لە دەست داوە، تاڕادەیەک گەورە بوو. بەهۆی تەرکیزکردنی میدیا لەسەر سنوورە دەرەکییەکان، مردن لە نێوان کۆچبەران لە نێو یەکێتی ئەوروپادا بە شێوەیەکی پێویست زەق نەکراوەتەوە، بەختیار تاکە کەس نییە کە لە سنووری پۆڵەندی و ئەڵمانیادا گیانی لەدەستداوە، مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو تەرمی پیاوێکی عێراقی لە بارهەڵگرێکدا دۆزرایەوە کە لە پۆڵەندا بۆ ساکسۆنی سنوورەکەی پەڕیوەتەوە، پۆلیس گوتی نزیکەی 30 کەس لە بارهەڵگرەکە هاتنە دەرەوە.

بەپێی نووسینگەی داواکاری گشتی فرانکفۆرت ئۆدەر، دەستەڵاتدارانی ئەڵمانیا هۆکاری گیان لەدەستدانی بەختیار نازانن و، بەهۆیەوە توێکارییەکە نەیتوانیوە هۆکاری مردنەکەی دیاری بکات، نموونە نەخۆشییەکان لە ئەڵمانیا بۆ تاقیکردنەوەی زیاتر پارێزراون. داواکاری گشتی ئەوەشی گوت کە ئەو شەش کەسەی لەگەڵ بەختیار بوون نەدۆزرانەوە کە شایەتی لەسەر مردنی بدەن.

لەکەمپی باریکەی پارێزگای سلێمانی، کۆچی دوایی بەختیار خەمێکی زۆری خێزانەکەی لێکەوتەوە، لەو کاتەوەی کە هەواڵی دڵتەزێنیان بیست، هەموو گەنجانی کامپەکە لە ماتەمینی بوون، خەڵک تووشی شۆک بوون و لە مردنەکەی زۆر خەمبار بوون، هەموو کەس لە کامپەکەدا جلی ڕەشی لەبەر دەکرد، بەختیار گەنجێکی خۆشەویستی کامپەکەیان بوو.

راپۆرتی: ماکگریگور

وەرگێڕانی: خێڵان بەختیار

___

كۆچبه‌رێكی دیکەی‌ كورد له‌ سه‌ر سنووری پۆڵه‌ندا به‌هۆی سه‌رما گیانی له‌ده‌ست دا

KDC

کۆنفدراسیۆن پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشک و برا ئێزدییەکان دەکات

nusar1

پەنابەرێکی کورد دوو کاتژمێر بە کۆڵ تەرمی هاوسەرەکەی گواستەوە

KDC
KDC

FREE
VIEW