KDC

تێگەشتن لە سیاسەت



زاراوەی سیاسەت لە ڕووی زمانەوانییەوە لە کرداری ئێستاوە وەرگیراوە، واتە مامەڵەکردن لەگەڵ شتەکاندا، یان لە کرداری ڕابردووی هەر ڕەفتارێک، سیستم و فرمانەکانی شتێک، بەڵام چەمکێک کە بە مانا گشتیەکەی خۆی بە کۆمەڵێک کردار و شێواز و شێوازی بڕیاردان پێناسە دەکرێت بۆ ئەوەی ژیان لە کۆمەڵگا جیاوازەکانی مرۆڤایەتی ڕێک دەخات، بۆ ئەوەی میکانیزمەکانی سازوکارەکان بۆ درووستکردنی گونجان لە نێوان هەموو ئاڕاستە دینی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و وڵاتێک و ولاتێکی تر بەپێی دەستوورەکەی و ڕێساکانی ڕێوشوێن و سروشتی حوکمڕانێتی و تاچەند بنەماکانی دێموکراسی تێدا پیادە دەکرێت

تێگەشتنی سیاسی، دەرككردنی تاكە بە واقیعی كۆمەڵگەیی‌ و هەرێمایەتی‌و نێونەتەوەیی، ناسینی سروشتی هەلومەرجی سیاسی‌ و كۆمەڵایەتی ‌و ئابووریی چواردەورە، ئاشنابوون بە كێشە جۆربەجۆرەكانی سەردەم ‌و ئەو هێزانەی كاریگەرییان لەسەر بڕیارسازیی نیشتیمانی ‌و جیهانی هەیە. تێگەشتنی سیاسی ڕێگەی تاكە بۆ ئاشنابوون بە ماف ‌و ئەركەكانی خۆی.

كۆمەڵگەی كوردستان، وەك یەكێك لەو كۆمەڵگانەی لە قۆناغی گواستنەوەدایە بەرەو دیموكراسی، پێویستیی بە ئاوێتەیەكی زانیارییە سیاسییەكان هەیە، كە بەها‌و ئاقارگەلی سیاسیی جۆربەجۆر لەخۆدەگرێت‌ و تاكی كورد لە ڕێگەیەوە دەتوانێت ئاشنابێت بەو هەلومەرج ‌و گرفتانەی لەسەر ئاستی ناوخۆو جیهانی دەوریانداوە‌و هەڵوێستی خۆی بەرامبەریان دیاریبكات ‌و بەشداربێت لە گۆڕین‌و گەشەپێدانیاندا. بۆیە ئەو تاكە پێویستی بە تێڕوانینێكی سیاسیی هۆشمەندانەی هەمەلایەن هەیە، دەربارەی هەلومەرج ‌و قەیرانەكانی ناو كۆمەڵگە، بۆ ئەوەی هەست بە بەرپرسیارێتی خۆی بكات‌ .

پێكهاتنی تێگەشتنی سیاسی لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا، گۆڕانكاریی ڕۆشنبیری ‌و سیاسی ‌و كۆمەڵایەتیی گەورەی خوڵقاندوە، سەرەنجام تێگەشتنی سیاسیی تاكیش گەشەیكردوە. گرنگترین سەرچاوەكانی هێنانەدیی تێگەشتنی سیاسی، ئامڕازەكانی ڕاگەیاندنی سەربەخۆو ڕێكخراوە جۆربەجۆرەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بووە. ئەمە وێڕای خۆ ڕۆشنبیركردن لە ڕێگەی خوێندنەوەی كتێب، ڕۆژنامە، گۆڤارە هەفتانە‌و مانگانەو وەرزییەكان، كۆڕو دیدارە جۆربەجۆرەكانەوە. هەروەها بنكەی تێگەشتنی سیاسیی تاك ئەنجامی بەشداریكردنی سیاسی، وەك بەشداریكردن لە ڕێپێوان ‌و خۆپیشاندان ‌و دەنگدان ‌و ڕاپرسی ‌و مانگرتنەكان‌و ئەوانی تردا، فراوانتربووە. ئەو جۆرە چالاكیانە تاكیان دەوڵەمەندكردوە بە ئەزموونی سیاسی‌ و فیكری ‌و بەشداریانكردوە لە پەروەردەكردنی سیاسیانەو كۆمەڵایەتیاندا‌و ڕاستكردنەوەی تێڕوانین ‌و بیروڕا سیاسییەكانیان ‌و كەشوهەوای سیاسیی پۆزەتیڤانە‌و بەهاگەلی كۆمەڵایەتی دیموكراتیانەیان خوڵقاندوە.

تێگەشتنی سیاسی لە كۆمەڵگە تازەپێگەیشتووەكاندا، زۆر گرنگە بۆ بنیاتنان ‌و چەسپاندنی دیموكراسی‌ و بەهێزكردنی وێناكردنی تاك بۆ مەسەلەكانی نیشتیمانەكەی. كوردستانیش، كە یەكێكە لەو جۆرە كۆمەڵگانە، پێویستی بە تێگەشتنی ڕۆشنبیری ‌و سیاسیی هەمەلایەن‌ و فراوان هەیە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە ئەو خەسڵەت‌ و چەمك‌ و بەهایانە ڕێكبخات، كە بەرەو دیموكراسی دەبەن‌و كۆمەڵگە لە ڕووی سیاسی ‌و ڕۆشنبیرییەوە گۆشبكرێت، بۆ بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ‌و یەكڕیزیی نیشتیمانی ‌و جێگیركردنی حوكمڕانیی باش. گرنگیی تێگەشتنی سیاسی لە كۆمەڵگەكەماندا لەوەوە سەرچاوەدەگرێت، كە مەرجێكی هێنانەدیی دیموكراسییە ‌و ماناكانی دەروەستبوون بە نیشتیمان ‌و خۆشەویستنی نیشتیمان بەهێزدەكات. هەروەها چالاككردنی تێگەشتنی سیاسی گرنگە بۆ ئاشنابوونی هاوڵاتیان بە مافە شارستانی ‌و یاساییەكان ‌و ئەركەكانیان لە كۆمەڵگەدا. پێویستە بازنەی تێگەشتنی سیاسی زیاتر توێژی لاوان بگرێتەوە، چونكە زۆر پێویستن بۆ كاراكردنی ڕەفتاری سیاسی ‌و دیموكراتیانە لە كۆمەڵگەدا، لەبەرئەوەی لاوان وزەیەكی لەبن نەهاتوون، یارمەتیی كۆمەڵگە دەدەن بۆ نەهێشتنی دیاردەكانی توندوتیژی، زۆربۆهێنان، دوورخستنەوە‌و پەراوێزخستن‌و پەنابردن بۆ زمانی ئەقڵ‌و دیالۆگ لە هەموو قەیرانەكاندا‌و بەپێی بنەماكانی دیموكراسی. بانگەوازی بەشداریكردنی لاوان، بە هەردوو ڕەگەزەوە، لە كاری سیاسی ‌و لە ڕێگەی دامودەزگاكانی حكومەتەوە، ڕۆڵی ئەزموونی دیموكراتی لە بوارەكانی كاری سیاسی‌ و كارگێڕیدا دەچەسپێنێ‌.
تێگەشتنی سیاسی كاریگەریی خراپی لەسەر بنیاتنانی سیاسی‌و دیموكراتی كۆمەڵگە دەبێت‌ و دەبێتە هۆی لەدەستدانی تێڕوانینی ڕوون بەرامبەر بە سیاسەت‌ و ڕۆشنبیریی لە كۆمەڵگەدا‌و وادەكات بەهاكانی ژیان هەرەسبێنن‌ و لە پانتایی كۆمەڵگەدا ڕەونەقیان نەمێنێ‌. هەر پاشەكشەو چوونەخۆیەك لە ڕێڕەوی بنیاتنانی تێگەشتنی سیاسیدا، ڕۆڵی كۆمەڵگە پەكدەخات ‌و پشكۆی ئەقڵی مرۆڤەكان دادەمركێنێتەوە. لەسایەی پیواری تێگەشتنی سیاسیدا هیچ گەل ‌و كۆمەڵگەیەك ناتوانێت ئاشنای واقعەكەی خۆی بێت‌ و لایەنەكانی بەهێزی‌و لاوازیی‌ و ئەو هۆكارانە دیاریبكات، كە كاریگەرییان لەسەری هەیە. هەروەها پیواری تێگەشتنی سیاسی، دیموكراسی دەخاتە مەترسییەوەو واتاكەی پارچەپارچەدەكات‌و دەرفەتی گونجاو بۆ ئەوەی میللەتەكـەمان بە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا ڕابگات لەناودەبات.

لێرەشدا ئەركی هێنانەدیی تێگەشتنی سیاسی دەكەوێتە ئەستۆی هێزە سیاسییەكان ‌و كۆمەڵگەی مەدەنی ‌و ئامڕازەكانی ڕاگەیاندن. كۆمەڵگەش دەبێت دەرك بە بەها‌و گرنگیی تێگەشتنی سیاسی بكات‌ و پشتگیریی ئەو دەنگ ‌و هێزانە بكات، كە بانگەشە بۆ چاكسازی‌ و گەشەپێدانی كۆمەڵگە دەكەن.
علی جمال

___

خوێندنەوە و ناساندنی کتێب 

KDC

گەنج لە دووڕیانی مانەوە و ڕۆشتندا

nusar1

ڕۆڵی ئەدەبیات لە ژیانی ئەمڕۆماندا

nusar1
KDC

FREE
VIEW