KDC

پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان. بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم كە هەردەم بە قوربانیدان و خۆڕاگریی خۆیان، لە بەرانبەر هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستاونەتەوە و پارێزگارییان لە كوردستان كردووە. ئەركی سەرشانی هەموو دامودەزگا و لایەنە سیاسییەكانە لە ئاستی قوربانیدانی گەلەكەماندا بن و پێكەوە و بە هیمەتی هەموو لایەك پارێزگاری لە دەستكەوتەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنێكی باش بوو و ئەنجامەكانیشی دەرخەری ویست و ئیرادەی هاووڵاتییان بوو. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە پێویستە هەنگاو و نەریتە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەت و دەزگاكانی تر خێراتر جێبەجێ بكرێن و، بووژانەوە و خزمەتگوزاری و، ماف و ویستی هاووڵاتییان و سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بكرێتە ئەولەویەتی بەرنامەكانی حكوومەتی داهاتوو. ئەویش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت و سازان و هاوسەنگی لە حوكمڕانیدا. هاوكاتیش نابێ چیتر هەوڵی پەراوێزخستنی ھیچ پێكهاتەیەکی عێراق لە حوكمڕانیدا بدرێت.

بە بۆنەی سەری ساڵی 2022ـی زایینییەوە جارێكی دیکە جەخت لە پەیامی ئاشتییانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و، پێویستە هەموو لایەك بە باشی لەوە تێبگەن كە عێراق و ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت. ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش هۆكارێكی یارمەتیدەر بێت، بۆ ئەوەی چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاری نەبن.
لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و، ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان دەخوازم. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە پەتا و نەخۆشی و نەهامەتی و كارەساتێک بە دوور بگرێت.

مسعود بارزانی
31ـی کانوونی یەکەمی 2021

___

دیداری نوێنەری كۆنفدراسیۆن لەگەڵ پارێزەرو ڕاوێژكاری سەرۆك ترەمپ

nusar1

ناوچەیەکی پیشەسازی هاوبەش لە نێوان هەرێم و ئێران دەکرێتەوە

KDC

سوریا وەک یەکەمین وڵات پشتگیری بڕیاری سەربەخۆیی هەردوو هەرێمی دۆنیستک و لۆهانساکی کرد

nusar1
KDC

FREE
VIEW