KDC

گرتنی پەنابەرێک کە بە رەش لە نێو ماڵی سەرۆکوەزیرانی سوید کاری کردووە هەڵڵا دەنێتەوە

پەنابەرێک کە بە رەش بۆ کۆمپانیایەکی پاککەرەوە کاری کردووە، لە نێو ماڵی سەرۆکوەزیرانی سوید، ماگدەلینا ئاندرشۆن، پۆلیس دەزگیری دەکات و لە دوێنێوە میدیاکانی سوید سەرقاڵی شەن و کەوی ئەو پرسەن، هەندێک لایەنی ئەمنی وڵات بە کەمتەرخەم ناودەبەن.

ڕۆژی سێشەممە 21ی کانوونی یەکەم سەرۆکوەزیرانی سوید لە ماڵ نەبووە، کاتێ پۆلیس هاتن و کرێکارێکی خاوێنکەرەوەی نایاساییان دەستگیر کرد، 3 ڕۆژ پێش ڕووداوەکە، لە 18ی کانوونی یەکەم ماگدەلینا ئاندرشۆن چووبوو بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمیی ساگرسکا هوست، هیچ مەترسییەکی ئەمنی بۆ خێزانەکەی نەبوو، هەرچۆنێک بێت، بوونی ئافرەتێکی نایاسایی لە ماڵەکەیدا، میدیاکانی سویدی توڕەکردووە.

ڕۆژنامەی ئێکسپرێسن، یەکەم میدیا بوو کە دوێنێ هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دوای چەند خولەکێک، کاردانەوە و تووڕەبوونێکی زۆری میدیاکان و رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران و، شارەزایانی ئاسایشی لێکەوتەوە و، باسیان لە کەمتەرخەمی ڕێوشوێنی ئەمنی دەووروبەری پۆستی سەرۆکوەزیرانیان کرد.

ئەو ڕووداوە سویدییەکانی لە تیرۆرکردنی ئۆلۆف پاڵمێی سەرۆکوەزیرانی پێشوو و وەزیری دەرەوە ئانا لیند بەخەبەر هێنایەوە، لە ئەفتۆنبلادت بێژەرێک گوتی: دیارە ئێمە وانەمان لە مێژوو وەرنەگرتووە.

ئۆلف پاڵمێ لە نێوەندی ستۆکهۆڵم و لە ئێوارەی 28ی شوباتی 1986، لە لایەن کەسێکەوە بە فیشەک هێرشی کرایە سەر و تیرۆرکرا، ئەو تاوانە لە مێژووی ئاسایشی سویددا بە برینێکی قووڵ ماوەتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی دەستەڵاتداران نەیانتوانی بکوژەکە بدۆزنەوە.

ئەو ئافرەتە پەنابەرە گەنجەی لە لایەن پۆلیسەوە لە ماڵی ماگدەلینا ئاندەرشۆن دەستگیرکراوە، تەنیا کرێکارێکی کۆچبەر بووە، کە نەیتوانیوە مافی نیشتەجێ بوون بە دەست بهێنێت، ئەو لەوانەیە ببێتە قوربانی نیگەرانییەکانی میدیاکان، کە چۆن گەیشتنی کرێکارێک بۆ ماڵی سەرۆکوەزیران، ناسنامەکەی نەسەلمێندراوە.

ئەو ئافرەتە گەنجە تەمەنی 25 ساڵە و لە بەهاری ساڵی 2020، لە لایەن دەزگای کۆچی سویدەوە مافی مانەوەی ڕەتکراوەتەوە و بڕیاربووە بە زۆر دیپۆرت بکرێتەوە، بەڵام بە نایاسایی لەو وڵاتە ماوەتەوە.

ئەو ئافرەتە گەنجە، پێشتر بە تۆمەتی دزی لە ئالهێلنسی ستۆکهۆڵم تاوانبار کرابوو، سزایەکەی بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، چونکە هیچ پێشینەیەکی نەبووە.

لینا میلن، شیکەرەوەی سیاسی ئەفتۆنبلادت، ئەمڕۆ گوتارێکی نووسی و ئاماژەی بەوەداوە، نابێ هەڵە ببخشرێت، پاراستنی سەرۆکوەزیران گاڵتە نییە.

نووسەری ئێکسپرێسن، هێلینە یسین، گاڵتەی بە ڕێوشوێنەکانی پاراستنی سەرۆکوەزیران کرد و ئەوەی خستووەتەڕوو، کاتێ ڕۆژنامەوانان دەچنە ژوورەوەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەرپرسانی سیاسی، پشکنینی تەواوی تیشکیشیان بۆ دەکرێت، لەوانەشە ناچار بکرێن پێڵاوەکانیان لاببەن، بەڵام کرێکارێک چووەتە نێو ماڵی سەرۆکوەزیرانەوە، بێ ئەوەی بزاندرێت کێیە!

دەزگای ئاسایشی سابۆ، ڕایگەیاند، کە بەرپرسیار نییە لە پشکنینی ئەو کەسانەی لە ماڵی بەرپرسە پارێزراوەکاندا کار دەکەن، تۆپەکەی فڕێدایە نێو یاریگای فەرمانگە حکومییەکان، ئەوەش لە کاتێکدایە فەرمانگە حکومییەکان گلەییان لە سابۆ کرد، ئەوان بەرپرس بوون لە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەت لە بینا فەرمییەکان، لەوانەش شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی سەرۆکوەزیران.

لینا میلن، شیکەرەوەی سیاسی ئاماژەی بەوەدا، کاتێ ئەوە بەرپرسیاریەتی هەموو کەسێکە، مانای ئەوەیە کە هیچ کەسێک بەڕاستی ئەو بەرپرسیارێتییەی وەرنەگرتووە و، هیچ شتێک نەماوە جگە لە ئاندرشۆن بۆ ئەوەی ئەو هەڵە بگرێتە ئەستۆ، کە باوەڕپێکراو نییە. ئەو بە پێویستی زانی، بەرپرسیارێتی ئاسایشی سەرکردەکانی وڵات ڕوون و دیاریکراو بێت.

بابەتی تێوەگلانی کۆمپانیای پاککەرەوە لە ڕێککەوتنەکاندا مشتومڕێکی دیکەی لێکەوتەوە، کە چۆن دەتوانرێت کۆمپانیایەک گرێبەست بۆ کرێکارێک بکات بە رەش کار بکات!

___

خۆپیشاندانەکان دژ بە داگیرکاری ڕووسیا لەسەر تاسەری جیهان فراوان دەبن

nusar1

شاندی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد

nusar1

دەسبەسەرکردنی ئەندامێکی مەکتەبی قورئان و کارمەندی فێرکردن و فێرخوازی ناوچەی ۱ی سنە

KDC
KDC

FREE
VIEW