KDC

قەسیدەی ئاو

شیعری
حەمە ئەحمەد جاف
٭٭٭
خوڕەی ئاوێکی سوور دێتە بەر گوێم
کە گەرووی پڕە لە نۆتەی برین
هاژەی ئەو ئاوەی ، بووبە چیرۆکی
مێژووی وڵاتی شاوەرزی وەرین
٭٭٭
وەک گەردەلولی بروسکەو باران
لە مەملەکەتی بەفرو خوێنمەوە
بۆ وشکە ساڵی نیشتیمانی تۆ…
دێم و قەسیدەی ئاو دەخوێنمەوە!
٭٭٭
ڕەمزی بەخامەی گیرفانی باران
قەسیدەی مەرگی نووسی بۆ هەتاو
هاواروهاژەو هەڕەشەی شەپۆل
دانەری کردە سەرکۆماری ئاو
٭٭
ئومێد لەسەر ئاو ، ژیانی نووسیەوە
لە مەرگیش خەمی باوکی پیریەتی
دایکی دانەریش، هەربە(ئاو) دەڵێ
(مەیبە) دانەرم وەختی شیریەتی
٭٭٭
هاواری نەبەز، ڕەمزیەک لە پەند،
مامەندێک ئەشکی شمشاڵی خنکاو
ناڵەو نزولەی دایکی دانەریش
بۆ بێشکەو شووشە شیری بەجێماو
٭٭٭
ناخ.. نیشتیمانی سووتاوی خەندەو..
دەنگم شمشاڵی خنکاوی شوانێ
سینەم جێژوانی کەژاوەی مەرگ و
گەمەی بەر بێشکەی دانەرم کوانێ !
٭٭٭
دڵ،..بۆ ئازارتان هەر هەڵدەقرچێ
لە مەئوای زێدو واری ژینمەوە
بڵێی جارێ تر ڕەمزی لە پۆل و
دانەر لەمێزی دایکیا بینمەوە؟
٭٭
لە نێو یەختێکا گیرم خواردووە
بێ ڕۆخ و مەرزی وڵاتی هەتاو
یەختێک،.. تارمایی و ترس دەخاتە
سەرلێوی خامە و چەمی چامەی چاو
٭٭
زامی نیشتیمان،.. کۆچی گەنجیی من
سروشتیش، جوانی جارانی ڕۆیی
ئاگر لەجەستەی خاکم بەربووەو..
کردوومیە،..قەقنەس شەوی بێ تۆیی!
٭٭٭
لەوەتی خاک وخۆمان ناسیوە
عەوداڵین بەدوای خەمی نانەوە
لەنێو بەرداشی ئەم و ئەو ، وەتەن
کەوتووینە سەمای مەرگ و مانەوە!
٭٭٭
ئەفسوس (نیشتیمان)،بەدەست ئەم و ئەو
لەعابە ئاسا باڵەو باڵ دەکا
حەسودی دەبەم بە(قەرەج) خاکی
تەسلیمی دەستی یەک ڕەشماڵ دەکا
٭٭٭
نیشتیمانێکی پڕ خەم و خاڵیی
بۆ دوژمن بۆتە خەزنەی زێڕو زیوو
دوژمنێک ، نووکی نەشتەری زوڵمی
خستۆتە بینی خاکێکی تەزیوو
٭٭٭
زاراشم لەسەر زمانی زگماک و …
پیرۆزیی وشە و زاراوەی کوردی
لەناودەسڕێژی چەپڵەو خەندەوە
لافاوی جەهلی زیندانێک بردی
٭٭٭
پەتک و زیندانی تارو ڕقی ئاو
کورد ناخنکێنێ ، خەیاڵتان خاوە
(بێکەس) گوتەنی لە ڕێی ئازادی ،
(بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە)
٭٭٭

___

کۆبوونەوەی نوێنەری کۆنفدراسیۆن لەگەڵ نوێنەری نوێی هەرێمی کوردستان

nusar1

ڕوسیا هێرشی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستپێکردەوە

nusar1

شاندی ناوەندی سویسرا سەردانی گۆڤاری گوڵان دەکەن

nusar1
KDC

FREE
VIEW