KDC

کاروچالاکییەکانی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی دوای ساڵێک لەبەستنی کۆنگرەی دامەزراند

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر بەستنی یەکەم کۆنگرەی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی تێدەپەڕێت، کە بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، چەندین کاروچالاکییان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان ئەنجامداوە، هاوکات توانیویانە لە وڵاتانی خانەخوێ بە کاروچالاکییە دیبلۆماسییەکان و پەیوەندییەکانیان خۆیان بناسێنن و، تا ئەو ئاستەی، چ پەرلەمان، یا دام و دەزگاکانی دیکەی وڵاتان، وە رێکخراو و کۆمەڵەکانی دیکە پەیوەندی بە ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردستانییەوە بکەن و، بانگهێشتی فەرمییان بۆ کۆبوونەوە و ئەنجامدانی مەراسیمەکانیان لەسەر پرسە جیاوازەکان بکەن

کاری بەردەوام بۆ دروستکردنی ناوەندەکان لەوڵاتانی ئەوروپا ،کەنەدا ، ئەمەریکا ،ئوسترالیا و یابان کراوە

کورتەیەک لە کاروچالاکییەکان:

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لەساڵی 2019وە دەستی بەکارەکانی خۆی کردووە، ئەوەش وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی کوردانی دیاسپۆرا، لە 04.12.2020 یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنی خۆی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و، لەڕێژ چاودێری ڕابەری نەتەوەیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و، بە بەشداری گشت لایەنەسیاسیەکانی کوردستان ئەنجامدا، لە سێ ڕۆژی گۆنگرەدا زۆر کار و بەرنامەی گرینگ تاوتوێکران، لەو کۆنگرەدا کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ڕاگەیەندرا، لە ناوەندەکانی ڕەوەند و فدراسیۆنەکانی ئەوروپا و ڕوسیا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و، چەندین کۆمەڵە و پلاتفۆڕم، ئەم کۆنفدراسیۆنەی پێکهێنا .

لەم یادەدا و لە دوای ساڵێ کارکردن و بوونی زۆری ناوەند، کاری بەردەوام بۆ دروستکردنی ناوەندەکان لە یابان و ئوسترالیا و کەنەدا و ئەمەریکا و، وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی کراون و تێیاندا دامەزراون و، کار و چالاکی گرینگیان ئەنجامداوە، هاوکات لەگەڵ زۆربەی کۆمەڵە و رێکخراوە کوردییەکانی ئەو وڵاتانەش کۆبوونەوە کراوە، ئەوەش بەمەبەستی کاری پێکەوەیی لە پێناو پرسە نەتەوەییەکاندا، کە خۆشبەختانە هەندێکیان هاتوونەتە ناو کۆنفدراسیۆن و هەندێکیشیان کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیان پیشانداوە.

کار و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەسەر ئاستی باڵا، لە زۆرێک وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا ئەنجامدراون.

کردنەوەی یادی ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی دانیمارک و، چەندین یادکردنەوە و سەردان لە پەرلەمانی سوید و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەشێوەی جیاواز یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ناوەندەکانەوە کراونەتەوە.

بەردەوامی بە کۆرسەکانی فێربوونی زمانی کوردی بۆ مناڵانی کورد لە دەرەوە، ئەوەش بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک کۆرسی دووەم.

کاری پەیوەندیی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی باڵا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا ئەنجامدراوە

کارکردن لەسەر تۆڕی پزیشکانی کورد و هونەرمەندانی کورد، کاری باشکراوە و پڕۆژەکان لە کارکردندان.

لەدوای کۆنگرەوە، چالاکی بەردەوام لە بۆنە و پرسە نەتەوەییەکان و بەشداری بەردەوام لە ڕێپێوانەکان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژهەڵات ئەنجامدراون.

تۆڕی جینۆساید لەسەر ئاستی ناوەندەکان و وڵاتەکانیان دروست بوون.

بەردەوام کۆنفدراسیۆن لە کۆنتاکت و گفتوگۆدا بووە لەگەڵ فدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی دی، تا پێکەوە لەم پڕۆژەیەدا خزمەتی پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان بکرێت و، لەم هەنگاوەشدا کاری باشکراوە.

هەر لە دوای بەستنی یەکەمین کۆنگرەوە، ناوەندەکان لە وڵاتە جیاجیاکاندا کار و چالاکییان ئەنجامداوە، وەک بەشداری ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سویسرا لە کۆڕبەندی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف، کە لە رێککەوتی 1 و2ی 12ی2022 بەسترا و، تێیدا وتاری ناوەند لەلایەن بەرپرسی ناوەندەکە خوێندرایەوە، کە ئاماژەی بە چەوساندنەوەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان کرد، هاوکات تیشکی خستە سەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە باشوور و لەلایەن رژێمەکانی پێشووەوە کراون.

هەروەها ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەرویج، لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بە فەرمی بانگهێشتکراون و، لەسەردانیاندا، بەرپرسی ناوەندەکە، پێشنیاری کردنەوەی کونسڵگەری نەرویجی لە هەولێر کردووە، وە باسیش لەسەر کاراکردنی بازرگانی لەنێوان کوردستان و نەرویج کرا، لە هەمانکاتیشدا کردنەوەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەو وڵاتە تەوەرێکی دیکەی باسەکان بوو، لە خاڵیکی دیکەشدا داوایان کرد وەک چۆن ئەڵمانیا پرسی پێشێلکاری مافی مرۆڤی ئێران و کوشتن و زیندانی کردنی چالاکوانانی کورد و ئێرانی لە پەرلەمانی ئەوروپا باسکرد و پشتگیری خۆپیشاندانەکان دەکات، نەرویجیش کە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەم پرسە لە نەتەوەیکگرتووەکاندا بوروژێنێ و پشگیری بکات.

سەرجەم ناوەندەکان بەشداری کارایان لە ڕێپێوانەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بۆ پشتگیری خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-کەنەدا، ڕۆژی چوارشەممە، رێککەوتی ١٦/١١/٢٠٢٢، لە شاری ئۆتاوا، بۆ پشتگیری لە مانگرتوانی کوردانی ڕۆژهەڵات، کە لە بەردەم تەلاری پەرلەمانی کەنەدا بوون وەک پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵات، سەردانیان کردن و، هەندێ پێداویستی سەرەتاییان بۆ دابین کردن.

سەرجەم ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردستانی، بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵات، یا بەشداری کارایان لە خۆپیشاندانەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا هەبووە، یانیش هەستاون بە سازدانی خۆپیشاندان.

بۆ یەکەمجار پاش پێنج ساڵ لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، فیلمێکی دۆکۆمنتاری بە ناونیشانی، “بۆچی ریفراندۆم” لەلایەن ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی و، بە سپۆنسەری کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی کرا.

لە درێژەی کاروچالاکییەکاندا، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-فینلاند لە هێلسنکی پایتەخت، لەگەڵ خاتوو (سارا سیرێن) پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و، یاداشتێکیان لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی و بارودۆخی رۆژهەڵات ئاڕاستە کردن.

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-لەندەن بەشداری کۆنفراسی ڕۆڵی ئاشتی و پێکەوەژیانیان کرد، کە لەلایەن فدراسیۆنی ئاشتی جیهانی Universal Peace Federation سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێکخرابوو، تێیدا بەرپرسی ناوەند وتارێکی پێشکەش کرد و، باسی کاروچالاکییەکانی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی کرد، وە ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستان لە پارێزگاری ئاشتی جیهان و پێکەوەژیانی تەواوی پێکهاتەکانی کوردستان خستەڕوو، کە نەبەردانە لە شەڕی دژی تیرۆردا ئەم پەیامەیان دووپاتکردەوە.

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-یۆنان توانی بەهەماهەنگی لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران، تەرمی دوو هاوڵاتی کورد، کە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدابوو، بگەڕێندرێنەوە کوردستان و لە زێدی خۆیان بەخاک بسپێردرێن، هەر لە یۆنان کە چەندین کوردی ئێزدی رێگریان لێکرابوو بڕۆنە نێو کامپێکی پەنابەرییەوە، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لەو وڵاتە و بە هەستکردنیان بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی، لەگەڵ دامودەزگاکانی پەیوەندیداری ئەو وڵاتە گفتوگۆیان بۆ جێکردنەوەیان لە کامپەکەدا کرد.

کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، بەهەستکردن بە بەرپرسیارێتی، لە دوای بەستنی کۆنگرە، لە کوردستان، سەردانی زۆربەی پارت و لایەنە کوردستانییەکانی بە پێکهاتەجیاوازەکانیشەوە کردووە، ئەوەش لە پێناو دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی کوردستان، لەسەر پرسە نەتەوەییەکان.

پشتیوان کردنی چەند یانەیەکی وەرزشی تۆپی پێ لە وڵاتانی بەریتانیا و دانیمارک ،پرۆژەی وەرزشی بۆ منداڵان و بەسەرکردنەوەی وەرزشوان و کەسایەتییەکان

لە بواری وەرزشییەوە، ناوەندەکان توانیویانە لە هەریەکە لە وڵاتەکانی دانیمارک و بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە، پشتیوانی چەند یانەیەکی وەرزشی تۆپی پێ و چەند وەرزشوانێکی بواری کۆنگفۆ بکەن، کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە هاوکاری رێکخراوی WKA پڕۆژەی وەرزشی بۆ منداڵان و گەنجانی کوردی نیشتەجێی لەندەن و بەریتانیا کردۆتەوە.

هاوکات چەندجارێکیش ناوەندەکان سەردانی وەرزشوانە کوردەکانیان لە بوارە جیاجیاکاندا کردوون و، پشتیوانی خۆیانیان بۆیان راگەیاندوون و تەنانەت بەهۆی سەرکەوتنەکانیشیانەوە خەڵات کراون، تا بتوانن پەرە بە وەرزشەکانیان بدەن و لەو رێیەوە، زیاتر گەلی کورد بە وڵاتانی خانەخوێ بناسێنن.

لە بواری هونەر و نووسینیشەوە، ناوەندەکان توانیویانە سەردان و پشتیوانی چەندین هونەرمەندی کوردی پارچەکانی کوردستانی دیاسپۆرا بکەن و، بەسەریان بکەنەوە، وەک شاعیران و میوزیک ژەنان و هتد.. وە هەندێ جاریش نووسەرانی کوردی دیاسپۆرا خۆیان سەردانی ناوەندەکانیان کردووە و، خۆشحاڵیان بۆ دامەزراندنی ناوەندەکان و بەشداری خۆبەخشانەیان لە کاروچالاکییەکان دەربڕیوە، بە نموونە بوبێ ئەسەری نووسەری کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا. هاوکات بە چالاکییەوە بەشداری فیستڤاڵە کەلتورییەکانی وڵاتانی خانەخوێ بکەن و فەرهەنگی کوردی بە چالاکی جۆراوجۆرەوە نمایش بکەن. جیا لەوەش لە پێناو هاندانی قوتابیانی کوردی دیاپسۆرا، خەڵاتی قوتابییە سەرکەوتووە کوردەکان کراون.

جێی باسە، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا و ئەمەریکا و، یابان و روسیا، لە دوای ساڵێک تێپەڕین بەسەر بەستنی یەکەم کۆنگرەیدا، بەشێوەیەک ناسراوە، کە پەرلەمان و دام و دەزگا و رێکخراوەکانی ئەو وڵاتانە بۆ زۆربەی پرسە نەتەوەیی و ئاشتی جیهانی، بانگهێشتی فەرمی کراون و بەشدار بوون و وتاریشیان هەبووە.

___

ناوەندی بەلجیکا  kdc-B سیمینارێک سازدەکەن

nusar1

بەلجیکا رۆژەکانی کارکردن کەم دەکاتەوە 

KDC

ئێران و تاڵیبان کۆبوونەوە

KDC
KDC

FREE
VIEW