بە بۆنەی ساڵوەگەڕی رۆژنامەگەری کوردی، کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو رۆژە، کە ئاڕاستەی رۆژنامەنووسانی کوردیان کردووە، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە رۆژنامەنووسان هەوڵ بدەن پەیامەکانیان نەتەوەییانە بن.
دەقی پەیامەکە:
لە یادی 126 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی
بە ناوی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، پیرۆزبایی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەین بەو ئومێدەی ئەم ڕۆژە پەیامێک بێت بۆ ھەموان و لە ئاست کاری پیشەیی و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیدا، ئاڕاستەکان نیشتمانی بن بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگای کوردی و، ھیوایەک بن بۆ ڕاستگۆیی و دروستی ھەواڵ و گەیاندنی پەیامی نەتەوییانە و نیشاندانی وێنەیەکی جوانی نیشتمان و پیشەی ڕۆژنامەنووسی.
بێگومان لە 126 ساڵی ڕابردوودا، کوردستان و ڕۆژنامەنووسانی بە زۆر دۆخی جیاوازدا تێپەڕیوون و ڕاگەیاندن و پیشەی ڕۆژنامەنووسیش ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ھەبووە و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆریانداوە.
بێگومان ئازادی ڕۆژنامەنووسی بەشێکە لە پاڵپشتی کردنی دیموکراسی لە کوردستان .
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
22.04.2024